محەمەد حسێن
چەند راستییەکی سەرەتایی:
بۆ موچەخۆران، گرنگ ئەوەیە هەژماری بانکییان هەبێت و موچەکەیانی پێ وەربگرن، ئیتر لە چوارچێوەی هەرکام لە بەرنامەکانی تەوتین، یان هەژماری من، بێت؛ هیچ جیاوازییەکی نیە. هیچ کامیان باشتر یان خراپتر نین لەوی تریان، لەبەر ئەم هۆکارانە:
ئەگەر کەسێک بە جدی سەرگەرم بووە بەو هەڵمەتە سیاسیەی لەسەر هەردوو پرۆسەی بە بانکیکردن (تەوتین و هەژماری من) دەستی پێکردووە، چارەسەریەکە ئاسانە، با بانکی بازرگانی عێراقی (TBI) هەڵبژێرێت، ئەم بانکە هەم لە لیستی بانکەکانی تەوتیندا هەیە، هەم لە لیستی هەژماری من-یشداهەیە.
ئایا هیچ جیاوازییەک هەیە؟
لە راستیدا جیاوازیەکانی نێوان تەوتین و هەژماری من، وەک جیاوازیەکانی نێوان (بیبسی کۆلا و کۆکا کۆلا) وایە، ناوەکانیان جیاوازە بەڵام ناوەرۆکەکانیان هەر هەمان شتە. هەردوو پرۆسەکە بۆ ئەوەیە هەژماری بانکی بکرێتەوە و موچەی موچەخۆرانی پێ وەربگیرێت.
ئینجا هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی، بە موچەخۆرانیشەوە، مافی دەستوری و قانونیان هەیە هەژمارەکەیان لە هەر بانکێک بکەنەوە کە دڵخواز و جێ متمانەی خۆیانە. ئەگەر بە دڵیشیان نەبوو دەتوانن بچن زیاتر لە هەژمارێک لە چەندین بانکی ئەهلی و حکومی دیکە بکەنەوە بەپێی ڕێنماییەکان.
بە پێی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق (ئەو رونکردنەوەشی کە بەدوای بڕیارەکەدا هات)، بانکەکانی سەر بەحکومەتی فیدراڵی عێراق هەموو ئەو بانکە ئەهلیانەیش کە لە بانکی ناوەندی عێراق دانپیانراون دەتوانن بەم پرۆسەی موچە دابەشکردن و بە بانکیکردنە هەستن.
کەواتە هەموو بانکە ئەهلیەکانی عێراق و کوردستان (بەوانەی ناو پرۆگرامی هەژماری منیشەوە) دەتوانن بەم ئەرکە هەستن.
لە راستیدا ئێمە هیچ بانکێکی کوردستانیمان نیە، هەموو بانکێک لە عێراق و کوردستاندا هەر عێراقیە، وەدائیعی لەبانکی ناوەندی عێراق هەیەو وەک بانکێکی عێراقی-ش لە سیستەمی سویفتی نێودەوڵەتیدا ناسراوە.
گرفتەکە لە کوێدایە؟
هەموو ئەو مشتومڕو ژاوەژاوە سیاسیەی لەسەر ئەم پرۆسەیە دروستکراوە، چی ئەوەی کە پارتی و یەکێتی دەیڵێن، یان پێشتر و ئێستاش هەندێک خەڵکی ئۆپۆزسیۆن دەیانگوت، هەمووی هەڵمەتی پڕوپاگەندەی سیاسیە. تەنها گرفت و ئاڵۆزی و تەمومژی ناپێویستیان دروست کردووە. ئەمانە لەبەر نەبوونی دەستکەوتی سیاسی و دەستبەتاڵی هاتوون موچەی موچەخۆرانیان کردۆتە بابەتی شەڕەقۆچی سیاسی.
پێویست بوو ئەم پرۆسەیە جێ بهێڵرێت بۆ بانکەکان و نەکرێتە دەستکەوتی هیچ حیزب و بەرپرسێکی بێ-کارو دەستکەوت. پرۆسەکە تەواو تەکنیکیی و داراییە. کە لایەک (بە ساختە) دەیکات بە دەستکەوتی خۆی، لاکەی تریش دەیەوێت لێی تێکبدات، دواجار سەرئێشەکەیش یەخەی موچەخۆران دەگرێت.
کامیان باشترین بژاردەن؟
دووبارەی ئەکەمەوە، بۆ خەڵک و موچە خۆران هیچ جیاوازییەک لە نێوان تەوتین وهەژماری من-دا نیە. ئەگەر حکومەتی فیدراڵی عێراق بیەوێت و ناچاربێت موچەی موچەخۆرانی کوردستان بنێرێت، ئەوا هیچ جیاوازیەک نیە لە نێوان ئەوەی لە چ بانکێکەوە دەینرێت، تەوتینە یان هەژماری من، وە ئەگەر نەیشیەوێت بینرێت و هۆکارێکی هەبێت بۆ نەناردنی، هەم دیسان جۆری بانکەکان جیاوازییەک دروست ناکات. لە ئێستادا کارمەندانی بانکی ناوەندی عێراق لە هەولێر موچەکانیان لە بانکی جیهان( کە بانکێکی ئەهلیە) وەردەگرن.
ئەم بانکانە هەموویان پێکەوە (کە زیاتر لە ٧٠ بانکی ئەهلی و ٦ بانکی سەر بەدەوڵەتن) متمانەیان لاوازە. بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندی، لە ١٠٤ ترلیۆن دیناری عێراقی کە چاپکراوە، ٩٥ ترلیۆنی لەدەرەوەی بانکەکاندا ئاڵوگۆڕی پێوەدەکرێت.
خەڵک پارەکانی لە قاسەکانی ماڵەکەیدا هەڵدەگرێت، نەک هەژمارە بانکیەکەی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە سەرتاپای کەرتی بانکی وڵاتەکە بێ متمانەو لاوازە. ئەم کەرتە بانکیە دواکەوتووە بە ستانداردی ناوچەکەش، یان بەراورد بە تورکیاو ئێران و ئوردنیش هەر لاواز و دواکەوتووە.
دزی سەدە لە بانکی رافیدەین کرا، کە یەکێکە لە بانکەکانی سەر بەدەوڵەت و زۆر جار وەک فریادرەس بەخەڵکی کوردستان دەناسێنرێت. لەماوەی چەند مانگێکدا سەروی ٣ ترلیۆن دیناری لێدزرا (کە ئەمە زیاترە لە هەموو خەرجیەکانی ٣ مانگی حکومەتی هەرێم).
ئەم دۆخە بانکیەی عێراق بەجۆرێکە بۆتە مایەی شەرمەزاری و نەهامەتی بۆ وڵاتەکە. بەڕاستی ئەوە ناهێنێت کەس شەڕ لەسەر هیچ بانک و پرۆگرامێکی بانکی بکات؛ ئەگەر پارتی و یەکێتی، یان ئۆپۆزسیۆنی کوردستان، لە بەهانەی مشتومڕی سیاسی دەگەڕێن، باشتر وایە بابەتێکی تر بدۆزنەوەو واز لەم مشتومڕە بێکەڵکە بهێنن کە لەسەر تەوتین و هەژماری من دەستیان پێکردووە.