ساکار خالد حسێن
لە دوای ساڵێک لە دەرچوونی بڕیاری قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن لەلایەن حکومەتەوە، هێشتا میدیاکان نابەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا دەکەن.
لە رێکەوتی ١٤/٦/٢٠٢٢ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوشتن و خۆکوشتن دەرکرد، هۆکاری دەرکردنی ئەم بڕیارەی گەڕاندەوە بۆ بەبازاڕکردن و هاندانی خەڵکی تر بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە، ئەوەشی خستەڕوو هەر میدیایەک پابەند نەبێت، ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەر دەگرنەبەر، بەڵام وادیارە ئەمە تەنها نوسراوێکی سەر کاغەز بوو و هیچ ڕۆلێکی نەبینی لە کۆتاییهێنان بەم بابەتە.
"کوشتیان، کوژرا، خنکا، سوتێنرا و ....." ئەمان ەو چەندان هەواڵی هاوشێوە، ڕۆژانە دەبنە باسی گەرمی میدیا کوردییەکان. کۆمەڵگەی کوردی سەرەڕای کێشمەکێشی سیاسی و قەیرانە دارایی و ئابورییەکان و کۆچی گەنجان و دەیان دەردەسەری تر کە ڕۆژانە تاکەکان بەدەستیەوە دەناڵێن، وا خەریکە گەنجانی وڵاتەکەمان بە سیاسەتێکی دیکە تاقی دەکەنەوە. بڵاوکردنەوەی ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن ئەو باسە گەرمەی ڕۆژن کە میدیا کوردییەکانی تەنیوە، ڕۆژانە جۆر و شێوازی کوشتن دێتە بەر دیدی تاکی کورد.
نا بەرپرسیاریی میدیاکان و خەمساردی حکومەت لە هەمبەر ئەم باسە گرنگە، بۆتە جێگەی پرس و ناڕەزایی ڕۆشنفکران و بەشێک لە هاوڵاتیانی ئەم نیشتمانە.
کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەبێ لەبەرچاوگرتنی زیانەکانی ئەم جۆرە بڵاوکراوانە، خەریکە ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە حاڵەتەوە بەرەو دیاردە دەبەن، ئەمەش تەنها لە پێناو کۆکردنەوەی زۆرترین لایک و کۆمێنت و بینەر و بەدەستهێنانی پلەی نایاب لە "سبق خبري". لە بری چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان و دەستخستنەسەر پرسە گرنگەکان، میدیا شکستخواردووەکان بەردەوام بەبێ ئاگایی دەرگا واڵا دەکەن بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە کۆتا چارەسەریان بۆ کێشەکانیان خۆکوشتن بێت.
بردنی تاکەکانی کۆمەڵگە بەرەو گێژاو بۆتە ئەرکی سەرەکی میدیاکانی ئەمڕۆ، بۆچی تاوەکو ئێستا کەس نەیپرسوە ئامانجی میدیا لەم کارە چییە؟
دەبێت پێش ئەوەی هەر خێزانێک بەدوور نەبێت لە لەدەستدانی ئازیزێک، ئەمجۆرە هەواڵانە ڕابگیرێت، لە جێگەی ئەوە ئاستی هۆشداری تاک بەرزبکەنەوە و یارمەتی دروستبونی کەسایەتی بەهێز بدەن لە کۆمەڵکە، لەگەڵ ئەوەشدا باشترە ئەم جۆرە ڕووداو و هەواڵانە بەپێی داتا وەربگیرێت لەبری بڵاوکردنەوەی وردەکاری و شێوازی بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوشتن و خۆکوشتن.