رادیۆی دەنگ- شیرین ئەحمەد
شکاندن و سوتاندنی کەلوپەلی ناو باخچەکانی ناحیەی رزگاریی سەر بە کەلار، بوەتە جێگای نیگەرانی هاوڵاتیان و چالاکوانانی ژینگە و حکومەتیش، چالاکوانێک دەڵێت: تا ئێستا هیچ نەکراوە بۆ ئەم مەبەستە، شارەوانیش ناحیەکەش جەختدەکاتەوە لە بونی ئەم دیاردەیە و دەڵێت: دیاردەکە زۆرە و دەستگیرکردنیان کەمە.
دانیشتوانی ناحیەی رزگاریی گازندەی ئەوە دەکەن کەلوپەلی ناو ئەو باخچانە دەشکێندرێت کە بۆ حەوانەوە رویان لێدەکەن، ئەمەش سیمای ناحیەکەی ناشرین کردوە و زیانی بە ژینگەکەی گەیاندوە.
سەریاس ئیبراهیم، چالاکی ژینگە لەناحیەی رزگاریی، بۆ رادیۆی دەنگ جەختی لەوەکردەوە ئەمە لەحاڵەتەوە بوە بەدیاردە و رۆژانە دوبارەدەبێتەوە کە کەسانێک هەن ئاگر لە باخچەکان بەردەدەن و کەلوپەلەکانی ناوی دەشکێنن و سیمای ژینگەی ناحیەکەیان ناشرین کردوە.
وتیشی: بەهۆی نەبونی چاودێریی و دەستگیرنەکردنی ئەو کەسانەی هەڵدەستن بەم کارە، دیاردەکە زیادیکردوە.
هاوکات، ئەرسەلان ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی رزگاریی، جەختی لە زیادبونی ئەم دیاردەیە کردەوە و وتی: لە ماوەی دو ساڵی رابردودا تەنها دو کەس دەستگیرکراون و دراون بە دادگا کە هەستاون بەم کارە، لەکاتێکدا دیاردەکە زۆرە و زیادیشیکردوە.
ئەو چالاکوانەی بواری ژینگە باسی لەوەشکرد: چارەسەرکردنی دیاردەکە تەنها بەوە دەبێت کە ئەم کەسانە دەستگیربکرێن و بدرێن بە دەزگاکانی راگەیاندن بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی هەڵدەستن بەم کارە بەخۆیاندا بچنەوە و وازبهێنن.
لەبەرامبەریشدا، ئەرسەلان ئەحمەد، وتی: باخەوانەکانی شارەوانیمان تەنها بە رۆژ لە باخچەکاندا دەبن و ئەم دیاردەیەش لەکاتێکی درەنگی شەودا دەکرێت و چەندینجار نوسراومان ئاراستەی بەڕێوبەرایەتی ناحیەکە کردوە بۆ ئەوەی مەفرەزەکانی ئاسایش و پۆلیس ئاگاداری ئەو بابەتە بن و ئەو کەسانە دەستگیربکەن کە هەڵدەستن بەم کارە.
بونی ئەو دیاردەیە وایکردوە بارگرانی لەسەر حکومەت دروست ببێت و نەتوانرێت خزمەتگوزاریی بۆ باخچەکان دابین بکات.
ئەیوب کەریم، لێپرسراوی هۆبەی باخچەکان لە سەرۆکایەتی شارەوانی ناحیەی رزگاریی، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: شکاندنی ئەم کەلوپەلانە گرفتی بۆ دروستکردوین لە روی داراییەوە، چونکە بودجەیەکی کەم لەبەردەستی بەشی باخچەکانی شارەوانی ناحیەی رزگاریدایە و لەتوانایدا نییە ئەو کەلوپەلە شکاوانە چاکبکاتەوە.
ناحیەی رزگاریی سەر بە کەلار، نزیکەی ۳۰ باخچەی جۆراوجۆری تێدایە و کۆی رێژەی سەوزاییش تیایدا دەگاتە ۱۱٪.