ئاوه‌ڕۆی پرۆژه‌ نیشته‌جێبونه‌كان هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى تر له‌سه‌ر ژینگه‌

2024/11/29 - 12:23 | 118 جار بینراوە    
 
رادیۆی ده‌نگ
 
كێشه‌ى ئاوه‌ڕۆى پرۆژه‌ نیشته‌جێبونه‌كانى سنورى كه‌لار و كۆبونه‌وه‌ى، یه‌كێكه‌ له‌و مه‌ترسیانه‌ى روبه‌ڕوى ژینگه‌ى ناوچه‌ى گه‌رمیان ده‌بێته‌وه‌، پسپۆڕێكیش باس له‌وه‌ده‌كات زیانه‌كانى زۆر و فراوان ده‌بێت.
 
له‌ سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیاندا، نزیكه‌ى 35 پرۆژه‌ى نیشته‌جێبونى جیاواز له‌ بوارى كاركردن و مۆڵه‌تپێدان دان، تائێستا رێژه‌یه‌كى كه‌م له‌و پرۆژانه‌ ته‌واوبون و ئه‌وه‌كانى دیكه‌ هێشتا كاریان تێداده‌كرێت.
 
له‌و پرۆژانه‌ى كه‌ ته‌واو بون، یه‌كێك له‌ دیارترین كێشه‌كان كه‌ روبه‌ڕویان بوه‌ته‌وه‌، كۆبونه‌وه‌ى ئاوه‌ڕۆكه‌یانه‌.
 
بڕیار بو ئاوه‌ڕۆى ئه‌و پرۆژانه‌ نه‌به‌سترێت به‌ تۆڕی ئاوه‌ڕۆی شاره‌كانه‌وه‌، به‌ڵكو هه‌ریه‌كه‌یان یه‌كه‌ى تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌رى ئاوی قورسیان هه‌بێت، به‌ڵام تائێستا دوان له‌و پرۆژه‌ نیشته‌جێبونانه‌ى كه‌ ته‌واوبون (لانه‌ سیتی و بان سیتی)، ئه‌و یه‌كه‌یه‌یان بۆ دانه‌نراوه‌ و ئاوه‌ڕۆكانیان له‌ چاڵاوى گه‌وره‌ى ته‌نیشت پرۆژه‌كان كۆبونه‌ته‌وه‌.
 
ئازاد ئه‌حمه‌د، چالاكی ژینگه‌ و دانیشتوى پرۆژه‌ى لانه‌ سیتی، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا پرۆژه‌كه‌یان زۆر كێشه‌ى هه‌یه‌، له‌نێویدا ئاوه‌ڕۆكه‌ى كه‌ گرێنه‌دراوه‌ به‌ تۆڕی ئاوه‌ڕۆی كه‌لاره‌وه‌ و هه‌روا كۆبوه‌ته‌وه‌ له‌ چاڵاوى نزیك به‌ پرۆژه‌كه‌یان.
 
بڕیار بو ئه‌و یه‌كه‌ى چاره‌سانه‌ى كه‌ داده‌نرێت، ئاوه‌ڕۆی پرۆژه‌كه‌ بپاڵێوێت و ئاوه‌ به‌رهه‌مهاتوه‌كه‌ی دوباره‌ بۆ ئاودانى سه‌وزایی پرۆژه‌كان به‌كاربهێنرێته‌وه‌ و پاشماوه‌كه‌یشی فڕێبدرێت، كه‌ ئه‌مه‌ رێگایه‌كى هاوچه‌رخی ژینگه‌دۆستانه‌یه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئاوه‌ڕۆی ماڵان، به‌ڵام ئه‌م ویسته‌ ته‌نها له‌سه‌ر كاغه‌ز ماوه‌ته‌وه‌ و وه‌رنه‌گێڕاوه‌ته‌ سه‌ر واقیع.
 
 
له‌ به‌رامبه‌ردا، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات له‌ئێستادا بیرۆكه‌یه‌كى دیكه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئاوی قورسدا.
 
ئه‌كره‌م ساڵح، بۆ رادیۆی ده‌نگ وتى: لیژنه‌یه‌ك له‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان كه‌ له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پێكهاتوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كه‌ى چاره‌سه‌رى ئاوى قورسى كه‌لار گشتگیر دابنرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ناكرێت گه‌ڕه‌ك و پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون به‌ جیا یه‌كه‌ى چاره‌سه‌ریان هه‌بێت و بارگرانیی ده‌بێت.
 
تاوه‌كو ئێستا ئه‌وه‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌ ئاوه‌ڕۆی پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبونه‌وه‌، بونى بڕیاره‌ بۆ دروستكردنى یه‌كه‌ى چاره‌سه‌ر كه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌یه‌ك بۆ دانانى یه‌كه‌یه‌كى چاره‌سه‌رى گشتگیر كه‌ نازانرێت داده‌نرێت یاخود نا، ئه‌وه‌یشی ده‌مێنێته‌وه‌، به‌رده‌وامبونى مه‌ترسی و لێكه‌وته‌كانى ئه‌م حاڵه‌ته‌یه‌ بۆسه‌ر ژینگه‌ى ناوچه‌كه‌.
 
به‌ڕای د. عه‌بدولموته‌ڵیب ره‌فعه‌ت، مامۆستاى زانكۆ و پسپۆڕی ئاو و ژینگه‌، به‌رده‌وامیی ئه‌م حاڵه‌ته‌ مه‌ترسی زۆری بۆ ئێستا و داهاتوى ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌.
 
وتى: رێژەیه‌كى زۆری ماده‌ قورس و ژه‌هراوییه‌كان كه‌له‌ناو ئاوه‌ڕۆكاندان، هه‌روا و به‌بێ چاره‌سه‌ر ده‌خرێنه‌ ناو خاك و ئاوی ناوچه‌كه‌وه‌، ئه‌مه‌ش هه‌م خاكى ناوچه‌كه‌ پیس ده‌كه‌ن، هه‌م ده‌شبنه‌ هۆكار بۆ بڵاوبونه‌وه‌ى چه‌ندین نه‌خۆشی ڤایرۆسیی و به‌كتیری، له‌گه‌ڵ بونى بۆنى ناخۆش و بێزاركه‌ر بۆ هاوڵاتیان.
 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,257,231     ژمارەی میوان 2797