دەنگ نێت
یەکێک لەو كه‌سانه‌ى وه‌كو ئه‌نجامده‌رى تاوانى سوتاندنەکانی ئەم دوایەى بازاڕه‌كانى هه‌ولێر و كه‌ركوك تۆمه‌تبار كراوه، هونه‌ر فه‌خره‌دینه، ناوبراو كادری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە و به‌پێی زانیارییه‌كانى رادیۆی ده‌نگیش نزیکەی چل رۆژە ده‌ستگیر كراوه.
بەیانی ئەمڕۆ دوشه‌مه، بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە پاش لێکۆڵینەوەی ورد دەرکەوتوە ئەو روداوانەى ئاگركه‌وتنه‌وه له بازاڕه‌كانى هه‌ولێر و كه‌ركوك رویانداوه، روداوی سروشتی نین، بەڵکو لێدان بوە لە ئابوری خەڵک و تێکدانی پەیوەندی نێوان حکومەت و خەڵک.
وتیشی: پاش لێکۆڵینەوەش دەرکەوتوە رێکخراوی (پەکەکە) دەستی لە تاوانەکان هەبوە، بەو هۆیەوە سێ کەس دەستگیر کراون كه ته‌نیا ئاماژه‌ى به‌ناوى دوانیان كرد كه (هونەر فەخرەدین ئەحمەد و محەمەد نەجات حەسەن) بون.
هونه‌ر فه‌خره‌دین كێیه؟
به لای خه‌ڵكى كفرییه‌وه، هونەر فەخرەدین ئەحمەد، ناوێكى ناسراوه، چونكه ئه‌ندامى خێزانێكى ناسراوى شاره‌كه‌یه كه به "ئه‌حمه‌د ئاغای زه‌نگه‌نه" ناسراون و باوك و مامه‌كانى له كه‌سه به‌ناوبانگه‌كانى شار بون.
ئه‌و ئه‌گه‌رچی وه‌كو پیشه پێشمه‌رگه بوه له هێزەکانی ۷۰ـی سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، به‌ڵام زۆرتر له چالاكییه هونه‌رییه‌كانى قه‌زاكه‌دا به‌ده‌ركه‌وتوه و سه‌رپه‌رشتیی هه‌ندێكیشیانى كردوه.
ئه‌و هاوكات كادیری یه‌كێتى نیشتمانى بوه، بۆ هه‌ڵبژاردنى پارله‌مانى كوردستان له ساڵی ٢٠١٨ لەسەر لیستی یەکێتی كاندید بوه، به‌ڵام نه‌یتوانیوه ده‌نگی پێویست به‌ده‌ستبێنێت.
هونه‌ر فه‌خره‌دین، هاوکات برای ده‌شتى فه‌خره‌دینه كه پله‌داره له هێزى دژه تیرۆری یه‌كێتى.
چیرۆکی دەستگیرکردنی
هونه‌ر فه‌خره‌دین فێرخوازی كۆلێژی یاسای ئێوارانى زانكۆی كه‌ركوكە. ئێوارەی رۆژی ۲۳ـی ٥ـی ۲۰۲٤، لە قەزای کفرییەوە كه شوێنى نیشته‌جێبونێتى، ده‌چێته کەرکوک بەمەبەستی ئه‌نجامدانى تاقیکردنەوەی زانکۆیی، پاش تەواوبونی تاقیکردنەوەکەی، لەبەردەم زانکۆی کەرکوکدا لەلایەن هێزێکەوە دەستبەسەر دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، ئەو نزیکەی چل رۆژە لە زیندانە، له‌م ماوه‌یه‌شدا نە کەسوکارەکەی توانیویانه بیبینن، نە پارێزیشی هه‌بوه و نه‌توانراویشه دۆسیه‌كه‌ى له‌لایه‌ن پارێزه‌ره‌وه ببینرێت.
چیرۆكی تۆمه‌تباركردنى
د. هێمن میرانى، به‌ڕێوبه‌رى گشتی دیوان له وه‌زاره‌تى ناوخۆی هه‌رێم، له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی دا له‌گه‌ڵ وته‌بێژی وه‌زاره‌تى ناوخۆی عێراق، ئاماژه‌ى به‌ده‌ستگیركردنى سێ كه‌س كرد كه له نێویاندا هونه‌ر هه‌یه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو هونه‌رى به‌وه تۆمه‌تبار كرد كه سه‌رۆك و سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و تیمه بوه كه هه‌ستاون به‌كاری سوتاندنى بازاڕه‌كان.
د. هێمن میرانى، به راسته‌وخۆیی پارتى كرێكارانى كوردستان "په‌كه‌كه"ـى به‌وه تۆمه‌تبار كرد كه ئه‌وان له پشت ئه‌و سوتاندنانه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ستاون به ته‌جنیدكردنى ئه‌و سێ كه‌سه و كادیرانى ئه‌منی و عه‌سكه‌ریى په‌كه‌كه‌ش له سوریا و توركیا و قه‌ندیله‌وه هاتون و راهێنانیان پێكردون له شار و شارۆچكه‌كانى: كفری، سلێمانى و سه‌نگه‌سه‌ر و دواتر ئه‌وانیش ئه‌و كرده‌وانه‌یان ئه‌نجامداوه.