وچانێکی کورت!

2022/02/15 - 02:31 | 976 جار بینراوە    
 
د. سیروان محه‌مه‌د جه‌مال*
 
کاتی ئەوە نیە ئیتر فەیس بوک و هەڵچونی کاتی کەسێک لەسەر سێکتەرێکی دیاریکراو کاری حکومەتێک رانەگرێت و سوکایەتی بەو هەمو فەرمانبەرە بێدەرەتانە نەکات! جارێک کارەبا و رۆژێک شارەوانی یان لیژنەکانی لابردنی زیادەڕەوی و گلەییەک لە تەندروستی! 
 
ساڵێک زیاترە ئیدارەی گەرمیان هەنگاوی باشی ناوە بۆ کردنەوەی ئیدارەکە بە روی دنیا و هێنانی پرۆژە و هاتنی سەرۆکی حکومەت وسەرجەم وەزیرەکان و ئەو هەمو کونسل و وەفدە بۆ گەرمیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بەهێزکردنی فەرمانگەکانی و بەشداری کارایان لە کۆبونەوە و چالاکییەکانی پایتەخت و بۆنەکان، رۆژێک سەرکونسوڵی ئێران و دواتر کونسوڵی ئەڵمانیا و ژاپۆن.
 
ئیدارەی گەرمیان دەوڵەمەنترین و بەهێزترین ئیدارەی سەربەخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە: مامەڵەی دەروازەیی نێودەوڵەتی تێدایە، کۆمپانیای نەوتیی زلهێزەکانی دنیا کاری تێدا دەکەن، بەرەیەکی فراوانی جەنگی شکاندنی هێزی داعشی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کرد، ساڵانێکە ئاوارەی نێوخۆیی لەخۆگرتوە، کەمترین فەرمانبەری حکومی هەیە و زۆرترین ئەندامی هێزی شەڕکەری نیشتیمانی لە پێشمەرگە و ناوخۆ و هێزە سیاسییەکان تێدایە، زۆرترین ژمارەی پزیشکی پسپۆڕ و پسپۆڕى یاسایی و بڕوانامەی زانکۆیی بەرزی تێدایە.
 
مۆزایکی ئیدارەی گەرمیان رەنگدانەوەی فرەڕەنگی سیاسی ناوچەکەیە کە سەرەڕای ململانێی سەرەتا بۆ یەکتر قبوڵنەکردن و لەمپەر دروستکردن، ئێستا پێگەشتو ترە و ئارامی و لێک تێگەیشتن و کاری پێکەوەیی و بڕیاردانی هاوبەش سیمای جوانی چەند ساڵی کاری رابردوە  بۆ ئێستا.
 
گەرمیان ناوچەیەکی جوگرافی و ئابوری سیاسی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، هەر لە دەروازەی سنوری هێزی ئیقلیمی بۆ نەوت و گازی سروشتی و ماوەی سەد ساڵە جێی کێشە و ململانێی سیاسی فرە نەتەوەیی بوە بە دەرهاویشتە خراپەکانیشیەوە وەک پاکتاوکردنی نەتەوەیی شاڵاوی ئەنفال.
 
روانگە بۆ پێشخستن و فراوانکردن و بەهێزکردنی ئەم ئیدارەیە بە بیرکردنەوەی تەقلیدی ئیدارەدانی پانزدە ساڵ پێش ئێستا ناکرێت! هەروەک تێگەیشتن و چاوکراوەیی گەرمیانیەکان پێش پانزدە ساڵ نییە، بەڵام لێرەو لەوێ شەنوکەوی نازانستی و دور لە  واقیعی مۆدێرن و سەردەمی 5G و لۆکالیتی و بەکەم زانینی ماندوبون و بنیادنانی نێوخۆیی هەیە.
 
خێزانەکانی ئێرە قەرەباڵەغن و کۆمەڵایەتین و پرە لە  وزەیەکی بێشوماری گەنجی بێ کار و رەخنەگر و چالاک و زۆرترین چالاکوان و رۆژنامەنوسی بەتوانا و نوێنەری پەرلەمان و ئەنجومەنی کارای تێدایە.
 
تا ئێرە وچانێک... ئێستا کاتی ئەوەیە بخرێتە سەر رێگەی گەشەی شارە سەرکەوتوەکانی جیهان و پلانی ستراتیژی لەخۆبگرێت بە خستنەگەڕی سەرمایەی زیاتر و فەراهەمکردنی هەلی کار لە کەرتی تایبەت و وەبەرهێنان لە سەرجەم سێکتەرەکان بە تەندروستیشەوە بۆ بوژاندنەوە و باشترکردنی سەرجەم خزمەتگوزاریەکان لەو رێگەیەوە، هەروەها کەمکردنەوەی دژایەتیکردنی کۆمەڵایەتی بۆ ئەم بەرنامەیە و وەرچەرخان لە بیرکردنەوەی تەقلیدی و بچوک، چونکە زامنی پێدانی کارە بۆ کەسە بەتوانا سەرکەوتوەکان و دروستکردنی داهێنان وململانێی پێشکەوتن، ئەو دەمە هەمو سەرقاڵی کاری بەرهەمهێن دەبن و وازدەهێنرێت لە خۆدەرخستنی بێسود و کاتی قسە و پۆستی بەتاڵ و چەواشەکاری نامێنێت.
 
 
* به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,256,887     ژمارەی میوان 2454