رادیۆی ده‌نگ- محه‌مه‌د مه‌حمود
پۆنده‌كانى گه‌رمیان ئه‌گه‌رچی بون به سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ى ئاو و سودلێبینیان له‌لایه‌ن دانیشتوانى گونده‌كانه‌وه، به‌ڵام به‌ده‌ست چه‌ندین كێشه‌وه ده‌ناڵێنن، پسپۆڕێك ده‌ڵێت: زۆرێك له‌وانه به ئه‌ندازه‌یی دروست نه‌كراون و پڕبون له قوڕولیته، به‌رپرسێكیش ده‌ڵێت: داواى پاره‌مان كردوه بۆ پاككردنه‌وه‌یان و پاره نییه.
پۆند بریتییه له به‌ربه‌ستێكی هاوشێوه‌ى به‌نداو، به‌ڵام قه‌باره‌كه‌ى بچوكتره، كه ئاوى باراناو و چه‌مه وه‌رزییه‌كان له‌خۆده‌گرێت و كۆده‌كاته‌وه.
لە سنوری ئیداره‌ى گەرمیان ۱۳ پۆند له رێگه‌ى حكومه‌ته‌وه دروست کراون، ۱۰ دانەیان لەلایەن حکومەت و به بودجه‌ى خۆی و ۳ دانەیان لەسەر بودجەی رێکخراوی ریچی ئەڵمانی دروستكراون، ئەمە جگە لەوەی ۳ پۆندی دیکەش لەلایەن هاوڵاتیانەوە دروست کراون.
پۆندەکانی گەرمیان بەدەست دو گرفتەوە دەناڵێنن: کۆبونەوەی قوڕولیتەیە و تێبونی درز بەهۆی سەرڕێژبونیانەوە.
د. عەبدولموتەڵیب ره‌فعه‌ت، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری ژینگە و ئاو، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: یەکێک لە گرفتی پۆندە بچوکەکان لە جیهاندا ئەوەیە کە قوڕولیتە کۆدەکاتەوە و پێویستە ساڵانە پاک بکرێتەوە، بەڵام لێرە لە هەندێک شوێن دروستکراوە کە خاکەکەی گونجاو نەبوە و لەوانەیە پێش دروستکردنی تاقیکردنەوەی خاکی تێدا ئەنجام نەدرابێت.
موئەیەد ئەحمەد، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاودێری گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: پۆند پێویستی بە پاکردنەوەیە ۳ بۆ ٥ ساڵ جارێک، بەڵام بەداخەوە پۆندەکانمان بەشێکیان قوڕ گرتونی لە بنەوە و پێویستیان بە پاکكردنەوەیە، ۳ لە پۆندەکانمان ئەمساڵ تەواوبون و هیچ گرفتیان نییە، بەڵام کۆنەکان پێویستیان بە پاکكردنەوەیە، بەشێکیان ۳ چاره‌كیان پڕبونەتەوە و بەشێکیان بەنیوە قوڕیان تێدایە.
وتیشی: چەندینجارە داوا دەکەین پاکبکرێنەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئه‌و كاره نەکراوە.
یەکێکی تر لە گرفتی پۆندەکان درزتێبونیانه بەهۆی سەرڕێژبونیانەوە.
د. عەبدولموتەڵیب ره‌فعه‌ت، پێیوایە جگە لەوەی پۆندەکان قوڕولیتە لەخۆ دەگرن، زوش پڕدەبنەوە، هاوکات جەخت لەوەش دەکاتەوە کە بەشێک لە پۆندەکان زیانیان بەرکەوتوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نۆژەن نەکراونەتەوە.
بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاودێری گەرمیان، جه‌خت له‌م قسه‌یه ده‌كاته‌وه "یەکێک لە پۆندەکانمان کە پۆندی بێستانەیە، ساڵی پار لە کاتی سەرڕێژبونیدا چەند درزێکی تێبوە و توشی زیان هاتوە و پێویستی بە چاکكردنەوەیە".
جەختیشی کردەوە: چەند جارێکە نوسراو دەکەین بۆ چاکكردنەوەی، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوە.
پۆندەکان لەسنوری گەرمیان دابەشبون بەسەر گوندەکاندا، لە نمونەی گونده‌كانى: ملەسورە، سەید حسێن، توڕکە، بێستانە، عەلی میر، سەرقزڵ، ئاوبار و چەند شوێنێکی تر. گەورەترینیان پۆندى عەلی میرە کە ۱٥۰ هەزار مه‌تر سێجا ئاو دەگرێت و بچوکترینیان ۱۳۰ هەزار مەتر سێجا ئاو دەگرێت.
د.عەبدولموتەلیب ره‌فعه‌ت، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری ژینگە و ئاو، باس لەوە دەکات زیاتر۹۰ لە سەدی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەی گەرمیان زەوی دەیمین و پێویستیان بە سەرچاوەی ئاوە، بۆیە دروستکردنی پۆند بۆ ناوچەکە گرنگە.
ئەم پۆندانە لە روی کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەوە سودێکی زۆری بۆ گەرمیان هەیە، بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاودێریی گەرمیان دەڵێت: چەند ساڵی پێش‌و وشکەساڵییەکی زۆر بەرۆکی ئێمەی گرت، ئەو پۆندانه نەبوایە گونده‌كانى ئه‌و سنوره چۆڵ ده‌بون.
وتیشی: ئەم پۆندانە سودیان هەبوە بۆ جوتیارەکان، جگە لەوه‌ش ئاژەڵدارەکانیش سودیان لێبینیوە.
سنوری گەرمیان بەهۆی بەرزی پلەی گەرمییەکەی و کەمی باران بارین لەچاو ناوچەکانی دیکە، پێویستی زیاتری بە پۆنده، بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاودێریی گەرمیانیش دەڵێت: تاوەکو ئێستا ٤۲ شوێن کەشفکراوە کە بۆ دروستکردنی پۆند دەبن، هاوکات بۆ ئه‌مساڵ رەزامەندیی دروستکردنی ۳ پۆندمان وەرگرتوە.
جگه له حكومه‌ت و رێكخراوه‌كان، به‌شێك له هاوڵاتیانیش خۆیان هه‌ستاون به دروستكردنى پۆند.
ستار عه‌زیز، دانیشتوی گوندی جەبراوه‌ـى سەر بە ناحیەی مەیدانە، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لە ساڵی ۲۰۱۲ پۆندێکم دروست کرد كە ٨۰ مەتر پانیەتی و ۲۰۰ مەتر درێژییەكه‌یه‌تی، بەپارەی خۆم ئەم پۆندە دروستکراوە، نزیکەی ۲٥ ملیۆن دینارم تێدا خەرج کردوە و ته‌نها یەک کەس هاوکار بوە کە نزیکەی ۳۰۰ هەزاردیناری پێدام، حکومەتیش بەهەمو جۆرێک رێگر بو لە ئیشەکەم.
وتیشی: "سودی بۆ گوندەکەی خۆمان و گوندەکانی دیکەش هەیە، رۆژانە نزیکەی هەزار مێ "مه‌ڕ" ئاوی لێدەخواته‌وه، پۆندەکەی من لە هەر چوار لاوە ئاژەڵەکان دەتوانن ئاوی لێبخۆنەوە".
له‌به‌رامبه‌ردا به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاودێریی گه‌رمیان، باس له‌وه‌ده‌كات ئه‌و پۆندانه‌ى كه هاوڵاتیان دروستى ده‌كه‌ن له‌سه‌ر بنه‌ما ئه‌ندازه‌ییه‌كان نین.
به‌ڵام ئه‌وه ته‌نها پۆنده دروستكراوه‌كانى هاوڵاتیان نیه كه گومان له‌سه‌ر كوالێتیه‌كه‌یان هه‌یه، به‌ڵكو ئه‌و پۆندانه‌شى حكومه‌ت دروستی كردون و سه‌رپه‌رشتی كردون، تێبینی له‌سه‌ر كوالێتى و جۆره‌كانیان هه‌یه.
ستار عه‌زیز، له‌وباره‌وه ده‌ڵێت: حکومەت لەسنوری ئێمە ۲ پۆندی دروست کرد، ملیۆنێك دۆلار (۱۰۰ دەفتەر)ـیان تێدا خەرجکرد، دانەیەکیان ئاو بردی و دانەیەکیان پڕبویەوە و لەم ساڵانەدا شۆفڵیان هێنا بۆ ده‌ردانى بەڵام سودی نەبو، پۆندەکەی من لەوەی ئەوان باشترە، تۆکمەتر دروستکراوە.
د. عه‌بدولموته‌ڵیب ره‌فعه‌تیش جه‌خت له‌م خاڵه ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت: ئەو پۆندانەی کە دروست دەکرێن بەشێوەیەکی ئەندازەیی دروست ناکرێن بۆ ئەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان سودی لێببینن، جگە لەپۆندیش پێویستمان بەنداوە.