ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
زه‌ویه‌كانى كه‌لار یه‌كێتى و پارتى ده‌هێنێته‌وه‌ خاڵی سفر؟

2021/04/11 - 04:19 | 1660 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت
 
له‌ روداوێكى كه‌م پێشینه‌ی نێو حكومه‌تى هه‌رێم دا، وه‌زاره‌تێكى حكومه‌ت كه‌ وه‌زیره‌كه‌ى پارتیه‌، له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆكى حكومه‌ت كه‌ یه‌كێتیه‌، ده‌كه‌ونه‌ شه‌ڕێكى راگه‌یاندنه‌وه‌. ئه‌گه‌رچی له‌ روكه‌شدا بابه‌ته‌كه‌ له‌سه‌ر دابه‌شكردنى زه‌وی نیشته‌جێبونه‌، به‌ڵام ناواخنه‌كه‌ى پرسێكى تر به‌یان ده‌كات، پرسی به‌ ترۆپك گه‌یشتنى ئاڵۆزیه‌كانى نێوان یه‌كێتى و پارتى.
 
رۆژى پێنجشه‌مه‌ (8/4/2021)، (957) پارچه‌ زه‌وی له‌ كه‌لار دابه‌شكران به‌سه‌ر زیندانیانى سیاسی و رزگاربوانى شاڵاوه‌كانى ئه‌نفال، میدیاكانى سه‌ر به‌ یه‌كێتى به‌ ده‌ستكه‌وت و هه‌وڵى یه‌كێتى و نوێنه‌رى ئه‌و حزبه‌ له‌ حكومه‌ت (قوباد تاڵه‌بانى- جێگری سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم) ناساندیان، رۆژێك دواتر وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و له‌ پشوى فه‌رمیی دا كه‌ هه‌ینی بو، به‌یاننامه‌یه‌كى بڵاوكرده‌وه‌ و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ى به‌ نایاسایی ناوبرد و به‌وه‌ى ناوهێنا كه‌ بۆ مه‌رامی سیاسی حزبێكى دیاریكراوه‌. هه‌مان رۆژ و له‌ دوانیوه‌ڕۆ دا، جێگری سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم به‌یاننامه‌یه‌كى بڵاوكرده‌وه‌ بۆ وه‌ڵامى به‌یاننامه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ یاساییه‌ و كه‌سیش ناتوانێت تانه‌ى لێبدات. به‌دواى ئه‌ویشدا هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى (لاهور شێخ جه‌نگى) به‌یاننامه‌یه‌كى بۆ پشتگیریی له‌ قوباد تاڵه‌بانى ده‌ركرد. دره‌نگانێكى شه‌وى هه‌مان رۆژ (هه‌ینی)، وه‌زیری شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارى هه‌رێم، به‌یاننامه‌یه‌كى تری بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تیایدا جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكى ئه‌وه‌ى له‌ به‌یاننامه‌یه‌كه‌ى به‌یانى دا وتبویان.
 
كه‌لارـ ٨/٤/٢٠٢١، به‌ڕێوه‌چونى مه‌راسیمى دابه‌شكردنى زه‌وى نیشته‌جێبون به‌سه‌ر زیندانیانى سیاسی وكه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان.   فۆتۆ: رادیۆى ده‌نگ
 
 
ره‌نگه‌ كێشه‌كه‌ به‌وه‌ لێكبدرێته‌وه‌ كه‌ جۆرێكه‌ له‌ به‌دحاڵی بون یان ململانێی یه‌كێتى و پارتى بۆ ئه‌وه‌ى پرسی دابه‌شكردنى زه‌وی بكه‌ن به‌ ده‌ستكه‌وتى خۆیان، یان ته‌نانه‌ت وه‌ك بانگه‌شه‌یه‌كى پێشوه‌ختى هه‌ڵبژاردن كه‌ نوسخه‌ عێراقیه‌كه‌ى بڕیاره‌ مانگى تشرینی یه‌كه‌م به‌ڕێوه‌بچێت.
 
به‌ڵام له‌ ناوه‌ڕۆكدا بابه‌ته‌كه‌ جیاواز و ئاڵۆزه‌، په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ كه‌ڵه‌كه‌بونى نیگه‌رانى و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانى یه‌كێتى و پارتى له‌ یه‌كترى، كه‌ وادیاره‌ ئه‌وانه‌ى یه‌كێتى گه‌شتون به‌ ئاستێك كه‌ مه‌ترسیی له‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پارتى دروست بكات.
 
نیگه‌رانى یه‌كێتى له‌ پارتى شاراوه‌ نیه‌، ئه‌م نیگه‌رانیانه‌ له‌لای به‌شێكى به‌رچاوى یه‌كێتى كه‌ لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆكى حزبه‌كه‌ نوێنه‌رایه‌تى ده‌كات ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌، له‌م دواییانه‌ش دا بافڵ تاڵه‌بانی هاوسه‌رۆكه‌كه‌ى ترى یه‌كێتى هاته‌پاڵ. ئه‌و دو ئامۆزایه‌ ئه‌گه‌ر پێشتر وه‌ك دو باڵی جیاواز له‌به‌رامبه‌ر پارتى دا ده‌ركه‌وتبن، ئه‌وا له‌م دواییانه‌دا بون به‌ یه‌ك.
 
نیگه‌رانیه‌كانیش له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ده‌گرێت كه‌ به‌وته‌ى خۆیان پارتى حساب بۆ حزبه‌كه‌یان ناكات وه‌ك هاوبه‌ش و هاوپه‌یمان، رۆڵێكى لاوه‌كی پێداوه‌ له‌ حكومه‌ت دا و بڕیاری سیاسی له‌ هه‌رێم دا قۆرغكردوه‌، هه‌رئه‌مه‌شه‌ وایكرد كه‌ ئه‌و حزبه‌ و له‌هه‌نگاوێكدا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و باڵاده‌ستیه‌ى پارتى هه‌یه‌تى، پرۆگرامێك بۆ لامه‌ركه‌زیی ئیداریی گه‌ڵاڵه‌ بكه‌ن و به‌فه‌رمی له‌لایه‌ن هاسه‌رۆكانه‌وه‌ په‌سه‌ندى بكات.
 
ئه‌م هه‌ڵكشان و داكشانه‌ له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانى یه‌كێتى و پارتى له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دوایی دا تازه‌ نیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى وایكردوه‌ ئه‌مجاره‌ دۆخه‌كه‌ جیاواز ده‌ربكه‌وێت، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ى كۆتا رایه‌ڵه‌كه‌ى پارتى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى (قوباد تاڵه‌بانى)یه‌.
 
هه‌ولێرـ ٨/٤/٢٠٢١، كۆبونه‌وه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى هه‌رێم، كه‌ وه‌ك ده‌وترێت تیایدا هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى به‌ توندى قسه‌ى له‌باره‌ى پارتیه‌وه‌ كردوه‌.   فۆتۆ: سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم
 
 
قوباد تاڵه‌بانى به‌وه‌ناسراوه‌ كه‌ رایه‌ڵه‌ی به‌هێزى په‌یوه‌ندیی حزبه‌كه‌یه‌تى به‌ پارتیه‌وه‌، به‌ڵكو وه‌كو تاكه‌ ده‌نگى ناو یه‌كێتیش ناوده‌برا كه‌ ده‌خوازێت په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ پارتى به‌هێزتر بكه‌ن، به‌ڵام وادیاره‌ ئه‌مجاره‌یان ئه‌ویش هاتۆته‌ سه‌ر باوه‌ڕى هاوسه‌رۆكان بۆ پشتكردن له‌ پارتى، ره‌نگه‌ ئه‌م به‌ئامانجگرتنه‌ راسته‌وخۆیه‌ى وه‌زاره‌تى شاره‌وانیه‌كانیش هێنده‌ى تر هۆكار بن بۆ دوركه‌وتنه‌وه‌ى له‌ پارتى و پێداگیریی له‌ هه‌ڵوێستى یه‌كێتى.
 
دواجاریش ئه‌م كۆده‌نگیه‌ی سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى، دور نیه‌ ئاڵۆزیه‌كانى نێوان ئه‌و دو لایه‌نه‌ ئاڵۆزتر بكات! به‌ڵكو وه‌ك هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ى میدیایی باسیان لێوه‌كردوه‌، پرسه‌كه‌ گه‌شتوه‌ به‌وه‌ى كه‌ بافڵ تاڵه‌بانى له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمدا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان باسی له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌یان و هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى كردبو.
 
پرسیار ئه‌وه‌یه‌: ئه‌م دو نه‌یاره‌ى كه‌ بارودۆخ كردونى به‌ یار، تاچه‌ند درێژه‌ به‌ هاوبه‌شێتێكه‌یان له‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تییكردنى هه‌رێم ده‌ده‌ن؟ یان دواجار گۆزه‌ى ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ "فشۆڵه‌ى" نێوانیان كه‌ له‌ زۆر لاوه‌ درزی بردوه‌، له‌سه‌رى روداوه‌كه‌ى كه‌لار دا به‌ ته‌واوى ده‌شكێت و دێنه‌وه‌ خاڵی سفر؟
 
 
 



Dengnet.net - 2025
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,484,866     ژمارەی میوان 5711