دەنگ نێت
پارێزەرێک لە گەرمیان دەڵێت: سکاڵام لەسەر بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان تۆمارکردوە بەهۆی بەڕێنەکردنی مامەڵەکەم، ئەو بەڕێوبەرەش دەڵێت: ئەوەی هەبوە رۆتینێکی ئیداری بوە و داواکەی شەخسییە.
بەرهەم تەها، پارێزەر لە گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: مانگی حوزەیرانی ساڵی پار رۆشتمە بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان و نوسراوێکم هێنا بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی شاراوانییەکانی گەرمیان کە داواکارییەکی وەرگرتنی پارچە زەوییەک بو لە ناحیەی رزگاریی بۆ دروستکردنی قوتابخانە و باخچەیەک، بەپێی یاسا دەبێت بەڕێوبەرایەتی شارەوانییەکانی گەرمیان نوسراوەکەی من هاوپێچ بکات لەگەڵ نوسراوێکی خۆیاندا و داوابکات لە شارەوانی رزگاریی بەپێی یاسا و رێنماییەکان کاری لەسەر بکەن.
وتیشی: بەڵام دەستی دەستیم پێکراوە و نوسراوەکانم هەرجارە و سێ رۆژ و دو رۆژ دواخراوە، هەتا گەیشتوە بەوەی پێیانوتم بەوهۆیەی سەرقاڵی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەرانن لە ناحیەی رزگاریی و هەتا ئەو زەویانە تەواونەکەن هیج پرۆژەیەک نادەنە هیچ کەسێک.
باسی لەوەشکرد: ئەمە کاری بەڕێوبەری شارەوانییەکانی گەرمیان نییە، ئەمە کاری سەرۆکایەتی شارەوانی ناحیەی رزگارییە ئەبێت وەڵام بداتەوە کە زەوی دەدەن یاخود نا، زەوی فەرمانبەران نیشتەجێبونە و پەیوەندی بە داواکەی منەوە نییە.
بەوتەی ئەو پارێزەرە، دوای بەڕێنەکردنی داواکەی، لە رێگەی دادنوسەوە ئاگادارکردنەوەی "ئینزار" بۆ بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان ناردوە بۆ ئاراستەکردنی نوسراوەکە، بەڵام کە نوسراوەکەیان دواخست بۆ ماوەی ١٠ رۆژ، لە دادگا سکاڵای لەسەر تۆمارکرد و دادگا بانگهێشتی کرد و بە پێی مادەی ٣٣٠ـی یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بانگهێشتی کرد و بە کەفالەتی ٥ ملیۆن دینار ئازادییکردوە، پاشان دۆسیەکە ئاراستەی دادگای دەستپاکی "نزاهە" و دواتر ئاراستەی دادگای کەتن "جنح" کرا و چاوەڕێی حوکمدانی کۆتایین.
جەختیشیکردەوە: "هیچ کێشە و رقێکی شەخسیم لەو بەڕێوبەرە نییە".
لەبەرامبەردا، بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکان پێیوایە بابەتەکە بە شەخسی کراوە.
بەرزان کەریم، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: داوای ئەو پارێزەرە پەیوەندی بە شتی ئیدارەوە نییە، نوسراوەکەی پێنج مانگ لەسەرۆکایەتی شارەوانی رزگاریی دواکەوتوە، کێشەی نەبوە، بەڵام لای من ۱۰ رۆژ دوابکەوێت کێشەیە؟
وتیشی: تێناگەم ئەگەر شەخسی نییە بۆچی بۆ ۱۰ رۆژ سکاڵا تۆمار دەکەیت، بەڵام بۆ ٥ مانگ سکاڵا تۆمار ناکەیت؟
دەشڵێت: دادگای لێکۆڵینەوەی کەلار ساڵی پار یەکجار منی بانگکردوە و منیش هەمو بەڵگەکانم خستوەتەڕو کە نوسراوەکان دوانەکەوتون و هیچ ئەسڵێکی نییە، بۆیە بە کەفالەتی شەخسی ئازادی کردم نەک کەفالەتی پارە.
باسی لەوەشکرد: ئەوەی هەبوە رۆتینێکی ئیداریی بوە کە ۱۰ رۆژ دواکەوتوە، خەڵکی تر نوسراوی بە مانگ دوادەکەوێت سکاڵاش تۆمار ناکات، ئەم پارێزەرە کە نوسراوەکەمان کردوە بۆی بۆ ناحیەی رزگاریی لە دوای ٥ مانگ بۆ ئێمەی هێناوەتەوە، ئەگەر ئەو سکاڵا تۆمار دەکات، بۆچی بۆ پێنج مانگ کێشەی نییە، بەڵام بۆ ۱۰ رۆژ کێشەی هەیە؟
جەختی لەوەشکردوە: پێش ئەوەی بزانێت نوسراوی بۆ کراوە یاخود نا، پارێزەرەکە رۆشتوە سکاڵای تۆمار کردوە، بۆیە "سکاڵاکەی عەمدی و شەخسییە".