عەبدولموتەڵیب رەفعەت
گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا بە هۆى کارە نادروستەکانى مرۆڤەوە، جیهانى روبهڕوی دۆخێكی سهخت کردووە لە دیاردە سروشتییە توندەکان. کەشوهەواى جیهان بە گشتى تێکچووە و ئەگەرى دووبارەبوونەوەى دیاردە سروشتیە توندەکان زیاتر بوەتەوە لە دیاردەى وشکى، ووشکەساڵى، بارانى چڕو بەهێزو ئەگەرى دروستبوونى زریان.
زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بەدەست دیاردەی وشکەساڵییەوە دەناڵێنن و ڕوبارەکانیان وشک بوون و چەندین ناوچەى جیهانى دووچارى سەپاندنى سیستمی پشک (موراشەنە) بوونەوە لە بەکارهێنانی ئاو بە تایبەتى لە بوارى کشتوکاڵدا، لە کاتێدا زۆرێک لەم وڵاتانە بە دەگمەن ڕوبەڕووى دیاردەى وشکەساڵى بوونەتەوە لە مێژودا. ئەم وشکەساڵییە کاردانەوەی خراپى لەسەر کەرتی کشتوکاڵدا هەبوو لە کەمبوونەوەى بەرهەمە کشتوکاڵییەکان وبەرزبوونەوەى نرخەکانیان. تەنانەت وشکەساڵی بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان وکەمبوونەوەى بەرهەمهێنانی وزەى کارەبا لە زۆرێک لە وڵاتانى جیهان.
لە لایەکى ترەوە زۆرێک لە وڵاتانى تر دووچارى ڕووبەڕوبوونەوەى بارانى بەهێز ولافاو بوون کە لە مێژووى ئەو وڵاتانەدا پێشتر بەو ڕادەیە باران نەباریووە و لافاو دروستنەبووە.
لە چەند ڕۆژى ڕابردوو ناوچە کەناراوەکانى وڵاتى لیبیا دووچارى زریانى دانیال بووەوە بە هۆى بارینی (١٥٠ – ٤٠٠) ملم باران لە ماوەى تەنها ٢٤ کاتژمێردا. هەرچەندە لافاو لەو ناوچانە لە ساڵانى پێشوتردا ڕوویان داوە، بەڵام بەم شێوەیە نەبووە کە توندتر و زۆرتر ببێت و هۆکارەکەیشی بۆ دیاردەی گەرمبوونی جیهان دەگەڕێنرێتەوە.
وڵاتى لیبیا یەکێکە لەو وڵاتانەى کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەر بووە و چەندین جار داوای لێکراوە هەنگاوی خێرا بنێت بۆ کەمکردنەوەو خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییە سەختەکان لە وشکەساڵی و ئاگرکەوتنەوە و لافاو و زریان وبارانى بەهێز. لیبیا خاوەن ژێرخانێکى لاوازە لە دروستکردنى بیناو باڵەخانەو بەنداو.. و هتد. زۆرترین ئەو شوێنانەى کە زیانى بەر کەوتبوو ئەو ناوچانە بوون کە لە ڕێڕەوە ئاوییە سروشتیەکان دروستکرابوون بە شێوەى زیادڕەوى.
قەتیسبوونى گەرما یا بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی خاک و گەرمبوونی زەریا و دەریاکان و دواتر ڕەنگە لە چڕی بارانبارینیشدا ڕەنگ بداتەوە و بە ڕوونی ببێتە هۆى دروستبوونى لافاو، بەهۆی توندی بارانبارین ولاوازى تواناى خاک لە هەڵمژینی ئەو رێژە زۆرە لە ئاوی باران؛ وپاشان ئاوەکە بۆ ناوچەکانى تر بڵاودەبێتەوە. ئەمەش ناچارمان دەکات گرنگى تەواو بە ژێرخانى وڵات بدەین و هەموو بینا و باڵەخانە و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان دوور لە ڕێڕەوە ئاوییە سروشتیەکان دروست بکەین و بە هیچ شێوەیەک ئەو ڕێڕەوە ئاوییانە زیادڕەویان تێیدا نەکرێت.
بەداخەوە لە زۆربەى ناوچەکانى هەرێمى کوردستان و بەشێوەیەکى هەڕەمەکى باڵەخانەوە پرۆژەى نیشتەجێبوون لە نێو ڕێڕەوە ئاوییە وەرزییەکان دروست دەکرێت بێ گوێدانە ستاندەرد و مەرجە زانستیەکان، ئەم کارەش ڕوبەڕووى کارەساتى گەورەمان دەکاتەوە لە داهاتوودا. چونکە کەمبارانى و وشکبوونى سەرچاوەکانى ئاو ئەوە ناگەیەنێ کە چەمە وەرزییەکان بۆ هەتا هەتایە بە وشکى دەمێننەوە، بەڵکو گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا و زیادبوونى دیاردە سروشتییە توندەکان پێچەوانەى ئەوەمان پێ دەڵێن. بۆیە ئەمڕۆ بێت یا ٥٠ ساڵى تر ئەو پرۆژانەى بە شێوەى زیادڕەوى دروست کراون لە ڕێڕەوە ئاوییەکان، ڕوبەڕوى کارەسات دەبنەوە.