ده‌نگ نێت، محه‌مه‌د مه‌حمود
چه‌ند جارێكه حاڵه‌تى كوشتن و رفاندنى هاوڵاتیان له سنورى كفری بۆ خورماتو دوباره ده‌بێته‌وه، به‌رپرسانى ئاسایش ده‌ڵێن ئه‌و شوێنانه‌ى حاڵه‌ته‌كانى تیا روده‌ده‌ن دورن له ده‌سه‌ڵاتى ئێمه‌وه، به‌رپرسانى پێشمه‌رگه‌ش باس له بونى بۆشایی ئه‌منی ده‌كه‌ن.
دوێنێ (23ـى نیسان) هاوڵاتیه‌كى شوانكار، پاش زیاتر له 20 رۆژ له رفاندنى له سنورى نێوان كفری و خورماتو له‌لایه‌ن داعشه‌وه، له‌به‌رامبه‌ر پێدانى 25 هه‌زار دۆلار، ئازاد كرا. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه هێزى پێشمه‌رگه و هێزى عێراقیش له نزیك ئه‌و سنورانه‌دا هه‌ن.
به‌ڕێوبه‌رى ئاسایشی كفری، هیوا عه‌لی، بۆ ده‌نگ نێت وتى: چه‌كدارانى داعش له سنوری كفری نین، به‌ڵكو له نێوان كفری بۆ خورماتون، له‌م ناوچه‌یه شوانکارەکان دەچنە ناوچه‌ى شۆراو و پەڵکانە، ئەو شوێنانەش رەبیەی پێشمەرگەی لێ نییە و دەستی هێزەکانی پێشمەرگەى لێ دوره، بۆیه له‌لایه‌ن چه‌كدارانه‌وه ده‌ڕفێنرێن.
جێگری لیوای 144ـی پێشمەرگە، رائید: محه‌مه‌د کەریم، ناسراو به "حه‌مه چەوری"، كه له سنوره‌كه‌دا بونیان هه‌یه، بۆ ده‌نگ نێت وتى: ئێمە وەکو پێشمەرگە ئەوەی پێمان کرابێت لەو سنورە کردومانە بۆ پاراستنی دێهاتەکان و هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە، به‌ڵام لەدوای شانزەی ئۆکتۆبەرى 2017ـه‌وه ئەو شوێنە لەلایەن داعشەوە داگیر کراون و دەکەونە نێوان ئێمه و حکومەتی عێراقەوە.
ئه‌و روبه‌ره‌ى كه زۆرترین حاڵه‌ته‌كانى رفاندن و كوشتنى هاوڵاتیانى تێدا ئه‌نجام ده‌درێت، ناوچه‌یه‌كى به‌رینه، بەری چیای حه‌مرینی پارێزگای دیاله دەبەستێتەوە بە بەری چیای حەمرینی پارێزگاى کەرکوک، ئه‌م ناوچه‌یه‌ش نزیكه‌ى 37-38 كیلۆمه‌تر درێژیه‌كه‌یه‌تى و 4-8 كیلۆمه‌تر پانیه‌كه‌یه‌تى، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى ناوچه‌كه له روى بونى گرد و هه‌رد و دۆڵه‌وه، به ناوچه‌یه‌كى قایم هه‌ژمار ده‌كرێت كه له‌لایه‌ن داعشه‌وه سودی لێبینراوه.
ئه‌وه‌یشی وایكردوه زیاتر داعش ئه‌م ناوچه‌یه بكات به مۆڵگه، جگه له قایمی شوێنه‌كه، رێكنه‌كه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدایه له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ى هێزی هاوبه‌ش تیایدا، كه به‌م هۆیه‌وه ناوچه‌كه وه‌كو ناوچه‌ى بۆشایی ئه‌منی ماوه‌ته‌وه.
فه‌رحان یاسین، ئه‌و شوانكاره‌ى له‌لایه‌ن داعشه‌وه رفێنرا و رۆژى 23ـى نیسانى 2022 له‌به‌رامبه‌ر 25 هه‌زار دۆلار ئازاد كرا فۆتۆ: تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان
رائید: محه‌مه‌د كه‌ریم، له‌مباره‌یه‌وه حكومه‌تى عێراقی تۆمه‌تبار ده‌كات "هه‌ندێك شوێن ئاوه‌دانكرایه‌وه، كه‌چى نەیانهێشت هێزی پێشمەرگە بچێتە ناوی، هێزی عێراقیش خۆیشی نایەت بۆ پاراستنی، هه‌روه‌ك بڕیار بو دو لیوای هاوبه‌ش دروست بكرێت بۆ پاراستنی ئەو شوێنانە، بەڵام تائێستا ئەوەش سەری نەگرتوە".
ده‌نگ نێت نه‌یتوانى قسه‌ى لایه‌نى عێراقی له‌باره‌ى ئه‌م پرسه‌وه وه‌ربگرێت.
له‌م ناوچه‌یه‌دا ژماره‌یه‌كى زۆر گوند هه‌یه كه دانیشتوانه‌كه‌ى له كورد و عه‌ره‌ب پێكدێن و به كارى ئاژه‌ڵداریی و كشتوكاڵه‌وه سه‌رقاڵن، هه‌ندێك له‌وانه له‌لایه‌ن چه‌كدارانى داعشه‌وه ده‌ڕفێنرێن.
دانیشتویه‌كى كوردی ئه‌و سنوره كه به‌هۆكارى ئه‌منی ناوی ئاشكرا ناكه‌ین، ئه‌وه‌ى پێ راگه‌یاندین كه مه‌ترسیه‌كه زۆرتر له‌سه‌ر ئه‌وانه وه‌ك له هاوتا عه‌ره‌به‌كانیان، كه به‌وته‌ى خۆی داعش زۆرتر ئه‌وانى كردوه به ئامانج.
به‌پێی داتایه‌ك كه ده‌ست رادیۆی ده‌نگ كه‌وتوه، له‌و سنوره‌دا له نیوه‌ى ساڵی پاره‌وه تائێستا، هه‌شت كه‌س له‌و سنوره رفێندراون، كه سیان له‌وانه كوژراون.
به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى زینانه كه هاوسنوره له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوچه‌یه، بۆ ده‌نگ نێت وتى: داعش لە چەند شوێندا جموجۆڵی هەبوە، تەنانەت لەسەردەمی ئۆپراسیۆنەکانیشدا پەلاماری خەڵکیان دەدا، ناوبەناو زیاد و كه‌م دەکەن.
وه‌هاب ئه‌حمه‌د، وتیشی: شوانكاره‌كان جاری وا هەیە بەگوێی هێزە ئەمنیەکان ناکەن و ده‌چنه ئه‌و ناوچانه‌ى كه بۆشایی ئه‌منیان هه‌یه و داعشى لێیه، ئەم روداوانەی لێ دەکەوێتەوە.
پێشتر هێزه ئه‌منیه كوردستانی و عێراقیه‌كان چه‌ند ئۆپه‌راسیۆنێكیان له سنوره‌كه ئه‌نجام داوه فۆتۆ: روداو
به‌وته‌ى رائید محه‌مه‌د كه‌ریم، داعش ئه‌و كه‌سانه ده‌ڕفێنێت، ئه‌گه‌ر سه‌ر به حكومه‌ت بن ده‌یانكوژێت، ئه‌گه‌ریش كه‌سى مه‌ده‌نی و شوانكار بن به پاره ئازادیان ده‌كات.
هۆكارى ئه‌م كاره‌ش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و رێكخراوه پاش توندكردنه‌وه‌ى گوشاره‌كان له‌سه‌رى و ته‌فروتونابونى، پێویستی به پاره هه‌یه بۆ رێكخستنه‌كانى، ئه‌م پاره‌یه‌ش له‌رێگه‌ى كارى رێگری و رفاندنه‌وه ئه‌نجام ده‌دات.
له‌ماوه‌كانى رابردودا، چه‌ند ئۆپراسیۆنێك له‌و سنورانه ئه‌نجام دران، كه هه‌ندێكى تاك لایه‌نه بوه له‌لایه‌ن هێزه عێراقیه‌كان یان پێشمه‌رگه، هه‌ندێكیشیان هاوبه‌ش، هه‌روه‌ك هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تیش به فڕۆكه چاودێریی سنوره‌كه ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داعش له سنوره‌كه‌دا هه‌ر ماون و حاڵه‌ته‌كانى رفاندنى هاوڵاتیانیش به‌رده‌وامن، هیچ ئاسۆیه‌كیش بۆ رێكه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا له ئارادا نیه به‌مه‌به‌ستى پێكهێنانى هێزى هاوبه‌ش و پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆشاییه ئه‌منیه، ئه‌مه‌ش به ماناى به‌رده‌وامبونى كه‌لێنه ئه‌منیه‌كان و دوباره‌بونه‌وه‌ى حاڵه‌ت و روداوى تیرۆرستی دێت.
جێگری لیوای 144ـى پێشمه‌رگه، رێنمایی هاوڵاتیانی ئه‌و سنوره و به‌تایبه‌ت شوانكاره‌كان ده‌كات كه نه‌چنه ئەو شوێنانەی هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراقی لێنییە. وتى: زۆربه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى براون، چونەتە قوڵایی ناوچەی داعش.