گه‌نجانى كفری هیچ ناوه‌ندێكیان نییه‌ بۆ بره‌ودان به‌ به‌هره‌ و خولیاكانیان

2024/04/27 - 04:08 | 351 جار بینراوە    
 
رادیۆی ده‌نگ- هونه‌ر ئه‌حمه‌د
 
گەنجان و چالاکوانانی کفری ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ هیچ ناوه‌ندێك نیه‌ له‌ قه‌زاكه‌دا كه‌ تیایدا په‌ره‌ به‌ خولیا و به‌هره‌كانیان بده‌ن، سەرۆکی رێکخراوی پاڵپشتیی کفرییش دەڵێت: كردنه‌وه‌ى ناوه‌ندێكى گه‌نجان یەکێک بو لە داواکارییەکانی خۆپیشاندانەکانی تەموزی رابردو و هێشتا جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.
 
قه‌زاى كفری، كۆنترین قه‌زای سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌، سه‌رباری بونی ره‌خنه‌ و گله‌ییه‌كى زۆر له‌ كه‌میی و سنورداریی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان، هاوكات گه‌نجان به‌تایبه‌تى ره‌خنه‌یان له‌وه‌هه‌یه‌ كه‌ هیچ ناوه‌ندێكى چالاكیی بۆ ئه‌وان له‌ شاره‌كه‌دا بونى نییه‌.
 
هاودەم فاروق، گه‌نجێكى دەرچوی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی کفرییه‌، بۆ رادیۆی ده‌نگ وتى: كفری له‌ هه‌مو رویه‌كه‌وه‌ پشتگوێخراوه‌، هیچ سەنتەرێکی چالاکیی لێ نییە بۆ گەنجان کە لەوێ بتوانن بەهرە و هونەری خۆیان پێشبخەن. 
 
دەشڵێت: هیچ لایەنێک نییە پشتگیریمان بکات، گەنجەکانمان بەهرەکانیان بەشاراوەیی دەمێنێتەوە.
 
به‌شێك له‌ گه‌نجانى كفری، به‌مه‌به‌ستى بره‌ودان به‌ به‌هره‌ و تواناكانیان، رو له‌ ناوچه‌كانى دیكه‌ ده‌كه‌ن.
 
چنور سیروان، دەرچویه‌كی زانكۆیه‌ له‌ كفری، دەڵێت: به‌هۆی نه‌بونى ناوه‌ندی تایبه‌ت به‌ گه‌نجانه‌وه‌ له‌كفری، ناچار ئەبین لە رێگای ئۆنلاین یان شارەکانی تر بەشداری خولەکان بکەین، بۆخۆم چه‌ند جارێك به‌مه‌به‌ستى به‌شدارییكردن له‌ خولی راهێنان چومه‌ته‌ قه‌زاى كه‌لار.
 
به‌پێی راپۆرتێكى پێشوتری رادیۆی ده‌نگ، به‌شێك له‌ گه‌نجانى گه‌رمیان له‌ رێگه‌ى به‌شدارییكردن له‌ خوله‌ پیشه‌ییه‌كانه‌وه‌، هه‌لی كاریان بۆ ره‌خساوه‌، به‌ رای چالاكوانێكى كفریش، ئه‌گه‌ر ناوه‌ندێك هه‌بێت بۆ كردنه‌وه‌ى خولی راهێنان، واده‌كات رێژه‌ى بێكاریی له‌ناو گه‌نجانى قه‌زاكه‌ش كه‌م بێته‌وه‌.
 
شاخەوان عەدنان، وتیشی: بونی ناوه‌ند بۆ گەنجان له‌ كفری، ده‌بێته‌ دەرفەت و پردێک بۆ  ئەوەی گەنجانی قه‌زاكه‌ له‌رێگه‌یه‌وه‌ فێری پیشه‌ و به‌هره‌ى جیاواز بن و دواتریش هه‌لی كاریان ده‌ستبكه‌وێت.
 
كردنه‌وه‌ى ناوه‌ندی تایبه‌ت به‌ گه‌نجان، یه‌كێك بو له‌ داواكارییه‌كانى مانگرتن و خۆپیشاندانى دانیشتوانى قه‌زاكه‌ له‌ ته‌موزی رابردو.
 
عوسمان قەتارچی، سەرۆکی رێکخراوی پاڵپشتیی کفری كه‌ رێكخراوه‌ سه‌رپه‌رشتی مانگرتن و خۆپیشاندانى ته‌موزی رابردوى شاره‌كه‌ى كرد، بۆ رادیۆی ده‌نگ وتى: دروستکردنی ناوه‌ندێك بۆ گەنجان یەکێک بو لە داواکارییەکانى ئه‌و مانگرتنه‌مان، بەڵێنی ئەوە دراوە کە سەنتەرێکی وا بکرێتەوە، به‌ڵام تائێستا نه‌كراوه‌ته‌وه‌.
 
وتیشی: ئێمە بەدواداچون دەکەین و له‌ فشاره‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین هه‌تا ئەم سەنتەرە لە کفری بکرێتەوە.
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,798     ژمارەی میوان 1277