بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى كاریگه‌رییه‌كانى وشكه‌ساڵی جوتیارانى گه‌رمیان رێگه‌ى نوێ ده‌گرنه‌به‌ر

2023/03/09 - 10:49 | 955 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت- زریان محه‌مه‌د
 
له‌ماوه‌ى 2 ساڵى رابردودا به‌هۆى وشكه‌ساڵیه‌وه‌، ژماره‌یه‌كى زۆرى جوتیارى گه‌رمیان كه‌ دانه‌وێڵه‌یان چاندبو، توشى زیان بون، بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و زیانانه‌ش رێگه‌یه‌كى نوێی كشتوكاڵ و ئاودێرییان گرتوه‌ته‌به‌ر، كه‌ سیسته‌مى ئاوپرژێن‌ (موره‌شه‌)یه‌‌، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كه‌نه‌وه‌ پرۆسه‌كه‌ سه‌ركه‌وتو بوه‌.
 
عوسمان عه‌لى محه‌مه‌د، جوتیار له‌ گه‌رمیان، باس له‌وه‌ ده‌كات: ئه‌م سیسته‌مى موره‌شه‌یه‌ كه‌ دامان ناوه‌ به‌ رێژه‌ى  80 بۆ %90 سودمان لێبینیوه‌، چونكه‌ پارساڵ كه‌ به‌ موره‌شه‌ ئاومان داوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر 1 ته‌ن گه‌نم 35 ته‌ن به‌رهه‌مى هه‌بوه‌، به‌ڵام كه‌ پێشتر ته‌نها پشتمان به‌ باران به‌ستوه‌ 1 ته‌ن ته‌نها 10 بۆ 12 ته‌ن به‌رهه‌مى هه‌بوه‌.
 
ئه‌و سیسته‌مه‌ى عوسمان باسی ده‌كات، بریتییه‌ له‌ لێدانى بیر بۆ ده‌رهێنانى ئاوی ژێر زه‌وی و پرژاندنى ئه‌و به‌رهه‌می ئاوه‌یه‌ له‌ رێگه‌ى كۆمه‌ڵێك ئاوپرژێنه‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییه‌ى كه‌ چێنراوه‌ به‌ دانه‌وێڵه‌.
 
به‌وته‌ى خۆیشی، ئێستا 50 دۆنم زه‌وی به‌م سیسته‌مه‌ چاندوه‌ و تێكڕاش  نزیكه‌ى‌ 60 هه‌زار دۆلارى (6 ده‌فته‌ر) له‌سه‌ر كه‌وتوه‌.
 
 
 
هه‌ندێك له‌ جوتیارانى دیكه‌، هه‌مان سیسته‌م بۆ ئاودێریی كێڵگه‌كانیان به‌كاردێنن، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ى ئاوه‌كانیان ئاوی سه‌ر زه‌وییه‌.
 
ئەشرەف نامیق حەسەن، جوتیار لە گەرمیان، وتی: بۆ ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشتر کە وشکەساڵی بو، ٨٠ دۆنم زەویم کردوە بە بەراو بە شێوەی مورەشە ئاوی دەدەم کە پشت بە روباری سیروان دەبەستم، بۆ هەر ١ دۆنمیش ٣٥ کیلۆ گەنمم پێوە کردوە.
 
به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتوكاڵى گه‌رمیان، له‌ سنوره‌كه‌دا 1 ملیۆن و 433 هه‌زار و 221 دۆنم زه‌وی كشتوكاڵیى بونى هه‌یه‌، له‌و رێژه‌یه‌ش 111 هه‌زار و 202 دۆنمى به‌راوه‌، هاوكات 5 هه‌زار و 753 جوتیار له‌ سنوره‌كه‌ سه‌رقاڵى چاندنى به‌روبومى دانه‌وێڵه‌ و به‌تایبه‌ت گه‌نمن. به‌كاریگه‌ریی وشكه‌ساڵی و گۆڕانكاریی له‌ دابارین و كه‌مبونه‌وه‌ى، كشتوكاڵی ده‌یمی له‌ سنوره‌كه‌دا مه‌ترسی له‌سه‌ر دروست بوه‌.
 
گۆران وەلی قادر، جوتیار لە گەرمیان، دەڵێت: ساڵانە ٢٥٠٠ دۆنم زەوی بەراو لەگەڵ ١٠٠ دۆنم زه‌وى دەیمى به‌ گەنم دەچێنم، لە ساڵی ٢٠٢١ دا ٣٠ تۆن لە زەویە دەیمەکانمدا چاند هیچ بەرهەمێکم لێ هەڵنەگرتەوە، بەڵکو ٧٥ ملیۆن دینار زەرەرم کرد.
 
بۆ ئەشرەف نامیق حەسەن دۆخه‌كه‌ قورستر بوه‌، وه‌كخۆى وتی: لە ماوەی ٢ ساڵی وشکەساڵی دا ٢٧٠ ملیۆن دینار زیانم كرد.
 
ئه‌م زیانه‌ى كه‌ جوتیاران ده‌یكه‌ن، به‌وته‌ى شاره‌زایه‌كى ئابوری به‌ته‌نها كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ دروست ناكات، به‌ڵكو لێكه‌وته‌ى له‌سه‌ر ته‌واوى كۆمه‌ڵگاش هه‌یه‌.
 
د.ماردین مه‌حسوم فه‌ره‌ج، پسپۆرى ئابورى و مامۆستا له‌ زانكۆى سلێمانى، ده‌ڵێت: كه‌مبونه‌وه‌ى به‌رهه‌مى دانه‌وێڵه‌ له‌ بازاڕدا و به‌تایبه‌ت له‌ گه‌رمیان به‌هۆى وشكه‌ساڵیه‌وه‌، راسته‌وخۆ كاریگه‌ى ده‌بێت له‌سه‌ر پشكى داهاتى كه‌رتى كشتوكاڵ و داهاتى نیشتمانى، كه‌ ئه‌مه‌ش خاڵێكى مه‌ترسیداره‌.
 
ده‌شڵێت: كاتێك به‌رهه‌مى گه‌نم كه‌م ده‌بێته‌وه‌، جوتیاران په‌نا ده‌به‌نه‌به‌ر كارى دیكه‌، به‌تایبه‌ت كارى بازرگانى، ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌رتى كشتوكاڵ په‌كى بكه‌وێت.
 
شێوازی كشتوكاڵ له‌ زه‌ویه‌ ده‌یمه‌كان دا تائێستاش به‌ رێگه‌ ته‌قلیدییه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، كه‌ ئه‌ویش ته‌نها پشت به‌ستنه‌ به‌ ئاوى باران، به‌ڵام ئه‌م رێگه‌یه‌ زامن نییه‌، ئه‌ویش به‌هۆی كه‌مبونه‌وه‌ى باران و دوباره‌بونه‌وه‌ى وشكه‌ساڵی.
 
"لە ماوەی ٢ ساڵی وشکەساڵیدا ٥٢٠ دۆنم زەویم چاند بە بەرهەمی گەنم، بە هەردو ساڵەکەوە ٦٥ ملیۆن دینار توشی زەرەر بوم، لە کاتێکدا ساڵانی پێش وشکەساڵیەکە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ تۆن گەنمم هەڵدەگرتەوە". عەلی رەشید کەریم، جاوتیار لە گەرمیان، وای وت.
 
به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتوكاڵى گه‌رمیان له‌ ماوه‌ى ساڵانى 2016 بۆ 2022 بڕى به‌رهه‌مهێنانى گه‌نم كه‌مى كردوه‌، هاوكات له‌ هه‌مان ماوه‌دا ژماره‌ى جوتیاریش له‌ به‌رهه‌م هێنانى گه‌نم كه‌مى كردوه‌.
 
 
 
 
 
 
جوتیاران باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تاوه‌كو  ئێستا حكومه‌ت هیچ قه‌ره‌بویه‌كى نه‌كردونه‌ته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و زیانیانه‌ى توشى بون له‌ ماوه‌ى 2 ساڵى رابردوى وشكه‌ساڵیدا، به‌ڕێوبه‌رى كشتوكاڵى گه‌رمیانیش بابه‌ته‌كه پستڕاست‌ ده‌كاته‌وه‌.
 
گۆران وەلی قادر، جوتیار لە گەرمیان دەڵێت: "حکومەت هیچ قەرەبویەکی نەکردوینەتەوە نە بە مادی نە بە بنەتۆش".
 
ئەشرەف نامیق حەسەن، جوتیار لە گەرمیان وتی: حکومەت ئەوەی کە پێشکەشی  جوتیاری كردبێت بنەتۆ بوە وەک پاڵپشتیەک کە تۆنی بە ٨٠٠ هەزار دینار پێماندراوه‌، ئەوەشی بە بێبەرامبەر پێمان درا تەنها ٢٠٠ کیلۆ بوە.
 
شادیه‌ حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵى گه‌رمیان، جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه‌ ئه‌و جوتیارانه‌مان له‌ ماوه‌ى 2 ساڵى رابردودا به‌هۆی وشكه‌ساڵیه‌وه‌ توشى زیان بون، هیچ قه‌ره‌بویه‌ك نه‌كراونه‌ته‌وه‌. وتیشی: به‌ 2 راپۆرت ئاراسته‌ى سه‌روى خۆمانمان كردوه‌ له‌ هه‌ردو ساڵه‌كه‌دا داواى 12 ملیار دینارمان كردوه‌ به‌مه‌به‌ستى قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌یان، كه‌چى تاوه‌كو ئێستا هیچ وه‌ڵامێك نه‌دراوینه‌ته‌وه‌ سه‌ربارى دروستكردنى بۆردێكى تایبه‌ت به‌ وشكه‌ساڵى له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى كشتوكاڵه‌وه‌.
 
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: "ئه‌وه‌شى دراوه‌ به‌ جوتیار وه‌ك قه‌ره‌بو ته‌نها كارگه‌ى بنه‌تۆى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان 1 هه‌زار 200 ته‌ن گه‌نمى داوه‌ به‌ جوتیاران وه‌ك پاڵپشتیه‌ك كه‌ بۆ هه‌ر ته‌نێك 214 هه‌زار دیناریان لێوه‌رگیراوه‌، هاوكات رێكخراوى فاو 28 هه‌زار و 200 ته‌ن گه‌نمیان دابه‌شكرد بۆ هه‌ر جوتیارێك 200 كیلۆیان به‌ركه‌وت كه‌ 141 جوتیار سودمه‌ند بون".
 
ژماره‌ى ئه‌و جوتیارانه‌ى له‌ ساڵى 2020-2021دا به‌هۆی وشكه‌ساڵییه‌وه‌ توشی زیان بون، 4 هه‌زار و 430 جوتیار بون.
 
جیاواز له‌ ناوچه‌كانى دیكه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى رێژه‌یی توشی وشكه‌ساڵی بون، ئیداره‌ى گه‌رمیان به‌ رێژه‌ى 100% وشكه‌ساڵی گرتویه‌تییه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵی گه‌رمیان.
 
 
ئه‌م دۆخه‌ى كه‌مبارانى و وشكه‌ساڵی، وایكردوه‌ چیتر كشتوكاڵكردن له‌ زه‌ویه‌ ده‌یمه‌كانى گه‌رمیان دا به‌و شێوه‌ ته‌قلیدییه‌ى كه‌ هه‌یه‌، زامن نه‌بێت، به‌ڵكو پێویست به‌ هێنانه‌ ئاراى چاره‌سه‌ر و سیسته‌مى جێگره‌وه‌ و نوێ بكرێت.
 
عه‌بدولمته‌لب ره‌فعه‌ت، پسپۆرى بوارى ژینگه‌ و مامۆستا له‌ زانكۆى گه‌رمیان جەختی لەوەشکردەوە: یەکێک لە چارەسەرە گرنگەکان دروستکردنی بەنداوی ستراتیژیە بەشێوەی (گەورە و مامناوەند) کە گەرمیان پێویستی پێیەتی، چونکە قەرەبوی ئەو ئاوە دەکاتەوە کە لە ژێر زەوی بەکاردەھێنرێت، ھاوکات ئاوی سەرزەویش جوتیار دەتوانێت سودی لێببینێت و ئەتوانرێت کەناڵى داخراو دروست بکرێت بۆ گواستنەوەى ئاوى بەنداوەکە بۆ زەوییە کشتوکاڵیەکان بەمەبەستى فەراهەمکردنى ئاسایشى خۆراک لە ناوچەکە.
 
پێیشیوایه‌ كه‌ گرنگه‌ بۆ سنوره‌كه‌ تەرزى نوێ لە دانەوێڵەکان هاوردە بکرێت یان بەرهەمبهێنرێت کە تواناى بەرگریکردنى هەبێت لە کەمبارانى و وشکەساڵى.
 
له‌باره‌ى سیسته‌مى ئاوپرژاندنیش كه‌ ژماره‌یه‌ك جوتیار له‌ گه‌رمیان گرتویانه‌ته‌به‌ر، ئه‌و مامۆستایه‌ى زانكۆ وتى: ئه‌م رێگه‌یه‌ كه‌ له‌ روى زانستیەوە پێى دەوترێت (ئاودانى تەواوکاریی) یەکێکی دیکەیە لە چارەسەرەکان.
 
به‌ڕێوبه‌رى كشتوكاڵى گه‌رمیانیش سیسته‌مه‌كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتو ده‌زانێت، باس له‌وه‌شكرد: له‌ زۆربه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ بارانیان كه‌مه‌ پشتى پێده‌به‌ستن.
 
شادیه‌ حسێن، وتیشی: پێویسته‌ له‌ گه‌رمیان چیتر پشت به‌ باران نه‌به‌ستین بۆ به‌رهه‌مى دانه‌وێڵه‌، چونكه‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕۆین كه‌ ساڵانه‌ توشى وشكه‌ساڵى ئه‌بین، باشترین چاره‌سه‌ر له‌ ئێستادا رێگه‌ى زانستیه‌كانه‌ و‌ یه‌كێك له‌وانه‌ سیسته‌مى ئاوپرژاندنه‌.
 
ئه‌وه‌ى وایكردوه‌ جوتیاران كه‌متر دودڵ بن له‌ به‌كارهێنانى ئه‌م سیسته‌مه‌، ئه‌وه‌یه‌ له‌ ناوچه‌ى دیكه‌ش په‌یڕه‌و ده‌كرێت، له‌وانه‌ش: پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌.
 
ستار مه‌حمود ساڵح، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵى هه‌ڵه‌بجه،‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: سیسته‌مى موره‌شه‌ له‌ ئێستادا به‌كارئه‌هێنرێت له‌لایه‌ن جوتیارانه‌وه‌، ئه‌م سیسته‌مه‌ ته‌واوكارییه‌ بۆ به‌رهه‌مى گه‌نم سه‌ركه‌وتوه‌، ئه‌و شوێنانه‌شى كه‌ پشت به‌ ئاوى باران نابه‌ستن هه‌ر گرنگى به‌م سیسته‌مه‌ ئه‌ده‌ن، مه‌رجیش نیه‌ له‌ رێگه‌ى ئاوى ژێرزه‌ویه‌وه‌ بێت، به‌ڵكو ده‌توانرێت له‌ رێگه‌ى پۆند و به‌نداویشه‌وه‌ ده‌بێت و ده‌توانرێت به‌كاربهێنرێت.
 
 
به‌ڵام له‌ گه‌رمیاندا زۆرترینی ئه‌و جوتیارانه‌ى سیسته‌مه‌كه‌یان به‌كارهێناوه‌، پشت به‌ ئاوى ژێرزه‌وی ده‌به‌ستن، كه‌ ئه‌مه‌ش رێگرى و ئاله‌نگاری خۆی هه‌یه‌، چونكه‌ به‌پێى رێنماییه‌كانى حكومه‌ت هه‌ر جوتیارێك زه‌ویه‌كه‌ى له‌ 20 دۆنم كه‌متربێت، ناتوانێت بیرى ئیرتیوازى لێبدات.
 
حامد جومعه‌، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى ژێرزه‌وى گه‌رمیان، جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه‌ "به‌پێى رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تمان بۆ بیرى كشتوكاڵى ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه‌ گرێبه‌ستى كشتوكاڵیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه‌ تۆماریان هه‌یه‌ و تاپۆن ده‌توانن بیری كشتوكاڵى لێبده‌ن به‌ مه‌رجێك زه‌ویه‌كانیان له‌ 20 دۆنم كه‌متر نه‌بێت، دورى نێوان بیره‌كانیش ده‌بێت له‌ 450 مه‌تر كه‌متر نه‌بێت به‌پێى رێنماییه‌كان".
 
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى ژێر زه‌وى گه‌رمیان، له‌ سنوره‌كه‌دا 1 هه‌زار و 183 بیرى كشتوكاڵى بونى هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 27 هه‌زار و 809 دۆنم زه‌وى ده‌یمی به‌ ئاوى ژێر زه‌وى بون به‌ به‌راو.
 
بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى ئه‌و جوتیارانه‌ى كه‌ زه‌ویه‌كانیان كه‌متره‌ له‌ 20 دۆنم، حامد جومعه‌ ده‌ڵێت: ده‌توانن به‌ چه‌ند جوتیارێكه‌وه‌ بیرێك لێ بده‌ن و به‌هاوبه‌شى به‌كاریبێنن.
 
ئەگەرچی بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی کارێکە کە پێویستە بە وریاییەوە بکرێت، بەڵام پسپۆڕێک پێیوایە ئەم سیستەمی ئاوپرژاندنە باشترە لە سیستەمەکانی تر.
 
عەبدولمتەلب رەفعەت، وتی: بەکارهێنانى مەرەشە بۆ ئاودێرى رێگایەکى زانستییە وزۆر باشترە بەبەراورد بە رێگاى (جۆگە) ورێژەى بەهەدەردانى ئاو کەمتر دەکاتەوە.
 
وتیشی: لە روى زانستیەوە بەکارهێنانى سیستمى پرژاندن ٧٠% لە ئاوى بەفیڕۆچو کەمدەکاتەوە، بەڵام پێویستە جوتیاران رێنمایى بکرێن لە چۆنیەتى بەکارهێنانى، چونکە جوتیارى وا هەیە ٢٤ کاتژمێر ئەو مەرەشانە ئەکاتەوە ئیش لە کاتێکدا تەنها ١ کاتژمێر پێویستە.
 
ئه‌م رێگایه‌ى هه‌ندێك له‌ جوتیارانى گه‌رمیان گرتویانه‌ته‌به‌ر، به‌ رای پسپۆڕێكى ئابوری، رۆڵی ده‌بێت له‌گه‌شه‌دان به‌ كه‌رتى كشتوكاڵی سنوره‌كه‌.
 
د.ماردین مه‌حسوم فه‌ره‌ج، پسپۆڕى ئابورى و مامۆستا له‌ زانكۆى سلێمانى، وتى: ئەم سیستەمی ئاوپرژاندنە سەرکەوتو دەبێت ئەگەر حکومەت پاڵپشتی بکات، چونکە سیستەمێکی گونجاوە بۆ روبەروبونەوەی وشکەساڵی، ئەمەش ئەبێتە پاڵپشتیەک بۆ جوتیار.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,044,606     ژمارەی میوان 4478