هیوا رەشید
لێرەدا دەمەوێت چەند سەرنجێك بخەمەرو لە بارەی کەرتی خانوبەرە و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان. بەداخەوە ئەگەر ئەزمونێکی زۆرتیش نەبێت، بەڵام لێکۆڵینەوە و بەدواداچون بکەیت لەم سێکتەرە دەبینیت وەکو زۆربەی کەرتەکانی تری وەکو تەندروستی، پەروەردە و فێرکردن، کشتوکاڵی و پیشەسازی گرفت و ئاریشەی گەورە و بابەتی هەن.
بە پێی هەندێ زانیاری کەرتی خانوبەرە نزیکەی سێ یەکی هەمو وەبەرهێنان پێکدەهێنێت لە هەرێم، بۆ نمونە شاری هەولێر لە روی دانیشتوانەوە گەشەسەندنی بەرچاوی بە خۆوە دیوە، بۆیە لە دوای پرۆسە و بە تایبەت لە دە ساڵی ڕابردو چەندین پڕۆژەی وەبەرهێنان لە بواری خانوبەرە جێ بەجێ کراون و بەردەوام چەندین گەڕەکی نوێ و شار و شوقە دێنە بازاڕەوە.
"ئایا چ پلان و خوێندنەوەی زانستی بۆ ئەم پڕۆژانە کراون؟
ئایا بەچ پێوەرێک ئەم پڕۆژانە مۆڵەت وەردەگرن؟"
لە هەمان کاتدا کێشەکان لە کوالێتی و پلانسازیدان، بۆ نمونە لە دو مانگی ڕابردو بە هۆی باران بارینەوە سێ لافاو لە هەندێ ناوچەی هەولێر دروست بون کە بوە هۆی گیانلەدەستدانی ۱۲ کەس لە هەولێر، بە پێی هەندێک بەدواداچون هۆکاری دروستبونی لافاوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی "12 پرۆژەی نیشتەجێبون، رێڕەوی ئاویان گۆڕیوە!"
ئەگەر دوازدە پڕۆژە لە سەر رێڕەوی ئاوی باران دروست بکرێت، پرسیاری جدی دێتە پێش، ئەویش ئایا چ پلان و خوێندنەوەی زانستی بۆ ئەم پڕۆژانە کراون؟ ئایا بەچ پێوەرێک ئەم پڕۆژانە مۆڵەت وەردەگرن؟ ئایا ئەمە بەرهەمی بێ پلانی و خۆ دەوڵەمەندکردنی نابەرپرسانەی چەند کۆمپانیایەک نیە؟ ئایا رۆڵی یاسا چی بوە و چی دەبێت لە پاراستنی بەرژەوەندی گشتی؟
بۆیە بە کورتی چەند تێبینیەک لە بارەی کەرتی وەبەرهێنان بە تایبەت خانوبەرە لە هەرێم دەخەینەڕو:
١. لە روی پلاندانانی ستراتیژی بۆ دروستکردنی شار و پڕۆژەی نوێ، چونکە ئەم دەیان ملیار زەرەرەی ئێستا و رەنگە زیاتریش لە داهاتو ئەنجامی لاوازی پلان و نەبونی لێکۆڵینەوەی ئەندازەی و زانستی پێش وەختە.
۲. راستیەک هەیە کە کەشوهەوا لە گۆڕانکاریدایە، ئاماژە و کاریگەریەکانی گۆڕانی کەش و هەوا دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕێژەی دابارین، لافاو، بەرزی پلەکانی گەرما، یان دابەزینی گەرما و بە بیابان بون و هتد.
ئەمە شتێکی زانستیە و ڕاستیە، بەڵام نابێت بکرێتە بیانو بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیاری. وڵاتان ئێستا لەم ڕاستیە تێگەیشتون و هەوڵی خۆ گونجاندن دەدەن لە گەڵ ئەم سەردەمە نوێیە (Climate change adaption)، بۆیە پێویستە کەرتی خانوبەرەش زیرەکانە پێشبخرێت، لە ڕوی کولێتی و جۆری کەرەستەکان تاکو چەند بەرگەی گەرمی و ساردی دەگرن، تاکو چەند پلەکانی گەرما کەمدەکەنەوە، تاکو چەند خوێندنەوەی زانستی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریە خراپەکانی گۆڕانی کەش و هەوا کراوە لە سەر خانوەکان، وە تاچەند سییستەمی زیرەکی دەستکرد لە خانوەکان پیادە دەکرێت؟
"وەبەرهێنان لە کەرتی خانوبەرە لە گەڵ بژێوی و توانای خەڵکی فەرمانبەر و کەمدەرامەتی کرێچی گونجاو نیە"
۳. بە پێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان عیراق لە رێزی ئەو وڵاتانەیە کە زۆر کاریگەر دەبن بە کاریگەریەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا، هەرێمیش بە دەرنیە ، بۆیە زۆر پێویستە لە هەمو سێکتەرەکانی وەبەرهێنان ئامادەسازی و پلانی دور دابڕێژرێت، بۆ نمونە چۆن وزەی پاک بەکاربێت لە تیشکی خۆر، چۆن پیشەسازیە کۆنەکان پێشبخرێن و ئامێری دۆستی ژینگە بەکاربێت، چۆن هێڵی گواستنەوەی گشتی کارەبایی وەکو: ترام، میترۆ، پاس و ... هتد دابنرێت .
٤. لەلایەکی ترەوە لە ئێستادا وەبەرهێنان لە کەرتی خانوبەرە لە هەمو هەرێمی کوردستان لە گەڵ بژێوی و توانای خەڵکی فەرمانبەر و کەمدەرامەتی کرێچی گونجاو نیە، دادپەروەری تێدا نیە موچەخۆرێک کە موچەیەکی کەم وەردەگرێت و دڵنیانیە کەی موچە وەردەگرێت و چەند وەردەگرێت، بەناوی سودمەندبون خانویەکی پێبدرێت بە نرخی سەروی پێنج بۆ حەوت دەفتەر دۆلار بە قیستێکی نادادپەروەرانە، بۆیە کاتی ئەوە هاتو حوکمەت پلاندابڕێژێ و زیاتر دەستێوەردان یان رێکخستنەوەیەکی دادپەروەرانە بکات تاکو کەرتی تایبەت رەچاوی هەمو چینەکان بکات و خەڵکی کرێچیش سود مەندبن و ببنە خاوەن یەکەی نیشتەجێبونی خۆیان.
٥. بۆ گەشەپێدانی کەرتی وەبەرهێنان و خانوبەرە پێداچونەوە بە هەندێک یاسا و رێنمای پێویستە، ههروهك چۆن دەرکردنی رێنمای تازەش پێویستە.
٦. رێکخستن و چاودێری و هاوکاری و پشتیوانی ئەو کەسانە بکرێت کە لە بازاڕی خانوبەرە کاردەکەن، بۆ ئەوەی ئەو فەوزایەی هەیە نەمێنێت و بگاتە ئاستێکی پڕۆفیشناڵ و ببێتە هۆکاری دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان.
تێبینی تریش هەن ، بەڵام ئەمە کورتەیەک بو.