ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
لە تەبرێزەوە بۆ سلێمانی.. تەریقەتی قادری بەشوێنپێی تەریقەتی سەفەویدا

2021/01/06 - 02:47 | 517 جار بینراوە    
 
سەردەشت محەمەد
 
شێخ سەیفەددینی ئەردەبیلی کە لەساڵی ١٣٣٤ز مردووە، دامەزرێنەری تەریقەتێکی سۆفیگەری بوو، تەریقەتەکەشی هەر بەناوی خۆیەوە ناوناوە (تەریقەتی سەفەوی)،  ئەم تەریقەتە ئاینییە دوای مردنی شێخ،  درێژەی دەبێت و تاوەکو لەدواجاردا لەسەر دەستی نەوەکانی و بەتایبەت لەسەردەمی شێخ ئیسماعیلی سەفەویدا، لە تەریقەتە ئاینییەوە  دەگۆڕێت بۆ بزافێکی سیاسی، سەربازی. ئەگەرچی لەسەرەتادا لەلایەن هێزە سیاسیەکانی ئەوکاتەوە و بە دیاریکراوی  هێزێکی سیاسی وەک ئاق قۆینلۆی تورکمانی، کە ئەو کات پایتەختەکەیان شاری بەغدا بووە و دەسەڵاتیان گەیشتۆتە هەرێمی ئازەربایجان و لەوێوە دژایەتی شێخ ئیسماعیلیانکردووە و نەیان ویستووە هەوڵەکانی شێخ ئیسماعیل بۆ فراوانبونی دەسەڵاتی ئەم بزافە نوێیە سەربگرێت، بەڵام لەدواجاردا  لێهاتوی و توانای شێخ، وادەکات  لەساڵی ١٥٠١ز  لەشاری تەبرێز لە هەرێمی ئازەربایجان، دەوڵەتێکی نوێ ڕابگەیەنێت و ناوی لێبنێت  دەوڵەتی سەفەوی. شێخ مەزهەبێکی شیعەی توندڕەو دەکات بەڕێبازی دەوڵەتە نوێیەکەی و  ئەم سەرکەوتنە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک وای لێدەکات بیر لە داگیرکاری و فراونبوونی دەوڵەتەکەی بکاتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش  پەلی داگیرکاری  بۆ هەرێمی کوردستان و  عێراق درێژ دەکات و لەدواجاردا  بەزەبری هێز کۆتایی بەدوژمنە سەرسەختەکەی دەهێنێت کەئەویش ئاق قۆینلۆی تورکمانی بوو بەمەش پایتەختەکەیان کە شاری بەغدا بوو، داگیر دەکات.
 
ئەگەر ئەم وێنەیە بگوازینەوە  بۆ ئێستای کوردستان و ڕێبازە ئاینیەکەی ئەوکاتەی  شێخ سەیفەدین و  ڕێبازی تەریقەتی قادریی کەسنەزانی پێکەوە بەراورد بکەین، ئەوا دەگەین بەو ڕاستییەی کە ئێستا دەرفەتێکی گونجاو لەبەردەم ڕێبەرانی ئەم تەریقەتەدایە، کەئەم ڕێبازە ئاینییە بگۆڕن بۆ بزافێکی سیاسی، بەتایبەت لەئێستادا کە ڕابەرایەتی ئەو ڕێبازە ئاینییە لەدەستی کەسایەتێکی دیاری وەک شێخ (نەهرۆ محمد کەسنەزانی)دایە، کە خۆی خاوەن  بیرو بۆچونێکی سیاسیی تایبەت بە خۆیەتی و سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی عێراقییە و ساڵی ٢٠١٣ز لەعێراقدا خاوەنی پێنج کورسی پەرلەمانی بووە و برایەکی کردۆتە وەزیری بازرگانی عێراق و خودی خۆی سەرۆکی ڕێکخراوی نەهرۆی خێرخوازییە و ناوبراو  سیاسی و شێخی تەریقەت و خاوەنکارە. ڕابەری ئەم تەریقەتە  لە ٩٠  وڵاتدا شوێنکەوتوی هەیە، ئەمەو چەندان هۆکاری دیکە، دەمانگەیەنێت بەو بڕوایەی کە زۆر ئاسانە  ڕێبازە ئاینیەکەی قادری کەسنەزانی ببێت بە ڕێبازێکی سیاسی، بەتایبەت ئەگەر تەماشایی  پەیوەندی ئەم ڕابەرە نوێیە لەگەڵ وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمەریکادا بکەین ئەوا دەتوانین بڵێین بۆ ڕۆیشتن بەهەمان ڕێگای  شێخ ئیسماعیلی سەفەویدا، دەرفەتی زیاتر و باشتری لەبەردەم دایە،چونکە دەبیستین کە چۆن لە بەڵگەنامە نهێنیەکاندا باس لەوەدەکرێت شێخ نەهرۆ  ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە  لە پێدانی زانیاری لەسەر ڕژێمەکەی سەدام حسین، بە ئەمەریکاو ئاسانکاری بۆ لەناوبردنی ڕژێمی بەعس.
 
هەروەها بیرو بۆچونی ئەم ڕابەرە نوێیە  لەگەڵ بۆچونی سیاسیەکانی ئەمەریکادا، زۆر لێکەوە نزیکن بۆ ڕوخاندن و کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، پاشان لە ناوخۆشدا  لاوازی هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرنەکردنی  ناکۆکیەکانی نێوان هەولێر و بەغداد و بێزاری شەقامی کوردی  لەبەرامبەر حکومەت و پارتەسیاسیەکان لە کوردستان، هەمو ئەمانە ئاماژەی ڕونن بۆ ئەوەی  کە ئەگەر ئەم ڕێبازە ئاینیە گۆڕدرا بە بزافێکی سیاسی، ئەوا لە کەمترین کاتدا لەلایەن خەڵکەوە پشتگیری و پێشوازی لێدەکرێت، تەنانەت لەناو بەشێک لەو خەڵکانەشدا لەدەرەوەی  بیروبۆچونە ئاینیەکەی ئەودان و سەربە ڕێبازی قادری کەسنەزانیش نین.
 
ئەگەر  سەرنجی لێدوانەکانی ئەم دوایەیی شێخ نەهرۆ بدەین کە چۆن باس لە چاککردنی دۆخی دارایی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات و ڕایدەگەیەنێت: هەوڵدەدەین کۆتایی بە بڕینی موچەی موچەخۆرانی کوردستان بێنین و سلێمانی بکەین بە پایتەختی تەسەوف، هەروەها پێچەوانەی باوکی  تەکێی سەرەکی لە وڵاتی ئوردنەوە دەگوازێتەوە بۆ سلێمانی، ڕۆژانە دیدار و کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی حیزب و حکومەتدا دەکات،  باس لە باشبونی ژیان و گوزەرانی خەڵک دەکات، هەر بۆیە وتەکانی ڕابەرە نوێیەکە مشتومڕێکی لەناو شەقامی کوردیدا دروست کردوە و وەک هەوڵێک دەیبینن بۆ گۆڕانکاریکردن لەڕێبازەکەیدا و تەنها لە چوارچێوەیەکی دینیدا نایەوێت بمێنێتەوە، بەڵکو دەیەوێت وەک هێزێکی کاریگەر  لە مەیدانەکەدا ڕۆڵ بگێڕێت، ئەم ڕۆڵگێڕانە بەتەنها لەبەرژەوەندی خۆیدا نییە، بەڵکو دەبێت بەهێڵێکیش بۆ جیاکردنەوەی  دەسەڵاتی شیعە لەئێران و دەسەڵاتە شیعەگەراکەی عێراق، کەئەمەشیان خزمەتێکی گەورە بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکادەکات لە ناوچەکەدا.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,741,835     ژمارەی میوان 2239