ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
هێنانه‌وه‌ی سامانی به‌تاڵانبراو به‌ربه‌سته‌كانی له‌ قه‌باره‌كه‌ی گه‌وره‌ ترن

2021/09/25 - 02:15 | 977 جار بینراوە    
 
محه‌مه‌د عه‌لى وه‌لى
 
له‌ رۆژانى 15 و 16ى ئه‌يلولدا به‌سه‌رپه‌رشتى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زيرنى عێراق و ئاماده‌بوونى ئه‌ميندارى گشتى كۆمكارى عه‌ره‌بى و نوێنه‌رى چه‌ند وڵاتى عه‌ره‌بى و بيانى، كۆنگره‌ى هێنانه‌وه‌ى سامانى به‌تاڵانبراوى عێراق، له‌ به‌غداى پايته‌ختى عێراق به‌ڕێوه‌چوو، كۆنگره‌كه‌ كه‌ پشت به‌ستبوو به‌ رێككه‌وتننامه‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى رێككه‌وتنى عه‌ره‌بى بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى، هه‌ردوو رێككه‌وتننامه‌كه‌ش ئه‌و وڵاتانه‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌يان ئيمزاكردووه‌، پابه‌ند ده‌كات، به‌گێڕاندنه‌وه‌ى سامانه‌ به‌تاڵانبراوه‌كان.
 
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنى كۆنگره‌كه‌ و ئه‌و وتارانه‌ى له‌و مه‌راسيمه‌دا ده‌دران، مژده‌به‌خشن و دڵخۆشكه‌ر نه‌بوون، پاش دوو رۆژى كاركردنى كۆنگره‌كه‌ راسپارده‌كانى كۆتايى كۆنگره‌كه‌ش، هيچ خاڵێكى له‌سه‌ر پيته‌كانى بۆ هه‌وڵێكى جدى دانه‌نا.
 
به‌پێى لێدوانى ليژنه‌ى ده‌ستپاكى په‌رله‌مانى عێراقى، كۆى ئه‌و پارانه‌ى كه‌له‌ ساڵى 2003 تا ئێستا له‌لايه‌ن گه‌نده‌ڵكارانه‌وه‌ دزى براون، به‌زياتر له‌ 350 مليار دۆلار ده‌خه‌مه‌ڵێنرێن، كه‌ ده‌كاته‌ رێژه‌ى 32%ى داهاتى گشتى عێراق، له‌ماوه‌ى 17ى ساڵى رابردوودا، رێژه‌ى 90%ى ئه‌و سامانه‌ش ده‌نيشانكراون، هه‌روه‌ك به‌پێى ئامارى دامه‌زراوه‌ نافه‌رمييه‌كانىبوارى شه‌فافيه‌ت و گه‌نده‌ڵى سامانى به‌تاڵانبراوى عێراق زياتر له‌ 600 مليار دۆلاره‌.
 
ئه‌و ئه‌ركه‌ى حكومه‌تى عێراقى شانى داوه‌ته‌ژێرى، ئه‌گه‌رچى مه‌حاڵ نييه‌، به‌ڵام چه‌ندين ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ستى قورس و پڕوكێنه‌ر دێنه‌ڕێى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى سامانى به‌تاڵانبراوى وڵات، بۆيه‌ پێويستى به‌ ئيراده‌يه‌كى سياسى به‌هێز و پابه‌نديى ياسايى و نيازپاكى روون هه‌يه‌.
 
ئه‌و ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ستانه‌ى دێنه‌ڕێى كارى هێنانه‌وه‌ى سامانه‌ به‌تاڵانبراوه‌كه‌ى عێراق، له‌قه‌باره‌ى سامانه‌كه‌ گه‌وره‌تر و خنكێنه‌رتره‌، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى له‌ئه‌گه‌رى هێنانه‌وه‌شى ئه‌و بڕه‌پاره‌يه‌ نييه‌ كه‌ خه‌مڵێنراوه‌ و ده‌ستنيشانكراوه‌.
 
به‌بڕواى به‌نده‌ ديارترين ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ى دێنه‌ڕێى هه‌وڵه‌كانى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى سامانى به‌تاڵانبراوى عێراق، ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ن:
 
يه‌كه‌م: ئه‌وانه‌ى سامانى وڵاتيان به‌تاڵان بردووه‌، هه‌مان ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ سياسييانه‌ن كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ گۆڕه‌پانى سياسى و حوكمدارى وڵاتدا ده‌سه‌ڵاتدار و هه‌ژموونى گه‌وره‌يان هه‌يه‌، بۆيه‌ له‌پاڵ هه‌موو هه‌وڵێكدا به‌ربه‌ست و ئاسته‌نگى گه‌وره‌ دروست ده‌كه‌ن، به‌ڕاده‌يه‌ك ئه‌وانه‌ى ئه‌مڕۆ له‌ ده‌سه‌ڵاتدان ئه‌گه‌ر نيازى هێنانه‌وه‌ى پاره‌ى وڵاتيان هه‌بێت، بۆ هێنانه‌وى نيوه‌ زياترى ئه‌و پاره‌يه‌ پێويستى به‌ هيچ كۆنگره‌يه‌ك نييه‌، له‌ كاتێكدا به‌پێى ناوه‌ڕۆكى راسپارده‌كانى كۆنگره‌كه‌ بێت، ده‌بێت بۆ هێنانه‌وه‌ى ئه‌و سامانه‌ خه‌رجێكى زۆر و بودجه‌يه‌كى تايبه‌ت ته‌رخان بكرێت.
 
دووه‌م: هه‌موو ئه‌و پاره‌ و سامانه‌ى دزراون، نه‌براونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات، ئه‌وه‌شى براوه‌ له‌ڕێگه‌ى هه‌ژمارى بانكى نه‌براون، كه‌ براونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ش ئه‌گه‌ر له‌ بانكه‌كانى وڵاتاندا دانرابن، به‌ناوى راسته‌قينه‌ى گه‌نده‌ڵكاران و خانه‌واده‌كانيانه‌وه‌، دانه‌نراون، ئه‌وه‌شى له‌ وڵات ماوه‌ته‌وه‌، له‌ ژێرزه‌مينى تاريكه‌كانى وڵاتدا بۆ رۆژى خۆى شاردراونه‌ته‌وه‌.
 
سێيه‌م: ئه‌و بڕه‌ پاره‌يه‌ى له‌ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ و ناوخۆى وڵاتيشدا له‌ بانكه‌كاندا دانراون، به‌ناوى راسته‌قينه‌ى گه‌نده‌ڵكاران و دزه‌كانه‌وه‌ تۆمارنه‌كراون، له‌ماوه‌ى حه‌ڤده‌ ساڵى رابردوودا كار بۆ سپيكردنه‌وه‌يان كراوه‌، ئه‌و ڕێژه‌يه‌ى باسى لێوه‌ده‌كرێت، به‌ناياسايى نه‌ماوه‌ته‌وه‌، چوونه‌ته‌ ناو تۆڕى بانكه‌ جيهانييه‌كان و به‌ ناياسايى نه‌ماونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ك دوو ناسنامه‌يى به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵكارانى وڵاتيش به‌ربه‌ست و كێشه‌يه‌كى ترى ياسايى پرۆسه‌ى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى سامانى به‌تاڵانبراوى وڵاته‌.
 
چواره‌م: هه‌ماهه‌نگى و هاريكارى نه‌كردنى وڵاتان به‌تايبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ى پاره‌ و سامانى دزراوى عێراقيان تيايه‌، به‌ربه‌ستێكى راسته‌قينه‌ى پرۆسه‌ى گه‌ڕتندنه‌وه‌ى ئه‌و سامان و پارانه‌يه‌، بێگومان ئه‌و وڵاتانه‌ش به‌شدارى كۆنگره‌كه‌ى به‌غدايان كرد، له‌ راسپارده‌ى كۆتايى كۆنگره‌كه‌دا چه‌ندين خاڵيان له‌ ريزبه‌ندى خاڵه‌كاندا جێگيركرد، كه‌ ده‌بێت ره‌چاوى ياسا و تايبه‌تمه‌ندى ئه‌و وڵاتانه‌ بكرێت، كه‌ پاره‌ى عێراقيان لێدانراوه‌، چه‌ندين مه‌رجيان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ناو راسپارده‌كه‌دا داناوه‌، بۆيه‌ بۆئه‌وه‌ى حكومه‌تى عێراق بتوانێت، به‌لاى كه‌مه‌وه‌ كه‌مترين سامانى به‌تاڵانبراو بگێڕێته‌وه‌، ده‌بێت له‌ناوخۆى وڵاته‌وه‌ ده‌ستپێبكات.
 
پێنجه‌م: ئێستا ئه‌و وڵات و بانك و كۆمپانيايانه‌ى پاره‌ى دزراوى عێراقيان به‌سه‌ردا دبه‌شبووه‌، ئه‌وه‌نه‌ى سوديان له‌و پاره‌ دزراوه‌دايه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌ گێڕاندنه‌وه‌يدا سودمه‌ند نابن، هه‌روه‌ك ئه‌و پارانه‌ بوونه‌ته‌ سه‌رمايه‌ى سه‌ره‌كييان، به‌تايبه‌ت بانك و كۆمپانياكان.
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,222,265     ژمارەی میوان 2491