ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
لە شێخ نەهرۆ مەتۆقێن

2021/01/02 - 07:54 | 710 جار بینراوە    
 
کاوە شێخ عەبدوڵا
 
ئەزموونی سیاسی و حوکمڕانی کورد لە عێراق، بە هەموو پێوەرێک شکستیهێناوەو کۆتایی پێهاتووە. بۆیە دوور نییە بەدیلێکی جیاواز بهێنرێتە ئاراوە جا با ئەو مۆدێلە دینیی و لەناو دینیشیدا سۆفیگەرییەکی کۆنەپەرستانەبێ وەکو رێبارەکەی تەریقەتی قادریی کە شێخ نەهرۆ ئێستا لە لوتکەکەیدا دانیشتووە.
 
لە ساڵی 1979 ــەوە هەتا 2011 و دواتریش، هەر لە ئەفغانستان و ئێرانەوە تا میسر و تونس و تورکیا، هەموو حوکمڕانییەکی نادینیی و عەلمانی ساختەو بوودەڵە کە رووخاون و شکستیانهێناوە، هێزێک و سیستمێکی ئیسلامیی کە زۆربەیان کۆنەپەرستانە و توندڕەوانە بوون، بوونەتە بەدیلیان. بەدیلەکانیش نەسەپێنراون بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتانەدا، بەڵکو پۆخڵەواتیی و چەوساندنەوەی خەڵک لەلایەن حاکمە نادینییەکانەوە وایکردبوو، خەڵک بەوپەڕی پەرۆشییەوە باوەشیان بۆ بکەنەوەو خوێن بدەن تا حاکمە ستەمکارەکان دەرپەڕێنن و دەسەڵاتدار و حاکمێکی ئیسلامیی بخەنە جێگاکەی.
 
شێخ نەهرۆ وەکو شەخس، دیاردەیەکی نوێیە لەناو رێباز و تەریقەتێکی کۆندا. بەڵام ئەو هەموو زوومەی دەخرێتە سەری، شتێکی لەخۆوە نییە. باوکی شێخ نەهرۆ ساڵانێکی زۆرە لە بیر و هۆش و ساحەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی کوردستاندا نادیاربوو تا ئەو ڕۆژەی مرد. بەڵام دوای مردنی شێخ محەمەدی شێخ عەبدولکەریم، نەهرۆی کوڕی بەشێوەیەکی زۆر زەق تەسەوف و سیاسەتی تێکەڵکردووە و ڕۆژانە دەردەکەوێ.
 
بۆ ئەمریکییەکان، شێخ نەهرۆ و باوکی، بنەماڵەیەکی نەناسراو نین. نەک هەر ئەوە بەڵکو بۆ دەسکەوتنی زانیاریی لەسەر خودی سەدام و دەسەڵاتەکەی، ئەمریکییەکان زۆر پشتیان بەم بنەماڵەیە بەستبوو، بۆیە دوای رووخانی سەدام ئەم بنەماڵەیەیش بەشێک لە سامان و دەرامەتە زۆرەکەیان گواستەوە بۆ ئەمریکا و بوونە خاوەن کۆشک و باڵەخانەی گرانبەها و لە کڕین نەهاتوو لەو وڵاتەدا.
 
واتە شێخانی تەریقەت بوونە جێی متمانەی سی ئای ئەی و کۆشکی سپی!
 
ئەمریکییەکان و بەریتانییەکان بەوەدا گرەوەکەیان لە عالەم بردووەتەوە کە، هەمیشە بەدیلیان هەیە بۆ گەمە سیاسییەکانیان و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان. بۆیە بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان دەست دەکەنە ملی شەیتان و لایلایە بۆ فریشتەیش دەکەن!
 
کورت و پوخت، قیبلەی ئەوان لەسەر بۆڵبرینە و دەخولێتەوە نەک قیبلەیەکی ئەبەدیی و چەسپاو.
 
ئێرانی شیعە و عێراقی شیعە، نابێ ئاوریشمێک لە بەینیاندابێ. بۆیە ئەگەر بڕیاربێ بەدیل هەبێ بۆ دەسەڵاتە شکستخوواردووەکەی ئێستای کوردستان، دەبێ هێزێکبێ لەڕووی دینەوە بتوانێ بەینە ئاوریشمییەکە بگۆڕێ بە دڕکەزی هەر بەو کەرەسەو باسانەی بەغدا و تاران حوکمی پێدەکەن!
 
هەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزی نادینیی تاقیکردەوە ... بزووتنەوەی گۆڕان... بەڵام نە ئەمریکا و نە ئێران ئەو هێزەیان پێ قبوڵ نەبوو. بۆیە وەکو پڕۆژە بزووتنەوەی گۆڕان دامرکایەوە. جارێکی تر دەست بۆ کارتی هێزی نادینیی نابرێتەوە چونکە سەرکەوتوو نەبوو.
 
شێخ نەهرۆ وەکو ئەوەی خەونێکی سیاسیی و ئیداریی هەبووبێ، وادیارە رێجیمێکی زۆری لەشولار و فیکریی کردووە. تەماشای وێنە کۆنەکانی بکەن یەکجار قەڵەو و تەوەزەل دێتە بەرچاو. کەچی ئێستا جەستەیەکی رەشیق و خاوەن گوتاربێژێکی زۆر دیپلۆماسییانەیە. کە پێشوازیی لە رەشەخەڵک دەکات کتومت بەدڵی ئەوان دەدوێ و پڕدەبێ لە سەڵاواتدان و مجامەلەی کۆمەڵایەتیی. کاتێ سەرکردەی حزبە ئیسلامییەکان سەردانی دەکەن دەیانکات بە بەشێک لە تەریقەت و رێبازەکەی خۆی. کاتێکیش چاوی بە سەرکۆمار یان سەرکردەیەکی پارتی و یەکێتی دەکەوێ وەکو سەفیرو باڵیۆزێک قسە دەکات!
 
ئێستا ئیتر روونە کە شێخ نەهرۆ دیاردەیەکی نوێیە، چ بۆ ئەمریکا و چ بۆ بارودۆخی ناوچەکە کە ئەزموونێکی نادینیی کوردی تیایدا شکستیهێناوە، ئەگەری زۆرە ئەم پیاوە بەدیلبێ بەو تایپ و شێوازەی پێی دەرکەوت. بەڵام بەدیلێک کەهەر لە ئێستاوە شکستەکەی روونە چونکە دەسەڵاتداری دینیی ئەگەر ستەمکار و چەوسێنەر نەبێ، هەرگیز ناتوانێ حوکمڕانێکی پاک و بێگەردبێ وەکو ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن.
 
ئێرانی خومەینی و ئەفغانستانی تاڵیبان و تورکیای ئەردۆغان، نموونەی زۆر زەقی شکستی دەسەڵاتی دینین و بگرە زۆر خراپتر لە دەسەڵاتە نادینییەکانی پێش خۆیان.
 
بەرچاوڕوونی.. من شەخسی خۆم زۆر دژی دەسەڵاتی دینیم و پێموایە لە باشترین حاڵەتدا هەرە خراپترینیانە. چونکە ئەو کاتە حاکم و حوکمڕانان پیرۆزن وەکو پیرۆزی پێغەممەر و ئەسحابەکان و هەموو نەیارێک بە نەیاری خوا حسێب دەکەن. بەڵام ئیتر واقیع ئەوەیە کە ڕوو دەدات نەک ئەوەی من دەمەوێ.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,720,696     ژمارەی میوان 2854