كارگه‌یه‌ك گه‌رمیان ده‌كاته‌ ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنانى شیره‌مه‌نى له‌ كوردستان

2022/10/22 - 10:12 | 918 جار بینراوە    
 
رادیۆی ده‌نگ - زریان محه‌مه‌د
 
له‌ ده‌شتاییه‌كانى كه‌لار، پرۆژه‌یه‌كى به‌رهه‌مهێنانى شیرەمەنی و بەخێوکردنی مانگای شیریی بونیاد نراوه‌، كه‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كاته‌ سه‌نته‌رێكى گرنگى به‌رهه‌مهێنانى شیره‌مه‌نى، به‌شێوه‌یه‌ك رۆژانه‌ ده‌توانێت 60 تۆن به‌رهه‌مى شیره‌مه‌نى هه‌بێت، هاوکات سەروی 1300 کەسیش بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەخاتە کارەوە.
 
پرۆژه‌ى كارگه‌ى شیره‌مه‌نى مروارى له‌ گه‌رمیان، له‌ ساڵى 2019 ـه‌وه‌ بڕیارى دروستكردنى لێدراوه‌، تاوه‌كو ئێستا به‌شێوه‌یه‌كى گشتى چ بۆ دروستكردنى كارگه‌كه‌ و ئه‌و مانگانه‌ى كه‌ له‌نێو كارگه‌كه‌دا هه‌ن 10 ملیۆن دۆلارى تێدا خه‌رج كراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م كارگه‌یه‌ تواناى به‌هه‌مهێنانى 60 ته‌ن به‌رهه‌مه‌ شیره‌مه‌نییه‌كانى هه‌یه‌ له‌ رۆژێكدا، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ 3 مانگدا ده‌ست به‌ به‌رهه‌مهێنانى به‌رهه‌مه‌كانى بكات.
 
ده‌شتى حه‌سه‌ن عه‌لى، به‌ڕێوبه‌رى كارگه‌ى شیرى مروارى، بۆ رادیۆى ده‌نگ باسى له‌وه‌كرد: كارگه‌كه‌مان كارگه‌یه‌كى ته‌واوكارییه‌ و له‌ سه‌ر روبه‌رى 200 دۆنم زه‌وى كشتوكاڵى بنیات نراوه‌ و پێكهاتوه‌ له‌ سێكته‌رى جیاواز ئه‌وانیش: به‌خێوكردنى مانگا، به‌رهه‌مهێنانى به‌رهه‌مه‌ شیره‌مه‌نیه‌كان و به‌رهه‌مهێنانى ئالیكى مانگا.
 
وتیشى: 2 جۆر مانگامان هێناوه‌ له‌ وڵاتانى هۆڵه‌ندا و دانیمارك ئه‌وانیش مانگاى (هۆڵشتاین و جیرسى)یه‌، كه‌ له‌ ناوچه‌ى خۆمان ده‌ژین، به‌ڵام جۆرى جیرسیه‌كان چه‌وریان زیاتره‌ به‌ رێژه‌ى له‌ 5-7%، هاوكات شیریان كه‌متره‌ به‌ جۆرێك بۆ هه‌ر مانگایه‌ك ساڵانه‌ 7 ته‌ن و نیو شیرى هه‌یه‌.
 
باسى له‌وه‌شكرد: پرۆژه‌كه‌ له‌ 756 مانگا پێكهاتوه‌، به‌ڵام ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌ گه‌وره‌بوندایه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى گوێره‌كه‌ى مێینه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت به‌پێى ئه‌و سپێرمه‌ى كه‌ بۆى داده‌نرێت.
 
كارگه‌كه‌ پرۆژه‌یه‌كى ته‌واوكارییه‌ و له‌ سه‌ر روبه‌رى 200 دۆنم زه‌وى كشتوكاڵى بنیات نراوه‌      فۆتۆ: رادیۆی ده‌نگ
 
جیاواز له‌ پرۆژه‌كانى دیكه‌ بۆ چاودێریكردنى ئه‌و مانگانه‌ى كه‌ له‌ نێو پرۆژه‌كه‌دا هه‌یه‌ له‌ رێگه‌ى سیسته‌مى كۆمپیوته‌ر و داتابه‌یسه‌وه‌ چاودێرى ده‌كرێن، به‌ جۆرێك هه‌رمانگایه‌ك هه‌سته‌وه‌رێكى (سێنسه‌ر/حاسه‌) له‌ ملدایه‌ كه‌ پرۆفایلى مانگاكه‌ی تێدایه‌ چ له‌ رۆژى له‌ دایك بونى یان چه‌ند به‌رهى شیرى هه‌یه‌ رۆژانه‌ یان ئه‌و سپێرمه‌ى بۆى دانراوه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ 6 كاتژمێردا هه‌ر مانگایه‌ك جوڵه‌ى كه‌مبێت و خواردنى كه‌م بێت و ناساخ بێت پێی ده‌زانرێت.
 
ئه‌و به‌ڕێوبه‌رى زیاتر دواو و هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: شوێنى دۆشینى ئه‌و مانگانه‌ش جیاكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ سیسته‌مێكى هاوته‌ریبه‌ و هه‌ر گروپه‌ و 40 مانگا ده‌دۆشێت، له‌ دواى دۆشینى شیره‌كه‌ى ده‌كرێته‌ تانكى تایبه‌ته‌وه‌ و پله‌ى گه‌مى داده‌به‌زێنرێت بۆ 8 پله‌ى سلیزى، دواتر ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ كارگه‌كه‌ و به‌رهه‌مه‌كانى وه‌ك: ماست، دۆ، په‌نیرى سپى و زه‌رد و قه‌یماغ و په‌نیره ‌وشه‌كه‌كانى ترى وه‌ك په‌نیرى پیتزاى لێ به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
 
سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ى ئه‌و كارمه‌ندانى كه‌ له‌نێو ئه‌و كارگه‌یه‌دا كارده‌كه‌ن وتیىشى: به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ 250 بۆ 300 كارمه‌ند كارى تێدا ده‌كات، هاوكات به‌ شێوه‌ى ناڕاسته‌وخۆش نزیكه‌ى 1000 هاوڵاتى ده‌بێت به‌ خاوه‌نى كار.
 
كارگه‌كه‌ سێ به‌شى سه‌ره‌كى له‌خۆ ده‌گرێت: به‌خێوكردنى مانگا، به‌رهه‌مهێنانى به‌رهه‌مه‌ شیره‌مه‌نیه‌كان و به‌رهه‌مهێنانى ئالیكى مانگا     فۆتۆ: رادیۆی ده‌نگ
 
به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتوكاڵى گه‌رمیان له‌ سنورى گه‌رمیان 9 كارگه‌ى جیاواز له‌ سنوره‌كه‌ ده‌ستیان به‌ كاركردوه‌ و له‌ قۆناغى ده‌ست به‌كاربوندان، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵى گه‌رمیان جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و پرۆژانه‌ په‌ره‌ به‌ لایه‌نى ئابورى ناوچه‌كه‌ و به‌رهه‌مهێنانى به‌رهه‌مى ناوخۆ ده‌ده‌ن.
 
شادیه‌ حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵى گه‌رمیان، له‌مباره‌یه‌وه‌ بۆ رادیۆى ده‌نگ وتى: له‌ ساڵى 2015ـه‌وه‌ پلانێكمان داڕشتوه‌ كه‌ له‌و رێگه‌ ته‌قلیدیانه‌ دوربكه‌وینه‌وه‌ كه‌ ته‌نها بنه‌تۆیه‌ك به‌ جوتیار بدات، بۆیه‌ بیرمان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ وه‌به‌رهێن بهێنینه‌ ناو كه‌رتى كشتوكاڵه‌وه‌ و كاربكه‌ن، چونكه‌ وه‌به‌رهێنه‌كان ته‌نها له‌ بوارى بازرگانى و پرۆژه‌ نیشته‌جێبونه‌كاندا كارده‌كه‌ن، به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ زه‌وى ناوچه‌كه‌ گرانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌ مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى په‌روێزخان و عێراقه‌وه‌ هاوسنوره‌، بۆیه‌ له‌ گه‌رمیانیش كه‌مترین وه‌به‌رهێن پرۆژه‌ى كشتوكالیاَن هه‌یه‌.
 
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: یه‌كه‌م هه‌نگاومان كارگه‌ى زه‌یتى زه‌یتون بو كه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك جوتیاره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت و خاوه‌ن پرۆژه‌ن له‌ ساڵى 2018ـه‌وه‌ ده‌ستى به‌كار كردوه‌، هاوكات كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ى دیكه‌مان هه‌یه‌ كه‌ قوتاغى باشیان بڕیوه‌ و له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ده‌ست به‌كار ده‌بن یه‌كێك له‌وانه‌ كارگه‌ى شیره‌مه‌نى مروارییه‌.
 
سه‌باره‌ت به‌ په‌ره‌دان له‌ لایه‌نى ئابورى ناوچه‌ى گه‌رمیان، به‌ڕێوبه‌رى كشتوكاڵى گه‌رمیان وتیشى: كاریگه‌رییه‌كى زۆرى ئابورى له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ به‌جێده‌هێڵێت كه‌ له‌ ساڵانى داهاتوتر ده‌رده‌كه‌وێت، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ده‌ستى كاریش ده‌ره‌خسێنێت بۆ هه‌زار ده‌رچوى به‌شى كشتوكاڵ و ڤێته‌رنه‌رى و جوتیارانیش كه‌ ئه‌ركى سه‌ر شانى حكومه‌تیش كه‌م ده‌كاته‌وه‌.
 
ده‌شڵێت: ئه‌و زه‌ویانه‌شى كه‌ ته‌رخان كراون بۆ ئه‌و پرۆژانه‌ هیچیان كه‌متر نین له‌ 100 دۆنم زه‌وى، ئه‌و پرۆژانه‌ش به‌رده‌وامى له‌ په‌ره‌سه‌ندندا ده‌بن، چونكه‌ فراونتر ده‌بن، بۆ نمونه‌ ئه‌و كارگه‌ى شیره‌مه‌نیه‌ كه‌ 200 دۆنم زه‌وى بۆ ته‌رخان كراوه‌ له‌ ئێستادا پێویستى به‌ 3 هه‌زار دۆنم زه‌وى دیكه‌ هه‌یه‌ بۆ چاندنى ئه‌و به‌روبومانه‌ى كه‌ بۆ مانگاكانى به‌رهه‌مى ده‌هێنێت.
 
به‌پێی ئاماری حكومه‌ت، 9 پرۆژه‌ى كشتوكاڵی له‌ بوارى بونیاد نان دا له‌ گه‌رمیان     فۆتۆ: رادیۆی ده‌نگ
 
شاره‌زایه‌كى بوارى ئابوریش باس له‌وه‌ ده‌كات پرۆژه‌كانى بوارى کشتوكاڵ و ئاژەڵداری ئەگەربێتو بە زانستییانه‌ ئه‌نجام بدرێن، سودی زۆری بۆ گەشەی ئابوری ناوچەكه‌ دەبێت.
 
هێمن تۆفیق عەزیز، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری ئابوری لە گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: کشتوكاڵ و ئاژەڵداری ئەگەربێتو بە زانستی بکرێن بێگومان سودی زۆری بۆ گەشەی ئابوری ناوچەی گەرمیان دەبێت، ئەمەش کۆمەڵێک رەهەندی دەبێت یەکێک لەوانە دەبێتە هۆی دابینکردنی بەرهەمی ناوخۆ و باشترکردنی کوالێتی بەرهەمەکان.
 
وتیشی: هاوکات دەبێتە هۆی ئەوەی ناردنە دەرەوەی پارەی گرانبەها وەک دۆلار کەم دەبێتەوە، بەمەش سەرمایەی کەڵەکەبو زیاد دەکات کە دەتوانرێت پرۆژەی دیکەی پێ دابمەزرێنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشەی وڵاتانت لەسەرنامێنێت بۆ نەناردنی ئەو بەرهەمانە لە بونی دروست بونی قەیرانی سیاسیدا.
 
ئەو پسپۆرەی بواری ئابوری جەختی لەوەکردەوە: ئەم کارگانە وڵاته‌كه‌مان ده‌كاته‌ وڵاتێكى به‌رهه‌مهێن و هه‌نارده‌كار، ئه‌مه‌ش سودى جۆراوجۆری ئابوری هه‌یه‌ به‌تایبه‌تى له‌ روى ره‌خساندنى هه‌لی كار و كه‌مكردنه‌وه‌ى بێكارییه‌وه‌.
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,257,172     ژمارەی میوان 2738