ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
گەرمیان؛ نزیکەی ١٢ ھەزار کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە

2021/08/20 - 11:38 | 1468 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت- بژوێن حەیدەر
 
بەڕێوبەری خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان ئاشکرای دەکات تائێستا نزیکەی ١٢ ھەزار کەس لە سنورەکە ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە، بەشێک لە ھاوڵاتیان گلەیی لە درەنگ ناوھاتنەوەیان دەکرێت بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە، بەرپرسی بنکەیەکی کوتانیش دەڵێت: فریا ناکەوین.
 
کامەران محەمەد، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی وت: تا رێکەوتی (١٦ی ئاب) ١١ ھەزار و ١٣٩ کەس لە گەرمیان ڤاکسینی 'پێکوتە' کۆرۆنایان وەرگرتوە، لەو رێژەیە ٧٨٩٦ کەسیان ژەمی یەکەمیان وەرگرتوە و ٣٢٤٣ کەسیان ژەمی دوەمیان وەرگرتوە.
 
یەکەم پێکوتەی کۆرۆنا لە گەرمیان، لە رێکەوتی ٩ی ئازاری ئەمساڵ بەکارھێنرا کە لە جۆری سینافارما بو، پاشان چەند گوژمەیەک ڤاکسینی ئەسترازینیکا بۆ سنورەکە ھات و لە مانگی رابردوشەوە ڤاکسینی جۆری ڤایزەر گەیشتە ناوچەکە.
 
بە وتەی بەڕێوبەری خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان، زۆرترین جۆری ڤاکسین کە بەکارھێنراوە لەلایان، ئەسترازینیکایە کە ٥٨٠٠ کەس بەکاریانھێناوە، بەدوای ئەویش ڤاکسینی ڤایزەر دێت کە ٣١٣٢ کەس وەریانگرتوە، ھەرچی سینافارمیشە بە پلەی سێیەم ٢٢٠٧ کەس بەکاریانهێناوە.
 
پێشتر لەگەرمیان خواستی ھاوڵاتیان لەسەر وەرگرتنی ڤاکسینەکە کەم بو و بەبێ سەرە رۆژانە دەچون وەریاندەگرت، بەڵام لەگەڵ زیادبونی ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا خواستیش لەسەر ڤاکسینەکەی زیادی کردوە، ھەربۆیە شێوازی وەرگرتنیشی کراوە بە سەرەی ئۆنلاین.
 
وەرگرتنی یەکەم ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا لە گەرمیان 9-3-2021
 
 
مستەفا رەشید، بەڕێوبەری مەڵبەندی تەندروستی گوڵاڵە لە کەلار کە بنکەیەکی کوتانی کۆرۆناشە، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئێستا ھاوڵاتیان لە هەمو تەمەنەکان بە شێوەیەکی چڕ سەردانمان ئەکەن، بەڵام پێویستە پێشتر لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی (کوردڤاک)ـەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن و دواتر سەرەیان بۆ دادەنرێت و بە نامەی مۆبایل ئاگادار دەکرێنەوە لەو رۆژەی کە سەردان بکەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسین.
 
چەند ھاوڵاتیەک بەرادیۆی دەنگیان راگەیاندوە، چەندین رۆژە ناویان تۆمارکردوە، کەچی ناویان نەگەڕاوەتەوە، ھاوڵاتیەکی تریش باسی لەوەکرد کە درەنگ وەڵام دراوەتەوە لە دیارییکردنی رۆژی کوتانەکەی.
 
لەوەڵامی ئەم تێبینیانەدا، مستەفا رەشید، وتی: بڕی پێویستی ڤاکسینمان لەبەردەستە، بەڵام تیم و بنکەکانمان  کەمە و فریا ناکەوین، چونکە داواکارییەکان زۆرن.
 
لە گەرمیان ٧ بنکەی وەرگرتنی ڤاکسین هەن، سیانیان لە کەلارە (مەڵبەندی گوڵاڵە، نەخۆشخانەی گشتی و مەڵبەندی شێروانە)، یەکێکیان لەکفرییە (مەڵبەندی تەندروستی کفری) و دوان لە ناحیەی رزگارییە ( مەڵبەندی گەرمیان و مەڵبەندی شەھید د. قاسم) و بنکەیەکیش لە ناحیەی باوەنورە (مەڵبەندی پێباز).
 
 
 

 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,721,161     ژمارەی میوان 3235