رێبوار محهمهد ساڵح*
یەکەم: لەڕوی دەستورییەوە:
لە مادەی 38ـى دەستوری عێراق دا بەگشتی دەستەبەری سەرجەم ئامرازەکانی ڕادەبڕینی کردوە، بەڵام بە ڕونی باسی بایکۆتی نەکردوە و دو را هەیە لەسەر ئەوەی ئایا بایکۆت دەگرێتەوە یان نا، ئێمە لەگەڵ ئەوەدان کە "منطوقی" دەقەکە بایکۆتیش دەگرێتەوە، بهمهش بایکۆت بە جۆرێک لە ئامرازی مومارسەکردنی ئازادی دەناسرێ.
دوەم: لە روی یاسا نێوخۆییە بەرکارەکانەوە:
غیابی یاسایەکی تایبەت بە رێکخستنی بایکۆت دا، ناچار دەبێت بگەڕێینەوە بۆ یاسای ڕێککاری فەرمانبەران و یاسای سزادانی عێراقی.
لە یاسای رێکاریی فەرمانبەرانی دەوڵەتدا بایکۆت باس نەکراوە، بەڵام "امتناع عن العمل" کە بایکۆتیش دەگرێتەوە بە سەرپێچی وەزیفی دادەنرێت و بەمەش دەشێ فەرمانبەر توشی سزای کارگێری ببێت.
هەروەها لە یاسای سزادانی عێراقی دا بایکۆت باس نەکراوە و تەنها باسی "امتناع عن الوظیفه" کراوە و بە تاوان ئەژمار کراوە، بەمەش دەشێ فەرمانبەری مانگرتو توشی سزای "جزائی" ببێت هەرکاتێک ئەو مانگرتنە ببێتە مەترسی بۆ سەر ژیان و تەندروستی و ئاسایشی هاوڵاتیان، بەپێی ئەم دەقەش واتە مانگرتن لە سێکتەرەکانی تەندروستی و دامەزراوە ئەمنیەکان دا تاوانە و رێگە پێدراو نیە.
سێیەم: لە روی یاسای نێودەڵەتییەوە:
لە جاڕی گەردونی مافەکانی مرۆڤ دا بە گشتی لە مادەی مادەی 23 شهرعیەتی پێدراوە، هەروەها له پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسیهکان دا بە رونی و تایبەت باس کراوە و لەمادەی 8 هاتوه: "تتعهد الدول الاطراف بكفاله ما یأتی: (د)حق الاضراب شریطه ممارسته وفقا لقانون البلد".
عێراقیش ئەندامی ئەم پەیماننامەیە و واژوی کردوە بەبێ "تخفظی" تایبەت بەم مادەیەوە، بۆیه بەپێی ئەم مادەیە بایکۆت بەماف ناسێنراوە.
چوارەم: داوای قەرەبو:
هەر هاوڵاتییەک توشی زەرەر و زیان ببێت بەهۆی بایکۆتەوە، بۆی هەیه سکاڵا بکات و داوای قەرەبو بکات لە فەرمانبەری تایبەت و بەرپرسی فەرمانگەکە، لەسەر بنەمای هەڵەی هاوبهش "مشترك".
پێنجەم: پێشنیار:
مادام بایکۆت بوە بە دیاردەیەکی گشتی و ناوبەناو ساڵانە دوبارە دەبێتە، دەبێت بە یاسایەکی تایبەت رێکبخرێت و ئەو حاڵاتانە دیاری بکرێت کە بایکۆت تیایدا دروست یان نادروستە، دامەزراوەکان و کاتی بایکۆتیش بە رونی جیابکرێتەوە.
ئەم پێشنیارە دەرئەنجامی توێژینەوەیەکی زانستی پێشومانە لەسەر بایکۆت لە نەخۆشخانە گشتییەکان دا.
* مامۆستاى زانكۆ، پسپۆڕی یاسا