ئەو رۆژەی عەبدوڵڵا کوژرا… وردەکاریی تاوانەکە

2024/12/31 - 02:26 | 1579 جار بینراوە    
 
رادیۆی دەنگ
 
لەبەر ئۆتۆمبێلێک ۲ هاوڕێ هاوڕێیەکی خۆیان بەر فیشەک دەدەن دەکوژن، تەرمەکەیشی دەخەنە دۆڵێکەوە، پاش دەستگیرکردنیان دان بەوەدا دەنێن لە پێناو ئۆتۆمبێلەکەی کە بێسەرەتایە، کوشتویانە.
 
سەرەتای چیرۆکەکە
 
عەبدوڵڵا ساڵح جەمیل، پیشەی پێشمەرگەیە. رۆژی (٢٩ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤) لەماڵەوەی خۆیان لە گەڕەکی جوتیارانی قەزای کەلار، وەک هەر رۆژێکی ئاسایی دانیشتبو، تەلەفۆنی بۆ دێت لەلایەن دو هاوڕێیەوە و پێی دەڵێن با بڕۆینە دەرەوە، ئەویش رازی دەبێت، هاوڕێکانی پێی دەڵێن کەواتە ئۆتۆمبێلەکەت بێنە.
 
پاش رۆشتنە دەرەوەی عەبدوڵڵا بە ۲٥ خولەک، لەماڵەوە تەلەفۆنی بۆ دەکرێت، کەچی مۆبایلەی داخراوە. لە ماڵەوە سەیری کامێراکان دەکەن بۆ ئەوەی بزانن لەگەڵ کێ دەرچوە، دەردەکەوێت لەگەڵ ۲ هاوڕێیدا دەرچوە، ماڵەوەیان تەلەفۆن بۆ دو هاوڕێکەی دەکەن، بەڵام ئەوانیش وەڵامی پەیوەندییەکان نادەنەوە.
 
تۆمەتبارەکان لە لێکۆڵینەوەدا چی دەڵێن؟
 
تۆمەتبارەکان ۲ کەس بون و هاوڕێی نزیکی عەبدوڵڵا بون، دوای ئەوەی بەناوی چونە باخ  لەماڵ دەریانکردوە، لە رێگای کەلار بە ئاراستە باکور لەو رێگەیەدا کە بە رێگای سەید خەلیل- گۆبان ناسراوە و لە لای گوندی 'گۆمەزەرد'، ئۆتۆمبێلەکەیان وەستاندوە و چەکیان لە عەبدوڵڵا راکێشاوە و جاری یەکەم فیشەکێکیان پێوەناوە و برینداریان کردوە.
 
دواتر عەبدوڵڵا هەڵدێت لە دەستیان و چەند سەد مەترێک رادەکات، کە ئاوڕ دەداتەوە هاوڕێکانی چەند فیشەکێکی تری پێوە دەنێن و هەر لەوێ گیانی دەردەچێت.
 
بەپێی توێکاریی پزیشکی دادوەریی، تێکڕا ٦ فیشەک بە جەستەی عەبدوڵڵاوە بوە.
 
عەلی جەمال قەدوریی، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، بەرادیۆی دەنگی راگەیاند: تۆمەتبارەکان بەپێی مادەی (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە کوشتنی بەئەنقەست و پیلان بۆ داڕێژراو، لەلایەن ئاسایشەوە گیراون و لەئێستادا رادەستی پۆلیس کراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
 
شاردنەوە و دۆزینەوەی تەرمەکە
 
تۆمەتبارەکان پاش ئەنجامدانی تاوانەکە، بە پەشۆکاوییەوە سەیری تەرمی عەبدوڵڵا دەکەن، پاشان هەڵیدەگرن و لە دۆڵێکی گوندی 'گۆمەزەرد' فڕێیدەدەن، دواتر ئۆمبێلەکەی دەبەن و هەڵدێن.
 
بەپێی وتەی سەرچاوەکانی ئاسایش و پۆلیس لە گەرمیان، پاش فڕێدانی تەرمی عەبدوڵڵا، دو هاوڕێکەی ئۆتۆمبێلەکەیان بردوە و رویان لەدەرەوەی گەرمیان کردوە، کە دواتر بە پشت بەستن بە کامیرای چاودێریی و زانیارییە ئەمنییەکان ناسراونەتەوە و یەکێکیان لە قەزای دەربەندیخان و ئەوەکەی تریان لە قەزای سەیدسادق دەستگیر کراون.
 
تۆمەتبارەکان دوای دەستگیرکردنیان لە لێکۆڵینەوەدا وێڕای داننان بە تاوانەکە، بەڵام ئەوەیان وتوە کە نازانن بە دیارییکراوی لەکوێدا تەرمەکەیان بەجێهێشتوە، هەربۆیە هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتێکی گەڕانیان لە دوێنێ ئێوارەوە نزیک لەو ناوچەیەی روداوەکە رویداوە، دەستپێکرد. دوای ئەوەی شەوی بەسەرداهات، نەتوانرا تەرمەکە بدۆزرێتەوە، سەرەنجام بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەڵمەتێکی دیکەی گەڕان ئەنجامدراو توانرا لە کاتژمێر حەوتی بەیانی تەرمەکەی لە دۆڵێکی دەشتایی گوندی 'گۆمەزەرد' بدۆزنەوە.
 
"لەپێناو ٦٠ گەڵادا عەبدوڵڵا کوژرا"
 
ئەو دو هاوڕێیەی لە لێکۆڵینەوەدا باسیان لەوەکردوە، لەپێناو بردنی ئۆتۆمبیلەکەیدا عەبدوڵڵای هاوڕێیان کوشتوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، ئۆتۆمبیلەکە لە جۆری تۆیۆتا هایلۆکس دەبڵ قەمارەیە و بێسەرەتایە، دوای تاوانەکە یەکێک لە تۆمەتبارەکان کە شۆفێری بارهەڵگر بوە، ژمارەی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری لێداوە و بردویانەتە قەزای سەیدسادق و ویستویانە لەوێ ئۆتۆمبێلەکە بفرۆشن.
 
بەوتەی وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، تۆمەتبارەکان بە تەماعی بردنی ئۆتۆمبێلەکە ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە.
 
لە مەراسیمی ناشتنی تەرمی عەبدوڵڵادا، کەسێکی نزیکی بنەماڵەکەیان باسی لەوەکرد ئۆتۆمبیلەکە ئەگەر بشفرۆشرایە بەلای زۆرەوە ٦٠ بۆ ٧٠ گەڵا (٦ بۆ ٧ هەزار دۆلار)ـی دەکرد، کە هەریەکە لە بکوژەکان ٣٠ گەڵا (٣ هەزار دۆلار)ـیان بەردەکەوت، وتیشی: ٣٠ گەڵا هی ئەوەیە گەنجێکی لەسەر بکوژی؟!
 
 عەبدوڵڵای تەمەن ۲۱ ساڵ، خاوەنی حەوت خوشکە، پیشەی پێشمەرگەیە و تازە چوەتە ژیانی هاوسەرییەوە.
 
خێزانەکەی چی دەڵێن؟
 
"بەهیچ شێوەیەک سوڵح ناکەن و یاسا دەکەنە سەروەر"، ئەمە بڕیاری خێزانی عەبدوڵڵایە.
 
مامی عەبدوڵڵا، لە کاتی ششتنی تەرمی برازاکەی و نوێژ لەسەر کردنی لە مزگەوتی تەقوا لە کەلار، بە رادیۆی دەنگی وت: دۆسیەکەمان داوەتە دەست دادگاوە و داواکارین یاسا سەروەر بێت.
 
هاوکات کەسێکی نزیکی بنەماڵەکەشیان لە مەراسیمی ناشتنی تەرمی عەبدوڵڵا لە گۆڕستانی کەلاری کۆن، جەختیکردەوە کە سوڵح ناکەن و یاسا چی بڕیاردا ملکەچین.



Dengnet.net - 2025
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,550,769     ژمارەی میوان 2680