ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
ئێران و موشەکەکانی

2022/03/13 - 07:54 | 651 جار بینراوە    
 
د. سەردار عەزیز
 
کاتێک لە سەرەتای جەنگی عێراق و ئێراندا، فەرەنسییەکان پەیمانیان بە عێراقییەکاندا کە فڕۆکەی جەنگییان پێبدەن، پرۆسەکە بە ئاسانی بەڕێوە نەچوو. کاتێک عێراق فەرەنسییەکانی ناچارکرد ٥ فڕۆکەی جەنگی پێبدەن، ئێران لە تۆڵەدا لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٨٣ ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراوی بە باڵوێزخانەی فەرەنسیدا تەقاندەوە و ٦٣ کەسی کوشت. هەر زوو پەیامەکە بە پاریس گەیشت. ڕوداوەکە چەند خەسڵەتێکی یاری ڕژێمی ئێرانیمان پێدەڵێت: یەکەم، کاتێک ئێران جێگایەک هەڵدەبژێرێت بۆ هێرش بۆ سەر وڵاتێک، مەرج نیە ئەو جێگایە هیچ پەیوەندییەکی بەو پرسەوە هەبێت. هەڵبژاردنی بەیروت لە ١٩٨٣ لە بەر ئەوەبوو چونکە لوبنان توانای وەڵامدانەوەی نیە و دەتوانرێت بە ئاسانی کارەکەی تیایدا ئەنجام بدرێت. دووەم، ئێران بە دوای خاڵی لاوازدا دەگەڕێت بۆ گەیاندنی پەیام بە نەیارەکانی بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ.
 
ئێران لە هێرشەکەی سەر هەولێردا باس لە تۆڵە لە ئیسرائیل دەکاتەوە، بەڵام هێرشەکە بۆ سەر ئەمریکایە، لە کوردستان و عێراقدا. 
 
ئەو ١٢ موشەکەی کە لە شاری تەبریزەوە بەرەو هەولێر هاوێژران، زیاتر لە ژمارەکەیان پەیام و ئالۆزییان لە خۆیاندا هەڵگرتبو. ئەگەر ئێران بە ڕاستی مەبەستی ئیسرائیل بوو، ئەوە ڕونە ئێران نایەوێت یان ناتوانێت ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل چونکە ئیسرائیل بێ وەڵام نابێت. بەڵام هێرش بۆ سەر ئەمریکا و کوردستان، ئەگەری زۆرە بەبێ وەڵام بمێنێتەوە، چونکە لە دۆخی شەڕی ئۆکرانیادا ئەگەری کەمە ئەمریکا وەڵام بداتەوە چونکە نرخی نەوت لە بازاڕدا هێندەی تر بەرز دەکاتەوە.
 
بەڵام ئەگەر مەبەستی ئێران ئیسرائلیش بوبێت ئەوا ئامانجی زیاتر لە پێکانی چۆلەکەیەک بوە لە هەمانکاتدا. لە ساتەوەختی موشەکبارانەکەدا، دوو ڕوداو ڕویاندا کە ئێران پێیان نیگەرانە، ئەگەر دروستبونی حکومەت لە بەغدا و ڕێگریکردنی روسەکان لە ڕێککەوتنی ئەتومی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا. هەرچەندە هەوڵدرا ڕوسەکان بە داڕشتنی ناڕەزاییەکەیاندا بچنەوە، بەڵام سەرئەنجام هەر هەمان شت بوو.
 
ڕاگەیاندنی خێرای ئێران بۆ بەرپرسیارێتی بەشێکە لە دوپاتکردنەوەی پەیامەکەی کە ئەگەر شتەکان لە بەرژەوەندیمان نەبێت ئەوا دەتوانین پشێوی دروست بکەین. ئەنجام نەدانی هێرشەکە لە لایەن دارودەستەکانیەوە لە عێراق بۆ مەبەستی گەیاندنی ئەو پەیامەیە کە پرسەکە پەیوەستە بە خودی ئێرانەوە نەک ئێران لە عێراق. 
 
دیارە هەرێم دەتوانێت لە پرسی دروستکردنی حکومەتدا بەرژەوەندی ئێران لە بەرچاو بگرێت، وەک رەخنەگرانی حکومەت دەڵێن، بەڵام ئەوە تەنها یەک ڕەهەندی پرسەکەیە، رەهەندەکانی تری لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمە. هەرێم بەوەی لاوازە، بەسە بۆ ئەوەی بکرێتە ئامانج و بەکاربێت لە ململانێکان ناوچەکەدا.
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,713,511     ژمارەی میوان 565