ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
رێوشوێنەکانی سزای لەسێدارەدان

2025/01/27 - 04:47 | 1008 جار بینراوە    
 
پارێزەر: نەشاد عومەر
 
بە پێی مادەی ٢٥٤ لە یاسای بنەما دادگاییەکانی سزایی هەر حوکمێک لە سێدارەدان بو، دەبێت بە ناچاری ئەو دۆسێیە ته‌میز بکرێتەوە و بچێتە دادگای پێداچونەوەی هەرێم و ئەوان حوکمەکە پەسەند بکەن و پاشان ئەگەر پەسەندیان کرد و هەمو یان بەشێکیان هەڵنه‌وەشاندەوە، ئەوا دۆسییەکە دەنێرن بۆ وەزیری داد. پاشان ئەوانیش رەوانەی سەرۆکایەتی هەرێمی دەکەن و سەرۆکی هەرێم بە پێی بڕگەی ٧ـى مادەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمـی ساڵی ٢٠٠٥  و ئەو یاسایانەی کە لە خوارەوە ئاماژەی پێدەکەین، پەسەندی دەکات و مەرسومی هەرێمی بۆ دەردەکات و پاشان لە زیندان یان دەرەوەی زیندان حوکمی لە سیدارەدان جێبەجێ دەکرێت. حوكمه‌كه‌ش بە ئامادەبونی یەکێک لە دادوەران و ئەندامی داواکاری گشتی و ئامادەبونی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و بەرێوەبەری بەندیخانە و پزیشک و پارێزەری حوکمدراو لە گەڵ ئەنجامدانی رێکارەکانی تر کە مادەکانی ٢٨٨ هەتا ٢٩٣ـى بنەما دادگاییەکانی سزایی  باسی کردوە. 
 
وردەکاریی حوکمی لە سێدارەدان لە هەرێم
 
کۆمەڵێک تاوانی گەورە هەیە لە یاساکانی تیرۆر و سزاکان و مادە هۆشبەرەکان کە بە رونی دەقیان لەسەر دراوە و حوکمەکەیان لە سێدارەدانە، یەکێك لەو تاوانانەش تاوانی کوشتنی بە ئەنقەستە وەکو کوشتنێک کە بە پلان و بەرنامە کرابێت و بۆ ئەنجامدانی تاوانێکی تر کوشتنەکە ئەنجام بدرێت یان  لەو حاڵەتانەی کە بڕگەکانی  یەکەمی مادەی  ٤٠٦ لە یاسای سزاکان دیاریکردوە. 
 
بەمشێوەیە سزای لە سێدارەدان لە یاسا بەرکارەکان لە هەرێم  بۆ زیاد لە تاوانیك هەیە و هیچ یەکێک لەو مادانەش تائێستا نە راگیراون و نە هەموار کراونەتەوە، به‌ڵكو بەرکارن و دادگاکانی تاوان لە هەرچوار دادگای تاوانی (هەولێر، سلێمانی، گەرمیان و دهۆک) لە کاتی حوکمدانیان لەو دۆسێیانە بەردەوام سزای لە سێدارەدان دەردەکەن و حوکمدراوەکان بە سزای لە سێدارەدانەوە رادەستی چاکسازییەکان دەکەن، بەمەش راست نییە ئەوەی کە دەوترێت سزای لە سێدارەدان لە هەرێمدا نییە.
 
راگرتن و جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان
 
یاسای ژمارە ٢٣ـى ١٩٧١ بنەماکانی دادگایی سزایی لە مادەکانی ٢٨٥ هەتاکو ٢٩٣ باس لە ئەنجامدانی لە سێدارەدان و رێكارەکانی ئەو دۆسێیانە دەکات کە حوکمی لە سێدارەدانیان تێدا دەرچوە، بەڵام پەرلەمانی کوردستان کە ئەو کات ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردستان بوە، بە یاسای ژمارە ٢٢ لە ساڵی ٢٠٠٣ لە مادەی ١١ـدا سەرجەم مادەکانی ٢٨٥ هەتاکو ٢٩٣ـى یاسای بنەما دادگاییەکانی سزایی راگرتوە واتە پەرلەمانی کوردستان بەو یاسایە و بە فەرمی لە سێدارەدانی راگرت، بەڵام دواتر و دوای سێ ساڵ لە ٢٠٠٦ پەرلەمانی کوردستان بە یاسای ژمارە  ٦ و لە مادەی ١ـدا، دیسان لە سێدارەدانی گەڕاندەوە، واتە مادەی ١١ـى راگرتنی لە سێدارەدانی راگرت و لەو بەروارەوە کاراکردنی مادەکانی ٢٨٥ تاکو ٢٩٣ـى گەڕاندەوە کە باس لە رێوشوێنەکانی لە سێدارەدان دەکات، بەمەش لەو کاتەوە هه‌تاکو ئێستا جێبەجێ نەکردنی لە سێدارەدان و ئەنجام نەدانی، کردەوەیەکی نایاساییە و پێشێلکردنی دەقی مادەی ٢٨٥ـى یاسای بنەما دادگاییەکانە.
 
به‌مانایه‌كى تر، ئەوەی کە باوە و دەوترێت سزای لە سێدارەدان لە هەرێم راگیراوه‌، تێگەشتن و قسەیەکی هەڵەیە، چونکە راگرتنی سزای لە سێدارەدان واتە کارنەکردن بە دەقی مادەکانی ٢٨٥ و دواتر، ئەمەش تەنها دەبێت بە یاسا بکرێت، واتە تەنها بە یاسا دەتوانرێت سزای لە سێدارەدان رابگیرێت، ئەوەش رونە هیچ یاسایەک بونی نییە لە ئێستادا، بەڵکو جێبەجێ نەکردنی سزای لە سێدارەدان واتە جێبەجێ نەکردنی حوکم و بڕیاری دادگاکان و پابەند نەبون بە یاساوە لە لایەن دەسەڵاتی تایبەتمەند کە سەرۆکایەتی هەرێمە. 
 
چارەنوسی ئەوانەی حوکمی لەسێدارەدانیان هەیە
 
جێبەجی نەکردنی حوکمی لە سێدارەدان، وەکو باسمان کرد کردەوەیەکی نایاساییە و پاڵپشتیی یاسایی نییە، به‌ڵكو تەنها بۆ موجامەلەکردن و رازیکردنی رێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە و چارەنوسی حوکمدراوانیش هەتا هەتایە لە زیندان بە نادیاری دەمێنیتەوە.
 
 

 




Dengnet.net - 2025
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,583,606     ژمارەی میوان 4819