هیچ کوشتارگەیەکی گەرمیان مەرجی تەندروستی تێدا نییە

2024/03/29 - 08:33 | 499 جار بینراوە    
 
رادیۆی دەنگ- محەمەد مەحمود
 
لەو کوشتارگانەی لە ئێستادا لە سنوری گەرمیان کاردەکەن هیچیان مەرجی تەندروستییان تێدا نییە، ئەمەش بەوتەی بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ڤێتەرنەری گەرمیان.
 
له‌ سنورى گه‌رمیان ٤ كوشتارگه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ به‌رده‌وامى له‌ كاردان، ئه‌وانیش كوشتارگه‌ى قه‌زاى كه‌لار و قه‌زاى كفرى و ناحیه‌ى رزگارى و ناحیه‌ى باوه‌نور، ئه‌م كوشتارگانه‌ به‌ دو شێواز كارده‌كه‌ن: کلاسیک و هاوچەرخ.
 
شێوازێكى كلاسیك‌ له‌ كوشتارگه‌كانى كفرى و رزگاریی و باوه‌نور جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌م شێوازه‌ كاركردنى شێوازه‌ كۆنه‌كه‌یه‌ كه‌ هه‌ر كه‌س و ئاژەڵێكى هه‌بێت دەیهێنێت و لەوێ سه‌ری ده‌بڕێت و گۆشته‌كه‌ی دەباتەوە.
 
شێوازى د‌وه‌م کە هاوچه‌رخه‌ و لەکەلار جێبەجێ دەکرێت، بریتییە لەوەی له‌ناو کوشتارگەکەدا لە جێگه‌ى یەکەم ئاژەڵەکە سه‌ر ئه‌بڕدرێت، له‌ جێگه‌ى دوەم پێسته‌كه‌ى لێده‌كرێته‌وه‌، له‌ جێگه‌ى سێیەم ناوسكه‌كه‌ى ده‌رئه‌هێنرێت و له‌ جێگه‌ى چوارەم گۆشته‌كه‌ پاك ئه‌كرێته‌وه‌ و ئه‌شۆردرێته‌وه‌ و له‌ خاڵێك دائه‌نرێت تاوه‌كو وشك ده‌بێته‌وه‌ دواتر پشكنینى بۆ ده‌كرێت و مۆر ده‌كرێت و ده‌خرێته‌ به‌ڕاده‌وه‌ بۆ ماوه‌ى زیاتر له‌ 4 كاتژمێر، پاشان ده‌نێردرێت بۆ بازاڕ.
 
د.عوسمان مستەفا، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: تەنها کوشتارگەکەی کەلار بە شێوازی هاوچەرخ کاردەکات، سەرباری ئەوەش بەگشتی کوشتارگەکان بەپێی ستاندارد هیچ مەرجێکیان تێدا نییە.
 
ئەو تێبینی لەبارەی بینای کوشتارگەکانەوە هەبو و وتی: ئەمانە هەمویان بیناکانیان کۆنن، کاتی خۆی شارەوانی دروستی کردوە، شارەوانیش هەرئەوەندەی لێدەزانێت، نازانێت مەرجی تەندروستی چیە کە دروستی دەکات.
 
بە رای لێپرسراوی کوشتارگەی رزگاریی، کوشتارگەکانی گەرمیان لەنێوان کۆن و هاوچەرخ دان.
 
د. سۆران خەلیل، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لە گەرمیان کوشتارگەیەکی مۆدێرن و هاوچەرخ نیە هەمو مواسەفات و مەرجە تەندروستیەکانی تێدابێت، بەڵام ئەتوانین بڵێین ئەوانەی هەن نیمچە مۆدێرنن.
 
جگە لە کەلار، لە كوشتارگه‌كانى دیكه‌ "به‌ڕاد"یان نییه‌ بۆ هه‌ڵگرتنى گۆشتى ئاژه‌ڵه‌ سه‌ربڕاوه‌كه‌ یان گواستنەوەی گۆشتەکە له‌ كوشتارگه‌كه‌وه‌ بۆ دوكانى گۆشتفرۆشه‌كه‌. بەپێی ستانداردێکیش کە دانراوە ئه‌و گۆشته‌ى كه‌ مۆرى لێده‌درێت له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ له‌ 4 كاتژمێر بۆ 24 كاتژمێر ده‌كرێت له‌ به‌ڕادا بمیێنێته‌وه‌، چونكه‌ به‌پێى ستاندارد له‌ روى ته‌ندروستیه‌وه‌ ده‌بێت به‌وشێوه‌یه‌ بێت.
 
بەڕێوبەری ڤێتەرنەری گەرمیانیش جەخت دەکاتەوە کە کێشەی ئەوان لەدوای سەربڕین و پاککردنی ئاژەڵەکەیە،  کەدوای ئەوە شوێنی "بەڕاد" هەڵگرتنیان نیە، جگە لەکوشتارگەی کەلار.
 
مەریوان عەدنان، پاریده‌ده‌رى پزیشكى ڤێته‌رنه‌رى له‌ كوشتارگه‌ى كفرى بۆ رادیۆی دەنگ وتی: جیاوازیمان لەگەڵ کوشتارگەی کەلار تەنها بەڕادە، ئەوان بەڕادیان هەیە و ئێمە نیمانە.
 
د.سۆران خەلیل، لێپرسراوی کوشتارگەی رزگاریی، باس لەوە دەکات: لە کوشتارگەکەمان بەڕادی تێدا نییە و هاوکات هیچ پشکنینێک لە رێگەی تاقیگەوە ناکرێت و هەموی لە رێگەی چاوەوەیە.
 
د.عوسمان مستەفا، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ڤێتەرنەری گەرمیان، پێیوایە توانیویانە بە رێژەی ٣٠٪ سیستەمی هاوچەرخ لە کوشتارگەی کەلار جێبەجێ بکەن، بەڵام بەوتەی خۆی: لە شوێنەکانی تر بواری جێبەجێکردنی تێدا نیە، لە روی پاکوخاوێنی و کاشی و بیناوە خراپن.
 
کوشتارگەکان لەلایەن شارەوانییەوە دروستکراون و هەر ئەوانیش ساڵانە دەیدەن بە کرێ.
 
د. عوسمان مسته‌فا، لەوبارەوە تی: کوشتارگەکان هەمویان نۆژەن کراونەتەوە لە رێگای شارەوانیەوە، بەڵام هێشتا هەرکۆنن و بەپێی ستاندارد نین و کلاسیک "کۆن"ـن.
 
باسی لەوەشکرد ئێستا لە رێگەی وەبەرهێنانەوە خەریکە مۆڵەت بە دوستکردنی کوشتارگەیەکی مۆدێرن و هاوچەرخ لە گەرمیان دەدرێت، بەوتەی خۆیشی رەنگە لەماوەی ٦ مانگی داهاتودا دەست بە دروستکردنی بکرێت.
 
 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,268,773     ژمارەی میوان 703