سه‌وزه‌ى كه‌لار بێ ركابه‌ره‌

2024/10/02 - 01:41 | 163 جار بینراوە    
 
رادیۆی ده‌نگ- محه‌مه‌د مه‌حمود
 
ئەگەر لە ئاسمانەوە سەیری زەوییەکانی گوندی گردەگۆزینەی سەر بە قەزای کەلار بکەی، سەوزی پۆشیوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی زیاتر لە ٢ هەزار دۆنم زەوی ئه‌و شاره‌دێیه‌ به‌ به‌رده‌وامیی ده‌چێنرێت به‌ سەوزەى جۆراوجۆر.
 
گرده‌گۆزینه‌، گوندێكى سه‌ر به‌ قه‌زاى كه‌لاره‌، له‌دێرزه‌مانه‌وه‌ بوه‌ به‌ كانگاى به‌رهه‌مهێنانى سه‌وزه‌، باشیی جۆره‌كه‌ى و پاكیی به‌رهه‌مه‌كه‌ى، وایكردوه‌ له‌ زۆر شار و پارێزگاوه‌ داواكاری له‌سه‌ر بێت.
 
ئەحمەد عەزیز، جوتیار لە گردەگۆزینە، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: نزیکەی ٣٣ ساڵە خەریکی داچاندنی سەوزەم و زیاتر لە ١٧٠ دۆنم زەویم هەیە، زۆرتر لە پایزه‌وە دەستپێدەکەین و لە مانگی حوزه‌یران کۆتایی پێدێنین.
 
حەسەن محێدین، جوتیار لە گردەگۆزینە، لە ساڵی ٢٠٠٦ خەریکی داچاندنی سەوزەیه‌  له‌سه‌ر روبەری نزیکەی ٥٢ دۆنم زەوی، تائێستاش ٤ جار خەڵاتى جوتیاریی نمونه‌یی وه‌رگرتوه‌.
 
بۆ رادیۆی ده‌نگ باسی له‌ زۆری به‌رهه‌مى سه‌وزه‌ى گونده‌كه‌ كرد و وتی: لەکاتی داچاندنی سەوزەدا و دواتر دەرچونی بەرهەمەکەی، "ماشه‌ڵڵا ئەمەندە زۆرە رەوانەی ناوچەکانی هەرێم و عێراقی دەکەین".
 
ئه‌و جۆرانه‌ى سه‌وزه‌ له‌ گونده‌كه‌دا به‌رهه‌مده‌هێنرێت، به‌زۆری بریتین له‌: تور، كه‌وه‌ر، كه‌ره‌وز، مه‌عده‌نوس، ته‌ڕه‌تیزه‌ "ره‌شاد"، شویت، سڵق و.. هتد.
 
به‌پێی ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتوكاڵی كه‌لار، ٦٠%ـی سەوزەی گەرمیان لە گردەگۆزینە بەرهەم دەهێنرێت و رەوانەی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و بەغدا و دیالە دەکرێن.
 
سامان ئەحمەد، بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى کشتوکاڵی کەلار، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: سەوزەی گردەگۆزینە باشترین بەرهەمە، ئەمەندە زۆرە هەناردە دەکرێت، بەردەوام هەیە، هەندێکجار نه‌بێت لەهاویندا به‌هۆی خراپبونه‌وه‌ به‌كاریگه‌ریی گه‌رما، كه‌متر ده‌بێته‌وه‌.
 
وتیشی: ساڵانە بە بەردەوام ۲ هەزار دۆنم زەوی لە سنوری گردەگۆزینە دەکرێت بەسەوزە.
 
 
 
شێوازی ئاودانی بەرهەمەکە چۆنە؟
 
سه‌وزه‌ یه‌كێكه‌ له‌و به‌رهه‌مانه‌ى كه‌ هاوڵاتیان زۆرجار گومان ده‌كه‌ن و ده‌پرسن له‌ سه‌رچاوه‌ى ئاوه‌كه‌ى، به‌وهۆیه‌ى ترسیان هه‌یه‌ به‌ ئاوی ئاوه‌ڕۆ ئاودێریی بكرێت.
 
حەسەن محێدین، له‌وباره‌وه‌ وتى: سه‌وزه‌ى ئه‌م سنوره‌ هه‌موى به‌ ئاوی بیر و ناعور ئاوده‌درێت، زۆربەی سەوزەی گردەگۆزینەش بە دیوی سیروان نییە، به‌ڵكو به‌م دیوه‌كه‌ى تره‌، بۆیە پاکە و به‌ ئاوی سیروان یان ئاوه‌ڕۆ ئاونادرێت.
 
حسێن ئەکبەر، جوتیارێكى دیكه‌ى گردەگۆزینەیه‌، جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه‌: بە بیری ئیرتوازی و ناعور به‌رهه‌مه‌كانیان ئاو دەدەن.
 
بەڕێوبەری کشتوکاڵی کەلاریش ئه‌م قسه‌یه‌ى جوتیاران پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌.
 
سامان ئەحمەد، وتی: زەوییەکان بە ناعور وبیر ئاو ئاودەدرێن، ئه‌و ماوه‌یه‌ش كه‌ نه‌خۆشی كۆلێرا بڵاوبویه‌وه‌، گومان دروستبو له‌ سه‌وزه‌وه‌ بێت، به‌ڵام به‌دواداچون كرا و ته‌نها گومان بو و شتى وانه‌بو.
 
هاوكات پێش بڵاوبونه‌وه‌ى چه‌ند حاڵه‌تێكى كۆلێرا له‌ گه‌رمیان، تۆفیق محەمەد، لێپرسراوی هۆبەی چاودێریی تەندروستی لە بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی وتبو: لە مانگی رابردوەوە بە چڕی سەردان و چاودێری سەرجەم کێڵگەکانی سەوزە دەکەین و پشکنینمان بۆ ھەمویان کردوە، دەرکەوتوە بە ئاوی ناعور ئاو دەدرێن و پاك بێ مەترسین.
 
 
 
حکومەت هاوکاری جوتیارەکان ناکات
 
جوتیارانى گرده‌گۆزینه‌ به‌گله‌یین له‌وه‌ى حكومه‌ت هاوكارییان ناكات، ئه‌گه‌رچی ئه‌وان به‌رهه‌م بۆ زۆرناوچه‌ى هه‌رێم و عێراقیش ده‌نێرن.
 
ئەحمەد عەزیز، جوتیار لە گردەگۆزینە، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: حکومەت بەس پارەی کارەبای بیرەکانی کەمکردوەتەوە، نە دەرمان ده‌دات نە په‌ینی کیمیایی.
 
حسێن ئەکبەر، جوتیار لە گردەگۆزینە، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: حکومەت هیچ هاوکارمان نییە، بۆ نمونە ئەو ئەرکەوازییە ٥ ملیۆن دینار قەرزارم، حکومەت بەبیانوی قەیرانەوە هیچ هاوکارییەکمان ناکات، ئیتر نازانم کەی قەیران کۆتایی دێت!
 
له‌به‌رامبه‌ردا بەڕێوبەری کشتوکاڵی کەلار دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ هاوكاریی ئه‌و جوتیارانه‌ بكه‌ن.
 
سامان ئه‌حمه‌د، وتى: جوتیارەکان راستدەکەن، ئێمە هاوکاریان ناکەین بەهۆی قەیرانی داراییه‌وه‌، به‌ڵام ته‌نها ئه‌وه‌مانتوانیوه‌ بیكه‌ین كه‌ پاره‌ى كاره‌بایان بۆ كه‌مبكه‌ینه‌وه‌ له‌  ۱۲۰ دینارەوە بۆ ۳۰ دینار.
 
یه‌كێك له‌و مه‌رجانه‌ى كه‌ حومه‌ت به‌سه‌ر خاوه‌ن كێڵگه‌كانى زه‌ویدا سه‌پاندویه‌تى، دروستكردنى په‌رژين "سیاجه‌" بۆ كێڵگه‌كان، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ وته‌ى جوتیاره‌كان، بارگرانییه‌كى زۆری دارایی ده‌خاته‌ سه‌ریان.
 
به‌ڕێوبه‌رى كشتوكاڵی كه‌لار، له‌باره‌ى ئه‌م مه‌رجه‌وه‌ وتى: داوامان لێکردون زەوییەکانیان سیاج بکەن بۆ ئەوەی سەگی بەرەڵا نەچێتە سەر بەرهەمەکانیان و بەپاکی بمێنێتەوە، بەڵام ئه‌وان نەهاتون بەدەممانه‌وه‌.
 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,987     ژمارەی میوان 1466