هیوا رهشید
ساڵانە دو ملیۆن کەس بە هۆکاری سکچون (نەخۆشیەکانی پەیوەست بە پیس بونی ئاو) دەمرن کە زۆربەیان مناڵن. پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دو لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان توشی گرفتی کەم ئاوی ببنەوە.
سەبارەت بە کێشەی پیسبونی ژینگەی کوردستان و توشبونی خەڵک بە نەخۆشی، شتێکی چاوەڕوانکراوە. بۆ نمونە پیسبونی ئاوی خواردنەوە و توشبونی خەڵک بە کولێرا بەتایبەت مناڵان لە سلێمانی و ناوچەکانی تر چەند وەزارەتێک بەرپرسیارن.
بەڕێوەبردنی ئاو لە ڕوی چەندێتی و چۆنیەتیەوە تاڕادەیە فرە رەهەندە و پێویستی بە هەماهەنگی و هاوکاری پتەوی هەمو وەزارەتەکان هەیە، پارلەمان دەبێت رۆڵی چاودێری خۆی ببینێت لە سەر ئەم وەزارەتانە و هەر یەکەیان بە پێی دەسەڵات و بەرپرسیاری یاسایی خۆیان بەرپرسن لە پاراستنی ژینگە لە پیسبون.
زیادبونی ژمارەی دانیشتوان و گەشەی پیشەسازی و بازرگانی کاریگەری دەبێت لە سەر زیادبونی خواست لە سەر ئاو. لە هەمانکاتدا زۆربەی سێکتەرەکانی وەک: پیشەسازی، تەندروستی، کشتوکاڵی، شارەوانی و گەشتیاری دەبنە هۆکار بۆ پیسبونی سەرچاوەی ئاوی وەک روبارەکان. دابینکردنی ئاوی خاوێن مافە بۆ هەر تاکەکەسێک و دەبێت دەستەبەربکرێت.
ئەگەر ناوچەی تانجەڕۆ وەربگرین و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی پیسبونی روبار یان چەمی تانجەرۆ بکەین، دەبینین کێشە هەیە لە خراپ بەڕێوەبردنی سامانی ئاو و مەلەفی ژینگە لە لایەن زۆربەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان.
سەرچاوەکانی پیسبونی تانجەڕۆ دەیسەلمێنی ئەو لایەنانە نەیانتوانیوە وەکپێویست مەترسی سەر ژیانی خەڵک کەمبکەنەوە، بۆ نمونە: چەندین پاشەڕۆی جۆراوجۆر بێ چارەسەرکردنی زانستی فڕێدەرێ و لەناو دەبردرێت، وەکو:
- پاشماوەی زێرابەکانی شاری سلێمانی دەڕواتە ناو رێڕەوی روباری تانجەرۆ بێ پاڵاوتن.
- پاشماوەی شارەوانیەکان واتە پاشماوەی رەقی ماڵان.
وێنهى نمونهیهك له بونى پاشهڕۆى پیس و مهترسیدار لهسهر رێڕهوى ئاوى تانجهڕۆ
- پاشماوە پزیشکیەکان، ئەمەش بە شێوازی پاشماوەی شل لە رێگەی زێرابەکان و پاشماوەی رەقی پزیشکیش تاکو ئێستا لە پرۆسەیەکی کۆن و مەترسیدار لەناو دەبردرێت.
تاکو ئێستا یاسای تایبەت و رێنمایەکی تایبەت نیە کە بەتایبەت دەرکرابێت بۆ بەڕێوەبردنی پاشەڕۆی پزیشکی. وڵاتان یاسای تایبەتیان بۆ ئەم مەبەستە هەیە. بۆ نمونە: لە ئەمریکا یاسایەک هەیە بەناوی "Medical Waist Tracking Act 1988" ئەمەش لە ئەنجامی روداوێک دەرچو لە ساڵی ١٩٨٧ کاتێک لە ویلایەتی ئیندیانا ١٢ منداڵ لەنزیک سەنتەرێکی تەندروستی یاری بە شوشە دەکەن (vial) ئەم شوشانە خوێنیان تێدابو، بەم هۆکارە دو منداڵ توشی ئایدز بون، بۆیە ئاژانسی پاراستنی ژینگە (EPA) فشار لە سەر کۆنگرێس دروست دەکات و ئەم یاسایە دەردەچێت.
- بونی دەیان کارگەی جۆراوجۆر کە جۆرەها پاشماوەی شل و ڕەق و دوکەڵ تێکەڵ ژینگە و ڕوباری تانجەڕۆ دەکەن بێ ڕێزگرتن لە یاسا و ڕێنمایەکانی ژینگە. بێ ئەوەی فلتەری ئەو پاشماوانە بکرێت!
-سەرەڕای ئەوەش چەندین چالاکی تری کانزای وەک غەسالە و کاری کشتوکاڵی لە چەند شوێنێک دەبنە هۆکاری پیسبونی روباری تانجەڕۆ.
پاڵپشت بەو توێژینەوانەی لەم بابەتە کراون ئەم پاشماوانە دەبنە هۆکاری دروستکردنی ژینگەیەکی ترسناک و چەندین نەخۆشی بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە وەک: شێرپەنجە، هەستیاری پێست و هتد. ئەم ئاوە پیسبوە دەگوازرێتەوە بەنداوی دەربەندیخان و روباری سیروان و دواتر دیالە و خواروی عێراق. بۆیە مەترسیەکە بۆ هەر کەسێکە لەم ئاوە بخواتەوە بە پلە یەک وەک خەڵکی دەربەندیخان و کەلار . جگە لەوەش زانینی ئەم زیانانە و ئاستی پیسبونەکە جیاوازە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر.
بۆیە وەزارەتی شارەوانی، پیشەسازی، تەندروستی، کشتوکاڵ، و سامانە سروشتیەکان، و دەستەی ژینگە وەک دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەرپرسیارن لە پێشێلکردنی یاسا و رێنمایە ژینگەیەکان کە دەبنە هۆکاری کۆلێرا و شێرپەنجە و دەیان نەخۆشی تر.
پەرلەمان بەرپرسیارێتی یاسای هەیە و بە پێی ئەو بەدواداچون و چاوپێکەوتنمان لەگەڵ چەند ئەندام پەرلەمانێک بۆمان دەرکەوت کەمتەرخەمی هەیە لە چاودێری ئەم پرسە هەستیارە و لێنەپرسینەوەی لایەنە بەرپرسیارەکان لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن.
کێشە و کەلێنی یاسایمان هەیە، بەڵام زیاتر کێشەکە لە جێبەجێنەکردنی ئەو یاسا و رێنمایانەیە کە هەیە.
وێنهى نمونهیهكى ئاوى تانجهڕۆ به بهراورد به نمونهى ئاوێكى سازگار، كه لێڵی و نهشیاوی ئاوى تانجهڕۆ دهردهخات
بەشێکی زۆر ئەو کارگانەی ژینگە پیس دەکەن خەڵکی خاوەن دەسەڵات و نفوزی لە پشتە و لێپرسینەوەی جدیان لە گەڵ ناکرێت.
وەزارەتەکان وەک پێویست هەماهەنگ نین، هەرێم و ناوەند هاوکار و هەماهەنگ نین لە سەر پرسی بەڕێوەبردنی ئاو لە کاتێکدا دەستور بەرپرسیاری کردون.
سەردانی مەیدانی تانجەڕۆ بکەیت کارەساتی ژینگەی دەبینیت، بە پێی توێژینەوەکان ئەم مەترسیانە لە چەندین رێگاوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، لەوانە لە رێگەی خواردنەوەی ئاوی پیس، یان سەوزە و دانەوێڵە کە بەو ئاوە پیسە ئاودراون، ئاژەڵ کە لەو گیایە دەخۆن کەبەو ئاوە گەشەیان کردوە و پاشان مرۆڤ گۆشتەکەی دەخوات یان شیرەکەی دەخواتەوە دەبنە هۆکاری نەخۆشی.
بۆیە کێشەی تانجەرۆ و هاوشێوەکانی کێشەیەکی ژینگەی گەورەن لەسەر ژیانمان کە پێویستیان بەچارەسەر هەیە. سەرەڕای دەستخۆشیمان بۆ هەر هەوڵێک بۆ پاراستنی ژیان و ژینگە، بەڵام ئەبێت هەنگاوەکان بەقەبارەی مەترسیەکە گەورە و جدی بن.