رادیۆی دهنگ- شیرین ئهحمهد
لەماوەی پێنج ساڵی رابردودا رێژەی سەوزایی ناحیەی رزگاریی لە 2%ـەوە گهشتوهته 11%، چالاکوانێک دەڵێت: ئەم گرنگیدانە بەزیادبونی رێژەی سەوزایی باشە، سەرۆکی شارەوانی ناحیەکەش دەڵێت: پێویستمان بە زیادکردنی رێژەیەکەیە، بەڵام بودجەی پێویستمان لەبەردەستدا نیە.
بەپێی ئامارێکی هۆبەی باخچەکان له سهرۆكایهتى شارهوانى ناحیەی رزگاریی سهر به كهلار، لە ساڵی 2019ـەوە و لهوكاتهوهى كه رێژەی سەوزایی له %2 بوه، دەستکراوە بە زیادکردن و سەوزکردنی ناحیەکە و لەماوەی 5 ساڵدا رێژەکە گەیەنراوەتەوە نزیکهی 11%، هەروەها 31 باخچەش لەناحیەکەدا هەیە.
سەریاس ئیبراهیم سەمین، چالاکی بواری ژینگە، بۆ رادیۆی دهنگ باس لەوەدەکات: لە چوار ساڵی رابردودا ناحیەی رزگاریی بەرەوپێشچونێکی باشی لە زیادبونی رێژەی سەوزایی بەخۆوە بینیوە، ئەویش بەهەوڵی زۆری ئیدارەی شارەکە و شارەوانی ناحیەکە و بەشێی زۆری ژینگەپارێزان و رێکخراوە ژینگەییەکان.
دەشڵێت: بههاوبهشى حكومهت و كۆمهڵی مهدهنى یەکەم هەڵمەتی دروستکردنى باخچه و چاندنی نەماممان راگەیاند کە دروستکردنی دارستانێکی دەستکرد بو ئەمەش بو بە دەستپێک و دوای ئەمەش دروستکردنی چەندین باخچە و دارستانی دەستکردی بەدواهات.
ئاماژەی بەوەشدا: لەماوەی ئەم چوار ساڵەی رابردودا گرنگیەکی زۆر باش بە زیادکردنی رێژەی سەوزایی دراوە لەناحیەکەدا.
لەبەرامبەردا، ئەرسەلان ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی رزگاریی، دەڵێت: چوارساڵە بەردەوامین لەهەڵمەتی سەوزکردنی ناحیەکە لەڕێگەی چاندنی نەمام و دروستکردنی باخچە و دارستانی دەستکرد و توانیومانە رێژەى سهوزایی بگەیەنین بە %11.
دەشڵێت: رێژەکە پێویستە زیاتربێ لەوەی کە هەیە، بەڵام بەهۆی نەبونی بودجە و پێداویستی و کرێکارەوە نەمانتوانیوە رێژەکە زیاتر بکەین، چونکە لەوە زیاتری بکەین ناتوانین کۆنترۆڵی بکەین بەهۆکاری نەبونی پێداویستی پێویست و بە پلەی یەکەم نەبونی باخەوان.
لە ناحیەی رزگاری تەنها 40 باخەوان لەبەشی باخچەکانی ناحیەکەدا کاردەکەن، بەوتەی سەرۆکی شارەوانیش بەئەستەم باخەوانەکان بەشی ئەم رێژە سەوزاییەش دەکەن.
باسی لەوەشکرد: ئەگەر بودجەی پێویست لەبەردەست بوایە دەمانتوانی 20 باخچەی تر زیاد بکەین و بەمشێوەیەش رێژەکە دەگەشتە ئاستی ستانداردی خۆی کە %15ـە.