دیاردەى خۆڵبارین، هۆکار و چۆنیەتى کۆنترۆڵکردنى

2022/04/10 - 07:44 | 258 جار بینراوە    
 
عەبدولموتەڵیب رەفعەت سەرحەت 
 
 خۆڵبارین یەکێکە لەو دیاردانەى کە هەندێ جار سروشتییەو وهەندێ جاریش کردەییە کە لە ئەنجامى کارە نا تەندروستیەکانى مرۆڤەوە دروست دەبێت. ئەم دیاردەیە بە هۆى راماڵینی خاکەوە دروست دەبێ بە هێزى با ودواتر دەنکۆڵەکانى خاک بەرز دەبنەوە بۆ بەرگى هەوایى وتا زیاتر لە ٢ کم لە ڕوى زەوییەوە. بۆ رودانى ئەم دیاردەییە بە شێوەیەکى سروشتى پێویستە خێرایى با زیاتر بێت لە ٢٥ کم/کاتژمێر لە شوێنى سەرچاوەوە کە زیاتر لە بیابانەکانەوە سەرچاوە دەگرن وەکو بیابانى عەرەبى وبیابانى خۆرئاواى عیراق وهەندێ جاریش لە بیابانى ئەفریقیاوە.
 
مەرجیش نییە خۆڵبارین تەنها لە بیابانەکانەوە سەرچاوە بگرێت چونکە زۆر جار لە زەوییە کشتوکاڵیەکانیشەوە دروست دەبێت. ئەو زەوییانەى کە دەکەونە ناوچە وشک ونیمچە وشکەکانەوەو کە بە هۆى کەمى ڕوپۆشى ڕوەکى, کەم بارانى وبەرزى پلەکانى گەرمیەوە مادەى ئۆرگانیان زۆر کەممە وخاکەکانیان لاوازوە وبە تەواوەتى شى بوەتەوە, بۆیە ئەم تایبەتمندیانە وادەکەن کە خاکەکە بە ئاسانى لە گەڵ هەڵکردنى ڕەشەبادا بچێتە بەرگى هەواییەوە وبگوازرێتەوە بۆ ناوچەى تر.
 
هەروەها چالاکییە ناتەندروستیەکانى مرۆڤ لەو جۆرە زەوییانە وەکو جووتکردن بە شێوەیەکى نازانستى, بە کارهێنانى ئۆتۆمبێڵ لەو زەوییانە وچالاکییە سەربازییەکان زیاتر بەشى سەرەوەى خاک شیدەکەنەوەو توشى راماڵێن دێت بە با.
 
پێکهاتەى خۆڵبارین بە پێى سەرچاوەکەى دەگوڕێ، بەڵام بە شێوەیەکى گشتى دەنکۆڵەکانى خۆڵ (خاک) تیرەیان ٥٠٠ مایکرۆن یا کەمترە. وبە پێى کاریگەریان ورۆڵیان لە چڕى خوڵبارین وتواناى مانەوەیان لە بەرگى هەواییدا وکاریگەریان لە سەر ژینگەو تەندروستى مرۆڤ ئەکرێتە چوار بەشەوە:
 
١. زۆر زبر: ئەم دەنکۆڵانە تیرەیان نزیکەى ٥٠٠ مایکرۆنەو لە بەر کێشیانەوە تا چەند سانتێمێک یا چەند مەترێک بەرز دەبنەوە بەڵام لە ماوەیەکى یەجگار کورتتدا دادەبەزنەوە سەر زەوى. وکاریگەریان لە سەر چڕى خۆڵبارین وهەروەها لە سەر تەندروستى مرۆڤ زۆر کەمە یا هەر نییە.
 
٢. زبر: تێرەى ئەم دەنکۆڵانە لە نێوان ١٠-٥٠٠ مایکرۆنن وتا قەبارەیان نزیک بێت لە ١٠ مایکرۆنەوە زیاتر لە بەرگە هەواییدا دەمێننەوە بەڵام مانەوەیان لە بەرگە هەوایى تەنها بۆ چەند کاتژمێرێکە ودواتر دادەبزنە سەر زەوى. وکاریگەریان لە سەر تەندروستى مرۆڤ هەیە بەڵام بە شێویەکى زۆر کەم.
 
٣. ورد: ئەم جۆرە دەنکۆڵانە تیرەیان لە نێوان ٥,٢-١٠ مایکرۆنە وبۆ ماوەیەکى زۆر لە بەرگى هەواییدا دەمێننەوەو کاریگەریان زۆرە لە سەر تەندروستى مرۆڤ وبە تایبەتى لە سەر کۆئەندامى هەناسەدان وتوشبوون بە هەستیارى چاوو کۆئەندامى هەناسەدان.
 
٤. زۆر ورد: ئەو دەنکۆڵانە دەگرێتەوە کە تیرەیان کەمترە لە ٥,٢ مایکرۆن. ئەم جۆرە دەنکۆڵانە بۆ ماوەیەکى زۆر دەمێننەوە بە هەڵواسراوى لە بەرگى هەوا وهەندێ جار بۆ ماوەى زیاتر لە ٣ رۆژ دەمێننەوە. وکاریگەرى لە سەر تەندروستى مرۆڤ زۆرە ویەکێکە لە پڕمەترسیدارترین جورەکانى دەنکۆڵە و بە هۆکارى سەرەکى دادەنرێت لە هۆکارەکانى توشبوون بە نەخۆشییەکانى شێرپەنجەى کۆئەندامى هەناسەدان. وئەم جۆرە دەنکۆڵانە زۆر بە ئاسانى تێکەڵ بە سورى خوێن دەبن وزۆر جار ئەم دەنکۆڵانە بە هۆى کردارى گۆڕینەوەى ئایۆنى (ion exchange) میتاڵە قورسەکانیان پێوەیە بۆیە ئەمەش مەترسیەکانى خۆڵبارین بۆ سەر تەندروستى کۆمەڵگا زیاتر دەکاتەوە.
 
کاریگەرییە ژینگەییەکانى خۆڵبارین
 
جگە لەوەى کە خوڵبارین هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەى ڕادەى بینین, لە گەڵ ئەوەشدا کاریگەرى زۆرى هەیە لە سەر هاوسەنگى نێوان تیشکى خۆر وتیشکى زەوى. وکواڵیتى هەوا بە تەواوەتى دەگورێت چونکە کاریگەرى زۆرى لە سەر رێژەى ئۆکسجین دەبێت. لەلایەکى ترەوە, بە هۆى وردى دەنکۆڵەکانى خۆڵبارینەوە کە بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ دەنیشنەوە سەر گەڵاى دارو ڕوەک وبەروبومە کێڵگەیەکانەوە بۆیە دەبێتە هۆى داخستنى ملولەى سەر گەڵاى دارەکان ودەبێتە هۆى پەکخستنى کردارى ڕۆشنەپێکهاتن ودواتر وەرینى گەڵاى دارەکان وکەمکردنەوەى بەرهەمى کشتوکاڵى لە بەروبومە کێڵگەییەکان. لە لایەکى ترەوە دواى نیشتنەوەیان لە سەر زەوى یا خاک دەبێتە هۆى تێکچونى پێکهاتەى خاک لە رووى کیمیاوى وفیزیاوی وبایۆڵۆجیەوە, ورێژەى میتاڵە قورسەکان لە خاک زیاد کات.
 
تایبەت بە سەرچاوەکانى ئاو, دیاردەى خۆڵبارین هۆکارێکە بۆ زیادبوونى لێڵى ئاو وزۆر جار بە پێى خەستى خۆڵبارینەکە رێژەى ترشى وتفتى (pH)ى ئاو دەگورێت, وهەروەها رێژەى میتاڵە قورسەکان لە ئاو زیاد دەکات کە هەموو ئەمانە کاریگەریان لە سەر زیندەوەرانى ناو سەرچاوەکانى ئاو دەبێت وتەنانەت کواڵێتى ئاوەکە دەگوڕن.
 
تایبەت بە کۆنترۆلکردنی یا کەمکردنەوەى دیاردەى خۆڵبارین تەکنیکەکان دەگوڕێت بە پێى شوێنى سەرچاوە یا شوێنى هەڵکردنى خۆڵبارینەکە.
 
لە روبەرە بچوکەکان پێویستە رێژەى مادەى ئۆرگانى لە نێو خاکدا زیادبکرێت ئەویش لە رێگەى بەکارهێنانى پاشماوە کشتوکاڵییەکان بە شێوەى زانستى وتێکەڵکردنى پاشماوەى ڕوەک ودارى هاڕاو یا فراوانکردنى روپۆشى ڕوەکى ودروستکردنى پشتوێنەى سەوز لە دەوروپشتى شارەکان. هەندێ مادەى کیمیاویش بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئەو مادانە کاریگەریان لە سەر ژینگە زۆر خراپە بۆیە پێویست ناکات ئاماژەیان پێبکرێت.
 
بۆ کۆنترۆڵکردنى دیاردەى خۆڵبارین لە بیابانەکانەوە، بە هۆى فراوانى روبەریان ئەوە پێویستى بە هەماهەنگى نێودەوڵەتى هەیە نێوان ئەو وڵاتانەى کە خۆڵبارین کاریگەرى دروستکردووە لە سەریان وەکو وڵاتانى کەنداو، عیراق، سوریا، ئێران وتورکیا و پێویستە بودجەى هاوبەشى بۆ تەرخان بکرێت بە مەبەستى ئیستغلالکردنى ئەو بیابانانە بە شێوەى زانستى. 
 
لە ئێستادا و بە هۆى کەمبارانى و وشکەساڵى کە هۆکارێکن بۆ زیادبونى دیاردەى خۆڵبارین، ئەوە زۆر پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوڵاتیان هۆشیاربکەنەوە لە ڕووى کاریگەرى خۆڵبارین لە سەر تەندروستى مرۆڤ وچۆنیەتى خۆپارێزێ لەم دیاردەیە.
 
 
* مامۆستای زانکۆی گەرمیان
 
 



Dengnet.net - 2022
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 652,381     ژمارەی میوان 18