ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
چوارچێوه‌ی یاسایی بۆ سزای راوكردنی نایاسایی

2025/01/29 - 12:39 | 69 جار بینراوە    
 
هیوا ره‌شید عه‌لی
دكتۆرا له‌ یاسا، مامۆستا له‌ زانكۆی گه‌رمیان
 
بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان، لە ساڵی رابردودا (2024)، 209 سەرپێچیکار بە تۆمەتی راوکردن دەستگیرکراون و کۆی پێبژاردنی بۆ ئەو سەرپێچیکارانەشی کە دەستگیرکراون، 774 هەزار دینارە. 
 
لێره‌دا هه‌ندێك رونكردنه‌وه‌ به‌ پێویست ده‌زانم. ئه‌گه‌رچی نازانم سزای هه‌ر سه‌رپێچیكارێك چه‌ند بوه‌ به‌ پێی ئه‌و داتایه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌،‌ به‌ڵام مانای ئه‌وه‌ نیه‌ ئێمه‌ بڵێین هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ سزای پێبژاردن سزادراون (واته‌ تیگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌یه  ئه‌گه‌ر 774 هه‌زار دابه‌ش بكه‌ین به‌ سه‌ر 209 كه‌س دا)، ئه‌مجۆره‌ په‌یامه‌ش كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ تا ڕاده‌یه‌ك نازانستیه‌ ناكرێت بڵێیت ئه‌وه‌نده‌ سه‌ر پێچیكارم ده‌ستگیركردوه‌ و ئه‌وه‌نده‌ش پێبژاردنم به‌سه‌ردا سه‌پاندون، چونكه‌ به‌ دڵنیایه‌وه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ ورد "ده‌قیق" نیه‌، ده‌بێت ده‌زگایه‌كی حكومی داتای ورد و دروست بڵاوبكه‌نه‌وه‌ نه‌ك مانشێتی بێ بنه‌ما (ئه‌گه‌ر وابێت وه‌كو ئه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ راگه‌یاندنه‌كاندا)، چونكه‌ یاسا و ڕێنمایه‌كان له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕونن، بۆیه‌ له‌ خواره‌وه‌ بنه‌مای یاسای سزادان بۆ ڕاوی نایاسایی ڕون ده‌كه‌مه‌وه‌.
 
سه‌ره‌تا تایبه‌ت به‌ پرسی راوكردن له‌ هه‌رێمی كوردستان رێنماییه‌ك ده‌رچوه‌ به‌ ناوی (رێنمای ژماره‌ 1ـی ساڵی 2021ـی تایبه‌ت به‌ راوكردن).
 
له‌ ماده‌ی 9ـى ئەم رێنمایه‌دا هاتوه‌: "هه‌ر كه‌سێك یه‌كیك له‌م سه‌رپێچیانه‌ بكات‌ سزاده‌درێت به‌ پێی حوكمی ماده‌ی 42 له‌ یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگه‌" کە له 5 بڕگه‌دا جۆری سه‌رپێچیه‌كانی دیاریكردوه‌. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌ ‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌م هاتوه‌: "راوكردن بێ مۆڵه‌ت و نه‌بونی كارتی مۆڵه‌تی راوكردن، یان راوكردن له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری دیاریكراو یانیش دوای به‌سه‌رچونی كارتی راوكردن".
 
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ماده‌ی 42ـی یاسای ژماره‌ 8ـی ساڵی 2008، ده‌بینین سزاكه‌ له‌ سێ بڕگه‌دا هاتوه‌ به‌م شێوه‌یه‌: 
 
له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌م هاتوه‌: "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌كرێت هه‌ر ده‌قێكی یاسایی تر جێبه‌جێ بكرێت كه‌ سزای توندتری داناوه‌، هه‌ر كه‌سێك سه‌رپێچی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ یان هه‌ر رێنمای و په‌یڕه‌وێك كه‌ به‌ پێی ئه‌م یاسایه‌ ده‌رده‌كرێت، ئه‌وه‌ سزاده‌درێت به‌ حه‌پس كردن له‌ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ مانگێك كه‌متر نه‌بێت، یان به‌ پێبژاردن به‌ بڕێك كه‌ له‌ 150 هه‌زار كه‌متر نه‌بێت و له‌ 200 ملیۆن زیاتر نه‌بێت یان به‌ هه‌ردو سزاكه‌".
 
سه‌رنج: لێره‌دا ده‌كرێت سه‌رپێچیكار به‌ند بكرێت بۆ ماوه‌ی مانگێك یان زیاتر، واته‌ یاسادانه‌ر لانی كه‌می سزاكه‌ی دیاریكردوه‌ و لایه‌نی ئه‌و په‌ڕی به‌ندكردنی هێشتۆته‌وه‌ بۆ دادوه‌ر یان ئه‌و لایه‌نه‌ی یاساكه‌ جێبه‌جێ ده‌كات، تاوه‌كو سزایه‌كی توندتری بدات. 
 
له‌هه‌مان كاتدا یاسادانه‌ر وشه‌ی (یان/ أو)ـی به‌كارهێناوه‌، واته‌ ده‌كرێت به‌ند نه‌كرێت، به‌ڵكو پێبژاردنی بۆ بكرێت به‌ته‌نها به‌ بڕێك پاره‌ كه‌ له‌ 150 هه‌زار دینار كه‌متر نه‌بێت تاوه‌كو ده‌گاته‌ بڕی 200 ملیۆن دینار.‌ جارێكی تر وشه‌ی (یان) هاتوه‌ له‌ به‌رده‌م بژارده‌ی سێیه‌م كه‌ ئه‌ویش سه‌پاندنی هه‌ردو سزاكه‌یه به‌یه‌كه‌وه‌‌، واته‌ حه‌پس و پێبژاردنیش له‌ هه‌مان كاتدا بۆ سه‌ر هه‌مان سه‌رپێچی، بۆ نمونه‌ ده‌كرێت سزاكه‌ بریتیی بێت له‌ مانگێك حه‌پس و بڕی 5 ملیۆن دینار پێبژاردن.
 
له‌ بڕگه‌ی دوه‌می ماده‌ی 42 هاتوه‌: "سزاكه‌ دوهێنده‌ زیاد ده‌كات ئه‌گه‌ر سه‌رپێچیكار سه‌رپێچیه‌كه‌ی دوباره‌كرده‌وه"‌.
 
بڕگه‌ی سێیه‌م: بۆ وه‌زیر ( سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه‌) هه‌یه‌ یان ئه‌و كه‌سه‌ی وه‌زیر رێگه‌ی پێده‌دات كه‌ سزای پێبژاردن بسه‌پێنێت، به‌ بڕی 100 هه‌زار كه‌متر نه‌بێت و له‌ 10 ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت بۆ هه‌ر كه‌سێك كه‌ سه‌رپێچی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ یان  رێنمایه‌كانی بكات.
 
به‌ڵام ئه‌م بڕگه‌ی سێیه‌م له‌ ماده‌ی 42ـی یاساكه‌ هه‌موار كرایه‌وه‌ به‌ پێی یاسای ژماره 11ـی ‌ ساڵی 2022، به‌مشێوه‌یه‌یه‌: "بۆ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه‌ هه‌یه‌ یان ئه‌و كه‌سه‌ی سه‌رۆكی ده‌سته‌ رێگه‌ی پێده‌دات له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی ژینگه‌ له‌ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان كه‌ سه‌رپێچیه‌كه‌ تیایدا روده‌دات، كه‌ سزای پێبژاردن بسه‌پێنێت تاوه‌كو بڕی‌ 10 ملیۆن دینار،  بۆ سه‌پاندنی ئه‌و پێبژاردنانه‌ی كه‌ له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌می ئه‌م ماده‌یه‌ هاتوه"‌. واته‌ به‌ پێی ئه‌م هه‌مواره‌ بڕی پێبژاردن نابێت بگاته‌ سه‌روی 10 ملیۆن دیناری عیراقی، واته‌ پێشتر ده‌توانرا بگاته‌ 200 ملیۆن دینار، به‌لام ئێستا نابێت له‌ 100 هه‌زار كه‌متر بێت و له‌ 10 ملیۆن زیاتر بیت.
 
لێره‌دا سه‌باره‌ت به‌ راوكردنی گیانداران، له‌ رێنمایی ژماره‌ 1ـی ساڵی 2021 خشته‌یه‌ك هاتوه‌ كه‌ تیایدا بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی دیاریكردوه‌ كه‌ وه‌كو پێبژاردن له‌ به‌رامبه‌ر راوكردنی نایاسایی هه‌ر گیاندارێك وه‌رده‌گیرێت. بۆیه‌ له‌ بڕگه‌ی دوه‌م له‌ ماده‌ی 9 له‌ رێنمایه‌كه‌دا هاتوه‌: "سه‌باره‌ت به‌و گیاندارانه‌ی كه‌ ناویان هاتوه،‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ هه‌ر گیاندارێك دیاریكراوه‌ وه‌كو پێبژاردن وه‌رده‌گیرێت". له‌م خشته‌یه‌ 25 جۆر گیاندار ناوی هاتوه‌ و پاره‌ی پێبژاردنه‌كه‌ی هاتوه، به‌م شێوه‌یه‌‌: 
بڕی 10 ملیۆن دینار بۆ راوكردنی (پڵنگ، تاژ پڵنگ، ورچی قاوه‌یی، ورچی ره‌ش، شڤر- شوكا، ئاسك، مامز، مه‌ڕ و به‌رانی كێوی، كه‌ڵ و بزنه‌ كێوی). پاشان چه‌ند جۆرێكی تری گیاندار پێبژاردنه‌كه‌ی كه‌مكردۆته‌وه‌ بۆ یه‌ك ملیۆن دینار ئه‌و گیاندارانه‌ش بریتین له‌ (پشیله‌ی كیوی و پشیله‌ كاراكا‌ل). دواتر پێبژاردنه‌كه‌ كه‌متر ده‌بێته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك بۆ كوشتنی به‌رازێك بڕی 500 هه‌زار، بۆ كوشتنی رێوییه‌ك 300 هه‌زار، رێوی بیانی 500 هه‌زار، سیخوڕ 200 هه‌زار، سمۆره‌ 100 هه‌زار، قارابه‌شه‌ یان گوركه‌ن بڕی 100 هه‌زار، ژوژك 50 هه‌زار، كه‌روێشك 200 هه‌زار، سه‌گی ئاوی و كه‌متیار و چه‌قه‌ڵ و گورك بڕی 500 هه‌زا، مشكی خورماش به‌ بڕی 200 هه‌زار و پاشان له‌ كۆتاییدا هاتوه‌ بۆ هه‌ر جۆرێك له‌ خشۆك بڕی 200 هه‌زار دینار وه‌رده‌گێرێت.
 
هاوكات له‌ بڕگه‌ی 3 له‌ رێنمایی ژماره‌ 1ـی ساڵی 2021 هاتوه‌ كه‌: "سزاكه‌ دو به‌رامبه‌ر زیاتر ده‌بێت له‌ كاتی دوباره‌كردنه‌وه‌ی كاره‌كه‌ یان راوكردن  له‌ ناوچه‌ی پارێزراوی سروشتی یان ئه‌و ناوچانه‌ی پێشنیاركراون بۆ پارێزراوی سروشتی".
 
سه‌رنج: كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر راوێكی نایاسایی بكرێت، ئه‌وه‌ ده‌كرێت به‌ پێی ماده‌ی 9ـی رێنمایه‌كه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ماده‌ی 42ـی یاساكه‌ بۆ ئه‌و سزایانه‌ی باسكران، چ به‌ حه‌پس به‌ته‌نیا یان به‌ پێبژاردن به‌ ته‌نیا، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر ناوی گیانداره‌كه‌ له‌ خشته‌كه‌ هاتبێت ئه‌وه‌ ده‌كرێت بڕی دیاریكراوی پێبژاردنی لێ وه‌ربگیرێت. 
 
له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا ده‌كرێت ئه‌گه‌ر ناوی گیانداره‌كه‌ نه‌هاتبو، ئه‌وا بگه‌رێینه‌وه‌ بۆ ماده‌ 42ـی یاساكه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمان له‌ سزاكان كرد. 
 
لێره‌دا ئه‌گه‌ر دادوه‌ر ویستی ئه‌وه‌بو كه‌ به‌ پێی ماده‌ی 42ـی یاساكه‌ له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌م سزای سه‌رپێچیكار بدات به‌ حه‌پس و پێبژاردن به‌یه‌كه‌وه‌، لێره‌دا بۆ حه‌پسه‌كه‌ پابه‌نده‌ به‌وه‌ی ده‌قی یاساكه‌ دیاریكردوه‌ كه‌ لانی كه‌م نابێت له‌ مانگێك كه‌متربێت، به‌ڵام ده‌كرێت زیاتر بێت،‌ بۆ پێبژاردنه‌كه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رێنمایه‌كه‌ به‌ پێی ئه‌و خشته‌یه‌ی هاتوه‌، چونكه‌ رێنمایه‌كه‌ ئه‌گه‌رچی له‌ ماده‌ی 9ـدا ده‌ڵێت: بۆ سزاكانی ماده‌ی 42ـی یاساكه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌، به‌ڵام له‌ بڕگه‌ی 2ـی ماده‌ی 9ـدا ده‌ڵێت: "پێبژاردنه‌كه‌ به‌ پێی ئه‌و خشته‌یه‌ ده‌بێت كه له‌ گه‌ڵ ئه‌م ڕێنماییه‌‌ هاوپیچ كراوه‌"، چونكه‌ ئه‌و ده‌قه‌ تایبه‌تتره‌.
 
به‌ڵام ره‌نگه‌ بپرسین كه‌ ئه‌گه‌ر هاتو ئه‌و كه‌سه‌ی به ‌راوی نا یاسایی هه‌ڵده‌ستێت هیچ گیاندارێكی نه‌كوشتبو، ته‌نها له‌ كاتی هه‌وڵدان و پرۆسه‌ی راوكردن ده‌ستگیركرا، ئه‌وه‌ له‌م كاته‌دا به‌ پێی ماده‌ی 42ـی یاسای ژماره‌ 8ـی ساڵی 2008ـی هه‌مواركراو، سزاده‌درێت به‌و سزایانه‌ی هاتون.
 
له‌ كۆتایدا ده‌توانین بێژین سزاكان چ له‌ یاساكه‌ و چ له‌ ناو رێنمایه‌كه‌ رونن، به‌ڵام هێشتا ره‌نگه‌ له‌ ئاست به‌ها و پیرۆزی روحی گیانداران وه‌كو سامانێكی سروشتی نه‌بێت، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ڕه‌نگه‌ سزای دارایی به‌ته‌نها هه‌میشه‌ كاریگه‌ر نه‌بێت بۆ سه‌ر هه‌مو سه‌رپێچیكارێك. به‌مانایه‌كی تر ئه‌گه‌ر سزای كوشتنی ئاسكێك ته‌نها بڕی 10 ملیۆن دینار بێت، ئه‌وه‌ زۆر كاریگه‌ر نیه‌ بۆ خه‌ڵكانێكی ده‌وڵه‌مه‌ند كه‌ حه‌ز به‌ راوكردن بكه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ سزای دارایی و سزای حه‌پس پێكه‌وه‌ بسه‌پێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ر بێت و ببێته‌ ئامرازێكی كارا بۆ نه‌هێشتنى راوی نایاسایی.
 
بۆیه‌ هیوادارم به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی گه‌رمیان رونكردنه‌وه‌یه‌كی رونتر و پڕ زانیاری بڵاوبكه‌نه‌وه‌ و تیایدا پێمان بێژن ئایا ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستگیركراون چ جۆره‌ سزایه‌ك دراون؟ ئایا سزاكان به‌ندكردنی تێدابوه‌؟ ئایا سزای به‌ندكردن و پێبژاردن پێكه‌وه‌ بون، یان ئایا سزاكان ته‌نها پێبژاردنن، ئه‌گه‌ر ته‌نها پێبژاردنن بۆ هه‌ر سه‌رپێچیه‌ك، له‌ سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك بڕی سزاكه‌ سه‌پێندراوه‌؟
 



Dengnet.net - 2025
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,588,798     ژمارەی میوان 2843