ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
پەروەردەی هەمەچەشن!

2024/05/20 - 09:54 | 522 جار بینراوە    
 
پەیام لەتیف
 
کاتێک رۆدەچیتە نێو دنیای پەروەردە و فێرکردنەوە و مامۆستایی دەبێتە کاری تۆ، لەم سەروبەندی بێکارییەی ژیاندا زۆرێک دەیانەوێت هێشتا هەر مامۆستابن، وەک ئەوەی مامۆستایی تەنها فێرکردن بێت و کۆمەڵێ قوتابی بەجوانی گوێت بۆ بگرن، بێئاگا لەوەی مامۆستایی بوەتە قورسترین پیشە و بگرە پێش کاری پزیشک و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییه پزیشکییە سەختەکانیش کەوتوە! 
ئەمە ئەگەر مامۆستایی وەک پیشەیەک و لەچوارچێوەی قوتابخانەیەکدا ببینین، نەک دایکێکی مامۆستابین بۆ رۆڵەکانمان.
 
ئەگەر لە رۆژگاری ئەمڕۆدا دایکێک توانی مناڵەکەی بەجوانی پەروەردە بکات و کەمترین کاریگەریی تەکنەلۆژیا و تۆڕە زیانبەخشەکانی لەسەربێت، ئەوا بێگومان رێگایەکی سەختی بڕیوە، وەک گەیشتنە لوتکەی بەرزترین چیا.
 
کاتێک گوێت لەدایکێک دەبێت مناڵەکەی رۆژ تا ئێوارە و شەو تابەیانی سەری بەسەر مۆبایل و ئایپادەکەیەتی و بگرە لەهەمو ئەندامانی خێزانەکەی خۆشتری دەوێت، ئەوسا تێدەگەیت کارەساتی دنیای پەروەردە لەکوێوە سەریهەڵداوە.
 
هەر هەمان مناڵ ناچارە ببێتە قوتابی و بێتە قوتابخانە و ماوەیەک لەو تەکنەلۆژیایە داببڕێت کە خۆراکیی رۆژ و شەویەتی، ئاخۆ مامۆستا و وانەکانی قوتابخانە دەتوانن جێگەی کەسانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ بگرنەوە؟ ئایا هاوڕێکانی لە قوتابخانە ئەتوانن هەمان هاوڕێکانی نێو یاریی و پۆبجیەکەی بن؟ ژینگەی نێو پۆلەکەی ئەتوانێت ژینگەی نێو وێنە و چاتەکانی سناپەکەی بێت؟
 
ئەگەر بۆ هەمو ئەمانەش بڵێین بەڵێ، بەڵام ئەمە تەنها بۆ کەمینەیەک لەقوتابیان راستە و تەنانەت هەندێک قوتابی زیرەک و بزێویشمان هەن لەپاڵ وانەکاندا هێشتا لەگەڵ هاوڕێکانیاندا هەمان قسە و رەفتار و بۆچونی ئەو کەسانە دوبارە دەکەنەوە کە شەوانە خەریکی لایڤی بێ سانسۆرن، کە ئەزانن ئەوانەشی بینەریانن بەزۆری  مناڵ و مێردمناڵن و بەئاسانی کاریگەری خراپ‌ لەسەریان جێ دەهێڵێت.
 
لەم روانگانەوە پێویستە قوتابخانەکان کاتێکی زیاتر بۆ هۆشیارکردنەوەی مناڵان تەرخان بکەن، دەبێت مامۆستایانیش‌ وانەکانیان تەنها  لەمەنهەجی کتێبدا کۆنەکەنەوە و سەرچاوەی زانیارییەکانیان دەوڵەمەند بکەن، بەشێوەیەک باوەڕ بۆ قوتابی دروست بکات.
 
دایکان و باوکانیش بەتایبەت لەپشوەکاندا، کاتی زیاتر بۆ گەشت و سەیران و بەسەرکردنەوەی خزمان تەرخانبکەن، یاخود لەباتی بردنی مناڵەکانیان تەنها بۆ خولی هاوینەی وانەکان، ببرێن بۆ خولی یاری وەرزشی جۆراوجۆر، لەنمونەی: مەلەوانگە، تۆپی پێ، شەتڕەنج، تێنسی سەرمێز و ...هتد، یاخود خۆشەویستکردنی کۆمەڵێک کتێب کە مناڵ لەکاتە پشوەکانیدا هەوڵی خوێندنەوەیان بدات، هەمو ئەمانەش لەپێناو کەمکردنەوەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیادا کاریگەری ئەرێنییان دەبێت.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,906,080     ژمارەی میوان 426