ئایندەی بنەماڵەی پاشایەتی لەژێر سایەی کودەتاکەی 14ی تەموز

2021/07/14 - 01:31 | 1559 جار بینراوە    
 
زاگرۆس ئەحمەد
 
بەرەبەیانی 14ی تەمموز بۆ عێراقیەكان, بە ڕۆژی سەركەوتنی (شۆڕش) دادەنرێت, زۆربەی سیاسيیەكانی عێراق تاكو ئێستا شانازی پێوەدەكەن، بەڵام بە دیوێكی دیكەدا, ئەو ڕۆژە لەڕووی مرۆڤایەتیيەوە بە ڕۆژێكی ڕەش لە مێژووی عێراقدا دێتەهەژمارکردن، چونكە كاتێك باس لەو كازیوەی بەیانە دەكرێت، ڕاستەوخۆ باسی كوشتارەكەی ریحابیش دەكرێت، كە تێدا دزێوترین پێشێلكاری به‌رانبه‌ر خێزانی پاشایەتی ئەنجامدرا، لەوانە جگە لە كوشتنی منداڵ و ئافرەت و خزمەتكارەكانی كۆشك، سوكایەتی بە جەستەی كوژراوەكانیش كرا، لە هەندێك لە شەقامەكانی بەغدا دەسوڕێنرایەوە و پارچە پارچە دەكران, هەندێك لەو جەستانەش سوتێنران, چونكە دوای ئەوەی سوپا بەتەواوی گەمارۆی كۆشكی دا, لەهەموو لایەكەوە بڵێسەی ئاگر كۆشكی گرتەوە. بۆیە لەسەر داخوازی بنەماڵەی مەلیك یەكەی پاسەوانەكانی كۆشك کە ئەرکیان پاراستنی کۆشکی پاشایی بوو، خۆیان ڕادەستی شۆڕشگێڕانكرد, ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن ئەم  یەكەیەوە چەند هەوڵێکی بەرگری درا. بنەماڵەی مەلیك جگە لە فەیسەڵ و عەبدولئیلا سەرجەمیان ئافرەت و خزمەتكاربوون، ڕازی بوون بەوەی خۆیان بەدەستەوە بدەن، تاکووئەوەی مەرجی پاراستنی گیانیان دەستەبەر دەکەن.
(تەها بامرنی؛ بەرپرسی یەکەی پاسەوانی کۆشکی شاهانە) لە درێژەی ڕاپۆرتەكانی ژیانی  خۆیدا کە بە چەند بەشک بڵاوی کردەوە، باسی ڕووداوەكە دەكات و دەڵێ‌ " لەوكاتەدا بنەماڵەی پاشایەتی و خزمەتكارەكان هێواش هێواش بە كۆمەڵ لە كۆشك دەردەچون ، ئافرەتەكان هەموویان لە پێشەوە بوون و هەریەكە لە مەلیك فەیسەڵ و عەبدولئیلاش لە دوایانەوە بوون، ڕێك هاتنە ناوەڕاستی باخچەی كۆشكەكە، بەڵام لەوكاتەدا هەرهەموویان درانە بەر ڕێژنەی گولە".
هەموویان دەستبەجێ‌ كوژران، تەنها ئەمیرە هەیام و خزمەتكارێك نەبێت, كە ئەوانیش برینداربوون, بە برینداری ڕەوانەی نەخۆشخانە كران. 
ئەو كەسەی كە هەستا بە ئەنجامدانی ئەو كوشتوبڕییە, عەریف (عەبدولستار عەبوسی) بوو، كە یەكەم گوله‌ی نا بە سنگی مەلیك فەیسەڵ و, لەدوای ئەويش سەربازەكانی دیكە هەموو فیشەكەكانیان بەجەستەی بنەماڵەی پاشایەتیيەوە خاڵیكرد. نەقیب مستەفا عەبدوللە, كە یەكێك بوو لەو فەرماندانەی هێرشیان كردە سەر كۆشكی ریحاب، دەڵێ‌ (بە عەبدولستارم وت بۆچی واتكرد؟ ئەویش وەڵامی دامەوە و ووتی "ئەترسم مێژوو دیسانەوە خۆی دووبارە بكاتەوە و شكست بە كودەتاكە بهێنێت، نامەوێت هەڵەی كودەتاكەی ساڵی 1941 دووبارە بێتەوە, كە چوار ئەفسەرەكەی سوپا ئەنجامیاندا).
بەو شێوەیە مەلیك فەیسەڵ و ئەندامانی بنەماڵەكەی بەدەستی عەبدولستار عەبوسی و هاوڕێكانی لەناو كۆشكدا تیرۆركران، لەكاتێكدا وا بڕیاربوو هەرهەمان ڕۆژ مەلیك فەیسەڵ سەردانی لەندەن بكات بۆ دیدەنی دەستگیرانەكەی (فازیلەخان)، چونكە وابڕیاربوو لەچەند ڕۆژێ داهاتوودا هەسەرگیری بكات.
لاشە و تەرمی بنەماڵەی پاشایەتی, بە ئۆتۆمۆبێلی (پیك ئاب)ـی سەربازی, ڕەوانەی نەخۆشخانەی پزیشكی دادوەری كران لەناوچەی (باب المعظم)، بەڵام لەڕێگادا توشی قەرەباڵغی و دەستدرێژی خەڵك و جەماوەر بوویەوە، ئۆتۆمۆبێلەكە نەیتوانی پێشڕەوی بكات, خەڵكی لاشەی عەبدولئیلایان لە ئۆتۆمۆبێلەكە داگرت, پاشان بە تەلێكی كارەبا هەڵواسرا
 
سەبارەت بە نوری سەعید لەوکاتەدا، کە چەندین هەوڵی یەك لەدوای یەكی دەدا بۆ خۆڕزگاركردن و دەیویست بەهەرجۆرێک بووە خۆى بگەیەنیتە باڵوێزخانەکانى بەریتانیا و ئەمریکا. نوری عابایەكی ژنانە دەدات بەسەریدا و ماڵەکەی خۆی بەجێدەهێلێت چونکە دەیزانی هێرشی دەکرێتەسەر، لەوكاتەدا سەرانی شۆڕش بڕە پارەیەکی زۆر دیاریدەکەن بۆئەوەی هەواڵی نوریان بداتێ، یان بیکوژێت، بۆیە نوری لەکاتی ڕاکردندا بە ڕێگادا  جلەكانی لەژێر عابایەكەوە دەردەكەوێت, خەڵكی لێی دەكەنە هەرا، ئەویش ناچار دەبێت دەمانچەكەی دەردەهێنێت و خۆی دەكوژێت، دوای مردنی، تەرمەكەی دەبرێتە وەزارەتی بەرگری، دواتر لە گۆڕستانی (باب المعظم) دەنێژرێت، بەڵام خەڵكی بەدزيیەوە و بەهاندانی شیوعیەكان, تەرمەكەیان لە گۆڕستان دەرهێنا, لاشەكەی بە ڕووتی و دەست و قاچ بڕاوی بەناو شەقامەكانی بەغدا هەڵواسرا و پەلكێش دەكرا.
 
بەو شێوەیە کودەتای 14ی تەمموزی ساڵی 1958, كۆتایی هێنا بە حوكمی بنەماڵەی پاشایەتی عێراق, كە هەمیشە لە بڕیارە سیاسيی و ئابووريی و سەربازییەكان, لەژێر هەژموونی دەسەڵاتدارێتی بەریتانیا و دەستێوەردانی دەرەوەدا بوو.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,866     ژمارەی میوان 1345