كه‌مینه‌ لەناو كه‌مینەدا‌... كریستیانی شنگال، بێ کڵێسا و بێ ماڵ

2020/12/31 - 12:04 | 513 جار بینراوە    
 
عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا
 
ئه‌وكاته‌ی داعش خانوه‌كانیان بۆمبڕێژ ده‌كات و ئاگر له‌ كڵێساكانیان به‌رده‌دات؛ كریستیانه‌كانی شنگال هێنده‌ی دیكه‌ لە گه‌ڕانه‌وه‌ بێئومێد دەبن؛ بۆیه‌ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی به‌جێده‌هڵێن و زۆرینه‌یان له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات جێگیرده‌بن.
 
له‌ قه‌زای شنگال، كه‌ هه‌ر به‌ نیشتمانی زۆرینه‌ی ئێزیدییه‌كان ناوی ده‌هێنرێت، نزیكه‌ی 100 خێزانی كریستیان هه‌ن و زیاتر له‌ هه‌ر كه‌مینه‌كی دیكه‌ خۆیان به‌ مافخوراو ده‌زانن.
 
"باوه‌ڕناكه‌م تا له‌ ژیاندا ماوین جارێكیتر بۆ شنگال بگه‌ڕێینه‌وه"
 
ته‌واوی ماڵ و موڵک و کڵێساکانی كریستیانه‌كانی شنگال لە ساڵی 2014 بەدواوە به‌ده‌ستی چه‌كدارانی داعش سوتێنران یاخود له‌گه‌ڵ زه‌ویدا ته‌ختكران.
 
"باوه‌ڕناكه‌م تا له‌ ژیاندا ماوین جارێكیتر بۆ شنگال بگه‌ڕێینه‌وه‌، چونكه‌ زۆر سەختە سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌" جۆرج حه‌نا سه‌یفۆ وای وت.
 
سه‌یفۆ زیاتر له‌ شه‌ش ساڵه‌ شنگالی به‌جێهێشتوه‌ و له‌ گه‌ڕه‌كێكی ناوشاری دهۆك نیشته‌جێیه‌.
 
"له‌گه‌ڵ برایانی ئێزیدی و موسڵماندا وه‌ك برا و بێكێشه‌ ژیانمان به‌ڕێده‌كرد؛ له‌ جه‌ژن و بۆنه‌كاندا هه‌ر پێكه‌وه‌بوین، به‌ڵام داعش هه‌مو شتێكی گۆڕی، ژیانی له‌ به‌هه‌شته‌وه‌ كردە‌ دۆزه‌خێكی هه‌تاهه‌تایی".
 
كریستیانه‌كان زیاتر له‌ 70 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر رویانكردۆته‌ شنگال و گه‌ڕه‌كێكی تایبه‌ت به‌ خۆیان له‌ سه‌نته‌ری شاره‌كه‌دا هه‌بوه‌.
 
جۆرج حه‌نا سه‌یفۆ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت: خانوه‌كه‌ی سوتاوه‌ و ناتوانێت نۆژه‌نی بكاته‌وه‌، له‌كاتێكدا هیچ هاریكارییه‌ك ناكرێن و پشتگوێخراون، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وایكردوه‌ ئومێدیان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ نه‌مێنێت.
 
وێنه‌ى كڵێسایه‌كى شنگال پێش ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى قه‌زاكه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو
 
 
كریستیانه‌كانی شنگال ته‌نیا سێ كڵێسایان هه‌بو: كڵێسای ئه‌رمه‌ن، كاسۆلیك و سریانی ئه‌رسەدۆكس، له‌گه‌ڵ ده‌یان مه‌زارگه‌ و شوێنی ئایینی كه‌مینه‌كانی دیكه‌دا له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ خاپورکران.
 
"100 خانوی كریستیان و سێ كڵێسامان ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌ و سوتێنراون"
 
سه‌باح سه‌بری شه‌معون، نوێنه‌ری كریستیانه‌كانی شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت: "100 خانوی كریستیان و سێ كڵێسامان ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌ و سوتێنراون، تائێستاش هیچیان نۆژه‌ننه‌كراونه‌ته‌وه‌". ده‌شڵێت داواكاری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كڵێساكانیان ره‌وانه‌ی وه‌قفی كریستیانه‌كانی به‌غدا كردوه‌، تا بودجه‌ی بۆ ته‌رخانبكرێت. ئه‌و هه‌وڵه‌ به‌ ئامانجی هاندانی كریستیانه‌كانه‌ تا بگه‌ڕێنه‌وه‌.
 
له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌ شنگالیشه‌وه‌ زیاتر له‌ 80 كڵێسا و شوێنی ئایینی كریستیانی ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌ و زیانیان به‌ركه‌وتوه‌، به‌پێی ئاماره‌ ره‌سمییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
 
خالید جه‌مال، به‌رێوه‌به‌ری گشتی كاروباری كریستیانه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت: "كڵێساكانی شنگال سه‌ر به‌ ئه‌برەشیه‌ی نه‌ینه‌وان.. ده‌بێت له‌رێی ئه‌وانه‌وه‌ داوا له‌ وه‌قفی به‌غدا بكرێت و له‌وێوه‌ بڕیار له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كڵێساكان بدرێت".
 
داعش كاتێك شنگال و ناوچەکانی دیكه‌ی نه‌ینه‌وای كۆنترۆڵكرد؛ سێ‌ بژارده‌ی خستە بەردەم کریستیانەکان ئەوانیش ئیسلامبون، پێدانی جزیە یان بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیان؛ بۆیە زۆرینه‌ به‌ ناچاری ئاواره‌بون.
 
دیمه‌نێكى وێرانیه‌كانى ناو قه‌زاى شنگال، 2008، فۆتۆ: كه‌ركوك ناو
 
 
كلارا ئیلیا، ژنه‌ كریستیانێكی ئاواره‌یه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی (داودی)یه‌ له‌ قه‌زای ئامێدی، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت: "پێشتر 110 خێزانی كریستیانی شنگال و نه‌ینه‌وا لای ئێمه‌ بون، به‌ڵام ئێستا هه‌مویان له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپ ده‌ژین".
 
"باوه‌ڕناكه‌م له‌ هیچ كه‌مپێكدا ئاواره‌ی كریستیانی مابن، له‌ شار و ناوچه‌كانی تر جێگیربون، چونكه‌ سروشتی ئه‌وان وایه‌ حه‌زیان به‌ ژیانی جێگیر و بێ كێشه‌‌یه‌"، به‌وته‌ی كلارا.
 
ژماره‌ی كریستیانه‌كانی عیراق، له‌ ملیۆن و نیوێكه‌وه‌ بۆ كه‌متر له‌ 300 هه‌زار كه‌س كه‌مبونه‌ته‌وه‌، (به‌پێی ئامارێك كه‌ کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریاکی کلدانه‌کان له‌ عیراق و جیهان ساڵی 2019 به‌ كه‌ركوك ناو-ی داوه).
 
خالید جه‌مال، وتی: "زۆر ئه‌سته‌مه‌ له‌م بارودۆخه‌دا كریستیانی شنگال بگه‌ڕێنه‌وه‌، چونكه‌ ناوچه‌كه‌ ئاوه‌دان نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و له‌ڕوی ئه‌منیشه‌وه‌ باش نییه، بۆیه‌ له‌ هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك نیشته‌جێبون، ژماره‌یان نزیكه‌ی 100 خێزانه‌ و به‌شێكیان چونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات".
 
له‌ كۆی زیاتر له‌ 700 هه‌زار ئاواره‌ی نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستان 7%یان‌ كریستیانن.
 
نوێنه‌ری كریستیانه‌كانی شنگال وتی: "هه‌مو كریستیانه‌كانی شنگال له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپ ده‌ژین، به‌هۆی خراپی دۆخی ئاواره‌كانی ناو كه‌مپ و كه‌می خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ .. ژیانی ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپمان پێخۆشه‌".
 
هه‌مو كریستیانه‌كانی شنگال له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپ ده‌ژین
 
سه‌باح سه‌بری شه‌معون ده‌ڵێت: له‌ هێرشه‌كانی داعشدا 13 كریستیانی شنگال كه‌وتنه‌ ده‌ستی داعش، زۆرینه‌ ئازادكراون به‌ڵام هێشتا چاره‌نوسی سێ گه‌نجیان نادیاره‌.
 
له‌ قەزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ) كه‌ ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌، دو ئیداره‌ و چه‌ندین هێزی سه‌ربازی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی داده‌نرێت.
 
هه‌ردو حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان، تشرینی یه‌كه‌می 2020، رێككه‌وتنێكیان بۆ پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی نوێ و رێكخستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی شنگال واژۆكرد.
 
به ‌بڕوای نوێنه‌ری كریستیانه‌كانی شنگال، سێ هه‌نگاو ره‌نگه‌ هانی كریستیانه‌كان بدات بگه‌ڕێنه‌وه شنگال‌؛ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئیداری، قه‌ره‌بوکردنەوەی هاوڵاتیان و گره‌نتی ئارامی و ئاسایش.
 
 
سه‌رچاوه‌: كه‌ركوك ناو
 
 



Dengnet.net - 2022
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 847,053     ژمارەی میوان 45