هیوا رشید/ دكتۆرا له یاسا
پێشه‌كى:
به پێى ماده‌ى یه‌كه‌مى ده‌ستورى عیراق فۆرمى ده‌وڵه‌تى عیراق فیدراڵیه، فیدراڵیه‌تیش به‌مانایه‌كى ساده واته یه‌كگرتنێكى ئاره‌زومه‌ندانه. دیاره سیسته‌مه‌كه بۆ ئه‌و وڵاتانه گونجاوه و هاتۆته كایه‌وه كه تیایدا فره‌ییی نه‌ته‌وه‌ى و كلتورى و ئاینى هه‌یه. پاش ڕوخانى ڕژێى پێش‌و له ساڵى ٢٠٠٣ كورد به هیوایه‌كى زۆره‌وه به‌شدارى كاراى هه‌بو له دوباره داڕشتنه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ت و سیسته‌مى ده‌ستورى عیراق. ئه‌گه‌ر چى كورد له سه‌رده‌مى ڕ‌ژێمى پێشودا توشى تاوانى پاكتاوى ڕه‌گه‌زى و جینۆساید بوه و هه‌وڵى له‌ناوبردن و سڕینه‌وه‌ى شوناس و كولتورى درا، به‌ڵام دواجار سیسته‌مى دیكتاتۆرى توشى چاره‌نوسى چاوه‌ڕوانكراوى خۆى بو وه‌ك هه‌ر دیكتاتۆرێكى تر.
مافه ده‌ستوریيه‌كان
بۆیه له دانان و نوسینه‌وه‌ى ده‌ستور له عیراق له ساڵى ٢٠٠٥ كورد ده‌نگى بۆ ئه‌م ڕێكه‌وتنه كۆمه‌ڵایه‌تیه دا، وه كورد چه‌ندین مافى ده‌ستورى بۆ جێگیربو، له وانه داننان به شوناس و زمان و كلتور و كیانى سیاسى هه‌رێمى كوردستان، وه سه‌باره‌ت به پرسى خاك ماده‌ى ١٤٠ دانرا بۆ یه‌كلاى كردنه‌وه‌ى چاره‌نوسى ناوجه دابڕێنراوه‌كان. وه دانان به فیدراڵیه‌ت بۆ كورد وه‌ك هه‌مو پێكهاته‌كانى تر جێى بایه‌خ بو، چونكه فیدراڵیه‌ت گه‌ونجاوه له گه‌ڵ بنه‌ماكانى دیمو‌كراتى به پشت به‌ستن به دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كان له نێوان هه‌رێمه‌كان و حكومه‌تى فیدراڵ.
به‌ڵام به تێپه‌ڕینى كات و هاتنى چه‌ند حكومه‌تێك له عێراق به ئه‌زمون ده‌ركه‌وت كه جێ به‌جێ كردنى فیدراڵیه‌ت به‌و شێوه‌یه‌ى له ده‌ستوردا هاتوه ئاسان نیه، بۆیه مافه ده‌ستوریه‌كانى كوردیش به تایبه‌تى توشى ئاله‌نگارى بونه‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌كرێت بۆ دو هۆكار بگه‌ڕێته‌وه. یه‌كه‌میان، نه‌بونى ئیراده‌یه‌كى ڕاسته‌قینه له لایه‌ن كاربه‌ده‌ستان له ناو حكومه‌تى فیدراڵ بۆ پابه‌ندبون به ده‌ستور، وه‌كو ئه‌وه‌ى هاتوه و له به‌رژه‌وه‌ندى هه‌مو لایه‌ك له چوارچێوه‌ى فیدراڵیه‌تێكى ته‌واو و به‌هه‌مو به‌ها و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانیه‌وه. و هۆكارى دوه‌م خودى هێزه سیاسیه‌كانى هه‌رێم كه له به‌غدا بونیان هه‌بو.
نه‌بونى سیاسه‌تى نیشتیمانى كورديى له به‌غداد
ئه‌وه‌ى مایه‌ى نیگه‌رانیه بۆ هاوڵاتیانى كورد بریتیه له غیابى سیاسه‌تێكى نیشتیمانى كوردیی كارا له مامه‌ڵه‌كردن له گه‌ڵ حكومه‌تى فیدراڵ و ده‌زگا فیدراڵیه‌كان. هاوڵاتى ئێمه نیگه‌رانى ئه‌وه نیه كه كاره‌به‌ده‌ستانى به‌غدا چۆن ده‌ڕوانن له ماف و پێگه‌ى كورد و چۆن مامه‌ڵه‌ى له گه‌ڵ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو زۆرجار هێزه سیاسیه كوردیه‌كانن كه سه‌ركه‌وتو نه‌بون له دروستكردنى به‌ره‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانى بۆ داڕشتن و جێ به‌جێ كردنى ئه‌جێنداى سیاسى و ده‌ستورى كورد له به‌غداد. لێره مه‌به‌ستم هه‌مو نوێنه‌رانى كورده چ له ده‌سه‌ڵات بن یان ئۆپۆزسیۆن، ئه‌مه‌ش فاكتێكه و ده‌بێت دانى پێدابنرێت.
ئه‌گه‌رچى هه‌ندێ ده‌ڵێن ده‌ستورى عێراق بخوێنیته‌وه وا هه‌ست ده‌كه‌یت بۆ وڵاتێكى پێشكه‌وتوى وه‌ك سویسرا نوسراوه‌ته‌وه، وه‌هه‌ندێ تر پێیان وایه ده‌ستورى عیراق پڕیه‌تى له بۆمبى چێنراو كه ده‌كرێت به كوردا بته‌قێته‌وه، ئه‌گه‌ر هۆشیارانه هه‌نگاو نه‌نێت و سیاسه‌ت نه‌كات. به بۆچونى ئێمه هه‌ردو بۆ چونه‌كه جۆرێك له موباله‌غه‌ى تێدایه. بۆیه ده‌ستورى عێراق و فه‌لسه‌فه‌ى سیسته‌مى فیدراڵى به‌شى ئه‌وه دڵنیایی تیدایه كه نیگه‌رانى ئێمه‌ى كورد بڕه‌وێنێته‌وه، به مه‌رجێك بونى سیاسى كورد له به‌غداد بونێكى به‌هێز و نیشتیمانى بێت له شه‌ڕى جێ به‌جێ كردنى دا. چونكه بمانه‌وێت یان نا، یاسا و سیاسه‌ت وه‌ك دو ڕ‌وى یه‌ك دراون، هه‌ردوكیان كاریگه‌ریان له سه‌ر یه‌كتر هه‌یه، بۆیه ده‌ستوریش كه له لوتكه‌ى یاساكانه، ناتوانێت ژیانى خه‌ڵكى بگۆڕێت، و له دۆخى ڕاسته‌قینه‌دا ببێته مایه‌ى خۆشگوزه‌رانى و پارێزه‌رى ماف و ئازادیه‌كان، ئه‌گه‌ر بونى سیاسیمان لاواز و په‌رته‌وازه و فره گوتار بێت. چونكه ده‌ستور وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كى یاسایى باڵا بۆ پراكتیزه‌كردنه له‌واقعی سیاسى و كومه‌ڵایه‌تى و ئابوری له رێگه‌ى ده‌زگا و ده‌سه‌ڵاته‌كانى ده‌وڵه‌ت وه‌كو ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان و دادوه‌رى و جێ به‌جێ كردن.
په‌ندێكى ئه‌مریكى هه‌یه ئێژێت: "ده‌ستور گه‌ره‌نتى به‌خته‌وه‌ریت بۆ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه له سه‌ر تۆیه كه ده‌ستى پێوه بگریت و داواى بكه‌یت و ده‌ستبه‌ردارى نه‌بیت". واته به‌خته‌وه‌ریه‌كه په‌یوه‌سته به هه‌ولأدان بۆ جێ به‌جێ كردنی، به‌مانایه‌كى تر وه‌ك ده‌وترێت ماف نادرێت، به‌ڵكو به‌ده‌ست ده‌هێنرێت و وه‌رده‌گیرێت. لێره پرسیارێ دێته پێشه‌وه ئایا كورد بۆ هه‌میشه كاریگه‌رى لاوازى هه‌بوه له دروستكردنى بڕیاڕ له سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستور له به‌غداد، به شێوه‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندى مافه ده‌ستوریه‌كانى بێت؟ ئایا كورد له‌وه تێ نه‌گه‌یشتبو كه پاش ڕوخانى ڕژێم گۆڕینى عه‌قڵییه‌ت و كلتورى سیاسى به‌عسیزم كارێكى ئاسان نیه له كۆمه‌ڵگه‌ى سیاسى عیراق و ده‌كرێت ببێته ئاله‌نگارى بۆ مافه‌كانى با له ده‌ستوریش هاتبێت؟
بۆیه نه‌بونى دید و ڕوانگه‌یه‌كى نیشتیمانى و ئیراده‌یه‌كى یه‌كگرتوى پته‌و بۆ كاركردن له سه‌ر بنه‌ماكانى فیدراڵیه‌ت به جێ به‌جێ كردنى ده‌ستور و مافه ده‌ستوریه‌كان، ده‌توانین بێژین هۆكارى سه‌ره‌كى ئه‌و دۆخه‌یه كه هه‌یه له به‌غداد به‌رامبه‌ر به كورد. ئه‌وه‌ى ئێستاش ڕوده‌دات فۆڕمێكى تر‌ى سیاسه‌ته دژ به مافه ده‌ستوریه‌كان و بنه‌ماكانى فیدراڵیه‌ت. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین نه‌یارانى كورد سودیان له ده‌ستور وه‌رگرتوه بۆ ئه‌وه‌ى بونى سیاسی و ده‌ستورى كورد لاواز بكه‌ن و دوباره فۆرمى سیسته‌مه سیاسیه‌كه بكه‌نه‌وه به ئاراسته‌یه‌ك كه دژه به فیدراڵیه‌ت و هاوبه‌شى له ده‌وڵه‌تدارى.
نیه‌تپاكیى به‌غداد به‌رامبه‌ر مافه ده‌ستوریه‌كان
بۆ نمونه له پرسی موچه، ده‌ركه‌وتوه چه‌مكى "هاوڵاتى بون"ى تاكى كورد له عێراق پرسێكى جدى و له پێشینه نیه لاى ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق، چونكه دواى بڕیاڕه‌كانى دادگاى فیدراڵى له ١٥ى شوباتى ٢٠٢٢ ده‌بوایه ده‌وڵه‌تى عیراق پرسی موچه‌ى هاوڵاتى هه‌رێمى له‌ناو ململانێ سیاسیه‌كان ده‌ربهێنایه، چونكه دواى وه‌رگرتنى مه‌له‌فى نه‌وت و غاز و ڕاگرتنى ناردنه ده‌ره‌وه‌ى نه‌وت، چاوه‌ڕوانكراوبو كه قه‌یرانى داراى و گرفتى موچه له هه‌رێم دروست ده‌بێت. بۆیه چ دادگاى فیدرالأ چ ده‌سه‌ڵاتى جێ به‌جێ كردن یان یاسادانان ئه‌م پرسه‌یان وه‌ك پرسێكى هاوڵاتى عێراقى نه‌خسته پێش پرسه سیاسى و ناكۆكیه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غداد، له كاتێكدا ده‌زانین حكومه‌تى عێراق له سه‌رده‌مى شه‌ڕى داعش كاتێك داعش ٤٠% ى خاكى عێراقى داگیر كردبو، به‌تایبه‌تى شارى موسڵ، به‌ڵام موچه‌ى موچه‌خۆران خه‌رج ده‌كرا. ئایا ئه‌م تێڕوانینه‌ى به‌غداد بۆ پرسی موچه و دواخستن و به‌ستنه‌وه‌ى به بیانوه سیاسیه‌كان و گفتوگۆكانه‌وه ڕه‌وایه!
یه‌كێك له بیانوه‌كانى تر‌ى حكومه‌تى فیدراڵ ئێستا بریتیه له نه‌ناردنى لیستى سه‌ربازى و پێشمه‌رگه له لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێم، بۆیه به‌غداد موچه‌ى ته‌واوى نه‌ناردوه، له كاتێكدا دادگاى فیدراڵى بڕیاڕى له‌م پرسه داوه وه‌كو ماف، وه ئه‌م بیانوه‌ش جێگه‌ى باوه‌ڕ نیه و به‌ڵگه‌ش نیه بۆ نیه‌ت پاكى، چونكه له به‌رامبه‌ردا ده‌بینین هێزه‌كانى ملیشیاى حه‌شد كه نزیكه‌ى ٢٥٠ هه‌زار موچه خۆرن هێشتا لیستى ناو و داتایان به‌رده‌ست نیه له وه‌زاره‌تى داراى عێراق، به‌ڵام مانگانه به‌كاش پاره‌یان بۆ خه‌رج ده‌كرێت، وه هێزه‌كانى هه‌واڵگریش به‌پێى ڕاپۆڕتى ڕۆژنامه نوسان هێشتا ناویان و زانیاریان له وه‌زاره‌تى داراى به‌رده‌ست نیه، به‌ڵام موچه‌یان بۆ خه‌رج ده‌كرێت. له كاتێكدا پێشمه‌رگه و هێزه‌كانى ناوخۆى هه‌رێم له سه‌رده‌مى شه‌ڕى داعش پشتیوانى باشى سوپاى عێراق بون و زیاتر له هه‌زار شه‌هید و نزیكه‌ى ١٠ هه‌زار برینداریان داوه له شه‌ڕى داعش، به‌ڵام ئێستا به نیه‌تێكى خراپه‌وه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، وه ده‌یانه‌وێت دوبه‌ره‌كى و ناته‌باى په‌ره‌بسێنێت، ئه‌م پرسانه ده‌بێت به گفتوگۆ‌و هه‌ماهه‌نگى یه‌كلاى بكرێته‌وه، نه‌ك بژێوى خه‌ڵكى پێوه ببه‌سترێته‌وه. به‌غداد له‌م پرسه به شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه ده‌كات كه له ئیندێكسى شه‌فافیه‌ت و نه‌بونى گه‌نده‌ڵى له لوتكه وڵاتانى جیهانى بێت، هه‌مومان ئاگادارین ئه‌م وڵاته تاكه وڵاته ڕابردوى له ئێستا پێشكه‌وتو تر بوه، وه له‌م وڵاته به پێى هه‌ندێ داتا ته‌نها له بیست ساڵى ڕابردو نزیكه‌ى ٥٠٠ ملیار دۆلار له لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه بردراوه.
له گه‌ڵ ئه‌مانه‌ش دا من وه‌ك موچه خۆرێك كه به‌نه‌ته‌وه كوردم و به‌ناسنامه و به پێى ده‌ستور هاوڵاتى عێراقیم هیچ په‌یوه‌ندیم نیه به‌و ململانێ سیاسیه‌ى كه هه‌یه، چۆن ده‌بێت ده‌وڵه‌ت خۆى له به‌رپرسیارى بێ به‌رى بكات، یان من وه‌كو كارتى فشار به‌كار بهێنێت، له كاتێكدا ئه‌مه مافێكى ده‌ستوریه و ده‌وڵه‌ت به ده‌ستور ناچاره كه به چاوى یه‌كسان سه‌یرى هاوڵاتیانى بكات هه‌ر له زاخۆ تاكو فاو. هه‌روه‌كو له ماده‌ى ١٤ى ده‌ستور هاتوه "العراقيون متساون أمام القانون دون تمييز بسبب الجنس أو العرق أو القومية أو الاصل أو اللون أو الدين أو المذهب أو المعتقد أو الرأي أو الوضع الاقتصادي أو الاجتماعي".
بنه‌ماى لێكجیاكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان و ڕۆڵى دادگاى فیدراڵى
بۆیه پێویسته بابه‌تیانه و به‌ده‌ر له بۆ چونى سیاسیى سه‌یرى ئه‌م پرسانه بكرێت. یه‌كێك له بنه‌ما گرنگه‌كانى هه‌ر ده‌ستورێك بنه‌ماى لێك جیاكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانه. ئه‌مه‌ش زۆر له مێژه له لایه‌ن بیرمه‌ندان و فه‌یله‌سسوفانه‌وه باسى لێوه‌كراوه وه‌كو كانت و جون لوك و مونتسكیو، له پیناو ڕێگرتن له دروست بونى دیكتاتۆرى سیاسى و ده‌ستورى نابێت هیچ ده‌سه‌ڵاتێك ده‌ستوره‌ردان له كاروتایبه‌تمه‌ندى ده‌سه‌ڵاتێكى تر بكات. واته ده‌سه‌ڵاته‌كان پابه‌ندبن به‌و تایبه‌تمه‌ندیه ده‌ستوریانه‌ى بۆیان دانراوه به‌بێ ته‌داخول كردن له كار و تایبتمه‌ندى ده‌سه‌ڵاتێكى تر. بۆیه ئه‌م بنه‌مایه‌ش له‌ناو ده‌ستورى عیراق دا دانى پێدا نراوه (ماده‌ى ٤٧)، بۆیه هه‌ریه‌ك له ده‌سه‌ڵاته‌كانى یاسادانان و دادوه‌رى و جێ به‌جێ كردن تایبه‌تمه‌ندى و ده‌سه‌ڵاتیان دیارى كراوه، و ته‌نها له سنورێكى كه‌م هه‌ماهه‌نگ و چاودێرن به سه‌ر یه‌كه‌وه له پێناو پاراستنى ماف و ئازادیه‌كان و بنه‌ماكانى ده‌ستور. بۆیه كاتێك ئه‌م بنه‌مایه وه‌ك خۆى جێ به‌جێ نه‌كرا، بێ گومان مه‌ترسی له سه‌ر ماف و ئازادیه ده‌ستوریه‌كان و فۆرمى حكومڕانى دروست ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجى تایبه‌تمه‌ندى ده‌ستورى و رۆڵى ده‌ستورى دادگاى فیدراڵى بده‌ین ده‌بینین ئامانجى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته دادوه‌ریه گرنگه دواجار پاراستنى ده‌ستور و ڕێگرتنه له سه‌رپێچى ده‌ستور، به‌مانایه‌كى تر رۆحى ده‌ستور جێ به‌جێ ده‌كات جا له ڕاڤه‌كردنى ده‌ستور بێت یان له یه‌كلاى كردنه‌وه‌ى ناكۆكیه‌كان له نێوان حكومه‌تى هه‌رێم و فیدراڵ یان ناكۆكى نیوان ده‌سه‌ڵاته ناوخۆیه‌كان وه‌ك پاریزگاكان(ماده‌ى ٩٢،٩٣)، بۆیه له وڵاتانى فیدراڵى ئه‌م دادگایه رۆڵى گرنگى هه‌یه بۆ پاراستنى مافه ده‌ستوریه‌كان و لابردنى سه‌رپێچى ده‌ستور. بۆیه له عیراقیش رۆڵى ئه‌م دادگایه نادیده ناگرین، به‌ڵام له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا هه‌ندێ له بڕیاڕه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى دادگاكه به‌ده‌ر نیه له كاریگه‌رى سیاسى و مه‌رامى سیاسى به ئاڕاسته‌ى سنورداركردن و بچوكردنه‌وه‌ى پێگه‌ى سیاسى و ده‌ستورى هه‌رێمى كوردستان.
بۆ نمونه له‌و حوكمه‌ى له داواى ژماره ٨٣ و هه‌ردو یه‌كخراوه‌كه‌ى (١٣١) و(١٨٥)ى ئیتیحادى /٢٠٢٣ هه‌ستاوه به ته‌شریع كردنى چه‌ندین ده‌قى یاساى نوێ، له سه‌ر بنه‌ماى ناده‌ستورى بون و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى چه‌ند بڕگه‌یه‌ك له یاساى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان- عیراقى ژماره ١ى ساڵى ١٩٩٢ى هه‌مواركراو. یه‌كێك له بیانوه‌كان سه‌رپێچى ماده‌ى ١٤ و ١٦ى ده‌ستوره كه تایبه‌تن به بنه‌ماى یه‌كسانى و پێدانى ده‌رفه‌تى یه‌كسان به هه‌مو تاكێك، وه بیانویه‌كى تر بریتیه له گونجاندن له گه‌ڵ یاساى ژماره ٣١ى ساڵى ٢٠١٩ى هه‌مواركراوى كۆمسیۆن سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، تاوه‌كو سه‌رپه‌رشتى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان بكات، ئه‌گه‌ر چى ده‌كرا بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ش بگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌رێم و به تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى هه‌رێم بۆ هه‌ماهه‌نگى و هاوبه‌شى له‌م پرسه. بۆیه ئه‌م ته‌شریع كردنه‌ى دادگاكه له لایه‌كه ناچێته چوارچێوه‌ى ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوریه‌كانى دادگاكه، به تایبه‌تى راڤه‌كردنى ده‌قه‌كانى ده‌ستور، كه ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى بنه‌ماى لێك جیاكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانه. وه له لایه‌كى تر په‌نا بردن بۆ ته‌شریع له‌م كه‌یسه ئه‌گه‌ر ببێته پێشینه‌یه‌كى دادوه‌رى ئه‌وه مه‌ترسیدار ده‌بێت له داهاتو، چونكه هه‌ر كاتێك تانه‌یه‌ك بدرێ له یاسایه‌كى هه‌رێم ئه‌و دادگایه بۆی هه‌یه بڵێ ئه‌و یاسایه یان ده‌قه ناگونجێت له گه‌ڵ ده‌ستور، تا ئێره‌ش ئاساییه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا بێ گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ ئیراده‌ى نوێنه‌رانى گه‌لى كورد له هه‌رێم كه بریتیه له ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان هه‌ستێت به هێنانى ده‌ق و ده‌سته‌واژه‌ى یاسایی نوێ. بۆ نمونه یاساى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ژماره ١ى ساڵى ١٩٩٢ ى هه‌مواركراو یاسایه‌كى گرنگه بۆ گه‌له‌كه‌مان، چونكه به‌م یاسایه یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له ١٩ى ئایارى ١٩٩٢ به‌ڕێوه چو. ئه‌گه‌ر چى وه‌كو هه‌ر یاسایه‌ك تێبینى هه‌ڵده‌گرێت و شایه‌نى هه‌مواركردنه له لایه‌ن په‌رله‌مانى كوردستان، نه‌ك بخرێته ژێر ده‌ستى ناحه‌زان و بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان چۆن بیانه‌وێ به‌و شێوه ماده‌كانى هه‌ڵوه‌شێننه‌وه و ده‌قى بۆ زیاد بكه‌ن، ئه‌وه‌ى تا ئێستا كراوه زۆر مایه‌ى نیگه‌رانى نیه، به‌ڵام ترسه‌كان له هه‌نگاوه‌كانى دواتر و ده‌ست بردنه بۆ سه‌روه‌رى و ده‌ستكه‌وته نیشتیمانیه‌كانى ترمان، كه موڵكى هیچ پارتێكى سیاسى نیه.
له لایه‌كى تره‌وه دادگاكه هه‌ستاوه به لابردنى كورسى كۆتاكان، به بیانوى ئه‌وه‌ى پێشێلى ماده‌ى ١٦ى ده‌ستوره كه ده‌رفه‌تى یه‌كسان ده‌دات به هه‌موان بێ جیاوازى، لێره‌دا هاوڕام له گه‌ڵ بۆچونى ئه‌نجومه‌نى شوراى هه‌رێم كه به وه‌رگرتنه‌وه‌ى كورسى كۆتا ئه‌گه‌رى زۆره گرفت دروست بكات له مسۆگه‌ركردنى كورسى بۆیان، له سایه‌ى بڕیاڕدانى دادگاكه به دابه‌ش كردنى هه‌رێم بۆ سیسته‌مى فره بازنه‌ى بۆ چوار بازنه. چونكه ده‌نگه‌كانیان بڵاوده‌بێته‌وه، وه ڕه‌نگه نه‌گاته نرخى كورسی، بۆیه له‌م حاڵه‌ته‌دا مافى كه‌مینه‌كان پێشێل ده‌كرێت كه مافێكى ده‌ستوریه له به‌شدارى سیاسى. له لایه‌كى تر لابردن و ناوزه‌دكردنى كورسى كۆتاكان له یاساى هه‌ڵبژاردنى په‌له‌مانى كوردستان ژماره ١ى ساڵى ١٩٩٢ ى هه‌مواركراو، له كاتێكدایه له یاساى تر‌ى عێراق دا وه‌كو یاساى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پاریزگا و قه‌زاكان به ژماره ١٢ى ساڵى ٢٠١٨(له ماده‌ى ٩ بڕگه‌ى یه‌كه‌م ٩ كورسى دابینكردوه و دابه‌شى كردوه به سه‌ر كه‌مینه‌كان له پارێزگا جیاوازه‌كان). بۆیه به بۆچونى ئێمه له‌م پرسه‌دا بونى كۆتا پێشێلكردنى ده‌ستور و ماده‌كانى ١٤ و ١٦ نیه، كه كردویانه به بنه‌ما بۆ ئه‌م حوكمه، چونكه ئه‌گه‌ر وا بوایه ده‌بوایه چاوخشانه‌وه‌كه یان بڕیاڕه‌كه بۆ بابه‌تى كۆتا بۆ یاسا په‌یوه‌ندیداره‌كانى تریش بوایه كه باس له كۆتا ده‌كه‌ن له عێراق، وه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێكرد نه‌ك ته‌نها یاساى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانى ژماره ١ ى ساڵى ١٩٩٢ ى هه‌مواركراو، به بۆ چونى ئێمه ئه‌مه بۆ لێدانه له به‌رژه‌وه‌ندى پارتێكى سیاسى چونكه ئه‌م ١١ كورسیه زۆرجار له زۆر پرسدا هاوڕا و هاوپه‌یمانیه‌كى سیاسیان هه‌بوه له گه‌ڵ پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، بۆیه به بۆ چونى ئێمه دادگاى ده‌ستورى نابێت ببێت به به‌شێك له ململانێ سیاسه‌كان، وه نابێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندى هیچ لایه‌نێك راڤه‌ى ده‌قه ده‌ستوریه‌كان بكات.
زه‌مینه‌سازیى سیاسى له مامه‌ڵه له گه‌ڵ به‌غداد
بمانه‌وێت یان نا زه‌مینه‌سازى سیاسى رۆڵى گرنگى هه‌یه، له جوڵه‌ى ده‌زگا فیدراڵیه‌كان به قازانج یان زیانى كورد و مافه ده‌ستوریه‌كانى. له لایه‌كى تر بون و عه‌قڵى سیاسى و ده‌ستورى كورد له به‌غداد سه‌ركه‌وتو نه‌بوه له شه‌ڕكرد بۆ مافه ده‌ستوریه‌كانى كورد، بۆ نمونه بۆچى تا ئێستا لایه‌نه سیاسه‌كان و په‌رله‌مانتاران هه‌ڵنه‌ستاون به تۆماركردنى سكاڵا دژ به ده‌سه‌ڵاته فیدراڵیه‌كان له لاى دادگاى فیدراڵى؟، ده‌بوایه كورد وه په‌رله‌مانتارانى كورد له به‌غداد ده‌كرا زنجیره سكاڵایه‌كیان تۆمار بكردایه دژ به مامه‌ڵه‌ى ده‌سه‌ڵاته فیدراڵیه‌كان به‌رامبه‌ر مافه ده‌ستوریه‌كانى كورد، بۆچى كورد له عیراق دا چ مافێكى ده‌ستورى وه‌ك خۆی پێدراوه؟ ده‌ستور چه‌ندین بنه‌ما وده‌قى تیدایه كه‌ده‌كرێت په‌ناى بۆ ببرێت دژى هه‌ر بڕیاڕ یان هه‌ر یاسایه‌ك كه ته‌با نه‌بێت له گه‌ڵیدا، بۆیه ده‌بێت دان به‌وه‌شدا بنه‌ین كه عه‌قڵى ده‌ستورى و تواناى تێگه‌یشتنمان بۆ چه‌مك و بنه‌ما و مافه ده‌ستوریه‌كان له لایه‌كه‌وه سنوردار بوه، وه ده‌ستورى عێراقمان به لاوه گرنگ و پیرۆز نه‌بوه بۆ پاراستنى مافه‌كان، و وه‌ك پێویست دیراسه‌مان نه‌كردوه، له لایه‌كى تر نا ته‌باى واى كردوه نه‌چینه شه‌ڕى مافه ده‌ستوریه‌كان به به‌هێزى و یه‌كگرتویه‌وه.
بۆ نمونه ئه‌و زیانانه‌ى كه له لایه‌ن ڕژێمه‌كانى پێشوى عیراق دژ به گه‌لى كوردستان و خاكه‌كه‌ى كه‌وتوه زیانێكى زۆرى بێ سنورى ماددى و مرۆیی و ژینگه‌یین. بۆ نمونه به پێى ڕاپۆرتى ده‌ست نیشانكردن و خه‌مڵاندنى زیانه مادى و مرۆییه‌كانى رژێمه‌كانى پێش‌و له نێوان ساڵانى ١٩٦٣-٢٠٠٣ كه له لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه ئاماده‌كراوه به نزیكه‌ى ٣٨٤ ملیار دۆلار مه‌زنده كراوه، كه پێویسته حكومه‌تى ئێستاى عیراق قه‌ره‌بوى هه‌رێم بكاته‌وه، ئه‌مه قه‌ره‌بوه‌ش مافێكى ده‌ستوریه بۆ كورد، هه‌ر وه‌كو له بڕگه‌ى یه‌كه‌م له ماده‌ى ١١٢ ى ده‌ستور باس له ته‌رخانكردن به‌شێك له داهاتى نه‌وت و غاز كراوه بۆ ئه‌و ناوچانه‌ى زیانمه‌ندبون له تاوانه‌كانى ڕ‌ژێمى پێش‌و. هه‌روه‌ها له ماده‌ى ١٣٢ى ده‌ستوریش به‌هه‌مان شێوه باس له ئه‌ركى ده‌وڵه‌ت كراوه له قه‌ره‌بو كردنه‌وه‌ى كه‌س و كارى شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسى و زیان لێكه‌وتوانى ڕ‌ژێمى پێش‌و، وه له بڕگه‌ى دوه‌م باس له قه‌ره‌بوى قوربانیانى تیرۆر ده‌كاته‌وه. یۆیه ئه‌م مافه ده‌ستوریانه و چه‌ندین مافى تر هه‌ن پێویسته كورد شه‌ڕى بۆ بكات.
فاكتێك هه‌یه كه ئێمه له‌م جوگرافیایه ده‌ژین له چوارچێوه‌ى عیراق، وه عیراقیش ده‌راوسێى چه‌ند وڵاتێكه كه دۆخى كورد خراپ تره تیایدا، وه ئیراده‌یه‌كى هاوبه‌شى هه‌رێمى دروست بوه بۆ سنورداركردنى بونى سیاسی و ده‌ستورى كورد، بۆیه چاوه‌ڕوان كراوه كه كار بۆ كۆتكردنى مافه ده‌ستوریه‌كانى ئێمه‌ش بكه‌ن له عێراقدا. بۆیه هێزه سیاسه‌كانى هه‌رێم ده‌بێت مامه‌ڵه و سیاسه‌تێكى ژیرانه و نیشتیمانى په‌یڕه‌و بكه‌ن له گه‌ڵ وڵاتانى هه‌رێمى، چونكه كاریگه‌ریان كه‌م تا زۆر هه‌یه له سه‌ر حوكمڕانى و سیاسه‌ت و مامه‌ڵه‌ى ده‌سه‌ڵاته فیدراڵیه‌كان له عیراق به‌رامبه‌ر به هه‌رێم ومافه‌كانى.
بۆیه ده‌بێت هه‌مو هێز و لایه‌نه سیاسه‌كان به به‌رپرسیاریه‌كى نیشتیمانیه‌وه له پرسه ده‌ستورى و مافه ده‌ستوریه‌كان بنواڕن. ده‌بێت هه‌مو هێز و لایه‌نه‌كان پرسه نیشتیمانیه‌كان بخه‌نه پێش به‌رژوه‌ندى كه‌سى و حزبیه‌وه و ململانێ سیاسه‌كانى هه‌رێم نه‌هێننه به‌رده‌م لایه‌نى تر، چونكه مێژو و ئه‌زمون ئه‌وه‌ى سه‌لماندوه مافه‌كانى نه‌ته‌وه‌ى كورد هه‌رده‌م له به‌رده‌م ئاله‌نگارى و پلانى دوژمنانه. بۆیه ئه‌گه‌ر ئێمه له هه‌رێمى كوردستان فه‌راغى سیاسی و یاسای دروست نه‌كه‌ین، وه پێمان وابێت كه خه‌ڵكى تر دێت كێشه‌كانمان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كات و تیمارى ده‌رده‌كانمان ده‌كات، بێ گومان ئه‌مه لێكدانه‌وه‌یه‌كى دروست نیه.
چاره‌سه‌رى ڕیشه‌یی له هه‌ولێره و له نێوماڵى خۆمانه
بۆیه چاره‌سه‌رى ڕیشه‌ى له هه‌ولێره پێش به‌غداد، به‌مانایه‌كى تر ئاشته‌واى نیشتیمانى و نیه‌ت پاكى و هه‌نگاوى جدى و ڕاست ئه‌وه‌یه هێزه‌كان به‌یه‌كه‌وه دابنیشن و به‌رپرسانه مامه‌ڵه بكه‌ن، نه‌بونى یه‌كگرتوى و برایه‌تى له مێژوى كۆن و نوێ دا هۆكارى لاوازى و شكسته‌كانمان بوه، وه لێك تێ نه‌گه‌یشتنى سیاسى له ماوه‌ى ڕابردو واى كرد خۆمان توشى ئه‌م دۆخه بكه‌ین كه تیایداین. ئه‌گه‌ر بهاتایه ده‌ستور و ده‌زگاى ده‌ستورى نیشتیمانى هه‌بوایه، و هه‌ڵبژاردن له كاتى خۆیدا بكرایه نه‌ده‌گه‌یشتین به ئه‌مرۆ. بۆیه نابێت هاوڵاتى ئێمه باجى په‌رته‌وازه‌ى هێزه كوردیه‌كان بدات له سیاسه‌تكردن چ چوارچێوه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم، چ له مامه‌ڵه‌ى هه‌رێمیش له گه‌ڵ به‌غداد.
كۆبه‌ند
به دڵنیاییه‌وه ده‌یڵێم ئه‌گه‌ر یه‌كگرتوى و ته‌باى ڕاسته‌قینه هه‌بێت له سه‌ر ماف و به‌رژه‌وه‌ندیه نیشتیمانیه‌كان ئه‌وه زاڵ بون به‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى ئاسانتره و ده‌توانرێت یاسا سه‌روه‌ربێت و به‌رژه‌وه‌ندى گشتى بكرێته كرۆكى بڕیاڕ وكارى یاسایی و سیاسى. وه به یه‌كڕیزى ده‌توانرێت سنور بۆ هه‌ر هه‌وڵ و ده‌ستوه‌ردانێك دابنرێت چ له لایه‌ن وڵاتانى هه‌رێمى چ له لایه‌ن حكومه‌تى ناوه‌نده‌وه، بۆ لاوازكردن و له قاڵبدانى كیانى سیاسى و سنورداركردنى مافه ڕه‌وا و ده‌ستوریه‌كان كورد. بۆیه مایه‌ى نیگه‌رانیه كه یاسا و ده‌ستور و ده‌زگا دادوه‌ریه‌كان به‌كاربهێنرێت له ناكۆكى سیاسى بۆ ئامانجى سیاسى تایبه‌ت، به‌ڵكو یاسا و ده‌ستور هه‌میشه وا پێناسه ده‌كرێت كه كۆمه‌ڵه ڕیسایه‌كه بۆ پاراستنى به‌رژوه‌ندى گشتى و مافى گشتى.