رادیۆی دهنگ- محهمهد مهحمود
سەنتەری پەرەپێدانی کار لە زانکوی گەرمیان، له رێگهى راهێنان و چالاكی جۆراوجۆرهوه، خوێندكاران تێكهڵ به بوارى كاركردن له كهرتى تایبهت دا دهكات، بهرپرسانى سهنتهرهكه و بهشدارانى چالاكیهكانى، پێیانوایە دامەزراندنی ئەم سەنتەرانە دۆزینەوەی هەلی کار ئاسانتر دەکات.
سەنتەری پەرەپێدانی کار CDC لە ساڵی ۲۰۱٥ له زانكۆی گهرمیان دامەزراوە، پاش ماوەیەک بوە بە بەڕێوبەرایەتیەک لەناو زانکۆدا، لە ئێستاشدا لەلایەن رێکخراوی "ئایرێکس"ـهوه پشتیوانی دەکرێت و چاودێری دەکرێت.
چنور مەحمود، بەڕێوبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار له زانكۆی گهرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: کاری ئەم سەنتەرە ئەوەیە خوێندکار بناسێنێت بە کەرتی تایبەت، ئەوەش بەهۆی نەبونی دامەزراندنەوە، خوێندکار لەم سەنتەرە ئەزمون وەردەگرێت و هەر خوێندکارێک لە بوارەکەی خۆیدا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە پیشهیهكى کەرتی تایبەتدا کاردەکات بۆ ئەوەی بتوانێت دوای دهرچون ئاسانتر کاری دەستبکەوێت، ئەوەش بەهۆی ئەو ئەزمونەی وەریگرتوە.
وتیشی: ئەم سەنتەرە سودێکی زۆری هەیە، گەرمیان بواری کارکردن تێیدا زۆرە، بەڵام بەکەمی پێی دەزانین، بەڵام دەبێت پلانێکی باشمان هەبێت چۆن خوێندکار لە رێگای ئەم سەنتەرانەوە سودی پێبگات، بەتایبەت بۆ دەرچوەکان بۆ ئەوەی سودێکی زۆر ببین و رێژەی بێکارییش کەمبێتەوە.
جگە لە بەڕێوبەری سەنتەرەکە، ئەو خوێندکارانەی بەشداری خولەکانی ئەم سەنتەرەیان کردوە باس لە گرنگی و رۆڵی دەکەن لە ناساندن و دۆزینەوەی هەلی کاردا.
بیلال محەمەد، خوێندکاری بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ باسی لەوەکرد: خوێندکار کە دەچێتە ئەم سەنتەرە، لەڕوی کارامەیی کار و ناسینی خەڵک و فێربونی بابەتەکانەوە، بەشێوەیەکی کرداریانە سودی لێدەبینێت.
وتیشی: کە دەچیتە پرۆسەی کارکردنەوە، بەشێوەیەکی گشتی فێر دەبین و ئەزمونیش وەردەگرین بۆ ئەوەی کە دواتر زانکۆمان تەواوکرد، سودیان لێببینین.
سارا محەمەد، خوێندکاری بەشی باخچەى ساوایان لە زانکۆی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ باسی لەوەکرد: لە زانکۆدا تەنها بەشێوەیەکی پراکتیکی شتەکان دەبینین، بەڵام دوای پەیوەندیکردن بەم سەنتەرەوە دەمانخەنە بازاڕی کارەوە و هەر خوێندکارێک و بەپێی بەشەکەی خۆی ئهزمونى پراكتیكی وهردهگرێت.
وتیشی: کاتێک بەشداریی خولێکی ئەم سەنتەرە بوم، سودێکی زۆر باشم لێبینی، تەواو له بوارهكهدا ئاگادار بوم، زۆر گرنگە خوێندکاران روبکەنە ئەم جۆرە سەنتەرانە و بەشداریی له خولهكانیدا بکەن.
بەپێی ئامارێکی سەنتەری پەرەپێدانی کار لە زانکۆی گەرمیان، ژمارەی بەشداربوانی پرۆگرامی راهێنانی تواناکان کە Internshipـی پێ دەڵێن لەساڵی ۲۰۱٨ـوە تاوەکو ئێستا، ٨۱۰ خوێندکار بوە، بەپێی ئامارێکی دیکەش ژمارەی سودمەند لە كۆی چالاکیەکان لە ساڵی ٢٠٢٠ـهوه ههتا مانگی ئایاری ئهمساڵ، ١٧١٥ خوێندکار بوه.
چالاکیەکانیش جگه له پرۆگرامی راهێنانى تواناكانى خوێنداران له شوێنكاره جیاوازهكانى كهرتى تایبهت، بریتین له: خولی راهێنان، وۆرکشۆپ، سیمینار، پرۆگرامی نێودەوڵەتی، دیدار و چالاکی تر، ههمو ئهمانهش بهمەبەستی پەرەپێدانی تواناكانی خوێندكاران و ئامادهكردنیان بۆ ژیانی پیشهیی و دۆزینهوهی ههلی كار لە کەرتی تایبەت، ئهنجام دهدرێن.
لەبارەی ئەم ئامارانەوە بەڕێوبەری سەنتەرەکە، ئاماژەی بەوەکرد: نازانین به وردی چەند کەس کە بەشداری لە خولەکانماندا کردوە دواتر رۆشتونەتە سەر کاری خۆیان، بەڵام رێژهیهكى باشیان سودمهند بون.