ئه‌نفال له‌ نێوان یاسا و موجامه‌له‌دا

2024/04/13 - 12:47 | 574 جار بینراوە    
 
گۆران عەلی
 
هیچ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك خوازیاری نه‌هامه‌تی و ماڵ وێرانی نیه‌، به‌ تایبه‌ت میلله‌تێك خاوه‌نی قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆی نه‌بێت، به‌ڵام كه‌ نه‌هامه‌تی و مه‌رگه‌ساتێك روده‌دات، لانیكه‌م ده‌بێت بزانرێت چۆن هه‌ڵسوكه‌وت بكرێت له‌ گه‌ڵ ده‌رهاوێشته‌كانیدا له‌ هەمو رویه‌كه‌وه‌.
 
ئه‌وه‌ى من ده‌مه‌وێت (لەخوارەوە) ئاماژه‌ى پێبده‌م، لایه‌نی یاسایی ئه‌و تاوانه‌یه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ تائێستا نه‌توانراوه‌ به‌ باشی مامه‌ڵه‌ بكرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌هه‌ندانه‌ى ده‌كرێت بۆ كورد سودی لێوه‌ربگرێت چی له‌ سه‌ر ئاستی ناوخۆ یان هه‌رێمی یان نێوده‌وڵه‌تی، هۆكاره‌كه‌یشی هه‌رچی بێت، پاساو نیه‌.
 
أ‌. له‌ سه‌ر ئاستى ناوخۆى عێراق:
ده‌بوایه‌ له‌ دوای ساڵی 2003 حكومه‌تی عێراق ناچار بكرایه‌ به‌ داوای لێبوردن له‌ گه‌لی كورد (كه‌ ئه‌مه‌ش لێكه‌وته‌ و سودی یاسایی ده‌بو)، چونكه‌ حكومه‌ته‌كانی دوای روخانی رژێمی پێشو به‌ میراتگری پێشویان خۆیان داده‌نرێن به‌ پێی رێسا و یاسا و جاڕنامه‌ نێوده‌وڵەتییه‌كان، هه‌روه‌كو چۆن حكومه‌ته‌كانی دوای 2003 خۆیان به‌ خاوه‌نی عێراق و مافه‌كانی عێراق ده‌زانن، ده‌بێت له‌ سه‌ر هه‌مان رێسا خۆیان به‌ خاوه‌نی ئیلتیزاماته‌كانی عێراق بزانن. 
 
هه‌روه‌ها ئه‌م حكومه‌تانه‌ هه‌رده‌م خۆیان دزیوەتەوه‌ له‌ قه‌ره‌بوكردنه‌وەی گه‌لی كوردستان له‌ سه‌ر ئه‌و هه‌مو زه‌ره‌ر و زیانانه‌ى له‌و پرۆسه‌ به‌دناوه‌ ده‌رهه‌ق به‌ كورد كرا و‌ مافی قه‌ره‌بوش سه‌لمێنراوه‌ به‌بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق كه‌ به‌پێی یاسای ژماره‌ 10ـی ساڵی 2005 پێكهێنرا تایبه‌ت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی رژێمی پێشو. بێگومان ئه‌و بڕیاره‌ش پاڵپشت بو به‌ چه‌ندین به‌ڵگه‌، بۆیه‌ ده‌وڵه‌تی عێراق وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی مه‌عنه‌وى یاسایی به‌رپرسه‌ له‌ قه‌ره‌بوی گه‌لی كورد، چونكه‌ سه‌لمێنرا حكومه‌تى پێشو ئه‌و تاوانه‌ی ئه‌نجامداوه‌ و ده‌بێت گه‌لی زه‌ره‌رمه‌ند قه‌ره‌بو بكرێته‌وه‌.
 
ب‌. له‌ سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌:
سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌مو ده‌زگا فه‌رمیانه‌ى چی حكومی یاخود حیزبی كه‌ كورد هه‌یبوە و هه‌یه‌تی، نه‌توانراوه‌ وه‌كپێویست ئه‌م تاوانه‌ بناسرێت له‌ سه‌ر ئاستی جیهاندا، یاخود بتوانرێت به‌شێوه‌یه‌ك ئاراسته‌ بكرێت كه‌ گه‌لی كورد بناسرێت وه‌كو سه‌ره‌كیترین كاراكته‌ری زه‌ره‌رمه‌ند له‌ سیاسه‌ته‌كانی رژێمی پێشو، چونكه‌ هه‌مو ئه‌و تاوانه‌ كه‌ له‌ یاسای ژماره‌ 10ـى ساڵی 2005 و به‌ دیاریكراوی له‌ ماده‌كانی (11، 12، 13 و 14)ـدا هاتوە، هه‌مو تاوانه‌كانی ده‌رهه‌ق ئه‌م گه‌له‌ ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ خۆیان له‌ تاوانه‌كانی: پاكتاوی ره‌گه‌زی و دژه‌ مرۆڤایه‌تی و تاوانه‌كانی جه‌نگ و سه‌رپێچیكردنی یاساكانی ناوخۆـدا خۆی ده‌بینیه‌وه‌، كه‌ هه‌مو ئه‌مانه‌ ده‌رفه‌تێك بون نه‌توانراوه‌ تائێستا سودی لێوه‌ربگێرێت له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌م تاوانانه‌ تاوانگه‌لێكن ئاستی ناوخۆیی تێده‌په‌ڕێنن و خه‌سڵه‌تی نێوده‌وڵەتیان هه‌یه‌ و هه‌مو وڵاتێك ده‌توانێت لێكۆڵینه‌وه‌ى تێدا بكات. نزیكترین به‌ڵگه‌ش كاتی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان هیچ كه‌س رێگای به‌ خۆی نه‌دا ئاماژه‌یه‌ك بدات به‌وه‌ى كه‌ به‌پێی بڕیاری كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان گه‌لانی ژێرده‌سته‌ مافی دیاریكردنی چاره‌نوسی خۆیان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش بێگومان پێش هه‌مو كه‌س بەرپرس لێی لایه‌نه‌ فه‌رمیه‌كانن كه‌ ده‌بو ئه‌مه‌ كاری له‌ پێشینه‌یان بوایه‌!
 
بۆیه‌ پێش له‌ ده‌ستچونی ده‌رفه‌ته‌كان، ده‌بێت بزانین هه‌رچه‌ند رودانی وه‌ها كۆستێك بژاردەی گه‌لی كورد نه‌بوە، به‌ڵام چۆنیه‌تی هه‌ڵسوكەوتكردن له‌گه‌ڵ ده‌رهاویشته‌كانی، بژاردەی خۆمانه‌، كه‌ به‌ڕای به‌نده‌ ده‌بێت ئه‌م په‌یامه‌ پێش هه‌مو لایه‌نێك به‌ وڵاتانی هه‌رێمی بگه‌یه‌نرێت و چی تر به‌ سۆز و سیاسه‌تی موجامه‌له‌ باس له‌م بابه‌ته‌ نه‌كرێت، به‌ڵكو له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و هه‌مو رێكه‌وتن و جاڕنامە و یاسا نێوده‌وڵەتییانەدا باسی لێوه‌ بكرێت كه‌ بێگومان هه‌مویان له‌ قازانجی نه‌ته‌وه‌ى زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت یان لانیكه‌م بابه‌ته‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى سۆز و موجامه‌له‌ ده‌برێته‌ ئاستی یاسایی و سیاسی كه‌ به‌ قه‌ناعه‌تی من بەداخەوە تائێستا به‌و ئاسته‌ نه‌براوه‌‌!



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,268,763     ژمارەی میوان 701