دژوار رێبوار
شمشێرە پۆڵاینەکان و تۆفانی ئەقسا دو نوێترین و بەناوبانگترین ناوی کێشمەکێشی سەربازی و جەنگن لەئێستادا و لەدوای ئەوەی رۆژی شەممە چەکدارەکانی جوڵانەوەی حەماسی فەڵەستینی رۆشتنە نێو هەندێك شارۆچکەی سنوری ئیسرائیل و دەستیان بە جەنگ و کوشتارکرد و ناویان لێنا (تۆفانی ئەقسا).
بەرپەرچدانەوەی سەربازی خێرا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستیپێکرد و ئەم جوڵەیش ناوی لێنرا (شمشێرە پۆڵاینەکان).
پرسیارە فزولییانەکە لێرەوە دروست ئەبێ: ئەم ناوانە لەکوێوە سەرچاوە ئەگرن؟ لەبنەڕەتەوە بۆچی دەوڵەتان ناو لە شەڕ و جەنگ و کردە سەربازییەکانیان دەنێن؟
ئاماژە بەوە دەکرێت کە ناولێنانی جەنگەکان بەکارهێنانێکی نوێیە و پێشتر ئەڵمانیا ناوی بەکارهێناوە بۆ لەشکرکێشی و جەنگەکانی لە جەنگی یەکەمی جیهانی. ئەڵمانەکان بە داهێنەر و سەرداری ناولێنان بە جەنگەکانەوە دائەنرێن.
یاسا و پڕۆتۆکۆڵە تایبەتەکان
هەر بەزویی لەپاش ئەوەی ئەڵمانەکان دەسپێشخەربون لە ناونانی جەنگەکان، بیرۆکەکەیان تەشەنەی سەند و بڵاو بویەوە لەنێو هەمو وڵاتانی جیهاندا. تەنانەت زۆرێك لەوڵاتان و سەرکردەکان یاسا و پڕۆتۆکۆڵی تایبەتیان بۆ ناوێك دادەنا بەجێگیری پاشان بۆ شەڕ و ئاڵۆزییە سەربازییەکان بەکاریان دەهێنا. بەنمونە سەرۆك وەزیرانی بڕیتانیا (وینستن چەرچڵ)، یەکێکبو لەوانەی زیاد لەپێویست زرنگ و ورد بو لە دیاریکردنی ناودا بۆ هەر کردەوەیەکی سەربازی کە بڕیتانیا ئەنجامی بدایە. تەنانەت بەیاسا ئەوەی جێگیرکردبو کەپێش دەستپێکردنی هەر کردەوەیەکی سەربازی ئەبوا چەرچڵ لاری نەبونی لەسەر ناوی چالاکییەکە بخستایەتەڕو و دەبو ناوەکان ماناداربوایەن و ئیلهامیان لە هەستی شکۆ و سەربەرزییەوە وەربگرتایە و ناوێلێك نەبونایە کەهەڵگری ناوەڕۆکی پوچ و مانای کەموکاڵبن.
پەرەسەندنی بەکارهێنانی ناوی رەمزیی
بەکارهێنانی ناوی رەمزەکان نوێگەریی بو لە مێژوی ناولێنانی جەنگەکاندا، ناوی سەرکردەکانی سوپا، سیمبولەکانی دەوڵەت بەکارهێنران وەکو ناوی رەمزیی بۆ شەڕەکان. ئەمەش زیاتر لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە پەرەیسەند، پتریش ناوەندی هەواڵگری ئەمریکا بەکاریانهێنا لە وەختی جەنگی نێوان کۆریا و ڤێتنام.
ناولێنانی هێرشی چەکداری حەماس بۆسەر ئیسرائیل بە "تۆفانی ئەقسا" لەوەوە سەرچاوەی گرتوە هێرشەکە هەم زەمینی هەم ئاوی هەمیش ئاسمانی بو، تۆفانیش لەزمانی عەرەبیدا شێوانێکە کە رویدا ئاو و خاک و ئاسمان خۆی لەبەر ناگرێت، بەنمونە (تۆفانەکەی نوح).
شمشێرە پۆڵاینەکان "سیوف الحديدية"
بەداخەوە هەمو میدیا کوردییەکان (سیوف الحديدية)ـیان بەشمشێری ئاسن وەرگێڕاوە و بەکاریدەهێنن، لەکاتێکدا ئەم وەرگێڕانە هەڵەیە و راستییەکەی "شمشێرە پۆڵاینەکان"ـە.
بەهەرحاڵ، مەبەست لەبەکارهێنانی ئەو ناوە بۆ وەستانەوە دژی هێرشە چەکدارییەکە ئەوەبو کە شمشێری پۆڵا کەل ئەبێ دا ئەخورمێ بەس ئاسان ناشکێ و لەت و کەرت نابێ. بەو پێیەی لەکاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆشتنە ناوەوەی چەکدارانی حەماس بۆ نێو خاکی ئسیرائیل، وتەبێژی سوپای بەرگری ئیسرائیل بۆ میدیای عەرەبی (ئەفیخای ئەدرعی) وتی: تا قوڵایی هەشتا کیلۆمەتریش بێنە ژوورەوە دۆخی ئاوارتە و تایبەتە و بەو جۆرە سەیری ئەکەین. دۆخی ئاوارتە "استثناء" هەم ئاساییە و هەمیش نائاسایی ئەکەوێتە سەر هەڵسوکەوتی ئەوانی دی بۆ دۆخەکە.