ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
کەلار پایتەختی ئابوری هەرێم

2024/04/17 - 02:36 | 815 جار بینراوە    
 
رێبوار رەئوف ساڵح*
 
پایتەخت بە شێوەیەکی گشتی شار یان شارۆچکەیەکی سەرەتاییە کە وەک ناوەندی کارگێڕی وڵاتێک یان ناوچەیەک کاردەکات. ئەو شوێنەیە کە زۆرجار فەرمانگەکانی حکومەت، لەوانەش دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری لێیە. پایتەخت بەزۆری دڵی ڕەمزی و سیاسی نەتەوەیەکە، نوێنەرایەتی سەروەری و کولتوور و مێژووی ئەو نەتەوەیە دەکات.
 
هەر دەوڵەتێک یان هەرێمک کە خاوەن جۆرێک لە دەسەڵاتی خۆیی بێت تەنها یەک پایتەختی هەیە. بەڵام لەگەل ئەمەشدا جۆرێکی دیکە لە نازناوی پایتەخت هەیە کە دەکرێت هەر ناوچەیەک یان شارێک یان تەنانەت شارۆچکەیەک هەڵگری بێت لە یەک بواری تایبەتدا. بۆ نموونە سلێـمانی پایتەختی ڕۆشنبیرییە، هەڵەبجە پایتەختی ئاشتیە، پێشنیار کراوە کە چەمچەماڵ بکرێت بە پایتەختی شەهیدان و ئەنفال، وە هەروەها ڕانیەش وەك و پایتەختی ئازادی ناوی دەهێنرێت.
 
دیارە ئەم ناوانە زیاتر لەگەڵ تایبەتمەندێتی ئەو شار و شارۆچکانەدا دەگونجێت بۆیە بۆیان دادەنرێت یان پێشنیار دەکرێن، لەم سۆنگەیەشەوە بە پێویستی دەزانم کە داوا لە دەزگاکان و کاربەدەستانی کەلار بکەم، بە تایبەت مەڵبەندی گەرمیان و ئیدارەی گەرمیان و قایمقامی کەلار و بارەگای سەرجەم حزبەکان و ڕیکخراوەکانی بواری مەدەنی و کەسایەتییەکان و سیاسییەکان و پەرلەمانتاران و ڕۆژنامەنووسان و نوسەران و ئەکادیمیستەکان و دەزگا میدییاییەکان و پەیجەکانی سۆشیال-میدیا و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەوە بکرێت کە کەلار بکرێت بە پایتەختی ئابوری، چونکە پێم وایە کە تایبەتمەندی کەلار ئەوە دەخوازێت و هەڵدەگرێت کە ئەو نازناوەی بۆ دابنرێت. وە ئەم نازناوەش گرنگییەکی زۆری دەبێت بۆ کەلار، بە تایبەت لە ڕووی بوژانەوەی زیاتر و گەشە کردنی زیاتری ئابورییەکەشی.
 
شارێک بۆ ئەوەی ببێتە پایتەختی ئابووری، پێویستە خاوەنی چەندین تایبەتمەندی و سیفاتی سەرەکی بێت کە بەشدارن لە بەهێزی ئابووری و توانای کێبڕکێ لە گەشەکردندا. لێرەدا چەند هۆکارێکی گرنگ دەخەینەڕوو کە تا ڕادەیەکی باش لە كەلاردا بەدیدەکرێن:
 
١. ژێرخان
 
ژێرخانی بەهێز و گەشەسەندوو زۆر گرنگە، لێرەدا تۆڕەکانی گواستنەوەی وەک رێگاوبان و پرد و فڕۆکەخانە ڕۆلی بەرز دەگێڕن. ڕاستە کە تا ئێستا فڕۆکەخانە لە کەلاردا نییە، هەرچەند پێشتر پێشنیاریشی بۆ کراوە، بەڵام ڕێگاو بانی کەلار زۆر سەکەوتووانە کاری لەسەر کراوەو ئێستا ڕێگاوبانی کەلار یەکێکە لە باشترین ڕێگەوبانەکانی هەرێم. ئەم تایبەتمەندییەش وای کردووە کە پێشبینی بکرێت کەلار ئاینەدەیەکی بەهێزی هەبێت لە ڕووی گەشەی ئابوورییەوە.
 
٢. بازرگانی
 
بەهۆیی کار و گرنگی دانی خەڵکەکە بە کاسبی و بازرگانی، شارەکە ژینگەیەکی بازرگانی لەباری دروست کردووە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە کەلار هەم هاندەری کارگێڕی و هەم بازرگانی ناوخۆیی و هەرێمی و تەنانەت نێودەوڵەتیش بۆ خۆی ڕابکێشێت. ئێستا گەر تێبینی بکرێت، دەبینیت لە بواری کاسبیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکانی  کاسبکار لە کەلار خەڵکی شار و شۆچکەکانی دیکەن و هاتوون لە کەلاردا کار دەکەن.
 
٣. پەروەردە
 
دەستڕاگەیشتن بە هێزی کارامە و خوێندەوار هاوکارن لە درستکردنی پایتەختێکی ئابووری بەهێز، بۆیە پێویستە هەڵگری ئەم نازناوە خاوەنی هێزی کارێکی خوێندەوار و لێهاتوو بێت کە ڕۆڵ ببینن لە بەردەوامیدان بە گەشەی ئابوری. لەم بوارەشدا کەلار توانایەکی زۆر باشی هەیە بە هۆی بوونی زانکۆکان و پەیمانگاکان و ناوەندەکانی دیکەی خوێندن و دامەزراوەکانی توێژینەوە و ناوەندەکانی ڕاهێنانی پیشەیی کە پیکەوە توانایەکی باشیان هەیە لە پێگەیاندنی کەسانی بە توانا کە لە ئاستی گەشەی خێراو بەرچاوی کەلاردان.
 
٤. پەیوەندی
 
پەیوەندییەکی باش لە ئاستی ناوخۆیی و جیهانیدا گرنگە بۆ گەشەی شار چونکە تۆڕەکانی پەیوەندیکردن یارمەتی شارەکە دەدات بۆ ڕاکێشانی بازرگان و وەبەرهێنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بۆیە شار لە ڕووی ئابورریەوە پێویستە هەڵوێستێکی پێشوازی لێکراوی هەبێت بەرامبەر بە دەوروبەر و دنیای دەرەوە. لەم بوارەشدا کەلار پێگەیەکی بەرچاوی هەیە و بووە بە جێگەی سەرنجی زۆرێک لە بازرگان و کۆمپانیا ناوخۆی و دەرەکییەکان.
 
٥. کوالیتی ژیان
 
کوالیتی ژیانێکی بەرز کەسانی پیشەیی بەتوانا بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و هانی بازرگانەکانیش دەدات بۆ ئەوەی خۆیان کۆمپانیاکانیان لە شاردا جێگیر بکەن. ئەمەش هۆکارەکانی وەک چاودێری تەندروستی، پەروەردە، خزمەتگوزارییە کولتوورییەکان و دەرفەتی کات بەسەربردن دەگرێتەوە. لەم بوارەشدا کەلار هەنگاوی باشی ناوەو توانای خۆی نمایش دەکات لەو ئاستەدا، بە تایبەت بەهۆی ئەوەی کە وێڕای وەستانی پرۆژەکانی بنیادنان لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمدا، کەلار هێشتا زۆر پرۆژەی باش و گرنگ بەڕیوە دەبات و لە بواری جێبەجێکردندان کە پێکەوە گەشەی زیاتر و ووزەی زیاتر بە کەلار دەبەخشن.
 
٦. ئابووری هەمەچەشن
 
شارێک کە بنکەیەکی ئابووری هەمەچەشنی هەبێت، زیاتر خۆڕاگر دەبێت بەرامبەر بە دابەزینی ئابووری. پشت بەستن بە سێکتەرە جۆراوجۆرەکان، ئامادەیی بۆ شۆکەکان لە هەر کەرتێکدا کەمدەکاتەوە. لەم بوارەدا کەلار توانایەکی بێوێنەی هەیە جونکە لە لایەک خاوەنی کێڵگەی نەوتییە و لە لایەکی دیکەشەوە خاوەنی ڕووباری سیروان و زەوی کشتوکاڵی باشە. وە هەروەها بەهۆی دەروازەی پەروێزخانەوە کە هاوسنورە لەگەڵ ئێراندا کەلار بووە بە شارێکی پڕ جموجوڵی بازرگانی.
 
٧. سەقامگیری
 
سەقامگیری سیاسی و حوکمڕانی کاریگەر هۆکاری گرنگن بۆ سەرکەوتنی ئابووری. وێڕانی ڕەخنەی بەرچاو و گلەیی باش لە حکومەت و کاربەدەستان بەڵام تا ڕادەیەکی باش ئاسایش و ئارامی کەلار پارێزراوە. هەربۆیە بەهۆی ڕۆڵی دامودەزگاکان و لایەنەنەپیوەندیدارەکان لەم بوارەدا، توانراوە کەلار بکرێت بە شارێکی سەقامگیر کە ژینگەیەکی باشی فەراهەم کردووە بۆ بازرگانی و وەبەرهێنەران، هەربۆیە دەبینین کە بەردەوام کۆمپانیاکان ئۆفیسی خۆیان لە شارەکەدا دەکەنەوە، بە تایبەت لە بواری بریکاری وەبەرهێنان و عقاراتدا، کە ئەمەش هێزی کاری دەرەوەشی هێناوەتە شارەکە بۆ ئەوەی ڕۆڵی ئەرێنی و کاریگەر ببینن لە بەرەوپێشچوونی کەلاردا.
 
٨. گەشەپێدانی بەردەوام
 
کار و چالاکییە پراکتیزە بەردەوامەکان لە ڕووی ژینگە و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی ئابووری بەشدارە لە توانای درێژخایەن و سەرنجڕاکێشی کەلار، لەم ڕووەوە سەرمایەدارە بەتواناکانی کەلار شایەنی دەستخۆشین کە زۆرێکیان دەستمایەکانیان نابەنە دەرەوەی کەلار و زیاتر لە خزمەتی شارەکەو دانیشتوانەکەیدا بەکاریدەهێنن و چالاکوانەکانیشی بە باشی ماندوو دەبن لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و ئاگایی خەڵکەکەی. ئەمەش وایکردووە کە کەلار زیاتر وەک پایتەختێکی ئابووری دەربکەوێت، بە تایبەت لە ڕووی پیشەسازی و هەبوونی دەرفەتی فراوان و هاوکاری لە نێوان بازرگانان و خاوەنکاران و پیشەگەرەکاندا. وە هەروەها هۆشیاری و ئاگایی خەڵکەکەشی وایکردووە کە داهێنان و گەشەکردن و پەروەردە بەرەو ئاستێکی باش بەرزببێتەوە.
 
٩. نرخی زەوی و موڵک
 
تایبەتمەندییەکی دیار کە کەلاری زۆر پێناسراوە بەرزی نرخی زەوی و زار و موڵکەکانیتی بە جۆرێک بووەتە جێی سەرنجی زۆرێک لە ناوەندە میدییایەکانی نوخۆ و تەنانەت دەرەوەش، بە جۆرێک کە تەنانەت بەراورد لە نێوان نرخی زەوی و موڵکی کەلار لەگەڵ هەندێک لە شارەکانی ئەمریکادا دەکردێت. یاخود بەردەوام باس لەوە دەکرێت کە ئەگەر زەویەک یان موڵکێکت لە کەلار هەبێت و بیفرۆشیت ئەوا توانای کڕینی دوو موڵکت دەبێت لە شارە گەورەکانی وەک هەولێر و سلێمانی. ئەمەش وایکردووە کە زۆر لە فەرمانبەران و کاربەدەستان کە مافی بەدەستهێنانی زەوی حکومییان هەیە هەوڵ بدەن زەوییەکانیان لە کەلاردا وەربگرن لە جیاتی شار و شارۆچەکەکانی خۆیان، چونکە دواتر دەیفرۆشنەوەو پارەی زیاتریان لێوە دەست دەکەوێت.
 
١٠. هەڵکەوتەی کەلار
 
هەڵکەوتەی کەلار تا ڕادەیەکی زۆر بەژدارە لە بوژانەوەو بەرەوپێشچوونی شارەکە، هۆکاری ئەمەش بە ڕێژەیەکی بەرچاو ئەوەیە کە کەلار بووەتە شارێك کە زۆرێک لە ناوچە گرنگەکانی هەرێم و عێراق و ئێران پێکەوە دەبەستێتەوە، بۆ نموونە لە باشورییەوە ڕیگای بەغدادی لەسەرە، لە ڕۆژهەڵاتییەوە ڕێگای کەرکوک، لە باکوررییەوە سلێمانی، وە هەروەها لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە لە ڕۆژهەڵاتییەوە ڕیگای ئێرانی لەسەرە کە وەکو وتمان گاریگەرییەکی بێوێنەی جموجولی بازرگانی و ئابوری هەیە لە بوژانەوەو گەشەی شارەکە. بۆیە ئەم هەڵکەوتەییەی کەلار دەرفەتی زیاتری بە شارەکە داوە کە ببێت بە پایتەختی ئابوری هەرێم.
 
١١. سەوزایی
 
سەوزایی بە تایبەتی و پاراستنی ژینگە بە گشتی بوونەتە جێی شانازی کەلارییەکان، بە جۆرێک کە ئەگەر ئێستا کەلار پێشەنگ نەبێت لەسەر ئاستی هەرێم ئەوا بێگومان یەكێکە لە شارە پێشەنگەکان لە ڕووی پاراستنی ژینگەو سەوزاییەوە. ئەمەش وای کردووە کە جوانی شەقاماکانی کەلار بەهۆی دار و سەوزاییەکانیەوە ببێت بە جێی سەرنجی گەشتیاران و تەنانەت خەڵکی ناوچەکە خۆشی. دیارە ڕۆڵی سەرەکی ڕێکخراو و کەساییەتییە دیارەکانی بواری ژینگە دەبێت بەرز بنرخێنرێن کە هاوکار و هەمئاهەنگ بوونە لە گەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی کەلار لە ڕووی ژینگەو سەوزاییەوە.
 
١٢. نەوت
 
بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان وە تەنانەت عیراقیش هەرێم و وڵاتێکی بەرخۆرن، زیاتر پشت بە فرۆشتن یان بە کرێدانی نەوت دەبەستن، واتە هەبوونی نەوت واییانیلێکردووە کە زیاتر چاو لەسەر بەرهەم و سێکتەری نەوتی بێت بۆ بەدەستهێنانی داهات. هەبوونی نەوتیش لە ناوچەیەک وا دەکات کە بوژانەوەو دەرفەتی کاری زیاتر دروست ببێت بۆ دانیشتوانەکەی، بەڵام لەگەڵ ئەمانشدا دانیشتوانی کەلار کەمتر دانیشتوانێکی بەرخۆرن بەهۆی چستوچالاکی خەڵکەکەی لە ڕووی بازرگانی و کەسابەتەوە، وە هەروەها، وەکو باسمکرد، بە هۆی پێگە بازرگاننیە بێوێنەکەی کەلار لە ناوچەکادا.
 
١٣. کشتوکاڵ
 
بەهۆی ئەوەی کە کەلار شارێکی نوێیە هەندێک تایبەتمەندێتی ئەرێنی بەدەستهێناوە، بۆ نموونە زۆرێک لە خەڵکەکەی لە گووندەکانەوە هاتن و نیشتەجێ بوون لە کەلار، بە تایبەت لە سەردەمی ساڵانی هەشتاکان و بە تایبەتتریش بەهۆی پرۆسەی شوومی ئەنفالەوە، ئەم خەڵکەش تاک و ئێستا پەیوەستییەکی باشیان لەگەڵ گوندەکانی خۆیان هەیە و کاری مەڕو ماڵاوت و گاوانی دەکەن، ئەمەش وایکردووە کە بەرهەمە گۆشتییەکان و شیرەمەنییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو لە ناوچەکەدا ڕوو لە گەشە بکەن، هەر بۆیە چەندین بەرهەمی شیرەمەنی فەرمی و نافەرمی هەیە لە ناوچەکەدا. وە بەهۆی هەبوونی ڕوبارەوە کەلار باشتر توانیوێتی بەروبومی ماسی و سەوزەمەنی و باخداری و ئاژەلداری پەرەپێبدات. ئەمە جگە لەوەی کە کەلار ڕۆلێکی کاریگەری هەیە لە بەرهەمهێنانی گەنم و دانەوێڵە لەسەر ئاستی هەرێم و تەنانەت عیراقیش.
 
گەیشتن بەم سیفەتانەو پاراستنیان پێویستی بە پلاندانانی ستراتیژی و وەبەرهێنان و هەوڵی بەردەوامی هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت هەیە. لێرەدا پێویستە دەستخۆشی لە زۆربەی دامودەزگا فەرمییەکان بکەین کە ڕۆڵی بەرچاو و دڵسۆزانەیان هەبووە لەم بەرەوپێشچونانەدا. زۆرجار پایتەختە سەرکەوتووەکانی ئابووری بە تێپەڕبوونی کات پەرەدەسێنن، بەڵام گومان دەکرێت ئەگەر شوێنێک هەبێت هێندەی کەلار گەشەی خێرای کردبێت و گەشتبێت بەم ئاستە بێوێنەیە، چونکە هەموو ئەم پێشکەوتنانەی کەلار لە کاتێکدایە کە تەمەنی شارەکە تەنها نیو سەدەیەکە. لەم ماوە کورتەدا ئێستا کەلار خۆی لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخی ناوچەیی و تەنانەت جیهانیشدا دەگونجێنێت و ئابوورییەکەشی رۆژبەڕۆژ لەگەشەی زیاتردایە. بۆیە پڕبەدڵ داوا دەکەم و هیوادەخوازم کە هەموو لایەن و کەسایەتییە کاریگەرەکان، بەتایبەت ئەوانەی کە لە سەرەتای ئەم وتارە ئەماژەم پێکردوون بەدەم ئەم داواکرییەمەوە بێن و بە هیمەتی دڵسۆزان لە کەلار و کوردستان کاری جدی لەسەر ئەوە بکرێت کە کەلار ببێت بە پایتەختی ئابوری هەرێم.
 
* مامۆستای زانکۆ



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,726,961     ژمارەی میوان 36