دەنگ نێت
دوای سێ ساڵ له نمایشكردنى شانۆی "وه‌رن ببین به سه‌گ"، ده‌رهێنه‌ر و ئاماده‌كار و هه‌ردو ئه‌كته‌رى شانۆگه‌رییه‌كه له‌لایه‌ن دادگاى كەتنى كه‌لاره‌وه سزا "حوكم" دران، ده‌رهێنه‌رى شانۆگه‌رییه‌كه حوكمه‌كه به ناعەدالەتانە ده‌زانێت و یه‌كێتى زانایانیش ده‌ڵێت: ئەمانویست دان بەهەڵەی خۆیاندا بنێن.
لەپاش زنجیره‌یه‌ك دانیشتن، رۆژى 9ـى تشرینی یه‌كه‌مى 2023، دادگاى كه‌تنى كه‌لار، هه‌ر چوار تۆمه‌تبارى شانۆگه‌ری "وه‌رن ببین به سه‌گ"ـى یه‌كى به 100 هه‌زار دینار سزادا، ئه‌مه‌ش به پشت به‌ستن به ماده‌ى (372) له یاسای سزادانی عێراقی.
سزادراوه‌كان پێكهاتون له: شكۆ عومه‌ر- ئاماده‌كار، عومه‌ر عه‌بدوڵڵا- ده‌رهێنه‌ر، محه‌مه‌د عه‌لی- ئه‌كته‌ر و شاناز عه‌لی- ئه‌كته‌ر.
گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ره‌تاى كێشه‌كه
رۆژانی 22 و 23ـى شوباتى 2020، له قه‌زاى كه‌لار "وه‌رزی شانۆ له گه‌رمیان" له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى رۆشنبیری و هونه‌رى گه‌رمیانه‌وه به‌ڕێوه‌چو، تیایدا ژماره‌یه‌ك شانۆگه‌رى و دیبه‌یت و سیمینار له‌باره‌ى هونه‌رى شانۆوه پێشكه‌شكران، له‌نێویشی دا شانۆگه‌رییه‌ك به‌ناوى "وه‌رن ببین به سه‌گ" له‌لایه‌ن "گروپی هونەریی ئەستێرەکان"ـه‌وه نمایش کرا.
شانۆگه‌رییه‌كه کە لە تەرزی شانۆی شەقامە، له تێكستی قه‌سیده‌یه‌كى شاعیر: قوبادی جه‌لی زاده وه‌رگیراوه و شكۆ عومه‌ر بۆ شانۆگەریی دایڕشتوەتەوە و عومه‌ر عه‌بدوڵڵا ده‌رهێنانى بۆكردوه، له یه‌كه‌م رۆژى ڤیستیڤاڵه‌كه‌دا له شه‌قامی بەردەم هۆڵی هونه‌ر له كه‌لار نمایشكرا.
نمایشكردنى شانۆگه‌رییه‌كه و بڵاوكردنه‌وه‌ى چه‌ند گرته‌یه‌كى، كاردانه‌وه‌ى جیاوازى دروستكرد، به‌تایبه‌تى له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك زاناى ئاینی "مه‌لا"وه به سوكایه‌تیكردن و بێڕێزی لێكدرایه‌وه، هه‌ربۆیه یه‌كێتى زانایانى ئاینی ئیسلامی كوردستان له رۆژى 24ـى شوباتی 2020 یاداشتێکیان ئاراستەی وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم کرد.
لە یاداشتەکەدا کە وێنەی بۆ رایگشتیش بڵاوکراوەتەوە، ده‌ڵێن: "سوکایەتی بەرامبەر ئیسلام و موقەدەسات قابیلی قبوڵ نییە و ئەو جۆرە کار و هەنگاوانە نەک هیچ خزمەتێک پێشکەش ناکەن، بگرە مەترسی زۆر بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاشتی کۆمەڵگە و پێکەوەژیان هەیە".
بەڵام دەرهێنەری شانۆگەرییەکە: عومه‌ر عه‌بدوڵڵا، لە لێدوانی بۆ رادیۆی دەنگ، بە توندی رەدیدەکاتەوە شانۆگەرییەکە سوکایەتییکردن بوبێت بە ئاینی ئیسلام.
له‌نێو شانۆگه‌رییه‌كه‌دا، دێڕێك هه‌یه كه تیایدا ده‌سته‌واژه‌ى "مه‌لای لاكۆڵان" به‌كارده‌هێنێت، بڕوا وه‌هایه كه ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه یه‌كێتى زانایانی توڕه كردوه و به سوكایه‌تى به خۆیان و پیرۆزییه ئاینییه‌كانیان زانیوه .
مه‌لا حه‌مه‌ئه‌مین كه‌لاریی، سه‌رۆكى لقی گه‌رمیانى یه‌كێتى زانایانى ئاینی ئیسلامی كوردستان، له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى
نه‌وژین له شوباتى 2020، ده‌ڵێت: "ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەوە نیە کە ژنان بەشداربن لە شانۆگەریدا، بەڵکو هەندێک مناڵ لاسایی (قوبادی جەلی زادە)یان کردوەتەوە و جوێن بە مەلایانی ئاینی ئەدەن".
ده‌رهێنه‌رى شانۆگه‌رییه‌كه‌ش هه‌ر ئه‌وكات له‌وباره‌یه‌وه به رۆژنامه‌كه‌ى وتوه: "سوکایەتی بە مەلای ئاینی نەکراوە (...) به‌ڵكو هەندێک مەلا هەیە و قسەمان لەسەر کردوە کە لەشوێنەکان و گرتە ڤیدۆیەکانیان کە هەیە چۆن ئیهانەی ژنان دەکەن و خراپەکاری بەرامبەر بە ژنان دەکه‌ن، یه‌كێك له‌و مه‌لایانه زۆر بە رونی باس لەوە دەکات کە هەر کەسێک لە پەیمانگاى هونه‌ره‌جوانه‌كان بخوێنێت لەشفرۆش و چی و چیە".
نیگه‌رانییه‌كان ده‌بن به سكاڵا
نیگه‌رانى زانایانى ئاینی هه‌ر له چوارچێوه‌ى به‌یاننامه‌دا نامێنێته‌وه، له‌مچوارچێوه‌یه‌شدا لقی گه‌رمیانى یه‌كێتى زانایانى ئاینی ئیسلامی كوردستان سەردانی ئیدارەی گەرمیان و داواکاری گشتی گەرمیان دەکەن و ناڕەزایەتی خۆیان لەبارەی شانۆگەرییەکەوە دەخەنەڕو، دوای چه‌ند رۆژێكیش به فه‌رمی سكاڵا پێشكه‌ش به داواكارى گشتى گه‌رمیان ده‌كه‌ن.
کۆبونەوەی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئاینی لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان
دواتر ئه‌م سكاڵایه له‌لایه‌ن داواكارى گشتییه‌وه ره‌وانه‌ى دادگا ده‌كرێت و ده‌بێت به كه‌یسێكى یاسایی، كه‌تیایدا لقی گه‌رمیانى یه‌كێتى زانایانى ئاینی ئیسلامی كوردستان ده‌بێته سكاڵاكار و هه‌تا كۆتایی له‌سه‌ر كه‌یسه‌كه ده‌چێت.
وێنەیەک لە سكاڵاكه‌ى لقی گه‌رمیانى یه‌كێتى زانایان بۆ داواكارى گشتی گه‌رمیان
رۆشنبیری گەرمیان گروپە شانۆییەکە سڕ دەکات
له‌كاردانه‌ى نیگه‌رانیه‌كانى زانایانى ئاینی، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى رۆشنبیری و هونه‌رى گه‌رمیان له نوسراوێكدا به ژماره (153) له رێكه‌وتى (24/2/2020) و به ئیمزاى: ئاكۆ یوسف "ئاکۆ هۆرێنى" كه له‌سه‌ر پشكی یه‌كگرتوى ئیسلامی كوردستان ئه‌وكات به‌ڕێوبه‌رى گشتى رۆشنبیری و هونه‌رى گه‌رمیان بو، سزاى سڕكردنى گروپى هونه‌ریی ئه‌ستێره‌كان بۆ ماوه‌ى ساڵێك ده‌دات.
لە نوسراوى سزادان و راگرتنى گرپه‌كه‌دا هاتوه: "هەر گروپێک یان هەر کەسێک لە سنوری دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیمان تەشهیر بەرامبەر پیرۆزییەکانی هاوڵاتیان بکات هەمان ئیجرائاتی لەگەڵ دەکرێت".
له‌كاردانه‌وه‌ى ئه‌مه‌شدا ده‌یان هونه‌رمه‌ند، چالاكوان، رۆشنبیر و رۆژنامه‌نوس به‌یاننامه‌یه‌كیان ده‌ركرد و ئیدانه‌ى سزادانى گروپه‌كه‌یان كرد.
هه‌فته‌یه‌ك دواتر، وه‌زیری رۆشنبیری و وه‌رزش و لاوانى هه‌رێم، حه‌مه‌ى حه‌مه‌سه‌عید، به نوسراوێكى فه‌رمیی سزادانى گروپه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
وێنەیەک لە نوسراوه‌كه‌ى بەڕێوبەرایەتی گشتی رۆشنبیری گەرمیان و نوسراوەکەی وه‌زارەتی رۆشنبیری
ستافی شانۆگه‌رییه‌كه راده‌گیرێن
له‌كاتی بەردەوامیی پرۆسه‌ى دادگاییكردنى ستافی شانۆگه‌رییه‌كه، رۆژى (26ـی ئەیلولی 2023) دادوه‌رى دادگاى كه‌تنى كه‌لار له دانیشتنی پێش کۆتایی دۆسیەکەدا، فه‌رمانى را‌گرتن "توقیف"ـى بۆ سێ له بەشدارانى شانۆگه‌ریه‌كه دا، هه‌ریه‌كه له: عومه‌ر عه‌بدوڵڵا و شكۆ عومه‌ر كه ئاماده‌ی دادگاییه‌كه بون لە هەمان کاتدا را‌گیران و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هونەرمەندی سێیه‌م (محه‌مه‌د عه‌لی) دەرچو کە ئەو رۆژە ئامادەی دادگاییەکە نەبو و لە سلێمانی بو، ئەویش هەمان رۆژ لە تاقی شەودا گەڕایەوە کەلار و خۆی راده‌ستکرد و ئه‌ویش راگیرا.
هۆكار و پاساوى راگرتنى ستافی شانۆگه‌رییه‌كه ئه‌وكات و ئێستاش له‌لایه‌ن دادگاوه بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام دادوه‌ر رۆژێك دواتر به كه‌فاله‌تى كه‌سیی ئازادی كردن.
رۆژى (9ـى تشرینی یه‌كه‌مى 2023) و له دواین دانیشتنى پرۆسه‌ى دادگاییدا، دادوه‌ر هه‌مو سکاڵالێکراوەکان کە ئامادەکار و دەر‌هێنەر و دو ئەکتەری شانۆگه‌رییه‌كه بون، به تاوانبار زانی له‌و تۆمه‌تانه‌ى دراوه‌ته پاڵیان و به پێی ماده‌ى (372) له یاسای سزادانی عێراقی یه‌كى به 100 هه‌زار دینار سزا "حوکم"ـی دان.
ئه‌و ماده‌یه‌ى چوار هونه‌رمه‌نده‌كه‌ى پێ سزادراوه، تایبه‌ته به ده‌ستدرێژییكردنه سه‌ر پیرۆزییه ئاینییه‌كان.
محەمەد عەلی، عومەر عەبدوڵڵا و شکۆ عومەر، ستافی شانۆگەرییەکە کە لە رۆژی 26ـى ئەیلولی 2023 را‌گیران
ده‌رهێنه‌رى شانۆگه‌رییه‌كه: حوکمه‌کەمان ناعەدالەتانەیە
عومەر عەبدوڵڵا، دەرهێنەری شانۆگەری "وەرن ببین بەسەگ"، له‌باره‌ى سزادانه‌كه‌یانه‌وه بە رادیۆی دەنگی وت: حوکمەکەمان ناعەدالەتانە بوە، چونکە سکاڵاکە ناعەدالەت بوە و زانایانی ئاینی بابەتەکەیان بەلاڕێدا بردوە بەوەی گوایا ناوزڕاندنمان (تەشهیرمان) بە ئاینی ئیسلام کردوە، بەڵام وەکو لایەنی دادگا ناعەدالەتی نەبوە.
له‌به‌رامبه‌ردا، مه‌لا حه‌مه‌ئه‌مین كه‌لاریی، سه‌رۆكى لقی گه‌رمیانى یه‌كێتى زانایانى ئاینی ئیسلامی كوردستان، به رادیۆی ده‌نگى وت: "به‌ره‌وه‌ڵا وتویانه ئه‌م درۆ و ده‌له‌سه‌ى ئیسلامه چیه ئه‌وه تۆ دێڵه سه‌گی و من گه‌ماڵم با بڕۆین بۆخۆمان به‌یه‌كه‌وه رابوێرین و ئه‌م ماره‌بڕین و درۆده‌له‌سه‌یه چیه".
به‌ڵام ده‌رهێنه‌رى شانۆگه‌رییه‌كه ره‌دی كرده‌وه كه قسه‌ى وه‌ها له شانۆگه‌رییه‌كه‌یاندا كرابێت.
له‌باره‌ى مه‌به‌ستیش له به‌كارهێنانى وشەی سه‌گ لە ناونیشان و سیاقی شانۆگەرییەکەدا، عومه‌ر عه‌بدوڵڵا وتى: ئێمە مەبەستمان لەبون بەسەگ بەواتایەک نیە بە فیعلی ببی بەسەگ، بەڵکو مەبەستمان لەم شوبهاندنە دەرخستنی وەفای سەگ بوە.
یه‌كێتى زانایان: ویستومانە دان بە هەڵەکەیاندا بنێن
سه‌رۆكی لقی گه‌رمیانى یه‌كێتى زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، له‌باره‌ى دۆسیه‌كه‌وه باس له‌وه‌ده‌كات ئه‌وان نه‌یانویستوه هونه‌رمه‌نده‌كان سزا بدرێن، به‌ڵكو ویستویانه دان به "هه‌ڵه‌كه‌یان"ـدا بنێن.
مه‌لا حه‌مه‌ئه‌مین كه‌لاریی، وتیشی: ئەسڵەن پێمناخۆشە کە دەستگیرکران، تەنها ئەمانویست بڵێن هەڵەمان "سەهومان" کردوە و نەمانزانی و دان بەهەڵەی خۆیاندا بنێن.
له‌به‌رامبه‌ردا، عومه‌ر عه‌بدوڵڵا، باس له‌وه‌ده‌كات ئه‌وان "هه‌ڵه"یان نه‌كردوه هه‌تا داواى لێبوردن بكه‌ن، جه‌ختیشده‌كاته‌وه: ئێمە كه‌سوكار و دایک و باوکمان موسوڵمانن، چۆن دەتوانین سوکایەتی بە ئاینیان بکەین؟
ئامادەکردنی:
یەکەی رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ لە رادیۆی دەنگ