محهمهد حسێن
پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار پێگەیەکی تەشریفاتی نا کاریگەری دەوڵەتی عێراقە. هەر کەسێک سەرۆک کۆمار بێت، نە بۆ کوردو نە بۆ پێکهاتەکانی تری عێراق شتێکی ئەوتۆی نابێت پێشکەشی بکات. چونکە دەسەڵاتەکانی سەرۆک زۆر بە ڕوونی سنوردارو دیاری کراون.
بەڵام بۆ یەکێتی و پارتی ئەمە جیاوازە، ئەم پۆستە لە ماوەی ٤ ساڵدا زیاتر لە ٤ ملیار دینار دەستکەوتی راستەوخۆی دەبێت، نزیکەی ٣ هەزار سەربازو دەیان راوێژکاریشیان بۆ دادەمەزرێنێت.
بە گشتی کورسیەکەی سەرۆکایەتی کۆمار (بۆ سەرۆک و ئەو لایەنەیش کە سەرۆک دەباتە کۆشکەوە) ئەم دەستکەوتانەی تیایە:
- موچەی سەرۆک کۆمار مانگانە ٥٠ ملیۆن دینارە ( لە گەڵ ٤٠ ملیۆن دیناری تر کە وەک نەسریەو خەرجی میوانداری و گەشت و کۆبونەوە پرۆتۆکۆلیەکان بۆی دابینکراوە)؛ ئەم موچەو خەرجیانە بۆ هەر ٤ ساڵەکە دەکاتە ٤ ملیار و ٣٢٠ ملیۆن دینار، ئەمەش زیاترە لە موچەی ٨ هەزار مامۆستای تازە دامەزراو، کە ئەگەر مانگانە ٥٠٠ هەزار دینار وەربگرن.
- جگە لەم پارانە، فەوجی پاسەوانی سەرۆک کۆمار نزیکەی ٣ هەزار سەربازی هەیە. هەر کە گەیشتە کۆشک، دەتوانێت تا ١٨ راوێژکاری پلە باڵا بۆ خۆی دابمەزرێنێت.
ئێستا دیارە پارتی و یەکێتی لەسەر چی شەڕ دەکەن، سودەکانی سەرۆک کۆمار، بەڵام باوەڕناکەم ئەمە شایستەی ئەوەبێت کە تۆ سەری خۆتی پێوە بئێشێنیت ئەگەر بەرژەوەندیەکی راستەوخۆت نیە لەم ململانێی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار دەستی پێ کردووە.
بەڵام زیانەکانی ئەم ململانێ کە دوور نیە بە شێوەیەکی کاتی گرژی لە نێوان پارتی و یەکێتی دروست بکات، ناگاتە ئاستی شەڕ ناوخۆ. ئەوەی ئاگاداری سیاسەت و بازاڕ و ئابوری کوردستان بێت، نیمچە دڵنیاییەکی هەیە لەوەی کە پارتی و یەکێتی شەڕ ناکەن، نە لەسەر ئەم پۆستەو نە لەسەر هیچ پرسێکی تریش.
کوردستانی ئێستا زۆر جیاوازە لە ساڵانی ١٩٩٠ـهکان.
رەنگە هەڵمەتی پڕوپاگەندەو راگەیاندن و کەمپەین و ئەو شتانە بکەن، بەڵام شەڕنا. چونکە سەرکردەکانی ئەم حیزبانە هێندە بەرژەوەندی بازرگانی و ئابورییان هەیە پێکەوە، مەحاڵە بیخەنە مەترسییەوە. ئەمە یەکێکە لە سودەکانی گەندەڵی.
بەرپرسەکانی پارتی بە بەهای زیاتر لە سەدان ملیۆن دۆلار پرۆژەی بازرگانی و بزنسیان هەیە لە سلێمانی، بەرپرسەکانی یەکێتیش لانی کەم چوار هێندەیان هەیە لە هەولێر. ئەمانە ئاگر لە ماڵی خۆیان بەرنادەن لە سەر ئەوەی بەرهەم یان هۆشیار دەبێتە سەرۆک کۆمار.
لە خراپترین سیناریۆدا، ئەم شەڕە جێ دەهێڵن بۆ فەیسبوکەوان و پەرلەمانتارەکانیان تا لە میدیاکانەوە سەری خەڵک بئێشێنن. جارێکی تر سوپاس بۆ گەندەڵی و قۆرغکاری ئابوری کە مەترسی شەڕی ناوخۆی لێ دوورخستوینەتەوە.
هەرێمی کوردستان و عێراقیش لە لایەن گروپێک ئۆلیگارکی چەک بەدەستەوە دەبرێتە ڕێوە، (ئەوانەی لە یەک کاتدا حکومەت و بازاڕیشیان مۆنۆپۆل کردووە). ئەم ئۆلیگارکانە سروشتی گەلە مەیمونیان هەیە لە باخی مۆزدا، ئەگەر لە ئاشتیدا بن هەموو مۆزەکان دەخۆن، ئەگەر لەشەڕیشدا بن ئەوا سەرتاپای باخەکە وێران دەکەن.
تا مۆز بمێنێت ئەگەری شەڕی ئەمانە لاوازە. خۆش بەختانە باخەکەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش هێندە مۆزی تیاماوە تا چاوەڕێی شەڕیان لێنەکرێت لە ئێستادا، بەتایبەتی دوای ئەوەی نرخی نەوت بەرزبویەوە.
بۆ زانینی بڕی موچەی سەرۆک کۆمار و دوو سەرۆکایەتیەکەی تریش بڕوانە
ئەم راپۆرتەی "ئهلجەزیرە".