ئاراز محەمەد
ترسێک پەیدا بوە لەوەی رەوشەکە بەو شێوەیە بڕوات دەبێت پاش چەند ساڵێکی تر دانیشتوانی کەلار بە پارە و بلیت سەردانی روباری سیروان بکەن.
ھەرچەندە کارکردن و ئەنجامدانی پرۆژە کارێکی باشە و جێگای دەستخۆشیە، بەڵام ھەر پرۆژەیەک چاودێری ورد نەکرێت دڵنیابن لاڕێ دەگرێت نەک شاڕێ.
کەناری سیروان لەپردی گردەگۆزینەوە بۆ سەروی گەڕەکی بەردەسور کراوە بەپێنج زۆن و دراوە بە پێنج سەرمایەدار کە دوانیان سەرمایەداری دەرەوەی گەرمیانن، بۆ ئەوەی بیکەن بەپرۆژەی گەشتیاری و ناوچەکە ببوژێتەوە، بەڵام کارەکە لەنگی و ناڕونی تێدایە و پرسیار لەخۆ دەگرێت و پێویستە بەرپرسانی شار رونی بکەنەوە.
ئەو پڕۆژەیە کۆنوسی بۆ کراوە لە رێكهوتى (
٣٠/٩/٢٠٢١) بەپێی کۆنوسەکەش دەبێت ئەولەویهتی پڕۆژەکه گەشتیاری بێت، ھەرچەندە لە رێكهوتى (
١٥/٦/٢٠٢٢) کۆنوسێکی تری بۆ کراوە و کۆنوسی یەکەم گۆڕانکاری تێداکراوە.
لایخوارەوە من سەرنج و زانیاریەکانی لەسەری دەخەمەڕو.
زۆنی یەکەم دراوە کۆمپانیای بامۆک و گاردین سیتی کاری تێدادەکات و لەئێستاشدا دەستی بەکارەکانی کردوە، پرۆژەکەی گاردن سیتی بریتیە لە ھەزار خانو و دو ھەزار و پێنج سەد یەکەی بیشتەجێ بون (شوقە)، کەئەوەش کارێکی گەشتیاری نیە و پرۆژەی نیشتەجێبون بەچ مافێک و لەژێر چ ناونیشانێک لەسەر رۆخی سیروانێکی گەشتیاری دروست دەکرێت؟ سنورەکە ئەو ھەمو پرۆژە نیشتەجێبونەی تێدا کراوە بۆچی بیر لەوە ناکرێتەوە ئەکوا پارکێک یان جێگای گەشتیاری بکرێتەوە بەجیای بلۆک و بیناو دیوار؟ ئایا خەلِکی ئەم ناوچەیە شیاوی ئەوە نین جێگایەکیان ھەبێت بۆ پشودان؟
زۆنی دوەم لە قەڵای شێروانە بۆ پشتی پۆلیسی کەلار دراوە بە وهبهرهێنهرێكى ناوخۆیی ئەویش ئایا دەیکات بەڤێلا و خانوی نیشتەجێبون؟ ئەم وەبەرھێنە بڕیار بو پردی رزگاری دروست بکات لەبەرامبەر زەویەکی گران بەھا لەپشتی گەنم فرۆشەکانی کەلار، بەڵام ئێستا پردەکەی تەواو نەکردوە و ناشزانرێت بە چ ھۆکارێک و لەژێر چ ناوێک ئەو پرۆژە ستراتیجیە وەستێنراوە؟!
ھیوادارین بەرپرسان شار و ئەوانەی لەرێکەوتنەکەدا بون رونی بکەنەوە.
خالێکی تریش ئەوەیە روباری سیروان شوێنێكى گەشتیاریە و دەبێت فهرمانگهى گەشتوگوزار سەرچاوە و شەرعیهتی مامەڵە پێوەکردنی ھەبێت، بەڵام لەکاری زۆنەکاندا شەرعیەتی تەواو دراوە بەشارەوانی و بەشی باخچەکانی شارەوانی، ئایا ئەمە چۆن؟!
خاڵێکی تر لەو باسەدا ئەوەیە سیروان سەرەتا کرابو بەپێنج زۆن، چۆنایی ویسترا زۆنێکی تری بۆ زیاد بكرێت و بكرێت بە شەش زۆن و کێ کردویەتی و دەستکەوتی چیە؟َ! ھەرچەندە ئێستا ئەو زۆنە بەکۆمەڵێک ھەوڵ ھەڵوەشاوەتەوە كه کاتی خۆی ئەویش روندەکەینەوە چۆن بوە.
خالێکی تر ئەوەیە کۆڕنیشەکەی روباری سیروان پێشتر لەپڕۆژەکاندا دانرابو بە (١٧٠) مەتر، بەڵام ئێستا کەمکراوەتەوە بۆ (١٢٠) مەتر، ئەوەش رون نیە بۆ و چۆن کراوە؟! ئەو کۆرنیشە لەناو ھەمو پرۆژەکەدا بەتەنھا دەبێتە موڵکی دانیشتوانی ناوچەکە لەھەنگاوی سەرەتاشدا لەبەشی خەڵک کەمکراوەتەوە.
دوا خاڵیش ئهوهیه كه کێ دەتوانێت گرنتی بدات سبەی سیروان نابێت بەموڵکی چەند کەسێک و ناچارت ناکەن بە بلیت بچیتە سەر رۆخی روبارێک کە کلتور و ئیلھامی سنورەکە بوە بەدرێژایی مێژو؟َ!
بەکورتی: بەرپرسیارێتی و کورسی دەبێت لەپێناو خزمەت بێت و سبەی مێژو چیرۆکت وەک سەروەری بگێڕێتەوە.