داتاى بارانى ئەمساڵ
2023/02/21 - 10:41
|
612
جار بینراوە
عەبدولموتەڵیب رەفعەت
ئەوەى لەم وێنەیە دیاریکراوە بڕى باران بارینى مانگانەیە لە شوێنە (وێستگە) جیاوازەکانى گەرمیان لە ساڵى ٢٠٢٢-٢٠٢٣ بەبەراورد لە گەڵ تێکڕاى (مانگانە)ى باران بارین (نۆرماڵ بە پێى ئەو داتایانەى بەردەستە) لە هەر وێستگەیەک لەو وێستگانە.
بۆ نمونە لە شارى کەلار مانگى دە (ت١) ومانگى یەک (ک٢) رێژەى دابارین زیاتر یا نزیک بوە لە تێکڕا ئەگینا مانگەکانى تر رێژەى دابارین کەمتر بووە لە نۆرماڵ. وتا ئێستا (١٦٤)ملم باران باریوە واتا پێویستە لە دوو مانگى داهاتوو بڕى (٨٦)ملم باران ببارێ بۆ تێپەڕاندنى کەمبارانى ووشکەساڵى بە هەموو جۆرەکانیەوە. ولە شارى کفری, مانگەکانى یانزدە (ت٢), دوانزدە (ک١)و مانگى یەک (ک٢) رێژەى باران نزیک یا زیاتر بووە لە نۆرماڵ. وکۆى گشتى دابارین لە کفری (١٨٧)ملمە تا ئێستا, واتا لە دوو مانگى داهاتوو پێویستمان بە (٦٣)ملم باران هەیە بۆ تێپەڕاندنى کەمبارانى.
تایبەت بە شاروچکەى پێبازو مەیدان دۆخەکە جیاوازە چونکە هەردو شارۆچکەکە لە بازنەى ناوچەى نیمچە مسۆگەرن (بە پێى نەخشەى عیراق) واتا ساڵانە بەلانى کەمەوە پێویستە (300)ملم باران ببارێ. لە پێباز مانگى دە (ت١) ومانگى یەک (ک٢) رێژەى دابارین زیاتر یا نزیک بوە لە نۆرماڵ ئەگینا مانگەکانى تر رێژەى دابارین کەمتر بووە لە نۆرماڵ. وتا ئێستا (٢٢٠)ملم باران باریوە واتا پێویستە لە دوو مانگى داهاتوو بڕى (٨٠)ملم باران ببارێ بۆ تێپەڕاندنى کەمبارانى. ولە مەیدان بەهەممان شێوە, مانگى دە (ت١) ومانگى یەک (ک٢) رێژەى دابارین زیاتر یا نزیک بوە لە نۆرماڵ ئەگینا مانگەکانى تر رێژەى دابارین کەمتر بووە لە نۆرماڵ. وتا ئێستا (٢٦٣)ملم باران باریوە واتا پێویستە لە دوو مانگى داهاتوو بڕى (٣٧)ملم باران ببارێ بۆ تێپەڕاندنى کەمبارانى. بەپێى پێشبینى ونەخشەى وێستگە کەشناسییە جیهانیەکان مانگى داهاتوو دڵخۆشکەرە بەوەى کە پڕباران دەبێ, بەڵام هیچ شتێک نییە ١٠٠% بێت. بۆ دیاریکردنى کەمبارانى ووشکەساڵى نابێ تەنها پشت بە داتاى باران ببەسترێت بەڵکو پێویستە پلەى گەرمى ورێژەى بەهەڵمبوون وتیشکى خۆر..وهتد بەهەند وەربگیرێت. بەداخەوە لە گەرمیان لە کۆى (٥) وێستگەى کەشناسى تەنها یەک دانەیان کار دەکات (کە لە شارى کفری)یەو ئەوانى تر لەکارکەوتون. بۆیە زۆر زەحمەتە لە بارودۆخى لەم شێوەیە بتوانرێ کاریگەرى هەموو رەگەزەکانى ئاوو هەوا حساب بکرێت لە دیاریکردنى وشکى.
تایبەت بە بەنداوە گەورەکان (دەربەندیخان ودوکان), ئەو سەردەمە نەما کە چاوەروانى پڕبونى بەنداوەکانمان بکەین بە هۆى بەنداوەکانى وڵاتى ئێرانەوە (بۆ بەنداوەکانى عیراقیش هەممان شتتە), جگە لە هەندێ ساڵى دەگمەن (فیضاني) ئەگەرى هەیە لەو ساڵانە تا ڕادەیەک بەنداوەکان پڕببن.
|