ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
موچە و بودجە!

2024/05/08 - 01:11 | 479 جار بینراوە    
 
دڵشاد ئەنوەر
 
* حکومەتی عێراق داوای تەوتین "توطین" لە حکومەتی هەرێم دەکات گوایە بڕیاری دادگای فیدراڵیەو دەبێت هەردولا پێوەی پابەند بن. حکومەتی هەرێم رەزامەندی لەسەر تەوتین داوە لە ڕێگەی بانکی "تی بی ئای"ـەوە، بەڵام دەستیشی لە "هەژماری من" هەڵنەگرتوە و بەردەوامە لە پڕکردنەوەی فۆرم بە فەرمانبەران، کەواتە چۆن؟
 
رەنگە هەرێم بیەوێت یاخود وا بیربکاتەوە یاخود لە کۆتاییدا وایلێبێت لە نێوان تەوتین و هەژماری من مەسەلەکە ببێتە ئیختیاریی و فەرمانبەر کامیانی بوێ ئەوە پڕ بکاتەوە، یاخود تی بی ئای بکاتە بەشێک لە پرۆسەکە!
 
* عێراق داوای داهاتی نانەوتیی لە هەرێم دەکات، ئەو داهاتەی بە "داهاتی فیدراڵی" ناسراوە، هەرێم رەزامەندی دەربڕیوە و رەنگە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا گفتوگۆی ئەوە بکرێت چۆن و بە چی میکانیزم و کام داهات فیدراڵییە، هەتاڕادەستی عێراقی بکەن، چونکە هەندێک داهات فیدراڵیی نییە.
 
* واتە تەوتین و داهاتی نانەوتی مەرجی حکومەتی عێراقن بۆ خەرجکردنی موچە، هەرێم رەزامەندی لەسەر هەردوکی دەربڕیوە، بەڵام دەست لە هەژماری من هەڵنەگیراوە و گفتوگۆی چۆنیەتی رادەستکردنی داهاتیش دەکات، بۆیە ئەگەر مەسەلەکە تێکنەچێت، لەمپەری وا نییە بۆ رێککەوتنی تەواو، بەڵام دواجار بیزانن هەردولا متمانە نییە لە نێوانیان و دۆخەکەش هی ئەوە نییە سەری لێ بنێینەوە.
 
* مەسەلەی دواخستنی هەڵبژاردنیش دابڕاو نییە لە پاکێجی موچە و بودجە، کاتێک نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدای کرد، لەپاڵ قسەکردن لەسەر موچە و بودجە، لۆبیشی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن کرد و سەریگرت. 
 
کاتێک مەسرور بارزانی خۆی لە دادگای فیدراڵی شکاتی کرد لە دۆسیەی هەڵبژاردن و بوە هۆی دواخستنی مەسەلەکە سیناریۆ بو، چۆن؟
 
پێشوەخت ئیش لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن کرابو، دڵنیایی هەبو لە دواخستنی، بۆیە مەسرور بارزانی خۆی شکاتی کرد نەک هیچ دامەزراوەیەک راسپێرێت، واتە ئەکرێت بڵێین مەسەلەکە رۆڵدانبو بە بارزانی.
 
* دادگای فیدراڵییش کە گۆرانی بە باڵای سەربەخۆیی و رێوشوێنەکانیدا دەگوترا، دەرکەوت بڕیارەکانی لە ژێر کاریگەریی بارودۆخە سیاسییەکاندا گۆڕانی بەسەردا دێت و هەر کەی ویسترا بڕیاری پێدەردەکرێت، نەشویسترا بێدەنگ دەکرێت!
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,222,347     ژمارەی میوان 2484