ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
ڤاکسینی کۆرۆنا و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان

2021/08/08 - 05:25 | 1128 جار بینراوە    
 
د.شێرکۆ نەریمان سبحان
 
نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن تووشبوو و زیاتر لە ٤ ملیۆن گیان لە دەستدان لە جیهاندا، زیادبوونی تۆرمە گۆڕاوەکانی کۆرۆنا، وای لە جیهان کردووە کە زیاتر بەرەو پیری ڤاکسینەوە بڕۆن وەک تاکە هیوایەک بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتایەکە. لە بەرئەوەی هێشتا ڕێژەی ڤاکسینی پێویست نەدراوە، بۆیە بەردەوام ڤایرۆسەکە خۆی دەگۆڕێت و تۆرمی ترسناک بەرهەمدێنێت، کە ڕەنگە جۆرێک پەیدابێت، ڕێژەی مردنی زیاتر بێت.
 
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەردەوام هانی خەڵک دەدات بۆ کوتان، هەر جۆرە ڤاکسینێک بەردەست بێت، بێ گوێدانە جۆری ڤاکسینەکە، چونکە هیچ چارێک نیە تەنها ڤاکسین نەبێت. ئەگینا ڕۆژێک تۆرمێکی کۆرۆنا دروست دەبێت، هیچ شتێک چاری نەکات.
 
وڵاتە پێشکەوتووەکانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، ئیسرائیل، و ئەوانی تر لە ئێستادا نزیکەی نیوەی هاووڵاتیانی خۆیان لە تەمەنی ١٨ بۆ سەرەوە، بە دوو ژەم کوتاوە، وا خەریکن بیر لە پێدانی ژەمی سێیەم دەکەنەوە، بە تایبەت لە بەساڵاچووەکان و نەخۆشیدارەکاندا. وا خەریکن بیر لە کوتانی گەنج و منداڵیش دەکەنەوە. چونکە دەرکەوتووە تووشبون زیاتر لە نێو ئەوانەی کە نەکوتراون، وە هەروەها دەزانن ڕەنگە تۆرمێکی نوێ دروست ببێت تووشی ئەوانیش بکات!
 
ئەم پێدانی ژەمە زیادانە لەلایەن وڵاتە پێشکەوتووەکانەوە، ناڕەزایی لای ڕێکخراوی تەندروستی و یەکسانخوازەکان دروست کردووە، چونکە دەزانن لە وڵاتە فەقیر و گەشەسەندووەکانی وەک سودان، سۆماڵ، سوریا، عێراق، ئەسیوپیا و ئەوانی تر، ڕێژەی کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا زۆر کەمە. داوادەکرێت ژەمی سێیەم نەدرێت، تا ئەو وڵاتە داماوانەش ڕێژەیەکی باش ڤاکسینیان پێ دەگات.
 
ئەم ناڕەزاییە نەک هەر لە ڕووی مرۆییەوە، بەڵکو لە ڕووی زانستیشەوە هەروا گونجاوە. چونکە ئەگەر گشت جیهان نەکوترێن بە ڕێژەیەکی زۆر، ڕەنگە کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا ئەستەم بێت. چونکە ئەو وڵاتانەی ڕێژەی کوتانیان کەم بێت (وەک سۆماڵ)، ڕێژەی تووش بوونیان تێدا زیاتر دەبێت، بەمەش تۆرمە گۆڕاوەکانی کۆرۆنا زیاتر و بە شێوازی نوێوە لە نێو ئەم وڵاتە فەقیرانە سەر هەڵدەدەن، کە دواجار ڤایرۆسە نوێیە گۆڕاوەکان هێرش دەکەنەوە سەر وڵاتە پێشکەوتووەکانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسرائیل. واتە کۆرۆنا تەنها بەدوای پێداچوونەوەی هەڵسوکەوتەکانی مرۆڤدا ناگەڕێت، بەڵکو بە دوای چەمکەکانی تری وەک یەکسانیشدا دەگەڕێت!
 
لە کوردستان تا ئێستا سێ جۆر ڤاکسین هاوردە کراوە: ئەسترازینکا، سینۆفارم و فایزەر-بایۆتێک. ئەوەی یەکەمیان ڤایرۆسێکی چامپانزی ناچالاکی وەک هەڵگری پرۆتینی چڵوپۆپی کۆرۆنای تێدا بەکاردێت، کە لە پلەی گەرمی نزیک چوار پلەی سەدی هەڵدەگرێت، بەڵام لە پلەی ٨ ی سەدی تا نزیکەی ٦ مانگ بە چالاکی دەمێنێتەوە. هەروەها سینۆفارم هەر ڤایرۆسی کۆرۆنا خۆیەتی بە کوژراویی کە ئەمیش لە پلەی ٤ ی سەدی هەڵدەگیرێت. ڤاکسینی فایزەر-بایۆتێک ترشی ناووکی ڤایرۆسەکەیە لە ناو تەنۆلکەی پەردە-چەوری ورد لە سەر ئاستی نانۆ (یەک لە هەزار ملیۆن بچوکتر) هەڵدەگیرێت کە پێویستی بە ٧٠ پلەی سەدی ژێر سفر هەیە، بەڵام لە پلەی ٨ ی سەدی تا ٥ ڕۆژ بە چالاکی دەمێنێتەوە. بۆیە لە ئێستادا باشترە چاو لە سەر باش هەڵگرتنی ڤاکسین بێت، نەک ئایا ڤاکسینەکە کاریگەری چیە! چونکە کات لە بەرژەوەندی کۆمەڵگە نیە، مادام ڤاکسینەکان بە قۆناغەکاندا بە زانستی ڕۆشتوون، تاکە چارەسەرە بۆ کۆنترۆڵی کۆرۆنا. خۆشبەختانە، بنکە تەندروستیەکان لە ماوەی ٣ ڕۆژدا ڤاکسینەکە بە کاردەهێنن، واتە نامێنێتەوە و بەهۆی گەرماوە، کاریگەرییەکەی کەم نابێتەوە.
 
وا ڕاسپاردە دەکرێت کە هەر جۆرێکی ڤاکسین بەردەست بێت، بێ چاوەڕێ کردن بدرێت. چونکە دەرکەوتووە گشت ڤاکسینەکان ڕێژەی کەوتنە نەخۆشخانە کەمدەکاتەوە، یان لە مردن و بە سەختی تووش بوون مرۆڤی کوتراو دەپارێزێت، هەروەها ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەشێوەی بەرچاو دەگرێت. بەپێچەوانەوە ئەو کەسانەی ڤاکسین وەرناگرن، ئەگەری سەختی تووشبوون و مردن و کەوتنە نەخۆشخانەیان زیاترە.
 
ڤاکسینی فایزەر لە گشت تەمەنەکان لە ١٨ بۆسەر و ئافرەتی سکپڕ تاقیکراوەتەوە، کاریگەرییەکەی جیاوازی نەبووە لەگەڵ ئەو سکپڕانەی کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، کەواتە ئەم ڤاکسینە و ئەسترازینکاش بۆ دووگیان دەشێن. تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نیە کە ڤاکسینەکانی ئەسترازینکا و ڤایزەر ببنە هۆی نەزۆکی، بە پێچەوانەوە لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوت ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرت، نزیکەی ٥٧ کەسیان دووگیان بوون و بە ئاسانی منداڵیان بوو! ئەو دەنگۆیانەش ناڕاستن کە ترشی ناوەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتە بەشێک لە جینەکانی مرۆڤ، چونکە پاش ماوەیەک پێکهاتەکانی ڤاکسینەکە لە لایەن خانەکانی بەرگری لەشەوە تێک دەشکێنرێن. واتە ڤاکسین بەخشندەترین و خۆنەویست ترین شتە، بەوەی دوای سوودوەرگرتن، خۆی لە ناودەچێت، تەنها کاریگەرییە باشییەکەی دەمێنێتەوە.
 
هیچ بەڵگەیەک نیە کە ئەو دوو ڤاکسینە شتێکیان تێدا بێت، گوایە کاریگەری لەسەر ئایین یان جەستە هەبێت، چونکە کۆمپانیاکانی ڤایزەر و ئەسترازینکا بە وردی حیسابیان بۆ ئەو لایەنانە کردووە. ئەو مادانەی لە ڤاکسیندا هەیە، ئەوەندە ڕێژەکەیان کەمە، کەمترە لەوەی لە خواردنی ئاسایی ڕۆژانەمان هەن وەک نان و میوە. بۆ نمونە ڕێژەیەکی زۆر زۆر کەم ترشی سرکە و شەکری سۆربیتۆڵ و کحولی تێدایە. ڕێژەی کحولەکەی هەرگیز لە ڕێژەی کحولی ناو سێوێک یان نانێک نیە، کە بە یەک بەش لە ملیۆن دەپێورێت.
 
سەبارەت بەوەی کە بۆچی لەماوەیەکی کورتدا ڤاکسین بەرهەمهێنرا، کەچی ڤاکسینی میکرۆبەکانی تر دە ساڵی ویستووە، وەڵامی هەیە ئەم پرسیارە. وەڵامەکەش دەگەرێتەوە بۆ چەند هۆکارێک: یەکەم کۆمپانیا و حکومەتەکان لەماوەیەکی زۆر کورتدا ڕازی بوون بە سەرفکردنی پارە و توێژینەوە لەسەر ڤاکسینەکانی کۆرۆنا، بەڵام جاران وا نەبوون. دووەم ژمارەیەکی باش خۆبەخش ڕازی بوون کە دەستبەجێ ڤاکسینەکەیان لەسەر تاقی بکرێتەوە، جاران وا نەبوو. سێیەم پێش سەر هەڵدانی کۆرۆنا، کۆمپانیاکان سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ڤاکسین بوون دژی شیرپەنجە، بۆیە هەمان کەرەستە و موادییان تەرخانکرد بۆ ڤاکسینی کۆرۆنا. چوارەم تەکنەلۆجیای کۆمپیوتەر و هاریکاری نێوان زانا بایلۆجییەکان و گۆڕینەوەی زانیاری بێ بەرامبەر بۆ یەکدی، بۆ نمونە هەر لە هەفتەی یەکەمی دەستنیشانکردنی کۆرۆنا لە وهان، زاناکان ڕیزبەندی ترشی ناووکیی ڤایرۆسەکەیان خستە ڕوو تا گشت کەسێک بیبینێت، دوای ئەوەش ڕۆژانە هەزاران توێژینەوە بە خۆڕایی لە ئەنترنێت بڵاو دەکرایەوە. واتە ئەگەر وا نەبووایە بە دە ساڵی تریش ڤاکسینی کۆرۆنا بەردەست نەدەبوو.
 
ماوەتەوە بڵێین خەڵکی نابێت چاوەڕێی و دوو دڵ بن لە وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا. جاران ترسێک هەبوو لەوەی کە ڤاکسینەکان نوێن و ڕەنگە کاریگەری خراپیان هەبێت، بەڵام سوپاس بۆ خۆبەخشی ووڵاتە پێشکەوتووەکان، تا ئێستا بەڵگە نیە بیسەلمێنێت کە ڤاکسینی کۆرۆنا کاریگەری خراپیان لەسەر جەستە، ئایین، نەزۆکی، سکپڕی و گۆڕانی جینەکان هەبێت! ژانیش ناکات! کەمێک بێتاقەت، و ڕەنگە تا و لەرزێکت هەبێت یان نەبێت. وە هەر کەسێک تووش بووبێت، دەتوانێت دوای دوو هەفتە لە چاکبوونەوەی ڤاکسین وەربگرێت.
 
سەرچاوە:
١- بی بی سی:
 
٢- ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی:
 
٣- کۆمەڵەی بریتانی بۆ بەرگری لەش: ڕێنوێنی ڤاکسینی کۆرۆنا: https://www.immunology.org/public-information/guide-vaccinations-for-covid-19



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,713,325     ژمارەی میوان 516