ژمارەی راوچییە دەستگیركراوەكان لە گەرمیان زیادیان كردوە

2023/03/06 - 06:34 | 654 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت- مەریەم خالید
 
ژمارەی ئەو راوچییانەی لە ساڵی 2022دا لە گەرمیان دەستگیركراون، زیاترن لە راوچییە دەستگیركراوەكانی ساڵی پێشوتر، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان. هاوكات ئاسك و بزن كێوی لە پێشەوەی ئەو ئاژەڵانەن كە لەلایەن راوچییەكانەوە كراونەتە ئامانج.
 
ئامارەكە كە تایبەت دراوە بە رادیۆی دەنگ، تیایدا دەركەوتوە لە ساڵی رابردو 145 كەس لەسەر راوكردن دەستگیركراون، ئەوەش 34 حاڵەتی زیاترە لە ساڵی 2021، چونكە لەو ساڵەدا تەنیا 111 راوچی دەستگیركراون. هاوکات هیچ ئامارێک لەبەردەستدا نییە بەوەی چەند لەو کەسانەی کە بە تۆمەتی راوکردن دەستگیرکراون، دۆسیەکانیان یەکلایی بوەتەوە و سزادراون.
 
وتەبێژی پۆلیسی پاراستنی دارستان و ژینگەی گەرمیان، ئاماژە بەوەدەکات زۆرتر لە گەرمیاندا راوی ئاسک و بێچوە ئاسک دەکرێت.
 
مقەدەم: ئەکرەم کامل، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: تایبەتمەندی سروشتی ناوچەی گەرمیان وایکردووە دەوڵەمەند بێت بە چەند جۆرێكی ئاژەڵی كێوی، لەوانەش: ئاسك، بۆیە ئاسك و بێچوە ئاسك زیاتر دەبنە ئامانجی راوچییەكان.
 
لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی، ئاسك زیاتر لە بەشی خۆرهەڵاتی گەرمیان – سنوری پۆلیسی دارستان و ژینگەی خانەقین- بڵاوبونەتەوە و دەكرێنە ئامانج، وتی: تاپڕ و كڵاشینكۆف لەو دو جۆرە چەكەن كە زۆرترین كات راوچییەكان بۆ راوكردن بەكاریدەهێنن و پۆلیس دەستیانبەسەردا گرتون.
 
بەشێك لەو راوچییانەی دێنە گەرمیان بۆ راوكردن، خەڵكی دەرەوەی ناوچەی گەرمیانن، ئەوەش بە وتەی ئەیاد محەمەد، چالاكوانی مەدەنی لە گەرمیان.
 
ئەو کە لەگەڵ چەند چالاکێکی دیکەدا لە ماوەکانی رابردودا کەمپینیان لەبواری ژینگەدا لە گەرمیان ئەنجام داوە، بە رادیۆی دەنگی وت: هۆشیاریی خەڵكی گەرمیان لە ئاستێکی باشدایە و ئەوانەی راودەکەن تەنها خەڵکی ناوچەکە نین، بەڵكو لە دەرەوەی گەرمیانەوە دێن و راودەکەن.
 
"راوکردن حەز و خولیایە ناتوانرێت بنەبڕبکرێت، بەڵام دەتوانرێت لە رێگەی یاسا بەركارەكانەوە، سزای ئەو كەسانە بدرێت كە راودەكەن، بەو رێگەیەش دەتوانرێت راوكردن كەمبكرێتەوە". ئەیاد وای وت.
 
راوچییەکان بەپێی بەپێی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان، مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت،  بەپێی یاساكە سه‌رپێچیكەر‌ان به‌ به‌ندكردن سزاده‌درێن بۆ ماوه‌یەك كە له‌ مانگێك كه‌متر نه‌بێت یان به‌ غه‌رامه‌یه‌ك له ‌(150.000) سه‌دو په‌نجا هه‌زار دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ (200.000.000) دوسه‌د ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، یان به‌ هه‌ردوو سزاكە سزاده‌درێن.
 
ئەیاد محەمەد، ئاماژەی بەوەدا: ئاسك و بزنەكێوی چاوی زیاتری راوچییەكانیان لەسەرە و وتی: ئەمەش دەبێتەهۆی شێواندنی ژینگەی ناوچەکە.
 
ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی یاسا بەركارەكان، سزای كوشتنی ئاژەڵ بەپێی جۆری ئاژەڵەكە دەگۆڕێت، بۆ نمونە كوشتنی ئاسك سزاكەی پێنج ملیۆن دینارە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,116,092     ژمارەی میوان 1522