فەوجە خۆبەخشەکە یەکێتی پاڵپشتی لێکرد و هەر خۆیشی روبەڕویان بویەوە

2023/10/26 - 03:40 | 1351 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
لە پێشهاتێکی کەم وێنەدا، هێزەکانی ئاسایش لەگەڵ ژمارەیەک چەکدار لە کەلار روبەڕوبونەوە کە بە فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان ناسراوە.
 
ئەوان لە سەرەتاوە بە ئاگاداری یەکێتی و پاڵپشتی هەندێک بەرپرسی ئەو حزبە دامەزراون، هەر لەسەر دەستی ئەو حزبەش کۆتاییان پێهێنرا.
 
روداوەکە بە گێڕانەوەی دەزگای ئاسایش
 
لە راگەیەنراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم دا هاتوە: "ئەمڕۆ ٢٠٢٣/٧/١٧ بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، توانیان دوای ڕووبەڕوبونەوە ئەندامانی گروپە چەکدارە نایاساییەکە دەستگیربکەن، کە ببونە هۆی پشێوی و نائارامی لە ناوچەکە و هەستاون بە خۆنمایشکردن و وەرگرتنی سەرانە و هەڕەشەکردن و تەقەکردن و تۆقاندنی هاوڵاتیان".
 
بەوتەی دەزگای ئاسایش، لەکاتی دەستگیرکردنی چەکدارەکان، ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بونەوە، لە ئەنجامدا دوو کارمەندی ئاسایش برینداربوون و دوان لە چەکدارەکان برینداربوون و یەک چەکدار گیانی لەدەستدا.
 
ئەم فەوجە چیە و ئەندامەکانی کێن؟
 
فەوجە خۆبەخشەکە، ماوەی نزیکەی ٣ ساڵە لە ژمارەیەک گەنج دروستکراون و فەوجێکی ناڕەسمین، خۆیان وەها ناساندوە کە داکۆکی لە هەرێم دەکەن لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی روبەڕوی هەرێم دەبێتەوە، بەبێ ئەوەی لەم ماوەیەدا هێرشێکی دیارییکراو هەبێت و ئەمان بەشداربوبن لە روبەڕوبونەوەی دا.
 
فەوجەکە لەلایەن گەنجێکەوە سەرکردایەتی دەکرێت کە ناوی (دارا عەتا)یە.
 
یەکێتی پشتیوانی هێزەکەی کردوە
 
فەوجەکە لە بڵاوکراوەکانیاندا خۆیان بە یەکێتی و خزمەتکاری خاک دەناسێنن و لەگەڵ زۆرێک لە سەرکردە ئەمنی و سەربازیی و تەنانەت بەرپرسە حزبییەکانی یەکێتی سەردان و ئاشنایەتیان هەبوە، وێنە و ڤیدیۆی ئەو سەردانانەشیان بڵاوکردوەتەوە، لەنێوی دا سەردان و دیداری هەریەکە لە: لیوا ئەیوب- فەرماندەی هێزەکانی کۆسرەت رەسوڵ، لیوا مەریوان محەمەد- فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دو، لیوا روکن عومەر- سەرۆک ئەرکانی هێزەکانی حەفتا، لیوا بەرزان حەمەفەرج- بەڕێوبەری پێشوی ئاسایشی گەرمیان، پۆڵا تاڵەبانی- بەرپرسی پێشوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی و… هتد.
 
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، یەکێتی ئاگاداری دروستکردنی ئەم هێزە بوە و هەرخۆیشی پاڵپشتی کردوە، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی گەنجی دیکە بێنە ریزەکانییەوە.
 
بۆچی یەکێتی لێیان هەڵگەڕایەوە؟
 
لەسەرەتادا ئەم هێزە لەژێر کۆنترۆڵی یەکێتی دا بون، بەڵام دواتر هەندێک هەنگاویان ناوە بەبێ ئاگاداری یەکێتی، هەروەک هەستاون بە کاری هەڵکوتانەسەر و کێوماڵکردن هەر بەبێ ئاگاداری یەکێتی.
 
بەپێی زانیارییەکیش لەم ماوەیەی دواییدا هێزەکە وەلائیان گۆڕیوە بۆ لای کەسایەتییەکی ئاینی.
 
کاتێک یەکێتی بەم هەنگاو و پێشهاتانە دەزانێت، توڕەدەبێت و داوای سەردانکردن و خۆڕادەستکردن لەئەندامانی هێزەکە دەکات، بەڵام ئەوان نایەنە ژێر باری ئەم داوایە.
 
هەربۆیە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەمە، هێزێکی سەر بە دەزگای ئاسایش دێنە سەر هێزەکە کە لە باخێکی سەرکردەی هێزەکە لە نێوان کەلار- رزگاری دا بون و روبەڕوبونەوە رویدا.
 
لەو روبەڕوبونەوەیەدا چەکدارێکیان کوژراوە و دوانی تریان بریندار بون، بەشێک لە چەکدارەکان هەڵهاتون و زۆرینەشیان دەستگیر کراون، لەنێوی دا (دارا عەتا) سەردەستەی هێزەکە.
 

 

 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,679     ژمارەی میوان 1158