ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
فێرخوازان و مامۆستایانى زانكۆى گه‌رمیان له‌ سیسته‌مى خوێندنى ئاوێته‌ ناڕازین

2021/08/31 - 07:24 | 1233 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت- مەریەم خالد
 
فێرخوازانى زانكۆى گه‌رمیان له‌ سیسته‌مى ئاوێته‌ كه‌ له‌ زانكۆكه‌یان په‌یڕه‌و كراوه‌ ناڕازین و ده‌ڵێن ناچارى و بوه‌ و سودیان لێنه‌بینیوه‌.
 
سێوله‌ر جه‌مال، كچه‌ فێرخوازێكى زانكۆى گه‌رمیانه‌ له‌باره‌ى سیستمی ئاوێته‌ی خوێندن به‌ رادیۆى ده‌نگى راگه‌یاند: سیسته‌مێكى ناچارییه‌، چونكه‌ بڕیارێك بو له‌ سه‌روی ئێمه‌وه‌ هاتبو ناچاریی بو.
 
ده‌رون عومه‌ر، فێرخوازێكى دیكه‌ى زانكۆكه‌یه‌ بۆ رادیۆى ده‌نگ ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: ئه‌م سیسته‌مه‌ بۆ پاراستنی ماڵ و خێزانه‌كانمان له‌ توشبوون به ڤایرۆسى كۆرۆنا باشبو، بۆیه‌ به‌ ناچاریی سیستمی ئاوێته‌مان په‌یڕه‌و كرد، سه‌ره‌ڕایی ئه‌وه‌ش توانیم نمره‌ی باش به‌ده‌ست بێنم.
 
هاوشێوه‌ى فێرخوازانى زانكۆى گه‌رمیان مامۆستایه‌ك باس له‌وه‌ ده‌كات گرفتیان هه‌بوه‌ له‌ سیسته‌مه‌كه‌دا به‌ تایبه‌ت گرفتى ئینته‌رنێت.
 
سامان به‌همه‌ن، مامۆستا له‌ زانكۆی گه‌رمیان جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌: گرفتی ئینته‌رنێت یه‌كێك بوه‌ له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی خوێندكاران به‌تایبه‌ت ئه‌و خوێندكارانه‌ی له‌ لادێكاندان.
 
مامۆستایه‌ك ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ هه‌ر بارودۆخێك كه‌ دێته‌ ناو هه‌ر وڵاتێكه‌وه‌ سه‌ره‌تا ئاماده‌كاریی بۆ ده‌كرێت، ئه‌و قۆناغه‌ی هه‌ڵده‌بژێرێت كه‌ له‌گه‌ڵ ژێرخانی ئه‌و وڵاته‌دا بگونجێت، به‌ڵام ئێمه‌ ژێرخانمان نیه‌.
 
كه‌ریم مه‌دحه‌د، مامۆستا له‌ زانكۆی گه‌رمیان به‌ رادیۆى ده‌نگى وت: نه‌ زانكۆكانمان نه‌ وه‌زاره‌ته‌كانی ئێمه‌ ژێرخانێكی ئه‌وتۆی نیه‌ تا بتوانێت ئه‌م سیسته‌مه‌ به‌سه‌ركه‌وتوی تێپه‌ڕێنێت، له‌و بڕوایه‌شدا نیم له‌ داهاتوشدا سه‌ركه‌توبێت.
 
سیسته‌می ئاوێته‌ی خوێندن كاریگه‌ری به‌رچاوی له‌سه‌ر رێژه‌ی ده‌رچونی خوێندكاران هه‌بوه‌ ئه‌مه‌ش له‌ به‌شێكه‌وه‌ بۆ به‌شێكی تر ده‌گۆڕێت به‌ گویڕه‌ی سیسته‌می خوێندنی ئه‌و به‌شه‌، ئه‌وه‌ش به‌ پێی ئه‌و داتایانه‌ى ده‌ست رادیۆى ده‌نگ كه‌وتوه‌.
 
به‌ پێى داتاكان به‌شی بیركاری رێژه‌ی ده‌رچوون له‌یه‌كێك له‌ قۆناغه‌كه‌یدا خولی یه‌كه‌م (%37) خولی دوه‌م (%78)بوه‌ ،له‌هه‌مان كاتدا به‌شی فیزیا كه‌به‌شێكی زانستییه‌ له‌یه‌كێك له‌ قۆناغه‌كانیدا رێژه‌ی ده‌رچون تێدا له‌ خولی یه‌كه‌م له‌ كۆی (72)فێرخواز (59)فێرخواز ده‌رچوه‌، خولی دوه‌م ته‌نها (2) فێرخواز ماوه‌ته‌وه‌.
 
د. فه‌رهاد قادر، سه‌رۆكی زانكۆی گه‌رمیان به‌ رادیۆى ده‌نگى راگه‌یاند: داواكاریی خوێندكاران زیاتر روبه‌ڕوی به‌شه‌كان كراوه‌ته‌وه‌ و كه‌متر گه‌یشتۆته‌ لای من.
 
له‌باره‌ى گرفتى ئینته‌رنێته‌وه‌ سه‌رۆكى زانكۆى گه‌رمیان ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: كێشه‌ى ئینته‌رنێت له‌ ده‌سه‌ڵاتى ئێمه‌دا نیه‌، داوامان له‌ مامۆستایان كردوه‌ بابه‌ته‌كان به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی بنێردرێت تا خوێندكار هه‌ركات توانی سوودمه‌ند بێت له‌وانه‌كان.
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,370,676     ژمارەی میوان 5724