دەنگ نێت- سازان مستەفا
مریەم (ناوێکی خوازراو) بە روخسارێکی زه‌رد و جەستەیەکی لاواز و ماندوەوە، ئه‌و ته‌مه‌نه‌ى ماویه‌تی به‌سه‌رده‌بات، ئه‌و هێشتا شۆكی ژن به‌سه‌رداهێنانى به‌ری نه‌دابو، هه‌تا روبه‌ڕوى شۆكێكى دیكه بویه‌وه: توشبونى به شیرپه‌نجه‌ى گه‌ده.
مریەم كه دایكی سێ مناڵه، یەکێکە لە دەیان توشبوی شێرپەنجە لە قەزای بازیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بەهۆی پیسبونی هەوا و ئاو به‌كاریگه‌ریی پاشماوە پیشەسازییه‌كانی ئه‌و کارگە زەبەلاحانه‌ى کە دەکەونە دەوروبەری شارەکە.
ئه‌م ناوچه‌یه كه نزیكه‌ى 68 هه‌زار كه‌س تیایدا نیشته‌جێن، له دواى ساڵی 2012ـه‌وه روبه‌ڕوى گۆڕانكارییه‌كى به‌رچاو له سروشتیه‌كه‌ی دا بوه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا پێشتر وه‌كو ناوچه‌یه‌كى سه‌وزی كشتوكاڵیی و گه‌شتیاریی ناسرابو، له پڕێكدا و به‌شێوه‌یه‌كى هه‌ڕه‌مه‌كى له‌لایه‌ن ده‌یان كارگه‌ى جۆراوجۆره‌وه داگیركرا.
به‌پێی
راپۆرتێكى رێكخراوى "ئازادبون"، 32%ـى پیشه‌سازیی عێراق ده‌كه‌وێته سنورى بازیانه‌وه
سییەکانی شارێكی ماندو
ئازاره‌كانی باوکی کۆچ‌کردوی بەده‌ست نەخۆشییەکانی سنگه‌وه، تائێستاش لە یادەوەریی هێرش محەمەد دا زیندوه، "باوکم توشی هه‌ستیاریی (حەساسیەت) و تەنگەنەفەسی بو، به‌وهۆیه‌وه لە ماڵەکەی خۆیدا قەتیس بو، هەرکاتێک دەمبردە دەرەوە بۆ هه‌ڵمژینی هەوای پاک، بارودۆخی خراپتر دەبو، بەهۆی پیسبونی هەوای بازیانه‌وه".
د. ساڵح نەجیب مەجید، مامۆستا له بەشی سامانە سروشتییەکان لە زانکۆی سلێمانی، رونیدەکاتەوە ئاراستەی با رۆڵی هەیە لە گواستنەوەی پیسکەرەکانی کارگەکاندا، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌تا سەرچاوەکانی پیسبون لە ناوچەی نیشتەجێبون نزیکتر بن، چڕی بەرکەوتنی دانیشتوان بەم پیسکەرانە زیاتر دەبێت.
بەپێی وێنە مانگه دەستکرده‌كان، کارگەكانى چیمەنتۆ و ئاسن له بازیان، نزیکن له ناوچەكانی نیشتەجێبون، به‌شێوه‌یه‌ك کارگەیه‌كى چیمەنتۆ نزیکەی 200 مەتر لە ماڵانه‌وه دورە.
پیشەسازی چیمەنتۆ، ده‌بێته هۆی ده‌ردانى تۆزی "کلینکەر" کە لە رێگەی هەواوە دەگوازرێتەوە و كۆئه‌ندامى هەناسەدانی ئەو کەسانە توش دەکات کە هەڵیدەمژن.
سەرەڕای زۆری حاڵەتەکانی نەخۆشی سەختی سنگ لە بازیان، بەشی ژینگە لە پارێزگای سلێمانی هیچ ئامارێکی لەسەر رێژەی نەخۆشی لە قەزاكه‌دا نییە، به‌ڵام به‌وته‌ى: شایی ئاوات عەبدولقادر- لێپرسراوى بەشی هۆشیاری و راگه‌یاندن لە فه‌رمانگه‌ى ژینگەی پارێزگای سلێمانی، دەردانی گازی ژەهراوی کارگەکان و پاشماوەکانیان، کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دانیشتوان هەیە.
گۆڕانکاری لە سروشتی ناوچەکەدا
كارزان عوسمان، به خه‌مبارییه‌وه باسی له‌و گۆڕأنكارییانه ده‌كرد كه‌به‌سه‌ر گونده‌كان "كانى شه‌یتان"ـ دا هاتوه كه سه‌ر به قه‌زاى بازیانه، باسی له‌وه‌كرد له‌كاتێكدا پێشتر به‌هۆی دیمه‌نه جوانه‌كه‌ی و سروشته سه‌وزه‌كه‌یه‌وه دانیشتوانى پارێزگاكانى دیكه بۆ گه‌شت و سه‌یران سه‌ردانی گونده‌كه‌یان ده‌كرد، كه‌چى ئێستا بوه به شارێكى پیشه‌سازیی كه ژینگه و هه‌واكه‌ى پیس بوه.
وێنه وه‌رگیراوه‌كان له مانگه ده‌ستكرده‌كان، ئه‌و گۆڕانكارییه پێبه‌پێیانه ده‌رده‌خه‌ن كه له سروشتى بازیاندا به‌دیی هاتوه و له ناوچه‌یه‌كى كشتوكاڵییه‌وه گۆڕاوه بۆ پیشه‌سازیی.
له بازیاندا 167 كارگه‌ى جۆراوجۆری پیشه‌سازیی هه‌ن كه زۆرینه‌یان كارگه‌ى چیمه‌نتۆن، تێكڕاش 663 كیلۆمه‌تر روبه‌ریان داگیر كردوه.
له‌گه‌ڵ زیادبونى ژماره‌ى كارگه‌كان و سنورداریی روبه‌ری قه‌زاكه، چڕیی ماده و توخمه زیانبه‌خشه‌كان له هه‌واى شاره‌كه‌دا زیاتر ده‌بێت.
پسپۆڕی بوارى ژینگه: سه‌میم سه‌لام، ئه‌وه رونده‌كاته‌وه كه ماده زیانبه‌خشه‌كانى ناو هه‌وا، له‌گه‌ڵ ئاوی ئه‌و موبه‌ریدانه‌ى له هاویناندا به‌زری به‌كاردێن، كارلێك ده‌كه‌ن، له ئه‌نجامیشدا گاز و ترشه ئاوى زیانبه‌خش دروست ده‌كه‌ن.
هەروەها لە ئەنجامی كاركردنى ئه‌و كارگه پیشەسازییانه‌وه، گەردیلەی تۆز دروست ده‌بن و دواتر ئه‌م گه‌ردیلانه روبه‌ره کشتوکاڵییەکان داده‌پۆشن و کاریگەری لەسەر گەشەی بەرهەمەکان داده‌نێن.
ژمارەی پڕۆژە پیشەسازییەکان بەپێی کەرتەکان
هەمەجۆریی نەخۆشیەکان
ئەو ئامارانەی لە سێ ناوەندی پزیشکی بازیان دەستمان کەوتوە ئاماژەن بۆ زیادبونی ژمارەی نەخۆشییەکانی سنگ و هه‌ستیاریی و شیرپەنجە.
بە کۆی گشتی لە ساڵی 2022دا، سێ سەنتەرەکە 223 حاڵەتی تەنگەنەفەسی و 15 هەزار و 831 حاڵەتی هەوکردنی سنگیان تۆمارکردوە.
سەبارەت بە هه‌ستیاریی "حه‌ساسیه‌ت"، ژمارەی توشبوانی دانیشتوانی قەزاکە لە ساڵی رابردودا گەیشتوه‌تە دو هەزار و 550 کەس.
ئاماری نەخۆشییە تۆمارکراوەکان لە مەڵبەندە تەندروستییەکانی بازیان دا
به‌رای ئیسماعیل ئه‌یمه‌ن حه‌سه‌ن- به‌ڕێوبه‌رى مه‌ڵبه‌ندى ته‌ندروستى بازیان، زیادبونى حاڵه‌ته‌كانى نه‌خۆشیه‌كانى سه‌نگ و هه‌ستیاریی، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پیسكردنى ژینگه‌ى بازیان له‌لایه‌ن كارگه‌كانه‌وه.
جگە لەوەش ژمارەی توشبوانی شێرپەنجە لە بازیان لە زیادبوندایە، بە شێوەیەکی سەرەکیش دەردانی گازه ژەهراوییه‌كان له‌لایه‌ن کارگەکانەوە، بە هۆکاری ئه‌م زیادبونه ده‌زانرێت.
هاوشان له‌گه‌ڵ ئه‌م حاڵه‌تانه‌شدا، ژماره‌ى كه‌سانى توشبو به نه‌خۆشی شیرپه‌نجه له بازیاندا رو له زیادبونه، كه ئه‌مه‌ش به‌هه‌مانشێوه گرێده‌درێت به‌بونى ئه‌و كارگانه‌وه.
بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی هیوا له سلێمانى، ژمارەی توشبوانی شێرپەنجە لەنێو دانیشتوانی بازیان لەماوەی نۆ ساڵی رابردودا گەیشتوەتە 175 نەخۆش.
هەروەها ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە رێژەی توشبونى شێرپەنجە لەنێو ئافرەتان زیاترە لە پیاوان، بەشێوه‌یه‌ك رێژەكه لەنێو ئافرەتاندا گەیشتوەتە 60%، لەکاتێکدا لە نێو پیاواندا 40% بوە.
ملکۆ بازیانی، سه‌رۆكى پارتی سەوزی کوردستان کە گرنگیی به پرسەکانی ژینگە ده‌دات، گومانى خۆی له‌و ئامارانە ده‌رده‌بڕێت و ئاماژە بەوە دەکات کە حزبه‌كه‌ى لە ماوەی دە ساڵی رابردودا راپرسییەکی لەباره‌ى ژمارەی توشبوانی شێرپەنجە لە قەزای بازیان ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا نزیکەی 10 هەزار حاڵەتیان تۆماركردوه.
ئەم ژمارەیە لەلایەن قایمقامی قه‌زاى بازیان- ئیسماعیل ئەحمەد، رەتکرایەوە و ئاماژەی بەوەدا: سەرەڕای پیسبونی هەوای بازیان، ژمارەی توشبوانی شێرپەنجە لەنێو دانیشتوانی قەزاکەدا لە 100 حاڵەت زیاتر نییە.
پیسبونی ئاوی ژێرزەوی
بازیان بەوه ناسراوبو كه یەدەگێکی ستراتیژیی ئاوی ژێرزەوی هه‌یه، بە تێپەڕبونی کات و به‌هۆی ئه‌و كار و ته‌قینه‌وانه‌ى كه به‌مه‌به‌ستى به‌ده‌ستهێنانى كه‌ره‌سته‌ى خاوى پیشه‌سازیی و به‌تایبه‌ت چیمه‌نتۆ ئه‌نجامده‌دران، ئەم یەدەگە کەم بوەوە.
نەجیب ساڵح، مامۆستا له بەشی سامانە سروشتییەکان لە زانکۆی سلێمانی، دەڵێت: جگە لە کەمبونەوەی یەدەگی ئاوی ژێرزەوی، ئاوی ژێر زەوی لە ناوچەکە پیسبوە.
به‌پێی
توێژینەوەیەكى زانستی كه توێژه‌ر: لەیلا ساڵح لە ساڵی 2013دا ئەنجامیداوە، کاریگەرییە ژینگەییەکانی پاڵاوگەی "بازیان" لە گۆڕینی هەندێک لە تایبەتمەندییە فیزیکی و کیمیایی و بەکتریاییەکانی ئاو و خاکى قه‌زاكه‌دا پشتڕاست كراوه‌ته‌وه.
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتوە پاڵاوگەکانی نەوت لە بازیان پاشماوەی چارەسەرنەکراوی خۆیان دەردەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئاستی قورقۆشم و کادمیۆم لە ئاوی بیرەکانى قه‌زاكه‌دا لە ئاستی رێگەپێدراو زیاتر بێت.
هه‌روه‌ك توێژینەوەکە سەلماندوشیه‌تی کە رێژەی سەدیی مس "كه یەکێک لە توخمە ژەهراوییەکان" لە ئاوی ژێر زەوی بازیان دا سنوری رێگەپێدراوی تێپەڕاندوه.
چڕیی کانزا‌کان لە ئاوی ژێرزەوی بازیان دا
ئێمە ئەم رێژه و ژمارانه‌مان خستە بەردەم: د. واسق کەریم، پزیشكی پسپۆڕی هه‌ناویی، ئه‌ویش حه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ى بەرکەوتنی مرۆڤ بە ئاستێكی بەرز له‌م کانزایانە "جا لە رێگەی ئاوی خواردنەوە بێت یان سەرچاوەی ترەوە" دەبێتە ئەگەری زیاتری توشبون بە هەندێک جۆری شێرپەنجە.
دەشڵێت: پەیوەندی هەیە لە نێوان بەرکەوتنى چڕی قوڕقوشم و شێرپەنجەی گورچیلە و سییەکان، هەروەها چڕیی زۆری مس دەبێتە هۆی نەخۆشی تێكچونى جگەر و تێکچونی خانەکانی مێشک.
ئه‌و پزیشكه جەخت لەسەر پێویستی پابەندبون بە ئاستی چڕیی کانزا‌کان دەکاتەوە کە لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە دیاری کراوە، بەجۆرێک تێکەڵکردنی ئەم توخمانە لەگەڵ ئاو نه‌بێتە هۆی توشبون نەخۆشییه‌كانى کۆئەندامی هەرس و تێکەڵبونیشیان لەگەڵ هەوادا زیان بە کۆئەندامی هەناسە نەگەیەنێت.
چڕبونەوەى ئه‌م توخمانه، پێشێلکردنی ماددەی ١٤ـی یاسای پاراستن و باشترکردنی ژینگەى ژمارە ٢٧ی ساڵی ٢٠٠٩ـه، کە تێیدا هاتوە: فڕێدانی هەر پاشماوەیەکی شلەمه‌نی ناوخۆیی، پیشەسازی، خزمەتگوزاری، یان کشتوکاڵی بۆ ناو سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی یان ناوچە دەریاییەکانی عێراق قەدەغەیە، ته‌نها له دوای ئەنجامدانی چارەسەرە پێویستەکان لەسەریان بۆ دڵنیابون لە هاوتابونی رێژه‌كه‌یان بەپێی ئەو تایبەتمەندیانەی کە لە یاسای ژینگەیی نیشتمانی و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکاندا دیاریکراون.
هەروەها پێشێلکردنی ڕێکەوتننامه‌ی پاریسیشه کە عێراق لە ساڵی ٢٠٢١ پەسەندی کرد، ئامانجی رێککەوتنەکە کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمكه‌ره‌وه‌كانه کە دەبێتە هۆی قه‌تیسبونى گەرما له جیهاندا.
ئەو گازانەی لە پیشەسازی نەوت و پترۆکیمیاوە دەردەچن، بە یەکێک لە گەورەترین هۆکارەکانی قه‌تیسبونى گەرما و و گۆڕانی کەشوهەوا دادەنرێت.
بەرپرسیارێتی یاسایی
د. بورهان عەبدوڵڵا، پسپۆری بواری ژینگە، تێکچونی ژینگەی بازیان ده‌به‌ستێته‌وه به کەمتەرخەمیی دەزگا حکومییە پەیوەندیدارەکان له چاودێریکردنی کارگەکان و نەبونی پلانێکی زانستی رون بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی چالاکییەکانی کارگەکان لەو شارەدا.
دەڵێت: "دەسەڵاتدارانی ژینگەی حکومی، کادری تایبەتمەندی ژینگەیی و ئامێر و کەرەستەی تاقیگەیی پێویستیان نییە بۆ چاودێریکردنی جۆری ئەو پیسکەرانەی کە لە چالاکییە پیشەسازییەکانەوە دەردەچن و رێژەکەیان بخەمڵێنن".
هاوکات، شایی ئاوات عەبدولقادر، بەرپرسی بەشی هۆشیاری و زانیاری لە بەشی ژینگە لە پارێزگای سلێمانی، وەڵامی ئەو قسه‌ى دایه‌وه كه "ئەوان بەشێوەیەکی به‌رده‌وام چاودێریی چالاکیی کارگەکان دەکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد: "هەر کارگەیەک سەرپێچی بکات له یاسا و رێنماییە ژینگەییەکان، سزا دەدەین، لە داهاتوشدا درێغی ناکەین لە سزادانی ئەو کارگانەی کە زیان بە ژینگه‌ى ناوچه‌كه دەگەیەنن، لە ئێستاشدا کارگە هەیە كه پابەندی ستانداردە ژینگەییەکان نین، بۆیه غەرامەیان بەسەردا سەپێنراوە و سکاڵای یاساییشمان لەسەر تۆمار کردون".
لە کاتێکدا کارگەکانی بازیان بەردەوامن لە چالاکییە پیسکەرە ژینگەییەکانیان بە گوێدانه سکاڵای هاوڵاتیان و ئەو دۆسیه یاساییانه‌ى فه‌رمانگه‌ى ژینگە لە دژیان تۆمارییكردوه، ژمارەی قوربانیان به هۆی پیسبونى ژینگه لەناو خەڵکی ئه‌و شاره‌دا زیاد ده‌كات، شارێك له رابردودا سروشته سه‌وز و جوانه‌كه‌ى له هه‌مو شوێنێكه‌وه گه‌شتیاری راده‌كێشا.
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی دەنگەکانمان "أصواتنا" بەرهەم هێنراوە، کە لە لایەن رێکخراوی ئینتەرنیوزەوە جێبەجێ دەکرێت.