دەنگ نێت
دوای هەفتەیەک لە گواستنەوەی راژەی ئەو پۆلیسانەی کە لە بارەگاکەیدا بون، یەکێتی دەست دەگرێت بەسەر بارەگایەک لە خانەقین کە بە هی مەلا بەختیار ناسراو بو.
ئەسڵی کێشەکە
یەکێتی نیشتمانی ماوەیەکە لە مەلا بەختیار توڕەیە، بەتایبەتی کە لە دەربڕینی لێدوانەکانی دژ بە سەرکردایەتی ئەو حزبە و بەتایبەتی بافڵ تاڵەبانی بەردەوامە، کە دواهەمینیان دیدارێک بو لە کەناڵی 'کوردستان ٢٤' کە خاوەندارێتییەکەی بۆ مەسرور بارزانی دەگەڕێتەوە.
مەلا بەختیار لە ئێستادا وەکو سیاسیەکی یەکێتی دەردەکەوێت بەبێ ئەوەی بەرپرسیارێتی هەبێت، ئەوەی هەیەتی پرۆژەی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێرە و هیچ ناوەند و بارەگایەکی دیکەی فەرمی نییە. جگە لە پاسەوانەکانیشی، هێزی سەربازی و ئەمنی نییە، بەڵام لە خانەقین بارەگایەکی هەیە و یەکەیەی پۆلیسی گەرمیان کە ژمارەیان ١٦٥ پۆلیسە لەو بارەگایەدان و هەم بارەگاکە و هەم پۆلیسەکانیش لەناو خەڵکی دا پەیوەست دەکرێن بە مەلا بەختیارەوە و وەکو بارەگا و هێزی ئەوان ناسراوە.
گواستنەوەی راژەی پۆلیسەکانی خانەقین
لە هەنگاوێکدا کە بۆ یەکێتی شۆکێکی گەورە بو، هەر ١٦٥ پۆلیسەکەی "بارەگاکەی مەلا بەختیار لە خانەقین" بە
فەرمانێکی بەڕێوبەری گشتی پۆلیسی هەرێم لە رێکەوتی ٢٦ـی ئابی ٢٠٢٤، گوازرانەوە سەر پۆلیسی هەولێر/ بەشی پۆلیسی پاسەوانی.
ئەم بڕیارە لەنێو یەکێتی دا شۆکێکی گەورەی دروستکرد، ئەو حزبە بە تەداخولکردنێکی ئاشکرای پارتی لە کاروباری هێزە ئەمنییەکانی حساب کرد، هەروەک بە هەنگاوێکیشی زانی کە لەلایەن مەلا بەختیارەوە نراوە بۆ لێدان لە شکۆی یەکێتی.
پێش ئەم فەرمانە، فەرماندەی هێزەکەی پۆلیسی مەلا بەختیار لە خانەقین- عیماد ئەحمەد، راژەکەی گواسترایەوە سەر پۆلیسی زێرەڤانی، دواتر ئەو بڕیارە هەڵوەشێنرایەوە و ئەویش لەگەڵ پۆلیسەکانی دیکەیدا گوازرانەوە سەر میلاکی پۆلیسی هەولێر.
دەکرێت گواستنەوەی راژەی پۆلیسەکان بۆ سەر پۆلیسی هەولێر، پچڕانی دوا رایەڵی پەیوەندی ئەو بێت بە یەکێتی و پچڕانی پەتی سەبری سەرکردەکانی یەکێتی بەتایبەتی بافڵ تاڵەبانیی بێت بەرامبەر مەلا بەختیار.
هەربۆیە لە کاردانەوەی ئەمەدا، یەکێتی لە یەک رۆژدا هەم دەستی بەسەر بارەگا و ئۆفیسی دەزگای چاودێردا گرت، هەمیش دەستی بەسەر بارەگاکەیدا گرت لە خانەقین.
بەمشێوەیەش ئەو دەزگایانەی کە ناویان بەناوی مەلا بەختیارەوە رۆشتبو، بە تەواوی لەژێر دەستی مەلا بەختیار دەرهێنران.