ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
«ڕێزنەگرتنی دەسەڵاتی دادوەریی و دادگاکان پێشمەرجی سەرەکیی سەربەخۆیی و دادپەروەریی دادگاکانە لە هەر و

2021/02/22 - 02:41 | 759 جار بینراوە    
 
سیروان عه‌بدول
 
پێدەچێت ئیجماعێکی سەراسەریی هەبێت لە کوردستاندا لەسەر ئەوەی کە گوایە خەڵک و میدیاکان و حیزب و ڕێکخراوەکان دەبێت ڕێز لە دادگاکان بگرن و، دەبێت سەربەخۆیی بۆ دادکاگان قایل بن و دەخالەت لە بڕیاردانەکانیاندا نەکەن.
زۆرێک لە هەرە تووڕەترین ئەو کەسانەی کە ڕەخنەیان لەو دادگاییکردنە کافکاییە هەیە کە لەلایەن دادوەرێکی قەرەقۆزی دەستی حیزب و چەند بوردەیەکی گەمژەی کاربەدەستی ناو دەزگاکانی ئاسایش و پاراستن و داواکاری گشتییەوە بۆ پێنج ئۆپۆزیسیۆنە سیاسییەکەی بادینان سازدرا، بەوە پاکانە بۆ ناڕەزاییدەربڕینی خۆیان دەکەن کە ئاخر سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییش ڕێزی لە سەربەخۆیی دادگا نەگرتووە و پێش حوکمی دادگا لێدوانی داوە و دەخالەتی تیا کردووە.
نزیک بە (٣٥٠) یاساناس و پارێزەر ڕاگەیاندنێکیان ئیمزا کردووە و تیایدا دەڵێن کە ئەوان نایەنەوێت هیچ ڕایەک لەسەر سزادانی ئەو پێنج کەسە بدەن چونکە ڕادان دەبێتە دەخالەت لە بڕیاری دادگادا و، هەر ڕەخنەیەک لەو بڕیارەی دادگا شکاندنی پرەنسیپی سەربەخۆیی دادگا و سەروەریی یاسایە. 
ئەم قسە گێلانەیەی ئەو یاساناسانە لە باشترین حاڵەتدا کەسێک دەتوانێت وەک گەمژەیی بۆیان لێک نەداتەوە، بەڵکو وەک ڕیاییکردنی کۆمەڵێک خاوەن بڕوانامەی کۆلیجی یاسا لێکی بداتەوە کە حیزب کڵایەنتەلیزەی کردوون و وەزیفەی باشی لەبەرامبەر وەلائدا لەگەڵدا گۆڕیونەتەوە و، ئەوانیش وەک چاکەدانەوەیەک هەوڵدەدەن بەو بەیاننامەیە حیزب و دادگاکەی حیزب لەژێر گوشاری ڕەخنە دەربێنن. بەڵام بۆ منێک کە لەم ساڵانەی دواییدا تیکەڵییەکم بە ناوەندی قەزائیی و دادگاکانی کوردستان هەبووە، تەواو جێگەی بڕوایە بۆم کە لەناو سیستەمی قەزائیی هەرێمی کوردستاندا زۆر زیاتر لە (٣٥٠) یاساناس بەو ئاستی هۆشیارییە زۆر نزمە و بەو نەشارەزاییەوە لە وردەکاریی بیرۆکەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لای مۆنتیسکیۆ، هەبن و، ڕۆژانەش لە بڕیاردان لەسەر خەتاباریی یان بێتاوانیی خەڵکی تۆمەتباردا بەشدار بن.
...
«بەرپرسکردنی کەرتی قەزائیی، نەک حەسانە بۆیان»
بەڵێ سەرۆکی حکومەت و سیاسەتکارانی خاوەن پۆستی ناو هەردوو دەزگای جێبەجێکردن و یاسادانان نابێت دەستوەردەنە ناو کاروباری دادگا و نابێت لەڕێگەی گوشار و پیشاندانی چاوەڕوانییەوە کارکرد لەسەر بڕیادانەکانی دادگا دانێن، بەڵام ئەمە هەر تەنها بۆ ئەوانە، نەک بۆ کۆمەڵگای مەدەنیی و بۆ میدیاکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان و سەندیکاکانی پارێزەران و چالاکوانان و تاکە کەس. 
تەعمیمکردنی پرەنسیپی «جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان» بەسەر فەزای گشتییدا و وتنی ئەوەی کە ڕێزنەگرتن لە دادگا و دەربڕینی ناڕەزایی دژ بە بڕیارەکانی دادگا دەستتێوەردانە لە کاروباری دادگادا و سزای هەیە، قسەیەکی وا فێڵێکی دەسەڵاتدارانە کە لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵات توانیویانە لەڕێگەی ناڕۆشنکردنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانەوە بەسەر خەڵکیدا تێپەڕێنن.
ئەوان بەو تاکتیکە جۆرە حەسانەیەک و پارێزراوییەک لە گوشاری ڕەخنە بۆ دادگاکان دروست دەکەن. ئەو دادگایانەی کە حیزب و دەسەڵات بۆ خۆیان کردوویانن بە دەزگایەک بۆ سپییکردنەوەی گەندەڵییەکانیان و زیادەڕۆییەکانیان بۆ سەر نەیارانی خۆیان.
...
«دەستێوەردان وەک ئازادیی دەربڕین»
ئەوەی جێگەی ئەسەفە ئەوەیە کە دوای سەرگرتنی ئەم فێڵە، ئیتر هەموو ئەو خەڵکەش کە ئەو فێڵەیان بەسەردا تێپەڕێوە دەبنە تەبلیغکاری ئەو فێڵە و، بە دووبارەکردنەوەی «دەستوەرنەدان لە کاروباری دادگا»، هەم پشتی ئازادیی دەربڕین چۆڵ دەکەن و، هەمیش دادگاکانی کوردستان لە گوشاری ڕەخنە دەپارێزن. ڕەخنەیەک کە ڕێک بۆ بەرپرسکردن (Accountability) و سەربەخۆکردنی دادگا لە دەستی حیزب و بۆ دادپەروەرکردنی دادگاکان گرنگە.
ئەو فێڵ و بەدحاڵیبوونە دیاردەیەکی باوە. بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان تا ئێستا ناچار بووە چەندین جار نامیلکە و ڕاپۆرت بڵاو بکاتەوە و تیایدا جەخت لەوە بکاتەوە کە ڕەخنەکردنی دادوەرەکان وەک شەخس و دەزگای قەزائیی وەک دەزگا لەلایەن کۆمەڵگای مەدەنیی و میدیاکان و خەڵکی ترەوە ڕۆڵی گەورە دەبینێت لەوەدا کە دادگاکان ناچار بن سەربەخۆ و دادپەروەر بن.
ڕەخنەکردنی توندی کاری دادگا ئازادیی دەربڕین دەیگرێتەوە و مافێکی مرۆڤە. بۆیە تا ئێستا چەندین کەیسی لەو جۆرە چۆتە بەردەست دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپیی کە هاوڵاتییانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەزگای داواکاری گشتیی وڵاتانی خۆیانیان داوەتە دادگای ئەوروپیی و، دادگاش بەناوی ئازادیی دەربڕینەوە لە قازانجی هاوڵاتییەکە بڕیاری داوە. بۆ نمونە دۆزی نێوان پارێزەر مۆریس و دادگای فەڕەنسا کە لەم لینکەدا حوکمەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپیی دەست دەکەوێت: (https://www.echr.coe.int/Documents/Press_Q_A_Morice_ENG.pdf). یان کەیسی پڕۆفسیۆر موستەفا ئەردۆگان بەرامبەر دادگای تورکیا کە لەم لینکەدا دەقی حوکمەکە دەست دەکەوێت: (https://archive.org/details/perma_cc_Y9RP-7T6N) لەم کەیسەی ئەخیردا مستەفا ئەردۆگان لەسەر ئەوەی لە وتارێکدا بەتوندیی هێرشی کردبووە سەر حوکمی سێ حاکم و ئیهانەی کردبوون، لە دادگای تورکیا سزا درا، بەڵام دادگای ئەوروپیی حوکمی تورکیای دا بە قەرەبووکردنەوەی مستەفا ئەردۆگان و هەڵوەشاندنەوەی سزاکەی بەو ناوەی کە، وەک دادگا نوسیویەتی: «دادگا و دادوەران مافی حەسانەیان لە ڕەخنە نییە، چونکە ئیمکانی ڕەخنەکردنی کاری دادگا و دادوەران گرنگە بۆ کەوتنەوەی دیموکراتییەت».
...
«دەسەڵاتی دادوەریی و دادگاکان لە هەرێم غەزوو کراون لەلایەن حیزبەوە»
حوکمدانی شێروان شێروانیی و هاوەڵەکانی سەرەتای دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتیی دادگاکان نییە لەلایەن حیزبەوە. ڕاستیی ئەوەیە کە دادگاکانی کوردستان هەر لەو ڕۆژەوە کە حکومەتی بەعس وازی لە داگیرکردنیان هێنا و لە دوای خۆی بەجێی هیشتن، حیزبە کوردییەکان دەستیان کرد بە غەزووکردنیان و هەر زوو بەرژەروەندییەکانی حیزب و نوخبەی دەستڕۆیشتوویان فەرزکرد بەسەر بڕیارەکانی ئەو دەزگایەدا. ئەمە لەڕێگەی پرۆسەیەکی مونەزەمی «کڵایەنتەلیزم» (Clientelism)-ەوە کرا، کە تیایدا حیزب وەزیفە دەداتە یاساناسێک بەو مەرجەی ئەویش لەبەرامبەردا وەلائی خۆی ببەخشێت بە حیزب و چەند بتوانێت کار بۆ خۆبردنەپێشەوە و ڕازییکردنی دڵی حیزب بکات.
دادگاکانی کوردستان لە مێژووی سی ساڵی ڕابردوویاندا کەیسێکیان نییە بە شانازییەوە ئاماژەی پێ بکەن کە تیایدا تەحەددای چاونەترسانەیان لەبەرامبەر خواستێکی حیزبدا کردبێت، یان بەبێ ترس و کۆڵدان مولاحەقەی یاسایی نوخبەی سیاسیی گەندەڵ و مافیای دەستڕۆیشتوویان کردبێت. 
دادگاکانی کوردستان پڕن هەم لە دادوەر و یاساخوێنی بێبەهرە و ، هەمیش دادوەر و لێکۆڵەری بێ ئینتیگریتیی کە بەردەوام قبوڵ دەکەن ڕێزی خۆیان بۆ خۆیان ببەنە سەر مێزی مامەڵە لەگەڵ نوخبەی سیاسیی دەستڕۆیشتوودا و هیچ هەیبەتێکیان لەبەردەم دەسەڵاتداراندا بۆ خۆیان نەهێشتۆتەوە.
ئەو دادگایانە سی ساڵە خەڵکی بێتاوان سزا دەدەن و لە خەڵکی تاوانبار دەگەڕێن بەبێ سزا لێی دەرچێت، بەڵام لەبەر ئەوەی بەشی گەورەی ئەوانەی بە ناحەق سزا دراون خەڵکی ڕەش و ڕووتی ناو کۆمەڵگان و حیزبی ئۆپۆزیسیۆن و نوخبەی میدیایی و ڕۆشنبیریی کارێکیان پێیان نەبووە، بەبێ ئەوەی بگاتە گوێی هیچ کەسێک، چەندین مانگ و ساڵ لە زینداندا بوون.
دەزگای قەزائیی و دادگاکان لە هەرێمی کوردستان گرفتی ئەوەیان هەیە کە لای خەڵک متمانەیان نەماوە. ئەمە بەوە چارەسەر دەکرێت کە دادوەرانێک و کۆمەڵێک بیرۆکراتی ناو ئەو دەزگایە بکەونە خۆیان و بە پێداگریی لەسەر ئینتیگریتی پیشەیی خۆیان لەبەردەم حیزبدا، خۆیان شایان بە ڕێزی خەڵک بکەن، نەک بەناوی سەروەریی دادگاوە مەرجی ڕێزگرتن و ڕەخنەنەکردنیان فەرز بکەن بەسەر کۆمەڵگادا.
...
«پەرلەمان دەتوانێت زۆر شت بکات»
لێدوانێکی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانم بەرچاو کەوت سەبارەت بەو دادگاییکردنە کە تیایدا تەئکید لەوە دەکاتەوە کە دەیەوێت خۆی بپارێزێت لە دەستتێوەردان لە کاروباری دەسەڵاتی قەزائیی و هیواخوازە دادگای تەمیز شتێک لەبەرامبەر ئەو کارەی دادگای هەوڵیردا بکات.
ڕاست بڵێم، ئینسان تەواو ڕەشبین دەبێت کاتێک دەبینێت کەسێک کە سەرۆکایەتیی پەرلەمانێکی دراوەتە دەست، هەر ئەوەندە لە پرەنسیپی جیایی دەسەڵاتەکان و ڕۆڵی پەرلەمان لە بەرپرسکردنی دادگاکان و ڕێگریی لە لادانیان تێگەیشتبێت.
هەر لە سەردەمی مۆنتیسکیۆوە تا ئێستا، سێسەد ساڵە ئەوە دەوترێتەوە کە دابەشکردنی دەسەڵات بەسەر سێ ئۆرگاندا، جیاکردنەوە نییە لەپێناو دەخاڵەتنەکردندا، بەڵکو جیاکردنەوەیە ڕێک لەپێناو «چێک و باڵانس» (Checks and balances) و ڕەقابەتی ئەو سێ دەزگایە بەسەر یەکەوە، تا کەسیان نەهێڵن ئەویتر دەسەڵاتدارێتیی خۆی خراپ بەکار بهێنێت.
کەیسی شێروان شێڕوانیی و هاوەڵانی ڕێک سەبارەت بە خراپبەکارهێنانی دەسەڵاتە لەلایەن دەزگای تەنفیزیی و دەزگای دادوەرییەوە. ئەو کەیسە کەیسی شکاندنی یاسایە کە پەرلەمان هەم ئەرکی دەرکردن و هەم ئەرکی ڕێگەگرتن لە پێشێلکردنی موقەڕەراتی ناو یاساکانی هەیە. 
جیاکردنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن لە دەسەڵاتی دادوەریی تەنها بەو مانایەیە کە ئەو دوو دەسەڵاتە کارکردیان نەبێت لەسەر دادگا لە کاتی دەرکردنی حوکمدا، نەک لە کاتی لادانیاندا لە یاسا. ئەو کەیسەی دادگای هەولیڕ ڕێک سەبارەت بە تەدەخوڵی نایاساییە لە کاروباری بڕیاردانی دادگادا. بەڵکو سەبارەت بە ئیغتیسابکردنی دەسەڵاتی دادوەرییە لەلایەن سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە و سەبارەت بە هەڕەشەی ئیغتیسابکردنی هاوسەری چالاکوانانە لەلایەن دەزگای پۆلیس و ئاسایشەوە کە پەرلەمان بە یاسا سزاداری کردووە بۆیان زیادەڕۆیی لەو جۆرە بکەن.
ئەرکی دەخالەتنەکردن لە بڕیاردانەکانی دادگادا بەو مانایە نییە کە دەخالەت نەکەیت لە تەجاوز و مافی مرۆڤ-پێشێلکردنەکانی ئەو دەزگایەدا. سەرۆکی پەرلەمانێک کە پێیوابێت کاری دەزگاکەی ئەو نییە زوو بە زوو پەرلەمان مۆبیلیزە بکات کاتێک دەبیستێت تۆمەتبارانێک بە دادوەر دەڵێن ئەشکەنجە دراوین و دادوەر پشتگوێیان دەخات، تەواو هەڵە لە کارەکەی خۆی تێگەیشتووە. 
ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان ئاگاداری ئەوە نییە کە لە وڵاتانی دیموکراتیی چۆن پەرلەمان لە دادوەران دەپرسێتەوە و بە چی وەسیلەیەک کە لە دەسەڵاتی پەرلەماندایە فەرزی دەکات دادگاکان ئەکاونتابیڵیتیی خۆیان بپارێزن، باشترە کاتێک بە گوگڵکردنی ئەو بابەتەوە بکوژێت، نەک پەرلەمان بکاتە دەزگای تەسویبکردنی ووشەی کوردیی وەک لە ماوەی ڕابردووە بە هەڵە لێیان تێگەیاندبوو.
بیرم نەچێت ئەوە بڵێم کە سەرۆکی ئێستای پەرلەمانی هەرێم، بە دابڕاو لەوەی کە خۆی چەند گەندەڵە یان عونسرێکی ناو چی ڕژێمێکی سیاسیی ناوزڕاوە و چۆن خزمەت بەو ڕژێمە دەکات، بەڵام تەنها وەک ئاستی هۆشیاریی، من چەند جارێک بەرچاوم کەوتووە قسەی کردووە و دەبینم وەک سیاسەتکارێکی زۆر ژیرتر لە نزیک بە سەرجەم سیاسەتکارەکانی تری هەرێم دێتە پێش چاو. ڕەنگە ئەمە جگە لە ژیریی ئەو، زیاتر شتێک لەسەر ئەوە بڵێت کە کڵایەنتەلیزم و زۆر کەرەستەی کۆنتڕۆڵی تر کە حیزبەکان بەکاری دەهێنن، ئیدارەی ئەو هەرێمەی داوەتە دەست چی فیئەیەکی کەم توانا و بێئاگا لە حوکمڕانیی سیاسیی.
 
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,721,114     ژمارەی میوان 3189