ژنێک لە تەنیشت تەکسیەکەیەوە وەستاوە ئەو چاوەڕێی سەرنشینیەکانی دەکات ئەمە دیمەنێکی تاڕادەیەک نامۆیە بۆ کوردستان، بەڵام لە قەزای دەربەندیخان ژنان پەیدەبەنە بەرکارەجیاوازەکان وەک خۆیان دەڵێت" ئێمە سەلماندومانە ژنانیش دەتوانن کاری جۆربەجۆر بکەن" قایمقامی قەزاکەش باسلەوەدەکات دەرفەتی کار هەبێت ژنان ئەم شارە سڵ لە هیچ کارێکی قورس ناکەنەوە.
پەخشان مەحمود، خانمێکی تەمەن (٤٣) ساڵە کاری شۆفێری تەکسی دەکات لە ناو قەزاکە ئەو بۆ نەوژین وتی: کارەکەم پڕە لە زەحمەتی من بە ئازایەوە ئەم کارەدەکەم، چونکە نامەوێ موحتاجی کەس بم، ئەوەش من دڵخۆشدەکات بژێوی ژیانی خۆم و منداڵەکانم پەیدادەکەم.
حەزی ژنان بۆ کارکردن لەو قەزایە وای کردوە ژنان تەنها بە کارێکەوە نەوەستن و هەندێکیان خاوەنی دوکار یان زیاتربن، نمونەی ئەوەش باخانی تەمەن(٣٢) ساڵە لەیەک کاتدا دو کار دەکات، ئەو کاری فرۆشیاری دەکات لە قوتابخانەیەک و لەلایەکی دیکەوە کاری کڕین و فرۆشتنی دەستی دوی کەلوپەلی ناو ماڵە دەکات.
باخان جەبار، بۆ نەوژین وتی: کە دەستم بەم کارانە کرد خەڵکێکی زۆر لایان سەیربو دەیان وت تۆ خەریکی چیت، بەڵام بە ماوەیەکی کەم ئیشەکەم زۆر فراوان بو ئێستا رۆژانە چەندین کەس پەیوەندیم پێوە دەکات بە مەبەستی کار.
لە قەزاکە ئامارێکی تایبەت بە کارکردنی ژنان نیە، بەڵام پێدراوەکان دەریدەخەن پێشکەوتنێکی بەرچاو هەیە لە هاتنە مەیدانی کار لەلایەن ژنانەوە.
بەختیار عەبدوڵڵا، قایمقامی قەزای دەربەندیخان، بۆ ئەمە بە نەوژینی راگەیاند: "لێرە نزیکەی (١٣) نانەوا ژن بەڕێوەی دەبات، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ کارەکانی دیکە ئامارمان لەبەردەست نیە و نازانین چەند ژنی دیکە خاوەن کارن، بەڵام ئەوان دەتوانن هەمو کارێک ئەنجام بدەن".
”ئەگەرچی ئامار نیە بەڵام پێدراوەکان دەریدەخەن ژنان لە بواری کارکردن بەرەوپێشچون“
ئەمە قسەی چالاکوانانیشە کە ژمارەیەکی بەرچاوی ژن لە قەزای دەربەندیخان کاردەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماری کارکردنیان نیە.
ئەمیرە عەزیز، چالاکی بواری ژنان لە دەربەندیخان بۆ نەوژین وتی: "ژنان لە هەمو بوارەکان کاردەکەن و بگرە ئێستا لە پێش پیاوانیشەوەن بۆ کارکردن، ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ دەربەندیخان بەم ڕێژە زۆر ژنان کاردەکەن، ئەگەرچی تا ئێستا هیچ ئامارێک بەردەست نییە سەبارەت بە کارکردنی ژنان.
تەنها بژێوی ژیان نییە کە وای لە ژنان کردوە کاربکەن بەڵکو هەندێکیان کارەکەیان حەز و خولیای خۆیان بوە، وەک دەوەن جەزا، کە لە ماڵەوە دەستی داوەتە دروستکردنی شیرینی و هەمو جۆرە خواردن و شیرینیەک دروست دەکات، خەونی ئەوەیە بتوانێت بۆ داهاتو ریستۆرانتێک بکاتەوە.
ئەو بۆ نەوژین دواو وتی: سێ ساڵە ئەم کارەدەکەم، بەحەزی خۆم وەک یەکەم ژنم لێرە دەستم بەمکارەکردوە، خەونم ئەوەیە رۆژێک رێستۆرانتێکی گەورە بکەمەوە لە شارەکەم.
هاتنەپێشەوەی ژنان لە قەزای دەربەندیخان بەشێوەیەکە دەستیان بۆ چەندین کاری جیاوازبردوە، یەکێکە لەو شارانەی ژنان رێچکە شێنی تێدا دەکەن.